چیا و نما گڕ لە مێژووی نەوشیروان مستەفا بەردەدەن؟
Friday, 23/02/2018, 20:33
ئەوانەی لە نزیکەوە نەوشیروان مستەفایان ناسیبێت، هەروەها ئەو هاونیشتمانی و کەسایەتیی پارتەکانی دیکە بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، هەموویان لەو راستییە گەیشتبوون، کە نەوشیروان مستەفا چ جۆرە کەسایەتییەکی سیاسیی و مێژووناس بوو، خۆڕایی نەبووو لە نووسینەوەی مێژوودا سەرکەوتووبوو، چونکە نووسینەوەی مێژوو دەستبردنە بۆ هەڵکێشانی ئەو بزمارەی کە لە تابوتی کەسێک، یان گەلێک دەنرێت، تا لەگەڵ رۆیشتن و نەمانی ناوی بە زیندوو بمێنێتەوە. مێژوو تەنیا رابردوو نییە، بەڵکو داهاتووشە، مەبەست لەمە ئەگەر کەسێک بیەوێت مێژوویەکی جوان بۆ خۆی بنووسێتەوە، ئەوا بە کارە جوانەکانی دەمێنێتەوە، ئەمە بۆ گەلێک و نەتەوەیەکیش راستە.
هەموو کەسێک وەکو یەک لە مێژوو و لە گرنگی مێژووش تێناگات چ بۆ گەلێکی بێناسنامەی وەکو کورد، چ بۆ کەسایەتییەکی ناو کۆمەڵگا، بۆیە کاتێک مێژووی کەسێک رەش دەبێت، وەک ئەوە وایە زیاتر بزمار لە تابوتەکەی بدرێت تا بە تەواویی ناوی رەشبێتەوە و نەفرەتی لێبکرێت! زۆربەی سیاسەتمەدار و روناکبیران، بۆیە مێژووەکانیان رەش و ناشرینە، چونکە لە گرنگیی نووسینەوەی مێژوو نەگەیشتوون، کوڕەکانی نەوشیروان نما و چیا بە پێچەوانەی باوکیانەوە ئیستا خەریکی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارەن، ئەم دوو کوڕە لە پشتی کامیراوە خویان داوەتە کاری بزنس، یەکێتی و پارتیش بە پلان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن.
چیا و نما چۆن دەستیان داوەتە بزنس کردن
لە ڕێگای ڕەندە خەلیفە کە مێردمنداڵێکی هاوڕێیانە و کۆمپانیایەکی بەناوی کۆمپانیایی (ڕێزە) دروستکردوە، ئەم کۆمپانیاییە بە هاوبەشی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی سیکۆریتی مەرزی پەروێزخان و باشماخیان وەرگرتووە، مانگانە دەیان دەفتەر دۆلاری مۆڵ دەچێتە گیرفانیانەوە، ئەوەی کە عیزەت سابر برای حمە سابری ئاوڵ زاوای جەلال تاڵەبانی لە وەڵامی عەلی حمەساڵەحدا وتی: گۆڕان هاوشیوەی یەکێتی و پارتی لەگەندەڵیەوە ئاڵاون، لەمەدا راست دەکات کە لای خوارەوە وێنەی وەڵامەکەی عیزەت سابر دادەنێین کە مەبەستی وەرگرتنی سیکۆریتی ئەو دوو مەرزەیە بوو.
لە هەمانکاتدا نما و چیا لە گەڵ رزگاری حاجی کایل و زڕنگی کوڕی فاروقی مەلا مستەفا خەریکی بزنسکردنن ماوەی هەفتەیەکە نما و چیا دوو دوکانیان لە بازاڕی حەوزە وشکەکەی سلێمانی بە 140 دەفتەر کڕیوە، ئەگەر باوەڕ ناکەن بچن لە هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان بپرسن وەڵامی راستییەکانتان دەست دەکەوێت، لێرەدا ئێمە باسی تاپۆکردنی گردەکە ناکەین کە ئەوەش لە سەر نما و چیا تاپۆکراوە..
ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی بە شەیتانی و زۆڵێتی هەموو ئاسانکارییەکیان بازرگانی بۆ چیا و نما دەکەن، چونکە مەبەستیانە بزووتنەوەی گۆران سوک و سەلیم بکەن، هەڵبەت کردووشیانە، بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان قسەشیان لەسەر بکەن هەتا لەو ڕێگایەوە هەموو مێژووی نەوشیروان مستەفا بسوتێنن.
|
رەند خەلیفە، هاوڕێ و شەریکی نما و چیا لە چالاکییە بازرگانییەکانیان |
نما و چیا مێژووی نەوشیروان مستەفایان بەلاوە گرنگ نییە، بزووتنەوەی گۆڕانیشیان بەلاوە گرنگ نییە ئەوەی گرنگە بەلایانەوە دەوڵەمەندبن، بزووتنەوەی گۆڕان چی بەسەردێت و چەند کورسی دەهێنێت ئەمەش خەمی ئەوان نییە. نما و چیا دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن، کە وەکو بنەمالەی بارزانی و تالەبانی، ئەو پێناسەیە بچەسپێنن، کە حیزبایەتی یانی دانانی دوکان و بازرگانی کردن بە چارەنووسی گەل و میللەتێک.
ماوەیەکە نما و چیا وا خۆیان دەردەخەن، کە حەقیان بەسەر گۆڕانەوە نییە و بەتاکتیک خۆیان بەدوور گرتووە، بەڵام ئەمە وا نییە هەردوکیان سینارویستی پشتی شانۆگەری سیاسین لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان.
بزووتنەوەی گۆڕان خاونی دۆلارێک نییە، ئەوەی هەیە، ئەو هەموو پارە و موڵکەیە کە ئیستا لە ژێر دەستی نما و چیادایە بۆیە ئەو کەسانەی کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی هاتونەتە ناو گۆڕان لەم دوو کوڕە ئاڵاون و چەندین پەیج بە سپۆنسەری ئەوان بەڕێوە دەبەن، ئیشی ئەم پەیجانە ستایشکردنی نما و چیاییە بەناوی بەردەوامیدان بە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا، لەولاشەوە بۆ خۆشیان خەریکی بزنسن و بەهۆی پارەوە کۆنترۆڵی کەناڵی KNN کەوتوتە دەستیان، داخستنی کەناڵی (KNN) ئەمیش تاکتیکە، دەزانم چی دەگوزەرێت، بەڵام لە ئیستادا قسەی لەسەر ناکەم بۆ ئەوەی نەناسرێمەوە و چاوەڕوانی ئەو سەپرایزە بکەن لە داهاتوودا.
دلێری سەید مەجید بە بەرپرسێکی گۆڕانی وتوە جیاوازی نێوان من ئێوە ئەوەیە من پارە بۆ یەکێتی کۆدەکەمەوە و دەیدزم، ئێوەش پارە بۆ شەخس کۆدەکەنەوە لە ناو بزوتنەوەکەتان.
درەنگ یان زوو بۆ خەڵک ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئەم دوو بەڵایەی بزووتنەوەی گۆڕان (نما و چیا) لە پێناو بزنسکردندا مێژووی نەوشیروان مستەفاش بە بزووتنەوەی گٶرانەوە هەتک و ناشرین دەکەن. چاوەڕوان بن و رەخنەم لێمەگرن، هەرچییەک کە نووسیومە دەبنە نەخشی سەربەرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست