زەرد زەردتکی گرتیە و کەسیکیش خەریکی گیاخواردنە!
Monday, 05/03/2018, 21:27
ئەگەر وە پێی پێوانە و پێوەری فەرهەنگی زانستی رامیاریی و لە روانگەیەکی رەخنەیی بێ لایەنانەوە بڕوانینە ئێستای پێکهاتەی کوردستانی پارچەی باشوور کە نێزیکەی سەت ساڵە لە لایەن دەوڵەتی عێراق داگیرکرایە ناتوانین وەک قەوارەیەکی رامیاریی دەسەڵاتداریی سەردەم پێناسەی بکەین.. واتە کوردستانی باشوور - وە جودا لەوەی رامیاریی نێودەوڵەتیی و دامودەزگە نێودەوڵەتییەکان ملهوڕانە وە هۆی بەرژەوەندییە ئابووریی و جیۆرامیارییەکانیان وە شێوەی فەرمیی دانیپێدانانێن - دەگەڵ ئەوەی هێز و توانایەکی مادیی و دامودەزگەی هەیە قەوارەیەکی ستانداردی نیشتیمانیی نییە.
لێرەدا لەو خاڵە زۆر گرنگ و ئەرێنییە نادوێین وەک رێکەوتەکی رامیاریی لە ژێر گوشاری خەڵکە رامیارییە نەتەوەیی و چەپگەرییەکانی کوردستان لە نێو ئەو دەسەڵاتە قەرەقۆشیی و گەندەڵکارەی کوردستان تۆمارکرا ئەویش ''گشتپرسیی''ەکە بوو کە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان وەک مەزنترین دەستکەوت جێی خۆی گرت، بەڵکە کرۆکی بابەتەکەمان لەسەر ئەوەیە کە لەبەرچی کوردستان وە هەردوو دەڤەرەکەیەوە بەو شێوەیەی وەسەرهات؛ ئێستا دەڤەری زەرد زەردتکی* گرتیە.. واتە وەک کەسەک کە نەخۆشیی زەردتک دەگری بێجگە لەوەی زۆر بێ هێز و بێ بار دەبی و هەموو لەشی دادەهێزرێ ناتوانی کار و پەیوەندییە رۆژانەییەکانیشی رابپەڕێنی و وە تەواویی لە خەڵک دادەبڕێ!؟ دەڤەری کەسکیش هەر خەریکی گیاخواردنە.. واتە وەک ئاژەڵەکی پەککەوتە و بێ خاوەن لە هەر جێیەک پارچە گیایەک ببینی خۆی دەگەیەنتێ و زگی خۆی لێ تێر دەکا و ئیدی وەدوو پارچە گیایەکی دیکەدا دەگەڕێ!؟
هەڵبەتە هەگەر بمانەوێ بەرسڤی ئەو پرسیارەمان دەستبکەوی ناکرێ کارتێکردنە مێژووییەکە لەو بارەیەوە نادیدە بگرین کە ئەویش وەسەر سێ قۆناغ دابەش دەبی:
یەکەم: هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و سەفەویی لە چارچیوەی ململانێیەکانیان لەسەر دابەشکردنی ناوچەکان زۆر وە چڕیی کاریان لەسەر ئەوە کرد کە دەڤەری هەولێر وە بادینانەوە لە بەرانبەر دەڤەری سلێمانی وە گەرمیانەوە بکەنە دوژمنی یەک.. ئەوەش تا رووخانی ئیمراتۆریەتی عوسمانییەکان درێژەی کێشا، سەرەنجام زۆر سەرکەوتووانە توانیان هەردوو دەڤەرەکە وە تەواویی لە یەک داببڕن و هەردەم وەک دوو هێزی چەتەگەریی ''شەڕی بریکاریی''ان پێدەکردن!
دووەم: حکومەتە یەک لەدوو یەکەکانی عێراق هەر لە دامەزرانی دەوڵەتی عێراقەوە تا رووخانی رژێمەکەی سەدام وە شێوەیەکی سەردەمیانە کاریان لەسەر قۆلکردنەوەی ئەو دابڕانە کرد، سەرەنجام توانیان زۆر سەرکەوتووانە لە ساڵی ١٩٦٦ەوە تا راپەڕینی ١٩٩١ هەردوو دەڤەرەکە لە نێو شەڕی نێوخۆ و ململانێیەکی زۆر بێزەوەری رامیاریی دابتەپێنن!
سێیەم: ئەو دابڕانە دوورودرێژە پڕ لە شەڕوشۆڕە بووە یەک فەرهەنگی رامیاریی و کۆمەڵایەتیی ئیدی خەڵکی کوردستان لە راپەڕینی ١٩٩١یش کە کوردستان لەبەردەستی خۆیان بوو نەیانتوانی خۆیانی لێدابماڵن، سەرەنجام هەردوو دەڤەری کەسک و زەرد لەسەر بنچنینەی ئەو فەرهەنگە دامەزران، تا ئێستاش ئەو دابڕان و شەڕە نێوخۆیە وە شێوەی چەکداریی و رامیاریی درێژەی هەیە و زۆر وە زەقییش لە هەردوو ناپاکییەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ی پارتی و ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ی یەکێتی وەدەرکەتن!
هەڵبەتە هۆکاری نەبوونی ئەو قەوارە رامیارییە و نەخۆشکەتنی دەڤەری زەرد وە زەردتک و خەریکبوونی دەڤەری کەسک وە گیاخواردنەوە هەر تەنێ ئەوە نییە کە یەکێتی و پارتی و وە ناو بەرهەلستکارەکان خراپ و بێ کەلکن بەڵکە ئەوەشە کە وە شێوەیەکی گشتیی خەڵکە رامیارییەکەی کوردستان زۆر ناڕۆشنبیرن و نەزانن و خەڵکە رۆشنبیرەکەشی فڕیان وەسەر زانستی رامیارییەوە نییە.
ئیدی چارەسەی ئەو پرسە لە نێو ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەی باشوور کە دابڕانەکە لەوپەڕی دایە و هەردوو دەڤەرەکەش بەو پەڕپووتبوونەیان لەبەردەستی هێز و لایەنەکان کە تا دێ باشوور لەوە دووردەخەنەوە بتواندرێ وەک قەوارەیەکی رامیاریی پێناسەبکرێ هەروا هەبوونی ئەو بار و ئاستە نەرێنییەی خەڵکە رامیاریی و رۆشنبیرەکە کە ئاماژەم پێیدا.. کارەکی هێندە ئاسان نییە، لێ سەرەڕای هەموو ئەوانەش خەڵکی باشوور کە وە شێوەیەکی گشتیی پتر لە نیو سەدەیە هەردەم لەسەرپێ و لە نێو شۆڕشدا بووە و لە رووی رامیارییشەوە هەمیشە پێشەنگ بووە لە نێو سەرجەم بزاڤی رزگارییخوازیی کوردستان و زۆر قۆناغی قورس و سەختیشی تێپەڕاندیە.. ئەگەر لە باری ئێستایدا دەست وە ئەنجامی گشتپرسییەکەیەوە بگری و وە شێوازەکی لێزانانە خۆی لەو دەسەڵاتە داگیرکەرەی عێراق داببڕی هاوکاتیش 'پەکەکە' کە ساڵانەکە لە نێو تەرازووی هێزەکانی کوردستان و ناوچەکە پارسەنگی خۆی هەیە وانەی پێویست لە سەرکەوتن و نشوستییەکانی باشوور وەربگری و بەرپرسانە هەڵسوکەوت دەگەڵ پێشڤەچوونە رامیارییەکان بکا نەک هەر بیەوێ هەژموونی خۆی بسەپێنی و دەستکەوتەکانی باشوور جارانی سفر بکا و شکستییەکانیشی جارانی دوو و پتر بکا.. ئەوە دڵنیام لە ماوەیەکی نێزیکدا هەموو ئەو کۆسپ لەمپەرانەی لەبەردەم باشوور هەن هەڵدەتەکێندرێن و سەرجەم بزاڤی رزگارییخوازی کوردستانیش قەڵەمبازەکی گەورە دەهاوێژی.
_______________________________
* زەردتک: نەخۆشیی زەردوویی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست