کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە درۆ و بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی جەماعەت نەكەویە سەما،چونكە لە عێراق سفر بەدەستین

Wednesday, 28/02/2018, 23:18


پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای یەكیەتی فدرالی دامەزراوە بە پێی هەردوو دەستوری عێراقی 2004 و 2005. بەڵام بە ووردبونەوە لە ناوەرۆكی هەردوو دەستور بەتایبەتی ئەوەی ئێستا كارایە، دەبینین پرنسیپ و بنەما گرنگەكانی فدرالی بونیان نیە، تا لە سایەیاندا مافەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو فدرالیەتە دەستەبەر بكری.
عێراق تاكە وڵاتێكی فدرالیە كە تەنها یەك هەرێم لەخۆ دەگرێ‌ ، ئەویش هەرێمی كوردستانە و بە پێچەوانەی  هەمو هەرێمێكی ناو دەوڵەتانی فدرالی سنوری دیاریكراو نیە، بۆ بەرجەستەكردنی بەشداری كارای ئەو هەرێمەش لە حكومەتی فدرالی ناوەندا دامەزراوەی پێویست نیە وەك زۆربەی وڵاتانی فدرالی كە خۆی لە ئەنجومەنی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانان دەبینێتەوە و لە سەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی هەرێمەكان بە یەكسانی پێك دەهێنرێت.  
ئەوەی هەیە هەرێمێك ئێستا نیوەی خاكی كوردستانی عێراق لەخۆ دەگرێت و نیوەكەی تر بە زەبری هێز خرایەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا لە 16 ئوكتۆبەر دوور لە بنەما و رێكارە دەستوریەكان بە تایبەتی بە پێچەوانەی ناوەرۆَكی مادەی 140 ی دەستور، كەچی ئەوەی پێی دەوترێت حكومەتی هەرێم بەمانا فراوانەكەی (واتە هەر سێ‌ دەسەڵاتەكەی تەشریعی وتەنفیزی وقەزایی) پەرچەكردارێك یا هەڵوێستێكیان نەبو دژی ئەو هەنگاوە ترسناكە، چونكە بەغدا بەو پرۆسەیە  هەموو پرنسیپ و برگەكانی دەستوری خستە ژێر پێوە، ئەو دەستورەی كە وتمان پەیوەندی هەرێم وبەغدای لە سەر بنەمای فدرالیزم رێكخستوە، ئیتر دەبێ‌ چ رێزو پیرۆزیەك بۆ  ئەو دەستورە  هەبێت لەلایەن حوكمرانانی بەغداوە تا ئێمە خەون بە هێنانەدی هیواو ئامانجە نەتەوەیی و دیموكراسیەكان ببینین  لەو عێراقەی سەروەری هێز لەجیاتی یاسا لە ئارایە. 
ئەوە بارودۆخی كوردە لە عێراق، وا سێیەم خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ماوەكەی لەتەواو بونە و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەم بەرێوەیە، ئەو ئەنجومەنەی كورد لە باشترین حالەتیدا هەر كەمینەیە وكەمتر لە (1/5 )یەك لە سەر پێنجی پێك دێنێ‌ و تیایدا هیچ كاریگەرییەكی نابێ‌ لەسەر كارەكانی ئەو ئەنجومەنەو بە هەمان شێوەش لە دەسەڵاتی تەنفیزی و قەزاییش، بەتایبەتی بۆ لێرەو دوا كە كورد ئەو سەنگەی پێشوی نەماوە لە نێو پرۆسەی سیاسی عێراقدا. 
 بۆیە لێرەدا دەپرسین ئەگەر ئەمە بارودۆخ وپێگەی كورد بێت لە عێراقی ئێستاو داهاتو، دەبێ‌ لیستە كوردیەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمجارە بە چ بەرنامەو بەڵێن و رووێكەوە بانگەشەی هەڵبژاردن گەرم بكەنەوە، چونكە تازە شتێك نەماوە بۆ كورد دڵمان پێی خۆش بێت وبڵێین لە بەغدا بۆمان جێبەجێ‌ دەكرێ تا (پرنسیپی بەشداری و خودسەربەخۆیی) بۆ هەرێم و لە ناو حكومەتی فدراڵ دەستەبەر بكا، وەك:  دیاریكردنی سنوری هەرێم بە جێبەجێكردنی مادەی ( 140)، دامەزراندنی ئەنجومەنی ئیتحاد بە شێوەیەك لە قازانجی هەرێم بێت، بەرجەستەكردنی مافی هەرێم لە بەكاربردن و فرۆشتنی سامانە نەوتیەكان، بەشداری هەرێم لە دەسەڵاتی تەنفیزی وقەزایی، بەشی هەرێم لە سەفارەت وكونسولخانەكانی عێراق، مافی هەرێم لەوەی خاوەنی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایشی ناوەخۆبێت، دەسەڵاتی هەرێم لە بەرێوەبردنی فرۆكەخانەكان و خاڵە سنوریەكان........هتد. 
بۆیە هەق وایە خەڵكی هەرێم ئەمجارە فریوی ئەو حیزب وكاندیانە نەخون كە تەنها لە خەمی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن و بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێ‌ خۆل بكەنەوە چاوی خەڵك بە دروشمی كوردایەتی بیزراو  و ئێكسپایەرەوە، چونكە وەك وتمان پێگەی  كورد لە بەغدا لەو پەری لاوازیدایە ، كەواتە بە سەركەوتنی ئەو لیست وكاندیدانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ گۆرانكاریەكی پۆزەتیف بەسەر دۆخ وپێگەی كورد دانایەت ، بەڵكو بەشداریكردنی ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنە رێگایەكە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی تەسكی حیزبەكان وقەڵەوبونی كاندیدە براوەكان لەسەر حسابی دەنگ وقوتی خەڵك.   
ئیتر كات كاتی هوشیاربونەوەیە، با گوێ‌ لە زەنگی نەهامەتیەكانی ژیانمان بگرین، ئەو ژیانەی دۆزەخێكەو دیاری دەستی هەمو حیزبەكانە،  ئەو حیزبانەی لە پشتی پەردەوە وەك شەریك وبرابەش  یاری بە قوت و چارەنوسمانەوە دەكەن و بەرواڵەتیش بەناوی نیشتمان وئایین وئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی و نەوەی تازەوە خۆیان بە شتی جیاوازتر لە قەلەم دەدەن، بەمەش دەیانەوێ‌ بمانخەنەوە هەلەكەسەما بۆ بەزمی هەڵبژاردنی ئەوجارە، ئەگەر بە ووردی دیقەتیان لێبگرین بۆمان دەردەكەوێ‌  هەمویان زادەی هەمان منداڵدانن و بۆ نەگبەتی ئێمە بەرەكەتیان تێ‌ كەوتوە چونكە جیاوازیەكیان نیە لە ناواخن و واقعیاندا، ئەگەر هەشبێ‌ تەنها لە شكل وناوەكانیانە ئەگینا بەرهەمی یەك  قوراون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە