ئازارەکای زیندانی ئاکرێ
Friday, 02/03/2018, 22:21
بەیانیەکی زوو بەدیار پەنجەرەکەوە وەستا بووم بینیم دوو ئۆتۆمبێل کە ئاڵای تایبەتی(صلیب الاحمر)یان پێوە بوو هاتنە نێو حەوشەی سجنەکە دابەزین سەرەتا چونە ژوری بەڕێوبەری سجنەکە ، دوای نزیکەی سێ چوار خولەک پاسەوانەکان هەر دوان سیانێکیان بۆلای یەکێ لەقاعەی سجنەکان هاتن،شیمال و ئەبو علی و نەبیل هاتنە لای پەنجەرەی قاعەکەی ئێمە بانگی مراقیبیان کرد هەندێ لەگەڵی بەوورتە دوان دواتر مراقیب ووتی بێ دەنگ بن گوێ بگرن ،، ئێستا ئەو(ئەجنەبی)یانە یەک یەک بانگتان دەکەن و پرسیارتان لێ ئەکەن هەرکەس باسی لێدان و برسێتی و پیسی سجن بکات شەو خۆی لە ژێر زەمین دەبینێتەوە،ئەبو علی جەلاد ڕووی کردە بەندیەکان و گووتی کەس نەڵێ من عەرەبی دەزانم و بەتەنیا بچێتە لایان بۆ مقابەلەکان مراقیب دەبێتە تەرجومانی هەمووتان، مراقیبیش کە وەک ئێمە تەنها بەندیەک بوو پەنچەی هەڵدەشەقاندو هەڕەشەی لێ دەکردین ناوی(طارق)بوو، زۆربەی بەندیەکان سەری خۆیان کز کردو گووتیان بەڵێ باش،ئەو هەڕەشانەی مراقیب زۆر توڕە و پەستی کردم بڕیارمدا بەرهەڵستی بکەم، برادەرێکم ناوی(ابراهیم عوڵا)بوو پاکەتی جگەرەکەم لێ وەرگرت نایلۆنەکەم لەپاکەتەکە کردەوە کراسەکەم داکەند هەر بەخێرایی نزیکەی پەنجا ئەسپێم لەجلەکانم دەرکردو خستمنە نایلۆنەکەو بەچەرخێک سەری نایلۆنەکەم داخستو کردمە گیرفانم،کوڕێکمان لەگەڵ گیرابوو ناوی(دارا عزیز)بوو زمانی ئینگلیزی زۆر بەباشی ئەزانی چومە لای ووتم کاک دارا (موتەرجمەکە ناپاکە)بۆم بکە ئینگلیزی ئەویش زانی مەبەستم چیە ووتیTranslator Traitor منیش جوان لەناخی خۆم خەزنم کرد ئیدی چاوپێکەوتنی زیندانەکان یەک لەدوای یەک دەستی پێکرد مراقیبیش لەگەڵیان دەهات و دەچوو تا گەیشتە نۆرەی من مراقیب و دوو پاسەوان منیان بردە لای ئەو ژورەی کە بۆ چاوپێکەوتن ڕێکیان خستبوو کە چومە ژورەوە نوێنەرەکەی صلیب ئەحمر ئافرەتێکی تەمەن کامڵ بوو لەبەرم هەستایەوە تۆقەیەکمان کرد بەعەرەبی ووتی ناوم(ڕۆزیتا)یە،نەیهێشت دابنیشم و خۆی بۆ نەگیرا ووتی تەمەنت چەند ساڵە؟ منیش بەئینگلیری ووتم 16 پێکەنی بەعەرەبی ووتی ئینگلیزی دەزانی منیش هەر بەدەم پێکەنینەوە ووتم Translator Traitor(وەرگێڕەکە سیخوڕە) نوێنەرەکە زۆر زیرەکانە ووتی فەرموو دانیشن ناوەکەی منی نوسی و هیچ پرسیاری تری نەکرد ڕووی کردە مراقیب و گووتی بێ زەحمەت بچۆ دەرەوە، مراقیب ووتی ئاخر ئەوە عەرەبی نازانێ خێرا وەڵامم دایەوە گووتم وانیە منیش عەرەبی وەک تۆ ئەزانم ، ئیتر مراقیب ڕۆیی، منیش باسی بێ تاوانی خۆم و زیندانیەکانم بۆ کرد ، گوێی بۆگرتم گووتی ئێمە ڕێکخراوێکی یارمەتی دەری بەندکراوەکانین لەڕووی دابینکردنی سەلامەتی ژیان و مافەکانیان(sory) ببورە،
منیش دەستم کردە گیرفانم نایلۆنە ئەسپێیەکەم دەرکردو لەسەر مێزەکە دامناو کراسەکەم هەڵماڵی جێی قامچی و پۆستاڵەکانم پێ نیشاندا گووتم
ئا ئەمەیە سەلامەتی و ماف؟
ووتم ڕۆژ تا ئێوارە سەرەڕای جەنگی دەرونی و جوێن و سوکایەتی شەویش تا بەیانی لەژێر زەمینەکەی خوارێ بێ بەزەییانە بەردەبنە گیانمان ،
ووتم کارەبایان لەپەنجەکانی(جلال هەمزە)دا چەندین ڕۆژە ڕۆیشتنی بیر چۆتەوە، بەقامچی و کێبڵەکانیان دەرونی (سلێمان احمد)یان شێواند ئێستا شێت بووە ، هەردوو گوێچکەی(خوبە)یان کەڕ کردوە بەتەوقات ،پەراسوەکانی(علی حسێن) مەصیفی و شانی(سەرکەوت ئەحمەد) چەمچەماڵی و دەستی پیرە(مام عبداللە) یان شکاند، محمد کەرکوکی دیلی شەڕە بەبرینداری گیراوە نایبەنە دکتۆر ڕۆژانە کرم لەبرینەکەی دەتکێ ،،
ووتم لێرە هیچ یاسایەک بۆ ژیانی زیندانیەکان بەهای نیە جگە لە کێبڵ و قامچی و فەلاقەو سوکایەتی بێ سنور وشکاندنی شکۆی مرۆڤەکان نەبێ، من بەردەوام بووم لەهەڵڕشتنی خەمی خۆم و ئەو مرۆڤانەی کەبێ چارەترین مرۆڤی چارە ڕەشی ڕۆژگار بووین ئەویش لەگەڵ ووتەکانم سەری هەڵنەئەبڕی و دەستی هەڵنەدەگرت تا هەمووی نوسیەوە تەنها سەری با ئەدا ، لەکۆتایدا چاویلکەکەی لەچاوی کردەوە قەڵەمەکەی دانا هەستایە سەر پێیان هات باوەشێکی لەمندا زۆر بەقوڵی ووتی (Iam sory) ،
هەرچەندە دوای ڕۆشتنی ڕێکخراوەکە جەلادەکان چی ئاودەستە پیسەکانی ئەو بەندیخانە هەبوو بەمنیان پاک کردەوە شەویش لەژێر زەمینەکە تا بەیانی پاسەوانەکان ئاوی ساردیان پێدا کردم بەڵام لەناخەوە هەستم بە ئاسودەیی دەکرد کە تاوانی ئەو جەلادانەم خستە سەر پەڕی کاغەز لای ڕێکخراوێکی نێو دەوڵەتی...
لەسەر زیندانییەکانی پارتی، ئەمانەی خوارەوەش بخوێنەرەوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست