کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەیرە برات سیخوڕبێت و لێى بێ ئاگابیت

Tuesday, 06/03/2018, 23:27


(وەڵامێک بۆ هونەرمەند محمد عباس بارام)
لەژمارە(615)هەفتەنامەى ئاوێنەدا دیدارێکى لەگەڵ هونەرمەند (محمد عەباس بارام)  خاوەنى گۆرانى (ئاگرێکى بێ خۆڵەمێش) سازداوە. لە میانەى دیدارەکەدا ناوبراو باسى سەردەمى بەعس دەکات،کە ئەوکاتەى ماڵیان لەکەرکوک بووە، لەترسى گرتن و راوەدونان پەناى بۆسلێمانى هێناوە.دەڵێت(بەهۆى ئەوەى من سەربازى هەڵهاتوبوم، لەلایەن حزبى بەعسەوە فەرمانى لەسێدارەدانم بۆدەرچوە، نەمتوانیوە لەکەرکوک بمێنمەوە پەنام بۆ شارى سلێمانى هێناوە، بەڵام مخابن خەڵکى شارەکە هەواڵیاندا بەبەعسیەکان کەمن لەسلێمانى خۆم شاردۆتەوە)
جالێرەدا نازانم ئەو قسەیەى کە ئەو بەڕێزە دەیکات چەندى راستەو چەندى درۆیە؟! بەڵام نەچێتە قاڵبى شارچێتى و داکۆکیکردن لەو شارە، ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە، ئەو شتەى  بەڕێزى باسى دەکات، زۆر زۆر لە رەفتار و ئاکارى خەڵکى ئەو شارەوە دوورە، بۆمێژووش دەیڵێم و هەمووشتان ئەو راستیە دەزانن کە سلێمانى لەهەموو شارەکان زیاتر پشت وپەناو هاوخەمى هەموو لێقەوماوێک بووە، هەمیشە ئامێزى بۆ هەمو کەسێک بەبێ جیاوازى دیدو بۆچون و ئایدۆلۆژیا و مەزهەب کردۆتەوە، ئێستاشى لەگەڵدا بێت ،ئەوەى  پەناى بۆ ئەوشارە هێناوە بەدەگمەن و زۆر کەم نەبێت توشى ناخۆشى نەبووە و، هەمیشە ژیانى پارێزراو بووە، بگرە زۆریشان بونەتە کوڕى ئەو شارە و ژن و ژنخوازى و نەوەیان خستۆتەوە. ئەتوانن پرسیار لە کەسە رەسەن و بەئەمەکەکانى شار بکەن، بۆیە منیش وەک کەسێکى خەڵکى ئەوشارە نیگەرانم لەو قسەیە و لەدڵەوە پێم ناخۆشە،ئەوەش ناچارم دەکات کەمنیش  هەندێک راستى و زانیارى لەسەر براى ئەو هونەرمەندە بدرکێنم و، بۆیە هەر وشەو شتێکیشم جێگەى گومان  یان ناڕاست بێت پێم خۆشە ئەوەى خراپ و ناشایستە و ناشیرینە پێم بکەن.
(حەسەن عەباس بارام) یان(حەسەن جاف) ئەکاتە براى (محەمەد عەباس بارام) ساڵانی 1983 بدواوە لەدواناوەندى کاژاوى کوڕان بەڕێوەبەرم بووە،. ئەو پیاوە کەسێکى سیخوڕ و دڵسۆزى بەعس بوو، منیش ئەو دەمە دور و نزیک لە گەڵ رێکخستنەکانى کۆمەڵەى رەنجدەراندا ئاشنایەتیم هەبوو، ئەویش وەک باسمکرد بەڕێوەبەر بوو،کە هەموو دەزانن بەڕێوەبەرەکانى ئەو سەردەمە زۆربەیان گەر دڵسۆز و ئەمەکدارى بەعس نەبونایە ئەو پۆستەیان وەرنەدەگرت، سەرتان نەیەشێنم، ئێمە زۆربەى کات لەقوتابخانە کۆبونەوە و چالاکیمان مان دەکرد، بەیاننامە پۆستەر و شتمان هەڵدەواسى ،ئەویش کە دڵسۆزى بەعس بوو، هەمیشە چاودێرى دەکردین و ئەیویست شتێکمان لێ بگرێت و بیکاتە بەڵگەیەک، بۆ ئەوەش زۆرجار ئەهات بەناوى گەڕان بەدواى جگەرەدا پشکنینى چاکى دەکردین، بەوەشەوە نەدەوەستا تۆڕێک لە سیخوریشى لەناو قوتابخانەداچاندبوو، کە ئەوەى خەڵکى مەجید بەگ و هەوارى تازە بێت ئەیناسێت ناوى( رەحمان کاراتى) بوو،کردبوى بەسەرۆکى رێکخراوى قوتابیانى سەربە بەعس.  رۆژ نەبوو قوتابخانە پڕ نەبێَت لە تەوارى و مەفرەزەى ئەمن و چەکدارى بەعس. رێکخستنیش بۆ ئەوەى چاوترسێنى بکات ، بەیانییەکیان چووبون بۆمب ێکیان بۆکردبوو بەدەرگاى ژورەکەیەوە بەڵام شانسى هەبو، بەرنەکەوتبو، پێى زانیبو ،پێم وابێت هەر کەسانى سەر بەریکخستن  کە هاوکات سەربەعس بوون هەواڵیان پێدابوو، ئیدى لەپاش ئەو روداوە من وازم لەخوێندن هێناو لەترسى گرتن و پیاوانى رژێم هەڵهاتم ( جا لەکاک محمد عەباس دەپرسم ،ئەدى من تاوانى واز هێنانم لە خوێندن هەوڵى دەستگیرکردنم بخەمە ئەستۆى کێ؟؟ کە ئەوەى باست کرد یەکێکە لەو کەسانەى بەردەوام  زانیاریان بە ئەمن و بەعس دەدا) بەدەر لەوەش هەر ئەو حەسەن جافە، کاتى خۆى کە وڵاتى  جەزائیر لەژێر داگیرکارى دەوڵەتى فەرەنسا رزگاریبوو، خەڵکى ئەو وڵاتە بەهۆى سیاسەتى فەرەنسییەکانەوە ،زمانى عەرەبیان لى یاساغ کرابوو، زۆریان لەبیریان چوبۆوە، بۆ ئەوەش حکومەتى ئەو کاتەى عێراق بریاریدا کە کۆمەڵێک مامۆستا بۆ ئەو وڵاتە رەوانە بکات، تا رۆحى  عروبە لەو وڵاتە بژێننەوە، کە یەکێک لەوانە وەک خۆبەخش چوو بووئەووڵاتە حەسەن جاف بوو.
لەوەش زیاتر ساڵى 1991 ئەو کاتەى راپەرین کرا، حەسەن جاف یش وەک زۆر لە پیاوانى رژێم  کە خاوەن ناو و رابردوییەکى  ناشیرین بوو، لەترسى تۆڵەو ئەو کارانەى کە کردونى هەڵهات بۆ ژێر دەسەڵاتى رژێم.تا دواى روخانى رژێمیش هەر لەکەرکوک و بەغدا تەراتێنى ئەکرد، کاتێکیش کە چارەى نەماو لەوێش ترسا کە شتێکى دەرهەق بکرێت، هاتەوە بۆکوردستان ، سەرەتا چووە هەولێر بۆ ژێر دەسەڵاتى پارتى. پارتى بەو هەموو پۆخڵەوات و ناپاکیەیەوە ئامادەنەبوو داڵدەى بدات ، بۆیە ناچار هاتە سلێمانى و بەهۆى (شوان داودى) دەهۆڵ کوتى یەکێتى و خاوەنى دەزگاى هەواڵ ،داڵدە درا.
جالێرەدابە کاک محمد عەباسى هونەرمەند دەڵێم، راست ئەکەیت کە لەناو شاردا کۆمەڵێک کەس هەبوون کەئەوە پیشەو کاریان بوو، بەهۆشیەوە رەنگبێت دەیان کەس ملى بەپەتا کرابێت. یەکێکە لەوانە مامۆستا( حەسەن جاف) برات بووە.هەڵوێست و کۆمێنتت چى یە؟!!
 هەقە ئەوەى کە رابردوى بنەماڵەکەى تەڵخ و ناروونە، باسى شتى دیکە نەکات  بۆ ئەوەى رووى راستى هەڵنەماڵرێت تووشى ئیحراجى نەبێت. پێشم خۆشە کە چ خۆى یان  حەسەن جاف وەڵامم بدەنەوە بەدرۆم بخەنەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە