پرۆژه‌ی چاكسازی بنه‌ڕه‌تی بۆ سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان
Monday, 12/02/2018, 0:43
ئایا چاكسازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئێستای هه‌رێمی كوردستان پێویسته، یان هه‌ڵبژاردن و گۆڕینی كه‌سایه‌تی و حیز و گرووپه‌كان، ئایا ته‌نیا ئه‌وه به‌سه كه حیزبی نوێ دابمه‌زرێنین و له‌سه‌ر هه‌مان سیسته‌می شكستخواردو بچینه گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه و هیوامان به‌وه‌بێ كه گۆڕانكاری ڕاسته‌قینه ده‌خوڵقێنین یان ئه‌مه مه‌حاڵه؟
---------------------------
ئا‌لبێرت ئه‌نیشتاین(1879-1955 Albert Einstein) ده‌ڵێت: ( گه‌مژه‌یی ئه‌وه‌یه كه كردارێك به‌هه‌مان شێواز و هه‌مان هه‌نگاو دووباره بكه‌یته‌وه و چاوه‌ڕوانی ده‌رئه‌نجامی جیاوازبكهیت)، واته بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌مان جیاوازبێت ده‌بێت هه‌مان كردار دووباره نه‌كه‌ینه‌وه و بۆئه‌وه‌ی هه‌مان كرداریش دووباره‌وه نه‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێت یاساكانمان و سیسته‌می سیاسی به‌م شێوازه له حكومڕانیی بگۆڕین.
كوردستان ئێستا له‌هه‌موو ڕوێكه‌وه داڕوخاوه، له‌ڕوی ئابورییه‌وه، له‌ده‌ستدانی زۆربه‌ی سه‌رچاوه ئابورییه‌كان، وه‌ك بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركوك و خاڵه سنورییه‌كان و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانیش، ئێستا كوردستان خاوه‌نی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابوری تۆكمه و سه‌ربه‌خۆ نییه.
له ڕووی سیاسیشه‌وه، خاوه‌نی پارله‌مانێكی به‌سه‌رچوو و حكومه‌تێكی تاكلایه‌نه (له‌دوای كشانه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووه) و كورسییه‌كی سه‌رۆكایه‌تی به‌تاڵین.
له ڕووی سه‌ربازیشه‌وه، دوو حیزب خاوه‌نی دوو هێزی تایبه‌تن و ئه‌و هێزه‌یش كه پاراساتنی كوردستانی له ئه‌ستۆ گرتبوو، ئێستا له‌دوای كشانه‌وه‌یان له كه‌ركوك، بێموچه به وره‌یه‌كی ڕوخاوه‌وه بۆ دامركاندنه‌وه‌ی خۆپێشاندنهكانی خه‌ڵكی كوردستان به‌كارده‌هێنرێن.
واته ده‌توانین بڵێین ئێستا كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌ڕوات و له‌به‌رده‌م داكشانێكی ته‌واوه‌تیدایه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئێران و توركیا و شیعه‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت كه كوردستان بكرێته‌وه به سێ پارێزگا و كۆتایی به سیسته‌می فیدڕاڵییه‌ت بهێنرێت له عێراق.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێستا له كوردستاندا له‌ئارادان بۆ چاكسازی
ئه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی باسی لێوه‌ده‌كه‌ن ( ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ بێت، یان هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی گۆڕان كۆمه‌ڵ هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بێ) ئه‌وه‌یه كه له‌ڕووی سیاسییه‌وه سیسته‌می حوكمڕانی كوردستان ده‌كه‌ن به پارله‌مانی و له‌ڕووی ئابورییشه‌وه بودجه‌ی هه‌رێم و هه‌موو سه‌رچاوه داراییه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو حیزبه ده‌ربهێنن، له‌ڕووی سه‌ربازیشه‌وه كار بۆ دروستكردنی سوپایه‌كی نیشتیمانی و دوور له حیزبایه‌تی بكه‌ن، باشه ئه‌مه له خه‌ون ناچێت؟ به‌تایبه‌ت:
1. كوردستان له نه‌خۆشێك ده‌چێت كه له‌ژووری بوژانه‌وه‌دا بێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م دوو حیزبه به ئاشكرا ده‌ڵێن ئێمه ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات نابین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ههڵبژاردنهكانیشیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بین، جگه‌له‌وه‌ش رێگه‌ناده‌ین چه‌ك بكرێین ( هه‌روه‌ك مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك له چاوپێكه‌وتنێكدا ئاماژه‌ی پێكرد).
2. به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنیش خاوه‌نی بیر و بۆچوون و روانین و ئایدیۆلیژیای جیاوازن و هه‌روه‌ها میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنیشیان بۆ كێشه‌كان جیاوازی هه‌یه هه‌روه‌ك له‌رابردوودا بینیمان، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه كه هه‌ندێك له‌م لایه‌نانه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و پۆست و پایه‌دا بچنه پاڵ یه‌كێتی و پارتی.
3. ئه‌گه‌ر به‌شدارییه‌كی فراوانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بێت ئه‌م هه‌وڵانه‌ی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی شكست ده‌هێنێت، له‌م دۆخه‌شدا كه خه‌ڵكی كوردستان كه له‌ڕووی سایكۆلۆژیی و داراییه‌وه داڕوخاون (به‌تایبه‌ت له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له كه‌ركوك و شكستی خۆپێشاندانه‌كان)، بۆیه زه‌حمه‌ته هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بتوانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و جارێكی‌تر ببێته هیوا بۆ خه‌ڵكی كوردستان و چاكسازی له سیسته‌می حكومڕانیدا بكات، به‌وجودی ئه‌و هه‌موو ساخته‌كارییانه‌ی كه له‌رێژه‌ی به‌شداربووان و ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كرێت.
بۆیه ده‌توانین بڵێین نه هه‌ڵبژاردن فریادڕه‌سه و نه ئه‌م هێزانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، هه‌روه‌ها نه‌ده‌شتوانن چاكسازی ڕیشه‌یی له سیسته‌می حوكمڕانی كوردستاندا بكه‌ن، جگه‌له‌وه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ناشتوانن هه‌رێم بگه‌ڕێننه‌وه سه‌رده‌می پێش ڕێفڕاندۆم.
پرۆژه‌ی چاكسازیی بنه‌ڕه‌تیی
بۆئه‌وه‌ی چاكسازییه‌كانمان ده‌ره‌نجامی هه‌بێت، ده‌بێت بیر له چاكسازیی بنه‌ڕه‌تیی له سیسته‌می سیاسی و گۆڕینی یاسا و هه‌روه‌ها دانانی ده‌ستورێكی شایسته بۆ كوردستان بكه‌ینه‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت سوود له ده‌ستور و یاسای ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگرین كه له‌ڕووی جیۆپۆلۆتیكییه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌چێت، بۆیه ئه‌م پرۆژه‌یه به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی 727 ساڵ مێژوی كۆنفیدڕاڵی سویسرا ئاماده كراوه و ده‌خرێته به‌رده‌م هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها رووناكبیران و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان.
به‌و ئومێده‌ی كه بكرێت به داواكارییه‌كی جه‌ماوه‌ری و پرۆگرامی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی كه داوای چاكسازیی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌موان پێكه‌وه بتوانین ئه‌م پرۆژه‌یه بێنینه سه‌ر مێزی گفت و گۆو دانوستان و كار بۆ پراكتیزه‌كردنی خاڵه‌كانی بكرێت.
چۆن سویسرا و كوردستان له‌ڕووی جیۆپۆلیتیكه‌وه له‌یه‌ك ده‌چن؟
سویسرا له‌ڕووی جوگرافییه‌وه كه‌وتۆته سه‌ر چیاكانی ئه‌لپ له ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا، هه‌روه‌ك چۆن كوردستان كه‌وتۆته سه‌ر زنجیره چیایه‌كی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناوچه شاخاوییه‌كان هه‌میشه سنوری ئیمپراتۆره‌كان بووه ( سویسرا ده‌كه‌وێته نێوان چوار ده‌وڵه‌تی زلهێزه‌وه كه خاوه‌نی ئیمپراتۆرییه‌ت بوونه و بریتین له: نه‌مسا و ئیتاڵیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و، كوردستانیش ده‌كه‌وێته نێوان سێ نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌وه كه خاوه‌نی ئیمپراتۆرییه‌ت بوونه و بریتین له: عه‌ره‌ب و تورك و فارس).
له‌نێو چیاكانی ئه‌لپدا كۆمه‌ڵێك كانتۆنی سه‌ربه‌خۆ بوون وه‌كچۆن كوردستان سنوری سه‌فه‌وییه‌كان و عوسمانییه‌كان بووه و كۆمه‌ڵێك ئیماراتی سه‌ربه‌خۆی تێدا بووه، ئه‌م كانتۆنانه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نهمساوییهكاندا بوون، به‌ڵام كاتێك كه سێ له‌م كانتۆنه سه‌ربه‌خۆیانه له‌ساڵی (1291)دا له‌ژێر چه‌تری كۆنفیدڕاڵییهكدا دژ به داگیركه‌رانیان یه‌ك ده‌گرن، به‌ڵێننامه‌یه‌ك واژۆ ده‌كه‌ن كه هه‌میشه یه‌ك كۆنفیدڕاڵی كۆیانبكاته‌وه، به‌ڵام كه‌سیان ده‌ست نه‌خه‌نه كاروباری ئه‌وی تریانه‌وه، لێره‌دا كاتێك له شه‌ڕی مۆرگاردن به‌سه‌ر نهمساوییهكاندا سه‌رده‌كه‌ون، ئیتر له‌گه‌ڵ رۆژگاردا كانتۆن و ئیماراته سه‌ربه‌خۆكانی تری ناوچه‌كه دێنه ناو ئه‌م كۆنفیدڕاڵییهوه، له‌ساڵی (1848)دا یه‌كه‌م ده‌ستورییان دانا كه تیایدا سویسرا شێوازێكی فیدڕاڵی وه‌رگرت و له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی فه‌ره‌نسا سیسته‌می سیاسیان دانا كه سیسته‌می (كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی و حكومه‌تی كۆمه‌ڵ)ه، له‌م سیسته‌مه سیاسییه‌دا پارله‌مان پێیده‌وترێت (كۆمه‌ڵه‌ی نشتیمانی).
ده‌ستوری سویسرا له ساڵانی (1874) و (1999)دا دووجار ده‌ستكاری كراوه، به‌ڵام له ساڵی (1848) تاكو ئه‌مڕۆ هه‌مان ده‌ستوره.
له‌به‌ر له‌یه‌كچوونی جیۆپۆله‌تیكی كوردستان و سویسرا، ئه‌مڕۆ ده‌بینین ڕۆژئاوای كوردستانیش به سوود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی سویسرا كار بۆ دامه‌زراندنی كانتۆن و حكومه‌تی خۆجێیی ده‌كات له‌ژێر دروشمی هێڵی سێیه‌م یان نه‌هجی سێیه‌م، له‌كۆتایشدا كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م كانتۆنانه له ههرێمكدا كه به سیسته‌می سیاسی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی به‌ڕێوه ده‌چێت.
له ڕۆژئاوا چاك ده‌زانن كه ته‌نها ده‌ستوری سویسرایه ده‌توانێت سیسته‌مێكی ئارام بۆ ناوچه‌یه‌ك دروستبكات كه فره نه‌ته‌وه و فره ئاین بێت و له‌هه‌مانكاتدا سیسته‌مێك بێت كه هه‌رگیز ڕێگه نه‌دات زۆرینه حوكمی كه‌مینه بكات.
له هه‌رێمی كوردستانی خۆشمان به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌م سێ خاڵه‌ی خواره‌وه كه چاكسازیی بنه‌ڕه‌تیی سیسته‌می سیاسی له‌خۆده‌گرێت، ده‌توانین ببین به خاوه‌ن سیسته‌مێكی سیاسی سه‌قامگیر كه له داهاتودا نه‌ك ته‌نها ده‌بێته چه‌ترێك بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو شاره‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن ده‌توانن بێنه ژێر هه‌مان چه‌تره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سویسرا له‌ماوه‌ی (200) ساڵدا له سێ كانتۆنهوه بوون به 13 كانتۆن.
پڕۆژه‌كه ئه‌م سێ خاڵه له‌خۆده‌گرێ
1. گۆڕینی سیسته‌می سیاسی.
2. دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته ئیدارییه‌كان به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا و دامه‌زراندنی كانتۆنه‌كان.
3. یاسای بێلایه‌نیی هه‌رێمی كوردستان.
1. گۆڕینی سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان
له جیهاندا چوار سیسته‌می سیاسی كاریان پێده‌كرێت:
11. سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك ئه‌مریكا.
2. سیسته‌می په‌رله‌مانی وه‌ك به‌ریتانیا .
3. سیسته‌می تێكه‌ڵ (سهرۆكایهتیپهرلهمانی) وه‌ك فه‌ره‌نسا.
4. سیسته‌می حكومه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی (حكومه‌تی په‌رله‌مان) وه‌ك سویسرا.
بۆ ئێمه ئه‌وه ڕوونه كه هه‌رسێ سیسته‌مه‌كه‌ی یه‌كه‌ممان تاقیكردوه و نه‌گه‌یشتینه ئه‌نجام، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵی (1991)ه كوردستان به سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی ده‌ستی پێكرد و له‌دوای شه‌ڕی ناوخۆ و روخاندنی رژێمی به‌عس ساڵی (2003)، یاسای سه‌رۆكایه‌تی بۆ بارزانی له‌لایه‌ن پارله‌مانه‌وه په‌سه‌ند كرا، بۆئه‌وه‌ی یاساكانی هه‌رێم دژوار نه‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقدا (سیسته‌می حوكمڕانی عێراق په‌رله‌مانییه به گوێره‌ی ده‌ستور)، بۆیه له كوردستان جۆرێك له سیسته‌می تێكه‌ڵ ( سهرۆكایهتیپهرلهمانی) به‌ڕێوه ده‌برا، به‌ڵام له 12.10.2015ه‌وه پاش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كخرا و مه‌سعود بارزانی بوو به حاكمی سه‌ره‌كی كوردستان و سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان گۆڕا بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، ته‌نانه‌ت پێش ریفراندۆمه‌كه بارزانی ئه‌نجومه‌نێكی شۆڕشگێرانه‌ی وه‌ك بناغه‌ی حوكمڕانێكی عه‌سكه‌ریی دامه‌زراند.
ئێستا وه‌كو لۆژیك ته‌نها سیسته‌می چواره‌ممان له‌به‌رده‌م ماوه ( سیسته‌می حكومه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانییه)، ئه‌گه‌ر به پراكتیزه‌كردنی ئه‌م سیسته‌مه بتوانین هه‌موو شاره‌كانی كوردستان( ته‌نها سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك نا، به‌ڵكو شاره‌كانی دیكه‌ش وه‌ك زاخۆ و ڕانییه و هه‌ڵه‌بجه و كۆیه…..هتد ) ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌كانیان بۆ زیادبكه‌ین تا ئاستی پێكهێنانی (كانتۆن) ئه‌وه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانین ببین به خاوه‌نی هه‌رێمێكی سه‌قامگیر، كه هیچ حیزب و بنه‌ماڵه یان خێڵ و كه‌سایه‌تییه‌ك ناتوانێت كۆنترۆڵی ئه‌م هه‌رێمه بگرێته ده‌ست.
1. حكومه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی (حكومه‌تی په‌رله‌مان)
فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ جان جاك رۆسۆ (1712-1778 Jean-Jacques Rousseau) به باوكی رۆحی ئه‌م سیسته‌مه داده‌نرێت به‌و مانایه‌ی كه ( ده‌سه‌ڵات ده‌بێ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا بێت كه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێررێت كه پێیده‌ڵێن كۆمه‌ڵه‌ی نیشتیمانی یان كۆمه‌ڵه‌ی گه‌ل)، له‌هه‌مانكاتدا پێیده‌وترێ سیسته‌می قه‌یران و دوای شۆڕشه‌كان (له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌كاتی داڕووخان و قه‌یران و شۆڕشه‌كاندا په‌نای بۆ ده‌برێت)، ئه‌م سیسته‌مه بۆ یه‌كه‌مجار له فه‌ره‌نسا له‌دوای ناسه‌قامگیریی له‌و وڵاته‌دا جێبه‌جێكرا ( له 1792 تا 1795)، پاشان هه‌ڵوه‌شایه‌وه و دواتر له ساڵى 1848دا له فه‌ره‌نسا و سویسرا له‌دوای شه‌ڕی ناوخۆی نێوان كاتۆلیك و پرۆتستاندا جێبه‌جێكرا، له فه‌ره‌نسا له ساڵی 1871دا كۆتای پێهێنرا به‌ڵام له سویسرا تا ئه‌مڕۆش كاریپێده‌كرێت.
حكومه‌تی كۆمه‌ڵ به‌و مانایه دێ، هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی (یاسادانان و جێبه‌جێكار و دادگا) له‌ژێر ده‌ستی په‌رله‌ماندا بێت و له‌م حاڵه‌ته‌دا پارله‌مان ئه‌نجومه‌نێك پێكده‌هێنێت كه له چه‌ند كه‌سێك پێكهاتبێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری حكومه‌ت كه پێیان ده‌ڵێن (ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت) و دادگایش سه‌ربه‌خۆ نابێ، به‌ڵكو دادوه‌ره‌كانی دادگای باڵا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه داده‌مه‌زرێن.
ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت له‌ژێر چاودێری پارله‌ماندا كاروباری حكومه‌ت ده‌باته ڕێوه و ئامۆژگاری و فه‌رمان له په‌رله‌مانه‌وه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام نابێت ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی پارله‌مانیش بن.
بڕیاری ناو ئه‌م ئه‌نجومه‌نه به كۆی ده‌نگ ده‌بێت و هیچ كه‌سێك له‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌سه‌ڵاتی له‌وانی تر زیاتر نییه، سه‌رۆكایه‌تی ناو ئه‌م ئه‌نجومه‌نه هه‌رساڵه‌ی به‌ر كه‌سێكیان ده‌كه‌وێت، جگه‌له‌مه‌ش هیچ كه‌سێكیش ناتوانێت و بۆی نییه له یه‌كجار زیاتر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه بكات.
شایانی باسكردنه كه سه‌رۆكایه‌تی ناو ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ته‌نها ته‌شریفاتی ده‌بێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی بۆ زیاد ناكات.
پارله‌مان ده‌توانێت ئه‌ندامێك یان هه‌موو ئه‌نجومه‌نه‌كه بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ناتوانێت پارله‌مان سڕ بكات و داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكا یان پرۆژه پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكات، به‌ڵكو كاره‌كانی ته‌نها جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی پارله‌مان و به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌بێت.
له‌حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه پرۆژه‌یه‌كی هه‌بێت ئه‌وه ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌ندامانی پارله‌مانی حیزبه‌كه‌یه‌وه پێشكه‌ش به پارله‌مانی بكات، له‌م سیسته‌مه‌دا ( حكومه‌تی پارله‌مانی)، ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستی پارله‌ماندا ده‌بێت.
چۆنێتی پێكهێنانی په‌رله‌مان
ده‌بێت پارله‌مان دابهشبكرێته سه‌ر دوو ژوور به‌ناوی (ژووری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) و (ژووری ئه‌نجومه‌نی پیران).
ژووری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌و ئه‌ندامانه پێكده‌هێنرێن كه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن، هه‌روه‌ك ژووری ئه‌نجومه‌نی پیرانیش له‌و ئه‌ندامانه پێكده‌هێنرێن كه سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی كانتۆنهكانن.
بڕیاره‌كانی ناو پارله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه په‌سه‌ند ده‌كرێت، مه‌غزای دابه‌شكردنی پارله‌مانیش به‌سه‌ر ئه‌م دوو ئه‌نجومه‌نه‌دا ئه‌وه‌یه كه كانتۆنه گه‌وره‌كانی وه‌ك هه‌ولێر و سلێمانی كه ده‌بنه خاوه‌نی زۆرترین ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، نه‌توانن به‌و زۆرینه‌یه مافی كانتۆنه بچوكه‌كانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه یان دهۆك بخۆن، چونكه له ئه‌نجومه‌نی پیراندا هه‌موویان سه‌روو دوو ئه‌ندامیان هه‌یه، به‌مشێوه‌یه‌ش یه‌كسان ده‌بن له په‌سه‌ندكردن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاساكان، چونكه له‌كۆتایدا هیچ یاسایه‌ك ناچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ئه‌گه‌ر بێتوو له‌هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا به زۆرینه‌ی ده‌نگ تێنه‌په‌ڕێت.
چۆنێتی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت
جوانی ئه‌م سیسته‌مه له‌وه‌دایه كه هیچ حیزب و كوتله و لایه‌نێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان ئاینی زۆرینه‌ی هه‌رێم ناتوانێت هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه بۆخۆی قۆرخكات به‌پاساوی زۆرینه‌ی ناو پارله‌مان، به‌ڵكو ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له حزبه براوه‌كانی ناو پارله‌مان پێكدێن و له‌هه‌مانكاتدا له نه‌ته‌وه سه‌ره‌كییه‌كانی وڵات (ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه فره‌نه‌ته‌وه بوو) و له ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازه‌كان ( ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه فره ئاینی یان فره مه‌زهه‌ب بوو).
بۆ نموونه له سویسرا كه ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت پێكهاتووه له حه‌وت كه‌س، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا فره حیزبی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه (ئهڵمانیفهرهنسی ئیتاڵی) و فره مه‌زهه‌بیش هه‌یه ( كاتۆلیك پرۆتستانت) بۆیه هه‌رچه‌نده وه‌ك یاسا نه‌نوسراوه به‌ڵام وه‌كو عورف ده‌بێ ئه‌م حه‌وت ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی حوكم له چوار حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو پارله‌مان هه‌ڵبژێردرێن و ده‌بێت له هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌كه‌ی تێدابێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌هه‌ردوو مه‌زهه‌بی كاتۆلیك و پرۆتستانتی تێدابێت، واته هه‌ر دوو ئه‌ندام له حیزبه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و ئه‌ندامێكیش له حیزبی براوه‌ی چواره‌م.
بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانرێت ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی حكومه‌ت به‌گوێره‌ی ژماره‌ی وه‌زاره‌ته سه‌ره‌كییه‌كان دانرێت و ڕه‌چاوی ژماره‌ی شاره‌كان و پارته سه‌ره‌كییه‌كانی ناو پارله‌مان بكات، به‌ڵام نابێت هه‌رگیز له ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕێت.
2. حكومه‌تی خۆجێی (كانتۆن) بۆ هه‌موو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان
بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌مێكی تۆكمه و دیموكراتی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕینی سیسته‌می حكومڕانی بۆ سیسته‌می سیاسی حكومه‌تی كۆمه‌ڵ له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت سیسته‌می حكومه‌تی خۆجێیی بۆ شاره گه‌وره‌كانی كوردستان بچه‌سپێنین و چه‌ند كانتۆنێك دروستبكه‌ین.
كانتۆن ئه‌و یه‌كه ئیدارییه‌یه كه چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئیداره‌ی كانتۆنه‌كه ده‌به‌ن به‌ڕێوه، ته‌نها سیاسه‌تی دراو و سیاسه‌تی ڕێگه‌وبان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و سیاسه‌تی به‌رگریی نه‌بێت كه ئه‌مانه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بن.
به‌ڵام سیاسه‌تی ناوخۆی كانتۆن و سیاسه‌تی ئابوری و په‌روه‌رده و ….هتد، ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حكومه‌ته خۆجێییه كه كانتۆنه‌كان به‌گوێره‌ی ده‌ستوره خۆجێیه‌كانی خۆیان بۆ كانتۆنهكانیان پێكیده‌هێنن.
له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌م دوو ئیداریه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی له ساڵی (1996)ه په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی بكرێته دوو كانتۆنی جیاواز یان زیاد له دوو كانتۆن، چونكه ناتوانین ئه‌و ڕاستییه بشارینه‌وه كه دوو ئیداره‌یی ته‌نها خه‌تای پارتی و یه‌كێتی نییه، به‌ڵكو هه‌ولێر و سلێمانی و ناوچه‌ی بادینان و ناوچه‌ی هه‌ورامان و گه‌رمیان، هیچ كام له‌م ناوچانه نایانه‌وێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانی ناوچه‌یه‌كی تردا بن.
ئه‌م سهبجێكته مێژووی خۆی هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، بۆیه ئێمه ته‌نها به‌ده‌ست دوو ئیداره‌ییه‌وه په‌كمان نه‌خواردووه و ناناڵێنین، به‌ڵكو لهلایهكیتریشهوه به‌ده‌ست ناوچهگیرییهكی مێژووییه‌وه كه ڕێگره له‌به‌رده‌م سیسته‌مێكی مه‌ركه‌زی كه پایته‌خته‌كه‌ی ههولێڕبێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێكهێنانی كانتۆن بۆ ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان تاكه چاره‌سه‌ره بۆ دورخستنه‌وه‌ی بهدكاریگهریی ناوچهگیریی.
3. بێلایه‌نی (الحیاد)
هه‌رێمی كوردستان ئارامی و ئاشتی به‌خۆیه‌وه نابینێت ئه‌گه‌ر بێلایه‌نی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت به یاسا و جێبه‌جێ نه‌كرێت وه‌ك پره‌نسیپێك بۆ چۆنێتی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ وڵاته دراوسێكانیی و ته‌واوی دنیادا.
واته بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم له ناكۆكی و شه‌ڕی نه‌ته‌وایه‌تی نێوان (عه‌ره‌ب تورك فارس) و ئاینی و مه‌زهه‌بی نێوان ( ئیسلامی مه‌سیحی و شیعی سونی) و و نێوده‌وڵه‌تی (ڕۆژئاوا ڕوسیا) بپارێزین، سه‌ره‌تا ده‌بێت بێلایه‌نی خۆمان ڕابگه‌یه‌نین.
ئه‌مه‌ش به ده‌ركردنی یاسای بێلایه‌نی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت كه رێگه‌نادات حكومه‌تی هه‌رێم ببێت به ته‌ره‌فێك له هه‌ر ناكۆكییه‌ك له ناوچه‌كه‌دا و له‌هه‌مانكاتدا ناشهێڵێت هیچ گروپ یان پارتێك له هه‌رێم لایه‌نگری وڵاتانی دراوسێ و زلهێزه‌كان بێت، یان لایه‌نگری گروپه میلیشیاكان بێت كه شه‌ڕی مه‌زهه‌بی یان رهیسیستی یان ئاینی ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها پێویسته له‌و یاسایه‌دا سزای هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دادگایی دیاریبكرێت بۆ حكومه‌ت و كانتۆن و پارت و گروپه جۆراوجۆره‌كان له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر بێلایه‌نی خۆیان له‌ده‌ستدا.
نمونه‌ی ده‌وڵه‌تێكی بێلان كه 500 ساڵه بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاندووه و تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به ئاشتی و ئارامی له‌نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی دنیادا ده‌ژی، سویسرایه.
سویسرا ده‌وڵه‌تێكی بچوكه له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تی زلهێزی وه‌ك (فه‌ره‌نسا ئیتالیا نه‌مسا ئه‌ڵمانیا)دا، بۆیه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر بێت‌و ببێت به لایه‌نگریی هه‌ریه‌ك له‌م ده‌وڵه‌تانه زیانمهن ده‌بێت و ناتوانێت سه‌قامگیربێت، هه‌ربۆیه له ساڵی (1515)ه‌وه بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاند و تاوه‌كو ئه‌مڕۆ نه‌چووه‌ته به‌ره‌ی هیچ لایه‌نێك، جگه‌له‌وه‌ش نه‌له شه‌ڕه‌كانی ناپلیۆن و نه له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌مدا و نه له‌جه‌نگی ساردی نێوان ڕۆژئاوا و سۆڤییه‌تدا به‌شداری نه‌كردووه، بۆیه نه‌ك پێنج سه‌ده‌یه سه‌قامگیره و داگیرنه‌كراوه و دابه‌شنه‌كراوه، به‌ڵكو بووه‌ته سه‌نته‌ری دانوسان و ئاشته‌وایی له‌نێوان نه‌ته‌وه زلهێزه‌كاندا. شایه‌نی باسه بێلایه‌نی و سه‌قامگیریی ئه‌م وڵاته بووه‌ته مایه‌ی بوژانه‌وه‌ی ئابوری و جێی متمانه‌ی سه‌رمایه‌داران.
ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان و ئیمپراتۆره‌كان هه‌میشه هه‌وڵیانداوه كه له نێوانیاندا ده‌وڵه‌تێكی بچوك و بێلایه‌ن دروستبكه‌ن، تاوه‌كو خۆیان بپارێزن له شه‌ڕێك كه ده‌زانن قورسه سه‌ركه‌وتن تیایدا، نموونه‌ی له‌مجۆره ده‌وڵه‌تانه ئه‌فغانستان و مه‌قدۆنیایه.
سویسراش هه‌میشه ئه‌و سنوره ئارامه بووه كه نه فه‌ره‌نسییه‌كان یان ئه‌ڵمان یان نه‌مسا و ئیتالیا نه‌یانویستووه له‌نێوان خۆیاندا تێكیبدهن.
كوردستانیش كاتێ بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یه‌نێت، ئه‌وه ده‌بێته ئه‌و هه‌رێمه بچوكه‌ی كه نه توركیا و نه ئێران هێرشناكهنه سه‌ری و وه‌ك سنورێكی ئارامی نێوان دونیای شیعه و دونیا سونه ته‌ماشاده‌كرێت، له‌سه‌روو ئه‌وه‌شه‌وه و دورده‌كه‌وینه‌وه له ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریكا و ڕوسیاش و له كۆتاییدا ده‌بێته ئارامگه‌ی سه‌رمایه‌دارانی ناوچه‌كه و بوژانه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئابورییه‌كان.
كورته‌یه‌ك
له‌هه‌رێمێكدا ناوچه‌گه‌رایی ڕه‌گی داكوتابێت و دوو حیزبی خاوه‌ن هێزی چه‌كدار بۆ ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵ سنوریان له‌نێوانیاندا دانابێت و هیچ مێژوو و ئهرشیفێكیش له حكومڕانی سه‌به‌خۆ نه‌بێ و فره نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و فره مه‌زهه‌ب و زمانیش له ههرێمهكهتدا بوونی هه‌بێت، چۆن ده‌كرێت بتوانین ببین به خاوه‌نی هه‌رێمێكی سه‌قامگیر و سه‌ركه‌وتوو؟
سیسته‌می حكومه‌تی پارله‌مانی سیسته‌می رزگاربوونه له‌كاتی قه‌یران و داڕوخان و شكستی حوكمڕانیدا، بۆیه فه‌ره‌نسا ئه‌وكاتانه‌ی كه قه‌یرانی گه‌وره ڕووی له سیسته‌می حوكمڕانییه‌كه‌ی كردبێت، په‌نای بۆ ئه‌م سیسته‌مه بردووه.
توركیا و ئه‌تاتوركیش له ساڵی (1924)دا به‌هه‌مانشێوه په‌نایان بۆ ئه‌م سیسته‌مه بردووه، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت له‌دوای داڕوخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مێكی سه‌قامگیر دروستبكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كات و سروشتی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا له‌كۆتاییدا ئه‌م سیسته‌مه كاڵبووه‌ته‌وه یان لابراوه ، چونكه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا پتر سیسته‌مێكی فریادڕه‌سه له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌مه‌ی وایكردووه كه له سویسرا به‌رده‌وامیی پێبدرێت ئه‌وه‌یه كه سویسرا پێكهاتووه له (٢٦) كانتۆنی سه‌ربه‌خۆ و جگه له‌مجۆره سیسته‌مه سیاسییه هیچ سیسته‌مێكی سیاسی ناتوانێت یه‌كسانییه‌كی ڕاسته‌قینه له‌نێوان ئه‌م كانتۆنانه دروستبكات كه هه‌ندێكیان بچوكن و له‌ژێر هیچ سیسته‌مێكی تردا مافه‌كانیان پارێزراو نابێت.
ئێمه‌ی كوردیش هه‌ر له مێژوودا هه‌رگیز خاوه‌نی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی نه‌بوین، به‌ڵكو خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئیماراتی سه‌ربه‌خۆ بووین، ئێسته‌ش هه‌ر ناوچه‌یه‌ك له كوردستان جیاواز له ناوچه‌كانی تر ده‌یه‌وێت حكومڕانێتی خۆی بكات.
دوو ئیداره‌یی و ناوچه‌گه‌رایی و تایبه‌تمه‌ندێتی شار و ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان، به‌نموونه شه‌نگال و كه‌ركوك ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه له‌پاڵ سیسته‌می حكومه‌تی پارله‌مانی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ردنی ئیداری شاره جیاوازه‌كانیش بكرێته حكومڕانی خۆجێی یاخود كانتۆن، به‌مشێوازه نه‌ك ته‌نها حكومڕانییه‌كی سه‌نته‌ری تاكه كه‌س یان تاكه پارتێك ناهێڵین، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زیش كاڵدهكهینهوه و هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له ناوچه‌كه‌ی خۆیدا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به حكومه‌ته خۆجێكانهوه ده‌بێت و هه‌روه‌ها هه‌ر حكومه‌تێكی خۆجێیی به ئازادی خزمه‌تی ناوچه‌كه‌ی خۆی ده‌كات.
له‌م حاڵه‌ته‌شدا جۆرێك له كێبه‌ڕكێ له‌نێوان كانتۆنه‌كاندا دروست ده‌بێت به‌وه‌ی كام ناوچه ده‌توانێت زیاتر خزمه‌تی هاوڵاتیانی خۆی بكات، له كۆتایشدا ئه‌م كێبهركێیه ده‌بێته مایه‌ی بوژانه‌وه‌ی ئابوری و سیاسیی و سه‌قامگیریی سیاسی هه‌رێمی كوردستان.
ته‌واوكه‌ری چاكسازییه‌كانی كوردسان به یاسای بێلایه‌نی حكومه‌ت و پارته‌كان كامڵ ده‌بێت، چونكه به‌درێژایی ئه‌زموونی حكومڕانی پارته‌كانی ئه‌م هه‌رێمه هه‌میشه ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی بووه‌ته هۆكاری شه‌ڕی ناوخۆ و جۆره‌ها ناكۆكی تر، كوردستانیش تاوه‌كو ئه‌مڕۆ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی تۆپبارانی سنورهكانیدایه و وڵاتانی وه‌ك ئێران و توركیا و سعودیه و ئه‌مریكا و ڕوسیا و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقیش له به‌غدا، به گومانه‌وه ده‌ڕواننه هه‌رێمی كوردستان و له‌و هه‌وڵه‌دان كه حكومه‌تی هه‌رێم و گروپ و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بخه‌نه ژێر كۆنتڕۆڵ و ئه‌جیندای خۆیان و دژ به نه‌یارانیان به‌كاری بهێنن، بۆیه زۆرجار ده‌بینین كوردستان ده‌بێته مه‌یدانی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی شه‌ڕه‌كانیان.
ته‌نها به پراكتیزه‌كردنی پره‌نسیپی بێلایه‌نی حكومه‌ت و پارته سیاسییه‌كان، كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئارامگایهی كه هیچكام له وڵاته زلهێزه‌كان لێی نه‌ترسن، به‌مجۆره‌ش ده‌توانین ئه‌م هه‌رێمه بچوكه سه‌ركه‌وتووه دروستكه‌ین له‌نێوان كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی ناكۆكی وه‌ك: ( سعودیا ئێران عێراق توركیا سوریا)، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سویسرا دروستیكرد له‌نێوان كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی ناكۆكی وه‌ك: ( ئه‌ڵمانیا ئیتاڵیا نه‌مسا فه‌ره‌نسا)دا.
بهلهیهكچوونی جیۆپۆله‌تیكی كوردستان و سویسرا، ده‌توانین په‌یڕه‌وی ئه‌و ده‌ستوره‌ی ئه‌وان بكه‌ین كه ئه‌وانی كردووه به نمونه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كۆنفیدڕاڵی سه‌ركه‌وتوو، ئه‌مڕۆش ڕۆژئاوا ده‌بینین له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه ناوچه‌كانی خۆیان ده‌به‌نه‌ڕێوه له‌ژێر دروشمی مه‌نهه‌جی سێیه‌م ( واته نه مه‌نهه‌جی دیكتاتۆری و نه مه‌نهه‌جی ئیسلامی سیاسی)، ئێمه‌یش ده‌توانین ئه‌م مه‌نهه‌جه له‌ژێر دروشمی چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا په‌یڕه‌و بكه‌ین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست