پەرلەمان بڕیاردەرى بێ ویژدان
Friday, 02/03/2018, 1:51
بیست و پێنج ساڵ و پترە فەرمانبەرم، ئەوەندەى توانیومە بۆمکراوە لەبوار و پیسۆڕى خۆمدا خزمەتم کردوە، هیچ دەم وکاتێک لەسەر کەمتەرخەمى یان هەر کارێکى نەشیاو لێپرسینەوەم لەگەڵدا نەکراوە. بە هەق و ماندوبونى خۆم پلە بەپلەى وەزیفەم بینیوە. بەلام چى بێت لەئێوە نهێنى ئێستا بەو هەموو ساڵى خزمەت و دەرماڵەى چى و چى یەوە، موچەیەکم هەیە رووى مەجلیسى نىیە. ئەگەریش سبەى رۆژ لەسەر بڕیارەکەى پەرلەمان خانەنشین بم، موچەکەم ئەبێت بە چوارسەد هەزار. بەڵام دادە و کاکەى پەرلەمانتار پاش چوار ساڵ (کە دودانە ساڵى هەر پەرلەمان خڕ داخرابوو) نیوەکەى تریشى هات و هاوار و پشوى وەرزى و رۆژانە بوو، بەهەر هەمووى ناگاتە ساڵێک خزمەت و دەوامکردنیان ،کەچى بڕیاریان داوە کە هەریەکەیان بە بڕى چوار ملیۆن دینار خانەنیشین ببن.
ئەلحوکم لیلا قیروسیا لەوەش، بەڵام ئایا ئەو پەرلەمانە زیادە و بێ خێرە بەدرێژایى ئەو ماوەیە چى کردوە؟ کام پڕۆژە بڕیار و یاساى لەبەرژەوەندى خەڵک دەرکرد، تا چەند بەهاناى گرفت و کێشەو نەهامەتیەکانەوە بوون؟ چیان کردوە ، بەس ئەوەندە بزانم هیچم ناوێت، بێجگە لەوەش سەدو ئەوەندە ئەندام پەرلەمانمان هەیە، بەڵام کێ ئەتوانێت ناوى یەک لەسەر دەیانم پێ بڵێت؟؟
خۆ هەموو ئاگادارن ماوەى دووساڵە پەرلەمان ئیفلیج و مرداربۆتەوە، سەرۆکەکەى رێگیرى لێدەکرێت نەک بچێتە پەرلەمان بگرە بچێتەوە هەولێریش، سکرتێرەکەى ئیستیقالە دەکات، بەشى زۆریان بایکۆتى دانیشتن دەکەن، بەدرۆو موزایدە ئەڵێن لەپێناو داواو خواستى خەڵکا ناچینە هۆڵى پەرلەمان، کەچى ئەو رۆژە لەبەر خاترى ئەوەى پڕۆژە یاسایەک لەبەرژەوەندى خۆیان ئەدرێت هەموو ئەندامەکان ئامادەییان دەبێت و دەنگ بەبڕیارەکە دەدەن، جا لێرەو لەوێ هەنێک پەرلەمانتار بۆ ئەوەى ئەو لەکە شورەییە لەسەرشانى خۆى داماڵێت ئەڵێت من دەنگم بەو پڕۆژە بڕیارە نەداوە.(دە باشە گەر دەنگت نەداوە ئەى بۆ دژى نەوەستاون و لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەگەریدا(کە هەموویان حەزتان لەمایک ودرۆیە) بۆ ئەو قسەتان نەکرد؟ لایەنە ئیسلامیەکانیش کە ئەهلى ئیمانن و پارە و قوتى حەرام ناخۆن، ئەوانیش فزەیان نەکرد، کەسور ئەزانن ئەو پارەیە بەرامبەر ئەو رەنجەیان نى یە، بگرە سەرۆکى پەرلەمانیش بەئەندازەى کرێکارێکى ژینگە پارێز ماندونابێت. لایەنێکى تری ناو پەرلەمانیش وەک ژنە بەدرەوشتەکەى چۆن ئەچوو بە ئیشى خراپ پارەى پەیا ئەکرد و دوایى خێرى لێ ئەکرد، ئەوانیش ئەڵێن پارەکە وەردەگرین ،بەڵام دەیدەین بەنەخۆشخانەى هیوا!! سەیرى ئەو درۆ زلە. باشە پەرلەمانتارى بەڕێز خۆ جەنابت ئەتزانى کە حکومەتەکەت جگە لەوەى پارەى خانوادەى شەهید و بێوەژن و کەم ئەندامى ماشییەوە. چوو پارەو کۆمەکى خەڵکى کەبۆنەخۆشخانەى هیوایان بەخشیبو، دزى، ئەى بۆ ئەو کاتە هیچت نەوت؟
پەرلەمانتارەکان من بم لەبرى ئێوە رۆژى دەچین ئارەقى شەرمەزارى ئەڕێژم، ئاخر تۆیەک لەسەر حسابى دەنگى خەڵکى چوبیتە ئەوشوێنە ،تیاتاندایە قومارچى یە، هەتانە کەسو کاریشى لێى بێزارە،هەتانە ناتوانێت ئیدارەى خێزانى خۆى بات، هەتانە، لەسەگ سواڵى ئەکرد،هەتانە کە ئەگەر بەدەست من بێت متمانەى یێ ناکەم ببێتە شوانى قەلەمونیش، چ جاى ئەو پۆست و پلەیە، کەچى ئیمڕۆ لەسایەى ئەو پۆستەوە، خێرو ناز نیعمەت بەسەرتانا باریوە، بۆخۆتان لەتەڕ دەخۆن لەوشک دەخەون. عافێتتان بێت. بەڵام هەق بوو تۆزێک ویژدانتان ئازارى بدانایە، کە ئەو هەموو گەندەڵى ودزى وناهەقیە ئەبینن وکەچى مێش میوانتان نى یە. ئایا لەخۆتان پرسیوە، کەبۆچى وا بێ هەڵوێستن ؟ ئایا پارە هێندە کاریگەرە کە زمان لەگۆ بخات؟ ئەوە ئەبینن لەسایەى سەرى ئەو حکومەت وپەرلەمانەوە، گەِاروینەتەوە بۆ سەدە تاریکەکان، کەچى کەسێکتان قسە ناکات، بەهاو وئاکارى کۆمەڵایەتیمان بەهۆى هەژارى و گیرفان بەتاڵییەوە چۆتە ژێر سفر، کەچى بەخەیاڵتانا نایەت، دەیان کەس لەتاو هەژارى و قەرزدارى و نەدارى خۆیان کوشت،کەچى هیچ کامتان هەستتان نەجوڵا، دەیان ژنى بەشەرەف و روو سور بۆ بژێوى ژیان و شیرى و دایبى مناڵ ناچار بەلەشفرۆشى کرا، غیرەت لاتان ئۆغرى کردبوو، بەنوێژى نیوەرۆ نیوەى وڵات تەسلیمکراو فرۆشرا کەچى دەنگێکمان نەبیست، بەبەرچاوى ئێوەوە هەرچى گەچەر و گوجەر و شەلاتى ولاتە بەدزى و ناشەرعى بوونە خاوەنى سەدان دەفتەر دۆلار،کەسێکتان پرسیارى نەکرد؟ رۆژانە بەملیۆنان تەنکەرە نەوت ئەفرۆشرێت وپارەکەى ئەچێتە گیرفانى بەرپرسانەوە،کەچى ئێمەش سێ ساڵە چاوەِوانى دەبەیەک نەوتین، هەستتان بە ئیحراجى نەکرد. رۆژانە لەسەر شتى لابەلا ژنان ئەتک دەکرێن دەکوژرێن، لەسایەى سەرى دەسەڵاتى عەشایەر و دواکەوتوو بێ رێزى بەتەواوى ژنان دەکرێت،کەچى خۆتان لێ گێل کرد.سامان و داهاتى وڵات تەخشان وپەخشان دەکرێت،کەچى باپیرم ساڵێکە موچەى خانەنشینى وەرنەگرتوە، هەستتان نەبزو، هەزاران کەم ئەندام وبێوەژن کە موچەیەکى کەمیان هەبوو ئەوانیش بەر پاشەکەوت و لێ بڕین کەوتن،کەچى خۆتان کرد بەکەڕەى شەربەت.. بۆ بژێوى رۆژانە هەرچى شتومەکى ناوماڵە فرۆشتمان ، بەباى خەیاڵتانا نەهات، لەکاتێکدا ئێوەى گەندەڵ ئێوەى درۆزن ئێوەى بەرژەوەندخواز ،بەدەنگى ئێمە چونەتە ئەوشوێنە، کەچى بۆموچەى خانەنشینى هەمووتان دەنگتان هەڵبڕى و خاوەن یەک قسە وبڕیار بوون، خۆ ئەگەر بهاتایە بۆ هەموو پرسەکان ئاوا لەپەرلەمان حزورتان هەبوایە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بوونایە،تۆزێک نمەکى ئەو دەنگدەرانە بیگرتنایە، بڕوابکەن لەسەدا هەشتاى کێشە و قەیرانەکان چاک دەبوون..
من هیچم نى یە ولەوە زیاتر گلەیى لەکەستان ناکەم، بەڵام رووى باب و ئەژدادى ئێمە رەش بێت،کە دەنگمان پێدان و متمانەمان پێ بەخشین. ئەوە ئیدى وادەى هەڵبژاردن نزیک بۆتەوە. بێ عارى و نەفامى و گەوجییە ئەگەر ئەو رەفتارەى ئەوانەمان لەبیر بچێت، ئەگەر جارێکى تر بچین بۆدەنگدان و متمانە بەهەر کامێکیان بکەین، هەر لەئیسلامیەوە بۆ ئەوپەڕى چەپ ،هەر لە دیموکرات خوازە و بۆ ئەو سەرى نەتەوەپەرستى، هەمویان بەچکەى یەک گورگن.تەنها ناو ئاڵاکەیان گۆڕاوە، بۆیە ئەگەر دوێنێ لۆمەى ئەوانت ئەکرد کە بێ بەڵێن ودرۆزن وساختە چى بوون، ئەوا سبەى رۆژ ئەگەربچیت بۆدەنگدان و دەنگ بەهەرکامێکیان بدەیت، بە دروشمى باقو بریقى هەرکامێکیان فریو بخۆیت، پەنجە بکەى بەمەرەکەبەکەدا، ئەوا لەپێشدا پەنجەى خۆت ببڕە ، ئەوجا چاوەڕوانى سوکایەتى وبێ حورمەتى و بێ رێزى لەوە زیاتر بکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست