کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داڤۆس‌و پرسگەلێ

Friday, 16/02/2018, 21:03


مونتەدای ئابوری داڤۆس کۆتایی هات‌و سیاسییەکانی لەمەڕ ئێمەش خۆیان لە حاشەکەی گیرکردبوو هەروەک ئاکاری هەمیشەییان. بە پێی سایتی "World Economic Forum" هیچ پانێڵێک بۆ بارزانی‌و تاڵەبانی ڕایی نەکرابوو، بۆیە ئەم جۆرەی ئامادەبوون گومانی ئەوە دەڕەوێنێتەوە، کە وەک ئینڤێستەر حزوریان هەبووە نەک نوێنەری حکومی. 
نالوێ ئەمجارەش خەڵکی بەسەریاندا بازبداو نەزانن سەردانە کوندوکوێرەکەی حکومەت لە کۆربەندییەکە چی بووە. با لێیان بپرسن چیتان بۆ ڕۆژئاواو عفرین گوت؟! حاڵی ڕۆژنامەنوسان‌و ونبوونی کەیسی بکوژەکانییان بۆ ئامادەبووان باس کرد؟! لێیان بپرسن، ئابورییە سەربخۆکەتان بۆ شیکردنەوە؟! پشکە ڕاستەوخۆکەی نەوت بۆ خەڵک چ بڕی کرد؟! پێیان بڵێن سەرکەوتنی ڕیفراندۆمیان شیتەڵکرد؟! شەمەندەفەرەکەی سەربەخۆیی گەیشتە کوێ؟! لێیان بپرسن ئاخۆ باسی شکانی ئیرادەیان کرد لە هاتنی یەک بستی حەشد بۆناو خاکی هەرێم؟!تیشکیان خستە سەر کرنۆش بردنەکان لە تاران‌و بەغدادو سبەیش لە ئال‌عوسمان؟! شەرم مەکەن لێێان بپرسن ئاخۆ لە داڤۆسیش باسی موفلیسی بەغدادیان کردووە؟! ئەوان بە نوێنەرایەتی ئێوە چوون، بانگیان هێڵن‌و پرس خنکێنیان بکەن، داوایان لێبکەن ئاخۆ بانکە پڕ پارەکانتان توانی ئاریشە ئابورییەکان‌و بانکە نێودەوڵەتییەکان  چارەبکات؟! پێیان بڵێن بوون‌و نەبوونی ئەوان لەوێ سوکناییمان بەکوێ دەگەیەنێت؟! باڵانسی کام لە کۆڵەکە ئابورییەکانی جیهان تۆکمەتر دەکات؟! ئەمانەو هەزاران پرسیاری دیکە، کە بەرسڤەکەیان یان غایبە یان بۆ ئەبەد مردووەو بەڕوەکەیان لە دەمدا تەقیوەتەوە.
فۆتۆکانی ئەم دوو دەوڵەتمەدارە، لە پەراوێزی کۆربەندەکەدا، هەر لە هۆڵە گشتییەکاندایەو لە دەوری کەسایەتییە سیاسییەکان ئاڵاون‌و شۆرەتی کۆبوونەوەی ئیجابییان پێداون. ئەگەرنا لە پەراوێزیشدا بەشێوەیەکی فەرمی مەستەقونە نەکراون. 
وەشانی فوتەیجەکان گەواهیدەری ئەوەن کە ئەمانە نەخوێندەواری سیاسین‌و بەمەلەی بابیان پەڕیونەتەوەو بزماری خۆیان کوتیوەتە کورسی دەسەڵات. پرۆتۆکۆڵ‌و ئەتەکێتی سەرۆک‌و جێگرەکەی لە داڤۆس، قەرەجەکانی ڕۆمانیا دەهێنێتەوە زهنی مرۆڤ لە عانی سواڵکردندا. بەڵام سواڵی ئەوان جیاوازە، سواڵی مانەوەیە لە دەسەڵات؛ سواڵی تەنازولە لەو کەوتن‌و نەکسەی، کە عینادی‌و فکری خێڵەکی دای بەشان‌و شەپیلکیاندا.
قەواڵەکەی داڤۆس خاڵییە لە هەتوانی ئەو تراژیدیا روحییەی باشورو رۆژئاوا پێیدا تێدەپەڕێت. حزوری ئەوان تەنێ لاقرچەو عەرزی میدیاییە. بۆیە جگە لەدانی بیڵێکی گەورە لە قوتی خەڵک هیچی دیکەی لێ شین نەبووەو ناشبێت. ئەمەیە حەقیقەتی دیبلۆماسییەتی بەتاڵ لە بەها ئەخلاقییەکانی پۆلەتیک.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە