یاساى چاکسازى خانەنشینى یان دەولەمەند کردنى پەرلەمانتاران
Friday, 02/03/2018, 0:44
کاتێک کە پرۆژە یاساى (چاکسازى خانەنشینى و موچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەکان) چووە پەرلەمان هەموومان ئومێدێکمان بۆ درسوت بوو کە ئەم پرۆژەیە ئەتوانێت کۆتاى بە ناعەدالەتى لە پرسى موچە و خانەنشینى پلە باڵاکان بیەنێت بە و پێیەى کە موچەى ئەندام پەرلەمان کەم دەکرێتەوە وموچەى خانە نشینى فەرمانبەرى ئاساى زیاد دەکرێت و هەروەها بۆپلە باڵاکان مەرجى تەمەن و خزمەت دادەنرێت مەبەستى خانەنشین بوونیان.
لەپاڵ ئەوەى کە مەرجى تەمەن و خزمەت بۆ خانەنشینى پەرلەمانتاران دانەنرا کە ئەمە لەخزمەتى پەلەمانتاراندایە وەک چینێکى باڵا موچەى خانەنشینى فەرمانبەرێکى ئاسایش لە 300 هەزارەوە دەست پێدەکات کە ئەمەش پارەیەکى زۆر کەمە بە بەراورد بەموچەى خانەنشینى پەرلەمانتارێک کە سەرو 4 ملیۆن دینار دەبێت.
بۆچى پرۆژە یاساى چاکسازى ئامادەکرا ؟
دواى چەندین ساڵ لە بەردەوامى قەیرانەکان لە هەرێمى کوردستان حکومەتى هەرێم هەستا بە ئامادەکردنى پرۆژەیاساى چاکسازى لە خانەنشینى و موچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەکانى و لە 3/1/2018 ئاراستەى پەرلەمانى هەرێمى کوردستانى کرد.
ئامادە کردنى ئەم پرۆژە چاکسازییە لەلایەک حکومەتەوە لە ژێر فشارى شەقام و میدیاى ئازادا بوو چونکە چەندین دەیە بوو بەبەردەوامى رەخنەى توندیان لەوە دەگرت کە خانە نشینى ناعەدالەتى گەورەى تیادا و سیستمى موچەى ئەم هەرێمە پرەلە هەلەو کەمو کورتى.
ئەکرێت ئاماژەش بەوە بدەین لەپاڵ فشارى شەقام و میدیاى ئازاد حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ناردنى بودجە لەلایەن بەغدادەوە بێئومێد بوو وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى بەهەدەردانى ئەو پارە زۆرەى کە ساڵانە بە ناعەدالەتى دابەش دەکرێت حکومەت ئەم پرۆژەیەى ئامادە کرد بەخەونى گەرانەوەى هەندێک پارە بۆ داهاتى حکومەت و کەمکردنەوى کێشە داراى و ئابوریەکانى.
لایەنە باش و خراپەکانى ئەم یاسایە چیە؟
یەکێک لە جیاوازییەکانى ئەم یاسایە لەگەڵ یاساکانى ترى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کە دەرى کردووە بریتیە لەوەى لەپاڵ ئەوەى ئەم یاسایە لایەنى خراپى هەیە کە خۆى لەنادادپەروەرى لەجیاوازى موچەى خانەنشینى فەرمانبەرێکى ئاسای و پەرلەمانتارێک دەبینێتەوە لایەنى باشیشى هەیە کە خۆى لەکەمکردنەوەى خانەنشینى نایاساى و حیزبى دەبینێتەوە.
لەناداد پەروەریەکانى ئەم یاسایە بریتیە لە موچەى خانەنشینى ئەندام پەرلەمانەکان کە بەتەنها 4 ساڵ خزمەتى بە بێ رەچاوکردنى تەمەن و خزمەتى پێشووتر دەتوانێت 4 ملوێن دینار مانگانە وەک خانەنشینی وەر بگرێت بەڵام فەرمانبەرێکى ئاسای موچەى خانە نشینیەکەى لە 300 هەزارەوە دەست پێدەکات کە ئەمە جیاوازییەکى گەورە هەیە لەنێوان ئەم دوو موچەدا و دەبێتە هۆى زیاتر زەقکردنەوەى جیاوازى چینایەتى لەهەرێمى کوردستان.
لایەنە باشەکانى ئەم یاسایە بریتیە لەوەى ئەگەر جێبەجێبکرێت کۆتاى دێنێت بە دوو موچەیى هەروەها خانەنشینى نایاساى کە رێژەیەکى زۆرى خانە نشینەکانى هەرێمى کوردستان پێک دەیەنێت ژمارەیان کەم دەکاتەوە.
جیاوازى ئەم یاسایە لەگەڵ سیستمى یەکگرتووى موچەو خانەنشینى بەغداد چیە؟
سیستمى یەکگرتووى موچەو خانەنشینى کە لە حکومەتى فیدراڵ کارى پێدەکات یەکێکە لە هەرە باشترین سیستەمەکان بەو پێیەى بنەماى دادپەروەرى تیایدا جێکراوەتەوە بەتایبەتى لەبوارى خزمەت و تەمەنى پلە باڵاکان.
بەپێى سیستمى یەکگرتووى موچەو خانەنشینى عێراق بۆ ئەوەى ئەندام پەرلەمانێک خانەنشین بێت پێویستى بە 15 ساڵ خزمەت هەیە لەگەڵ ئەوەشدا مەرجە تەمەنى لە 50 ساڵ کەمتر نەبێت .
یاساى چاکسازى خانەنشینى و موچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەکان لەهەرێمى کوردستان هیچ مەرجێکى تیادا نیە سەبارەت بە خزمەت و تەمەن بۆ ئەندام پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى خانە نشین بوون کە ئەمەش پێچەوانەى یاساى یەکگرتووى خانە نشینى بەغدایە کە مەرجى 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵى تەمەنى دیارى کردبوو.
پەسەند کردنى کۆى پرۆژەیاساى چاکسازى خانەنشینى و موچە ودەرماڵە و بەخشین ئیمتیازاتەکان لە 28/2/2018 بەزۆرینەى دەنگ لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە کە لەهەندێک خاڵدا پێچەوانەى سیستمى یەکگرتووى موچە و خانەنشینى حکومەتى فیدراڵیە دور نیە کەلە ئایندەدا کێشەمان بۆ دروست بکات لە پرسى پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغداد چونکە بەپێى دەستورى عێراقى فیدرال نابێت یاسا و فەرمانەکانى هەرێم پێچەوانەى بەغداد بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست