عەفرین وەک دەرفەتێک بۆ هەموان
Saturday, 17/02/2018, 22:13
ئاینت هەبێ یا نەت بێ، موسوڵمانی سەر بە هەر تاقم و مەزهەبێک بیت، یا جو یا مەسیحی یا هیندوسی یا هەر ئاین و ئاینزایەکی تر بێت،سەر بە هەر ڕەچەڵەک و هۆز و نەتەوەیەکی ئەم دنیایە بیت، سەر بە هەر فیکر و قوتابخانەیەکی سیاسی بیت ، هەر مرۆڤێکی سادەی ئەم گۆی زەوییە بیت ، دەبێ وەک ڕۆژی ڕون و بێ دودڵی و هیچ گومانێک بۆت دەرکەروتبێ و بۆت ئاشکرا بێت کە هیچ یەک لە کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردوستان لەوەتەی دروستبون هەتا هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین یەک بەرد یەک فیشەک یەک گولە تۆپ یەک ساروخ لە خاکی کانتۆنەکانەوە نەیانناوە و نەیانهاویشتوە بەرەو هیچ شوێنێکی تورکیا، وە تورکیا نەیتوانیوە بیسەلمێنێ لە کانتۆنەکانەوە دەسدرێژی کرابێتە سەری. هیچ ڕێکخراوێکی کوردی سوریا نەی وتوە دەوڵەتی کوردی دروستدەکەین ، تورکیا نەیتوانیوە بیسەلمێنێ کە کوردی سوریا خەریکی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بن، یا دروستکردنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستیی کافر. کەواتە هێرشەکە هیچ بەڵگەیەک و هۆیەکی ڕەوا و دروست و مەنتیقیی نیە، بۆیە دەسدرێژییەکی ڕەپ و ڕەوانە نەک هەر بۆ سەر دانیشتوانی کورد و عەرەب و ئێزدی و مەسیحیی عەفرین بەڵکو پێشێلکردنی مافی نێونەتەوەییشە چونکە بێ مۆڵەتی حکومەتی سوری سوپای تورکیا سنوری بەزاندوە. حکومەتەکەمان و پەرلەمانەکەمان کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دان نەیانتوانی و نەیانویست هەڵوێستێکی جوامێرانە ڕابگەیەنن بۆ بەرگری لە عەفرین، بەڵام مەخابن جڤاتە گەورە پێج ملیۆنیەکەی کوردی باشوریش هەتا ئێستا هەر نەیتوانی وەک پێویست بەهانای خوشک و براکانمانەوە بێن لە عەفرین ، تەنانەت لە سلەیمانی کە سەرکوتکەرانی ناو یەکێتی ناتوانن وەک چۆن دەسەڵاتی ئاگر و ئاسنی پارتی هەولێری بێدەنگ کرد ئەمانیش سلەیمانی بێدەنگ بکەن ، ئێمە نەماتوانی خۆپیشاندانێکی سەدانهەزار کەسی ڕێکبخەین بۆ شەرمەزارکردنی هێرشێ سەر عەفرین.
وادیارە شەڕی عەفرین درێژە دەکێشێ و بۆ خەباتکردنیش هەرگیز درەنگ نیە.ئێمەی کوردی باشور کە برسیکراوین و سەرکوتکراوین ، ئێمە کە لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی نائومێدکراوین ، ئێمە کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی دواکەوتو و دژەدیموکراتیی پارتی و یەکێتی وایلێکردوین بڕوا و متمانەمان بە کەس نەمێنێ ، ئێستا باشترین دەرفەت هاتۆتە پێشمان کە واتایەک بە ژیانمان بدەین، کە خۆمان لە هەمو نائومێدی و ڕوخان و بێبڕوایی و ڕەشبینیەک ڕزگاربکەین بە پشتگیریی هەمەلایەنەی بەرخۆدانی عەفرین، بۆ نمونە مامۆستا ئاینییەکانی کوردوستان بە فتوا بۆ شەڕی بەرگری، سەرمایەدارە ملیۆندار و ملیاردارەکان بە پارە بە نهێنی، قاچاخچیەکانی چەک بە پەیداکردنی نوێترین و کاراترین چەک بۆ شەڕڤانان بە کەمترین نرخ لە بازاڕی جیهانی، دەرمنانسازەکان بە دەرمان و کەرەسەی پزیشکی، پزیشکان بە تایبەتی نەشتەرگەران بە کارکردنی ناوبەناو لە نەخۆشخانەکانی عفرین، بازرگانانی خۆراک بە ناردنی هەمو جۆرەکانی خۆراک بۆ خەڵکی عەفرین، ڕۆژنامەنوسان و کامێرامانەکان بە چون بۆ مەیدانەکانی شەڕ بۆ پیشاندانی بەرگریی پاڵەوانانەی شەڕڤانانی ژن و پیاوی ڕۆژاوا، پێشمەرگەی خۆبەخش بە ڕۆشتنی بۆ نێو ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی گەل. هەمو تاکێکی کورد لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات بە پێی توانای خۆی دەتوانێ بە بەخشینی بڕێک پارە ، بڕێک جل و بەرگ، پێخەفێک، خۆراکێک، بە بەشداربون لە خۆپیشاندانێک دژی ڕژێمی ئۆردوگان، .... بەهانای خەڵکی خۆڕاگر و جەنگاوەرانی عەفرینەوە بێت. بۆیە من لە هەر چوارپارچەکەی کوردوستان و لە دەرەوەی وڵات پێشنیازدەکەم هەرچی زوترە دەستە و ڕێکخراوی (فریاکەوتنی عەفرین) دروستبکرێت و بە هاوئاوازی لەگەڵ نوێنەرانی یەکیننەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن بکەونە کار و چالاکیی بەردەوام. من دڵنیام ئەگەر ئاوا بکەین عەفرین بە سەربەرزی لەم شەڕە ناڕەوایەی بەسەریدا سەپاوە دێتە دەرێ و خۆیشمان بەتایبەتی کوردی باشور بڕێک پاکدەبینەوە و ورەی کوردایەتیشمان بڕێک بەرزدەبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست