کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دژایه‌تی شیعه‌ی عیراق بۆکورد خه‌تای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆمان نیه‌؟

Sunday, 11/03/2018, 23:43


زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان ده‌که‌ین؛ بۆچی ده‌نگی کاندیده‌کانی عیراق به‌ دژایه‌تی کورد  زیاد ده‌بێت؟ وه‌ک دیاره‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌؛ واته‌ دژایه‌تی کورد له‌ نێو پێکهاته‌ی شیعه‌دا زیاتربووه،‌ که‌ له‌ کاتی رژێمی به‌عسدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو، ئه‌میش؛ واته‌ ئه‌م گۆرانکاریه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکه‌ که‌ له‌ پاش روخانی سه‌دامه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووه‌وه‌ بۆته‌ دیارده‌ له‌ نێو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی باشوور و ناوه‌راستی عیراقدا، لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر کۆنه‌به‌عسیه‌کان و پیاوانی رژێمی پیشوو نیه‌ و ته‌نها باسم له‌پێکهاته‌ شیعه‌کیه‌ به‌ گشتی، بۆ؟
له‌ رووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ که‌ هه‌ردوو پێکهاته‌ شیعه‌ و کورد هاوبه‌شێکی نزیک بوون له‌ زوڵموزۆری سه‌دام و له‌ پاش روخانی ئه‌و رژێمه‌، ناوچه‌کانی ناوه‌راست و باشوور له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی به‌چاو نه‌بینی که‌له‌ کوردستان و له‌به‌ر کۆمه‌ڵیک هۆکاری بابه‌تی و خودی  له‌ رووی سیاسی و ئابووریه‌وه‌ روویدا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وێ زیاتر له‌ سه‌قامگیرنه‌بونی سیستمی سیاسی عیراق و هاتنه‌ ئارای قۆناغێکی کاتیی بێ یاسای تایبه‌ت به‌ هه‌رێم و پارێزگاکان و پشتبه‌ستن به‌ چالاکی که‌سی و میزاجی شه‌خسی کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دیدی پێکهاته‌ی شیعه‌ بۆ کورد فه‌رزکرد . هه‌ستکردنی شیعه‌ به‌ دواکه‌وتنی له‌ زۆرینه‌ی ئاسته‌کاندا، له‌ ژیانی تایبه‌تی و گستیاندا له‌ کوردی هاوخه‌م و هاوبه‌شیان له‌ زوڵم و زۆری رژێمی سه‌دام به‌ پێچه‌وه‌انه‌وه‌ که‌وته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی لایان جێگیربوو که‌ کورد له‌ مافه‌کانی ئه‌وان ده‌خوات و له‌سه‌ر حساب و نه‌وتی ئه‌وان پێشده‌که‌وێت و ژیانی هاوڵاتیانی په‌ره‌ده‌سێنێت، بۆیه‌ زیاتر خه‌ڵکانی شۆفینی و کۆنه‌به‌عسی و ره‌گه‌زپه‌رست؛ رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌ گۆرینی دیدوبۆچۆنی پێکهاته‌ی شیعه‌ له‌سه‌ر کورد، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کورد به‌خۆی هیچ کارێکی ئه‌وتۆی نه‌کرد بۆ مانه‌وه‌ی هاوخه‌می و هاوسۆزی له‌ ده‌رئه‌نجامی هاوناڵاندنی ئه‌م دوو پێکهاته‌یه‌، له‌ پێناو هاوبه‌شی و به‌شداری هه‌مه‌چه‌شنی هه‌ردوولا و پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش و درێژه‌پێدانی تادواجار و یه‌کترته‌واوکردن له‌ لایه‌که‌وه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ رووی ستراتیجیه‌وه‌ هیچ هه‌وڵێکیان نه‌دا  بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت که‌ بۆهه‌تایه‌ پێویستمان به‌وان نه‌بێت. بۆیه‌ ته‌نانه‌ت هاوکێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ کۆرانێکی ئه‌وتۆی تێدا دروست بوو که‌ گۆرانی هاوکێشه‌ی سیاسیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا دروستکرد .
بێگومان دیدوبۆچونی سیاسی زاده‌ی به‌رهه‌می بیر و دیدی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌، به‌ تایبه‌تی به‌ پێی ئه‌و میکانیزمه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ ده‌رهاویشته‌ و به‌رهه‌می دیدی خه‌ڵکه‌ بۆ به‌رنامه‌ و هه‌ڵوێست و دیدوبۆچونی کاندیده‌کان بۆ پرس و بابه‌ته‌ هه‌مه‌گیره‌کان و بۆچونی کاندیدیش له‌مه‌ر کورد و ژیان و گوزه‌رانی له‌ ده‌رئه‌نجامی کارگه‌ریی بینینه‌ مێژووییه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌که‌ی تێڕوانینی عه‌ره‌ب بۆ کورد و ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رستیه‌یه‌ که‌ وه‌ک پشکۆی هه‌میشه‌ گه‌شاوه‌ له‌ هه‌ناویاندا ده‌تروسکێته‌وه‌ و، زۆرجار له‌ ئیره‌یی و چاوچنۆکی له‌هه‌ر جموجوڵێکی کورد وایانلێده‌کات ئاواته‌خوازن  مانه‌وه‌ی کورد به‌ ژێرده‌سته‌یی ئه‌وانبن. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ که‌مێکی خه‌ڵکی رۆشنبیر و مرۆڤدۆست و به‌ تایبه‌تی زۆرینه‌ی چه‌په‌کانیان لێده‌رکه‌یت، به‌ڵام زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ر له‌ جۆری یه‌که‌من و ئه‌وان ده‌رچوونی کاندیده‌کان یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌نگی باڵایان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هێنا له‌م جۆرانه‌بوون که‌ دژایه‌تی ئاشکرا و نهێنی خۆیان بۆ کورد ده‌رده‌بری و زیاده‌رۆییان له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌کورد ده‌کرد.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌" ئه‌وه‌ی تا ئێستاش عه‌بادی له‌سه‌ر ده‌روات و سڵی لێده‌کاته‌وه‌ و له‌به‌رچاوی گرتووه‌، پشتبه‌ستنه‌ به‌و بۆچونانه‌ له‌مه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان، وا به‌ئاشکرا ده‌یبنین که‌ هه‌موو بریاره‌کانی له‌مه‌ر کورد له‌م روانگه‌وه‌ ده‌دره‌کرێن و ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ئه‌و ترسه‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌کانی کورد ناسه‌لمێنێت، تاگه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌ پێشێلکردنی زۆرێک له‌یاساکانیش ده‌کاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ کورده‌وه‌ هه‌بێت . بۆچی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ کۆراوه‌؟ ئه‌مه‌ زیاتر بۆ خودی ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵکی عه‌ره‌بی عیراق و ره‌فتاری سه‌رکردایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی کورد و خۆنواندن و هه‌ڵوێستی نادروست بوو که‌ وای له‌عه‌ره‌ب کرد بگه‌نه‌ ئه‌م وه‌زعه‌ و حه‌سودی به‌ کورد به‌رن و هه‌موو شتێک بکه‌ن بۆ گه‌رناه‌وه‌ی کورد بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌که‌م. خه‌تای ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌وه‌دا بوو که‌ هیچ پلانێکی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نه‌بوو و ره‌فتاری وای ده‌کرد که‌ هانی ئه‌م بۆچونه‌ بدات، بۆ نمونه‌؛ ئیدعای هه‌ولێرکردنه‌ دوبه‌ی ده‌کرد بێ گرنگیدان به‌ دوارۆژی کورد و، وه‌ک خۆنیشاندان و له‌خۆباییبوون ده‌جوڵایه‌وه‌،  به‌رزکردنه‌وه‌ی باڵاخانه‌کان و پۆزلێدان، نمونه‌یه‌کی زۆر زه‌قن له‌مباره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ جێگیربونێکی سیاسی له‌گه‌ڵدا بێت، کێ له‌دونیادا بینیوه‌تی که‌ تۆ رزقت به‌ده‌ست که‌سێکه‌وه‌ بێت و له‌ رزقه‌که‌ی خۆی پیاوه‌تی به‌سه‌ره‌وه‌ بکه‌یت؛ که‌س هه‌یه‌ چاکسازی گۆره‌پانی یاری تۆپی پێی شه‌عبی به‌غدای له‌ لایه‌ن نێچیروان بارزانیه‌وه‌ له‌بیر نه‌بێت، که‌س هه‌یه‌ یارمه‌تی مادی خه‌ڵکی ناوه‌راست و باشووری عیراق زۆر جار له‌ زۆر بواردا له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌بیربکات که‌ جگه‌ له‌ هه‌ستوروژاندن هیچیتری لێسه‌وز نه‌بوو. به‌ ئه‌زمونی شه‌خسی له‌و کاتانه‌دا بۆمان درکه‌وت که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی ناوه‌راست و باشووری عیراق چه‌ند له‌مه‌ر ئه‌و کرده‌وانه‌ له‌ رووی سایکۆلۆجیه‌وه‌ بریندار ده‌بوون. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ سیاسه‌تکردن و هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ سونه‌ی عیراق که‌شیعه‌ زه‌ده‌دیده‌ی ده‌ستی ئه‌وانبوون وایلیکردن که‌ ئه‌و هاوخه‌میه‌یان کزبێته‌وه‌ و له‌بیربچێت و رۆژانی سه‌ختیان له‌به‌رچاونه‌مینێت.
بۆیه‌ ته‌نانه‌ت دژایه‌تی پێکهاته‌ی عه‌ره‌بی شیعه‌ی عیراق بۆ کورد به‌ رێژه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی کار و به‌رهه‌می سیاسی ده‌ستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ زیاتر له‌وه‌ی خه‌تای ئه‌وان بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە