Sunday, 11/03/2018, 23:21
ڕەڤ مەرگەساتێک بوو بۆ گەلی کورد.
ڕەڤ هێندە لە نێو بارزانیەکاندا ڕیشەی داکوتاوە، تەنانەت یەک خۆپیشاندان و یەک ڕێپێوانی جەماوەریش لە دەڤەری بارزان دژبە هیچ داگیرکەرێکی کوردستان ئەنجام نەدراوە بۆ ئەو هەموو مەرگەساتەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە.
بەهۆی کلتووری ڕەڤەوە، شەنگال ڕادەستی دڕندەترین دوژمن کرا، زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان بەبێ هیچ بەرگرییەک بۆ داگیرکەر چۆڵ کرا، خوێنی دەیان هەزار پێشمەرگە پێشێل کرا و ئیرادەی میلەتێک خنکێندرا.
ڕەڤی بارزانی هەر باشووری کوردستانی نەگرتەوە، بەڵکو ئەو دیاردەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش باڵی بەسەر هەوادارانی پارتیدا کێشا، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هۆگرانی پارتیەوە بە چارەنووس سپێردراوە و سەدان پێشمەرگەش لە ئۆردوگاکاندا بێکاریگەر کراون.
لە باکووری کوردستانیش، هەوادارانی بارزانی کە دارودەستەی کەمال بورقای بوون خۆیان لە بەهەشتی ئەوروپا قایم کرد و میلەتیشیان ڕووبەڕووی فاشیەتی تورک کردبوویەوە، ئێستاش زۆر بێ شەرمانە بەرەو تورکیا گەڕاونەتەوە و بوون بە بەشێک لە دەزگای شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک.
لە ڕۆژاوای کوردستانیش، ئەنەکەسە کە باڵی بارزانییە، ماوەی ٧ ساڵە لە هەڵهاتندان و هێشتاش نەگەیشتوونەتە دوایین مەنزڵگای هەڵهاتنەکەیان، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسەکانی ئەنەکەسە لە ڕابردووشدا هیچ بەرهەڵستییەکی ڕژێمی سوریایان نەکردبوو و بەرپرسە یەکەمیەکانیشیان ئەندامی "مجلس الشعب"ی سوریا واتە ئەندام پەرلەمانی ڕژێمی بەعس بوون.
لێ بەڵێ، ئەگەرچی هەوادارانی بارزانی پەیڕەوی لە کولتووری ڕەڤ دەکەن، بەڵام بە ئەندازەی ڕەڤەکەیان زۆر بڵەن و هەموو لێدوانەکانیشیان بۆ بەرژەوەندی دوژمنان و دژایەتیکردنی ئازادیخوازانی کوردستاندایە.
دوژمنانی گەلی کوردیش زۆر باش شارەزای کلتووری بارزانی و هەوادارانین، هەر بۆیە هەمیشە وەک دۆستێک لە بارزانی دەڕوانن و زۆر بە ڕاشکاویش لەلای هەوادارانی بارزانی هەموو نیازەکانی خۆیان بێ پەردە باس دەکەن و هەموو سوکایەتیەکیش بە گەلی کورد دەکەن.
ڕۆژانە لە کەناڵە عەرەبیەکانەوە دەیبینین کاتێک شۆڤێنیستە عەرەبەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەنەکەسە دیمانە ساز دەکەن، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک دژایەتی گەلی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی دەکەن و بەرپرسانی ئەنەکەسەش ئەشهەد و بیلایان بۆ دەکێشن.
لە کۆنفرانسی 'پراگ'یش کە تایبەت بوو بە بەرهەڵستکارانی ئێرانی بە ناوی "کنفرانس ملتهای فدرال ایران در پراگ "، پانئێرانیستە شۆڤێنیستەکان ترسی خۆیان لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان نەشاردەوە و مهران بەراتی زۆر بە ڕاشکاوی بە هەوادارانی بارزانی ڕاگەیاند (ما به یک شرت از حچور آقای مهتدی و هجری در ھمچین جلساتی خواھیم بود کە بایستی قول بھند در مقبل پیشرویھای تجزیە گلبانە پژاک مقابلە بکنند -.).
واتە: ئێمە رازی دەبین کە ئاغایان موهتەدی و هیجری لەم کۆنفرانسەدا بەشداری بکەن بەو مەرجەی بەڵێن بدەن کە بەر بە پێشڕەوی و هەنگاوە جیاخوازەکانی پژاک بگرن.
هەروەها عەلی رەزا نوریزادەش لە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی "پنجرەای رو بە خانە پدری" رو بە کاک عەبدۆڵا موهتەدی وتی: ( اقای مھدتی ما از این کنگرە ملی کورد نگرانیم، میترسیم منجر بە تجزیە ایران شود. جواب مھتدی اقای نوریزادە جاییکە من و اقای ھجری ھستیم خیالتون راحت باشد.).
واتە ( بەڕێز موهتەدی، ئێمە نیگەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردین و دەترسین ببێتە هۆی دابەشبوونی ئێران. موهتەدیش لە وەڵامدا دەڵێت: لەو شوێنەی من و ئاغای هیجری هەبین دڵتان ئاسودە بێت و پێویست ناکات نیگەران بن.).
درێژەی هەیە،،،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست