کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی بە بریاری سەقەت و خیانەت لە دەست بدرێ‌ بە سندوقی هەڵبژاردن نایەتەوە دەست

Thursday, 15/02/2018, 21:20


هەڵە ستراتیجیەكانی سەركردایەتی كورد، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە تا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25/9/2017 هۆكاری لاوازی پێگەی كوردبون لە عێراق ئەگەرچی هەندێك جاریش بارودۆخەكان بە قازانجی  كورد بوبن بەڵام ئێمە  هەوڵمان نەداوە سودی لێ‌ ببینین و بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەكاریان بێنین، بگرە تا ئێستاش ئێمەی كورد لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا هەمیشە سەرلێ‌ شێواو و بێ‌ ئامانجێكی دیاریكراو لە بازنەیەكی بەتاڵدا دەخولێینەوە. بۆیەش لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 بەشێكی زۆری خاكی كوردستانمان لەدەستداو كەوتەوە ژێركۆنترۆڵی حكومەتی ناوەندیەوە، جارێكی تر ئێمەیان خستەوە ناو ئەو قاوغەیەی كە سالێ‌ 1991 بۆمان دیاریكرابو. واتە هەمو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی سنوری هەرێم، كە بەناوچەی جێناكۆك دیاریكراوە لە دەستور، بە هێمنی پێشكەشی حكومەتی عێراقی كرایەوە، ئێستا هیچ لایەنێكی كوردی  قسە لەسەر رێوشوێنەدەستوریەكانی مادەی (140) یا جێبەجێكردنی ناكات لە راست حكومەتی عێراق بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە .
    دوای ئەو شكستە سیاسی وسەربازیەی بەسەر ئێمەیان داهێنا، لەو رۆژانە حیزبەكانی كوردستان بە وانەی دەسەڵات وئەوانەش كەهەر بۆ ناو لافی ئۆپۆزسیۆنی لێدەدەن، قسە لەسەر پێویستی هاوهەڵوێستی و یەك لستی خۆیان دەكەن بۆ هەڵبژاردن لەناوچە جێناكۆكەكان، گوایە لە پێناو رووبەرووبونەوەی ئیرادەی پێكهاتەكانی تر لەو ناوچانە و بەدەست هێنانی كورسی زیاتر بۆ كورد بەو هەنگاوەیان، بێ‌ ئاگا لەو پرنسیپەی كە مومكین نیە سندوقی هەڵبژاردن لە وڵاتێكی نادیموكراتی مافێكت بۆ بگەرێنێتەوە كە لە سەر ئەرزی واقیع لەدەستدراوە بەهۆی گەمژەیی سیاسی یا خیانەتكارییەوە. جگە لەوەش كورد خۆی پێگەی لاوازە لەهەرسێ‌ دەسەڵاتەكەی حكومەتی ناوەندی عێراق و بەتایبەتی ئەنجومەنی نوێنەران كە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان پێكدەهێنرێ‌ و (329) كورسیە، كورد لە باشترین حالەتدا (1/5) یەك لەسەرپێنجی ئەو كورسیانەی بەدەستەوە نابێت، ئیتر چۆن بەو  رێژە كەمە دەتوانێت  رووبەرووی ئیرادەی زیاتر لە (4/5) ی ئەندامانی ئەنجومەنەكە ببێتەوە بۆ رێگرتن لە هەر یاساو بریارێك كە لەبەرژەوەندی كورد نەبێت.  ئەمە تەنها خەیاڵ پڵاویەو دابەزینیان بە یەك لیست یا بە لستی جیاواز هیچ لە بارودۆخی كورد لەو ناوچانە ناگۆرێت، بەتایبەتی  كە لەدوای 16 ئۆكتۆبەرەوە ئەو ناوچانە لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە بەرێوەدەبرێن و حیزبە كوردیەكان هیچ هەژمون ودەسەڵاتَ و وجودێكیان نەماوە تا لەرێگای تەزویرو فروفێلەكانیان دەرەنجامەكان لە قازانجیان بكەوێتەوە . 
     لە كۆتاییدا راشكاوانە دەڵێین هات وهاواری ئەو حیزبانە بۆ یەك لستی لە پێناو خەم وبەرژەوەندی كورد نیە، بەلكو بۆ موزایەدەی سیاسیەو دەیانەوێت بە بالۆری نەتەوەیی كوردایەتیمان پێ‌ بفرۆشنەوە، هەمیسان  بمان بخەڵەتێننەوەو بەزمی هەڵبژاردنمان پێ‌ گەرم بكەن لەو ناوچانە، چونكە ئەمان لە سیاسەت و هەنگاوەكانیان تەنها بیر لەبەرژەوەندی خۆیان دەكەنەوە و ئەوەی لایان بایەخی نەبێت بەرژەوەندی گشتی وكێشەی نەتەوایەتی كوردە كە دەمێكە دۆراندویانە لەسەر ئاستی یاسایی وكرداری، تازە جارێكی تر كورد بەو پێودانگەی ئێستای نابێتەوە ئەو هێزەی دوای روخانی رژێم لە 2003 تا دوو دەورەی هەڵبژاردنیش كە ئەوسا لە مەلیك مەلەكی تر بو ئەوەندەی لە خەمی  بەهێزكردنەوەی عێراق بو چەسپاندن ودەستەبەركردنی مافە رەواكانی خۆی بەلاوە گرنگ نەبو. بۆیە پێویستە خەڵكی ئێمە وشیار بێت و تێ‌ بگا دونیای ئەو حیزبانە لە خەراباتێك بەولاوە هیچی تر نیەو بەڵام هەرجارەی بە بەزمێك دەیانەوێت بمانخەنەوە رەقس وسەما ، وەك چۆن  لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەدروستكردنی چەند لستێكی دەمامكراو دەیانەوێت هەمان بەزم بگێرن و وخوێن بكەنەوە بەر گیانی پرۆسەی  هەڵبژاردنێك كە خۆیان وتیان باوەرمان پێی نیەو حساب  بۆ دەرەنجامەكانی ناكەین و دەمێكیشە بەكردەوە  ئەوەیان بۆ سەلماندوین !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە