کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر بەغدا بەرپرسە لە قەیرانەكانی هەرێم بۆ بایكۆتی هەڵبژارنەكانی ناكەن؟!

Friday, 23/02/2018, 14:00


لە ناوەراستی ساڵی 2015 ەوە دەسەڵاتی میلیشیایی هەرێم مووچەو قوتی خەڵكی بریوە بە رێنماییەكی نارەوا بەناوی پاشەكەوتكردنی موچە !! كە لەسایەیدا سێ‌ ساڵی رەبەقە خەڵكی كوردستان كەوتونەتە ژیانی مەرگەسات و نەهامەتیەوە. دەركردنی وەها رێنماییەك لەلایەن ئەنجومەنی بەناو وەزیرانی هەرێمەوە ناكۆكە لەگەڵ پرنسیپ و بنەما دەستوری و یاساییەكان، ئەگەر لێرە پاشاگەردانی وحوكمی میلیشیایی نەبوایە و سەروەری یاسا و سەربەخۆیی قەزا بەرقەرار بوایە، بێگومان وەها بریارو رێنماییەك بەبریارێكی دادگا بەزوویی وبەئاسانی هەڵدەوەشێنرایەوە و ئیتر دادوەرەكانیش ناچار بەدەسەڵاتی تەنفیزی نەدەبون تا رێژەی پاشەكەوتەكەیان لە 75% بكاتە 30% بەدەر لە هەمو فەرمانبەرانی تر. ئەو دەسەڵاتە هۆكاری پشت دەركردنی بریاری پاشەكەوتی موچەیان خستۆتە پاڵ حكومەتی عروبەی بەغدا، گوایە ئەوە بەغدایە بەنارەوا و بێ‌ هیچ پاساوێك بەشە بودجەی هەرێم نانێرێ‌، بۆیە ئەوانیش هەر دەتوانن 30% و 25% ی موچەی فەرمانبەران بدەن وەك ئەوەی بیست وحەوت ساڵە چەتەو رێگر بوبن نەك دامەزراوەی حكومەت تا بەرنامەی دارایی وئابوری تۆكمەیان بوبێ‌ بۆ رووبەروبونەوەی پێشهاتەكان. هەرچەندە كەسی ئاسایی باوەر ناكا بەوەی بەغدا خەتاباری ئەو دۆخە بێت كە دەسەڵاتی هەرێم بۆ فەرمانبەرانی دروست كردوە. بەڵام با بێینە سەر دینی ئەو دەسەڵاتەو وا دابنێین بەغدا خەتاباری ئەو دۆخەیە!
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25/9/2017 كێشەكانی نێوان هەرێم وبەغدا كەوتنە دۆخێكی ترەوە، دەسەڵاتی كوردی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك رۆژ دەرپەرێنرا ( كەچی لە عفرین سی وپێنج رۆژە بەرخۆدان سەركەوتوانە بەردەوامی هەیە دژی توركیاو هاوپەیمانەكانی)، مەرزە نێودەوڵەتیەكان وفرۆكەخانەكان داخران بە فەرمانی بەغدا، لە بری چەمكی هەرێمی كوردستان دەستەواژەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان خرایە یاسای بودجەوە، بەشە بودجەكەشی بو بە 12% دوای ئەوەی لە ساڵەكانی پێشو 17% بو. ماوەی زیاتر لە سێ‌ مانگیشە پەرلەمانتارو وەزیرو بەرپرسانی هەرێم لە بەغدا بە هاتە هاتی موچەی بەغدا سەر مەستیان كردوین، دوای ئەوەی لێدوان وقسەكانیان ئەنجامێكی نەبو ئێستا ئەمانیش لەو كەسبە بێ‌ تاقەت بوین و وازیان هێناوە !! هەمو ئەمانە روویانداوە بە تەخسیری بەغدا و هەر بەغداش بەرپرسە لەو دۆخەی خەڵك تێی كەوتوە بە دەست نەبونی موچەوە وەك دەسەڵاتی هەرێم ئیدیعا دەكا!
كەواتە گەر بەغدا بەو شێوە خەتابارو سەبەبكارە لەدۆخی نەبونی و قات وقری هەرێم و ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەری ؟ بۆچی سەرجەم حیزبەكانی هەرێم بەو هەڵوێستەی بەغدا غیرەتیان نابزوێ‌ تا جورئەت بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان ودۆزی كورد لە عێراق هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە بنوێنن لە راست بەغدا، وەك ئەوەی بریاری بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق بدەن بە هەڵبژاردنیشەوە، لە بری كرنۆش بردن و نوێكردنەوەی پەیمانی كۆیلایەتی بۆی، ئەویش لە رێگەی دووبارە بەشداریكردنەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو ئەنجومەنەی كورد تیایدا نەیتوانیوە بە دەنگی نوێنەرەكانی بریارێك بە قازانجی خۆی بسەپێنێ‌ مەگەر پەنای بردبێتە بەر خێرو سەدەقەی لایەنە عێراقیەكان بۆ ئەو مەبەستە، چونكە كورد لەو ئەنجومەنەی دەسەڵاتی یاسادانان كەمینەیە، بە هەمان شێوەش لە هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و قەزاشدا، كەواتە لێرەدا هەردوو پرنسیپی سەرەكی فدرالیەت (خود سەربەخۆیی و بەشداریكردن لە دەسەڵاتی ناوەند) بونیان نیە، بۆیەش پەرلەمانتارو بەرپرسانی هەرێم لە بەغدا هەرگیز ناتوانن فشار بخەنە سەر هیچ یەكێ‌ لە دەسەڵاتەكانی حكومەتی بەغدا بە ئاراستەی باشكردنی دۆخی ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم، بۆ نمونە دوو ساڵ زیاترە خۆپیشاندەرانی هەرێم دەچنە بەردەم بارەگای پەرلەمانتارانی بەغدا لە سلێمانی، بەڵام لەوێ‌ بەقسەو دروشمی فەنتازیا وبریقەدار لەلایەن نوێنەرانی هەمو لایەنە سیاسیەكانەوە بەرێ دەكرێن، بێئەوەی بەكردەوە رۆژێك لە سەر ئەو بابەتە هەڵوێستێكی دەستە جەمعی وجدییان نواندبێ‌ لە بەغدا! 
ئیتر گەوجاندنی خەڵك بەسە، ئەگەر ئەوە بەغدایە ژیانی خەڵكی هەرێمی كردوە بە دۆزەخ، بۆ لە گەڵیدا نایگەیەنە مریشكە رەشە و بایكۆتی هەڵبژارنەكانی عێراق ناكەن. بەڵام هەر خۆتان خەتابارن لەوەی ئەو دۆزەخەتان بۆ خەڵكی هەرێم دروستكردوە ، بۆیەش زمانتان كورتە لە هەمپەر بەغدا و چارێكی ترتان نیە جگە لەنوێكردنەوەی پەیمانی كۆیلایەتی بۆی. ئەوەی دەسەڵاتی كوردی بە كچێنی لە بەغدا نەیكرد هەرگیز بە بێوەژنی ناتوانێ‌ بیكات، كەواتە ئەی كاندیدی بی خەو وقەرار، تۆش گەر برۆیتە بەغدا لەسەر خێر وەك رەفیقەكانی پێش خۆت دارێك ناخەیتە سەر بەردێك بۆ خەڵكی هەرێم، بۆیە هەر وەعد و بەڵێنێكتان مایەی گالتەجاریە بە تایبەتی ئێستا كە وەك دۆخی چوارساڵ لەمەوبەر نیە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە