کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فریشتەکانی ئاپۆگراد

Saturday, 10/02/2018, 3:34


جاری وا هەیە شەڕێك رەوتی مێژوو دەگۆرێت, وێنەی چركە ساتێك, بەرز كردنەوەی دروشمێك, دەستپێشخەری مەفرەزەیەكی گەریلای  بچوك, وێنەی قێزەونی تاوانێك كاریگەری گەورە لەسەر رەوتی روداوەكان دادەنێن " وێنەی تراژیدی كیم فۆج لە 8ی یۆنی 1972 لە سەر جادەكانی ترانج بانج  كە بە  روتی را دەكات بووە هۆی راوەستانی شەڕی ڤێتنام", شەنگال داعشی  وەك دڕندەیەك لە جیهان نمایش كرد, مەخمور  یەكێتی گەلی كوردی بەهێز كرد, كۆبانی عەرشی داعشی لەرزاند, ئەمجارەش وێناكان عفرین دەوڵەمەندترن لە رابردوو, چڵە زەیتونەكەی فەتحەكەی ئەردۆگان  وەك هەڵكردنی پێكەوەگورگ و مەڕە, ئاخر فەتح و زەیتون هێمان بۆ دوو شتی زۆر پێچەوانەن, یەكەمیان غەزوەو سەبایەو ئەنفال و داگیركردن, خوێن و تاڵان لە خۆی كۆدەكاتەوە, دووەمیان ئاشتی و پَكەوە ژیان و لێبوردەیی و دان نان بە رەوایەتی, فەتحەكەی خومەینی چی هێنا بۆ هەڵەبجە فەتحە دوبارەكەی ئەردۆگان هەمان پەیامی بۆ عفرین  وەلێ لە سەردەمی دادگا نێونەتەوەییەكان پێیە, جەستەی بارین كۆبانی سەلماندی فەتحەكە فەتحە نەك چڵە زەیتون  وەلێ بە دوبارە كردنەوەی سیناریۆی كۆبانیەوە, بارین كۆبانی  دڕندەیی و  تاوانی لە یەك كاتدا نیشان دا, رێگای سەركەوتنی بەسەر شەیتانی شەڕدا كردەوە, بارین بووە سمبولی تاوانێكی دیكەی جیهانی.
خودا ئەمجارە  لەگەڵ مەلایكەتە مێینەكانی وڵاتی منە, ئەمجارە نەك ئەردۆگانەكەی قەرزاوی, ئەمجارە  دوعاكانی قەرەداغی و مۆبایلەكەی 15ی حوزەیرانیش فریای سوپا فەتحچیەكان ناكەون,ئەمساڵ 635 ساڵ بەسەر فەتحی ئەستەمبوڵ تێدەپەڕێت,95 ساڵیش بەسەر روخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی, عەفرین لە نێوان بردنەوەی یەكەم و  دۆڕانی دووەمدا جێگای گرتوە, سەنگەرە  سورەكانی ناو باغە زەیتونەكان ئەوەیان نیشان دەدەن, نە عەفرین دەبێتە ئەستەمبوڵ و نە دەبێتە ناردوانی گەڕانەوەی خەلافەتەكە لە ساڵی  2023 دا خەونی گەڕانەوەی پێوە دەبینن,  ئەردۆگان چەندین ساڵە ددان لە عفرین جیڕەكاتەوە, دەیەوێت بە چڵە زەیتونێك باغە پان و بەرینەكانی زەیتونی شارەكە هەمو بسوتێنێت, وەلێ ئاگر كردنەوە لە زەلكاودا سانا بێت كوژانەوەی زەحمەتە, زەیتون زەیتون ناسوتێنێت .
شەڕی عفرین تاقی كردنەوەیەكی سەخت بوو بۆ عەلی قەرەداغیەكان, ئیتر خێراتەكانی نابنە سەربەرزی, ئەوەی زوو هێناتان  ژەهر بوو,ئیتر ژنە ئەسپارتەییە بە جەستە لاوازو بچوكەكان بە دوعای پیاوانی ئاینی  و بە مێگەلی مەلایكەتەكانی جەنگیان ناشكێن, وەك جان دارك  دەبنە قەدیس, وەك جمیلە بوحیرد دەچنە مێژوەوە,وەك رۆزا لۆكسمبۆرگ دەبنە سومبلی ئازادی  ژنان, لێرە  هەموو تیوریەكانی نێرسالاریی, بەهێزی پیاویان شكست پێهێنا, داریۆنیزم مانەوە بۆ بەهێزە پوچەڵ كرایەوە , ئەمە كۆمۆنەی عەفرینە نەك غەزوەی ڤیەنا.
لە دوای شەڕی ڤێتنامەوە, بە جەنگەكانی  تامیل و كۆڵۆمبیاشەوە,كە سەرچاوەی باڵای مەرجەعەكەن, هەندەی رۆژئاوا سەرنجی جیهانیان بۆخۆی رانەكێشاوە,ئەگەر كۆبانی راهێنانێكی مەزن بوو, بۆ پەروەردە كردنی سەدان قەناسە بەدەست, ئەوا عفرین بە ورەیەكی بەرزترەوە, لە پاڵ دار زەیتونەكانی خواوەندی ئاشتیەوە,هەزاران جەنگاوەری سپارتاكۆس و فلامایكن ئاسا پەروەردە دەكات, ئەمجارە نەك تەنها چیاكان بگرە زەیتونەكانیش دۆستمانن.
توركیا  دوژمنی هەمیشەیی  كوردان
دەگێڕنەوە , زیاتر لە نەوەد ساڵ لەمەوپێش  لە گەِرەكێكی شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا تیپێكی تۆپی پێ ناوی كوردستان هەڵدەگرێت, توركیا  لە بەرامبەردا ناڕازی  دەبێت, پێی وا دەبێت مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا " غصن الزیتون أم شجرە الاستیطان؟ ێ‌زاد أحمد علی  ", ساڵی 1983-1985 كە ینك گفتوگۆ دەكات  لە گەڵ سەدام حوسێن , توركیا ناڕازی  دەبێت , بە وتەی سەدام حوسێن گفتوگۆكە تێكە دات, ساڵی 1991 هەر هەمان هەڵوێست دوبارە دەكاتەوە, وەلێ كۆڕەو ئەوەندە گەورە بوو, ناڕازییەكانی توركیا لە بەردەمی خۆی رانەگرت, كە  ریفراندۆم  كرا لە باشوری كوردستان , هەموو  هەڵوێستی توركیامان بینی, وا لە بەرامبەریدا راوەستایەوە, تا ئێستاش سڵاوێكی لە دۆستە یەكەمەكەی خۆی  بارزانی نەكردەوە, لە رۆژئاواش بەردەوامە  لە دژایەتی لە ئەلفەوە تا یا, بۆیە  ئەم هێرشەی بۆسەر عفرین  بەشێكە لە پرۆژەی دژایەتی كورد  بۆ هەر جوڵانەوەو دەسكەوتێكی سیاسی, بەردەوامیش دەبێت تا ئەوكاتەی ژەهری ناسیۆنالیزم و عوسمانیزم لە مێشكی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە دەكوژرێت, تا دەنیز گێزمیش و ئیبراهیم كایبكایاكان سەركەون بەسەر خواوەندی شەڕو فاشیزمی باخچەلی و ئەردۆگانییەكاندا.

شەڕ و تاقی كردنەوەی چەك 
هەموو كات سەرمایەداران و  كۆمپانیاكانی چەك قازانجە كەن  لە شەڕ, شەڕ دەرگایەكە  بۆ  تێپەڕ بوون بەسەر  كێشە قوڵەكان, شەڕی جیهانی دووەم و شەڕی كۆریا و ڤێتنام و تەنانەت 11ی سەپتەمبەریش  بە قازانج بۆ سەرمایەداری شكانەوە,  توركیا شانازی  دەكات بەوەی بەرەو ئیكتیفای زاتی چەك  دەڕوات, بە تایبەت  دوای هاتنە سەركاری ئەردۆگانەوە هەوڵی زۆری لەو بوارەدا داوەو هەنگاوی باشی بڕیووە بەوەی هیچكە پاشكۆی رۆژئاوا نابێت لەوەی بە مەرج چەكی پێ بفرۆشن وەك ئەوەی بەرامبەری لە هەمبەر بارگرژی  یۆنان كردیان, ساڵی 2002  توركیا دەیتوانی تەنها 24% پێداویستی چەكی ناوخۆ دابین بكات, ئێستا 65% ی دابینە كات  ,  توركیا وێڕای پێداویستی خۆی  دەیەوێت لە 16 ەمین نێردەی چەكەوە لە جیهان  ببێتە  یەكێك لە 10  وڵاتە گەورەكەی نێردەی چەك  لە جیهان, بۆ ئەم مەبەستە وەبەرهێنانی  گەورەی كردووە, لە ساڵی 2012 ەوە بۆ 2016 , رێژەی گەشەی ناردەی چەكی 180% زیادی كردووە, لە 300 ملیۆنەوە بۆ 700 ملیۆن دۆلار بەرز بۆتەوە,هاوكات لە 2017پارساڵ كۆی گشتی 4,3 ملیار دۆلار چەكی  بەرهەم هێناوە , 1,3 ملیاری ناردەی دەرەوە  كردووە ،نەخشەی هەیە ئەمساڵ  بیكاتە 2 ملیار و بۆ 2023 بیكاتە 25 ملیار دۆلار, بۆ ئەم مەبەستە بودجەی بەرگری لە 2018 بە رێژەی 31% زیاد كرد بۆ 23 ملیار دۆلار, لە ئێستادا 543 پرۆژەی سەربازی بە بودجەی 60  ملیار دۆلار لە بواری جێبەجێكردندایە, لە ئێستادا توركیا  حەوتەمین كڕیاری چەكە لە جیهان  پار ساڵ توركیا بایی 4,721 ملیار چەكی لە دەرەوە  كڕیوە, لە ناویاندا سێیەم كڕیاری چەكی ئەمەریكایە لە جیهان.
توركیا بە هاوكاری كۆمپانیا ئەمەریكیەكانی  وەك لۆكهید مارتن كۆپتەرو  فرۆكەو فڕۆكەی بێ فرۆكەوان  دروستە كات, لە ئێستادا هەردوو كۆمپانیای تای و ئەسلیسان  لە 100 كۆمپانیا گەورەكەی چەكی جیهانین, گرنگترین كۆمپانیا زەبلاحەكانی بواری بەرهەم هێنانی چەكی توركیا  ئەمانەن" " Turkish Aerospace Industries (TAI)“, Tusas Engine Industries (TEI)“,  FNSS Aselsan“,   “Otokar“,  “Havelsan“,Rocketsan“ ".
بیناڵی یڵدرم دوای هێرشی چڵەزەیتون رایگەیاند ئەو چەك و تەقەمەنیانەی لە ئۆپەراسیۆنی چلە زەیتون بەكار دێن 75%ی توركین, هاوكات نورەدین جانكلی وەزیری بەرگریش لە لێدوانیدا هەمان وتەی دوبارە كردەوە, كە چەكەكان  70%ی توركین, پێش 15 ساڵ  15%ی توركی بوون, هاوكات  بیلال ئەردۆغان و سەلجۆق بایركتاری زاوای ئەردۆگان كە سەرمایەداری پیشەسازی سەربازیشە  وێنەی خۆیان لە گەڵ فرۆكەی بێ فرۆكەوانی دروستكراوی توركیا بڵاو كردەوە, بۆ پشتیوانەك لە چەكە بەرهەم هێنراوە  خۆماڵیەكانی توركیا كە لەشەڕی چڵە ئاگردا بەكار دێن.
شەڕی چڵە زەیتون, یەكێك لە شوێنەوارەكانی دەبێتە پیشانگای تاقی كردنەوەی چەكی توركیا كە لە ئێستادا زۆر شانازی پێوە دەكات,وەلێ ئەگەری شكستە لە گەڵ تەقاندنەوەی تانكەكان و خستنە خوارەوەی فرۆكەكان,هەرچەندە ,فرۆكەی بێ فرۆكەوان و كۆپتەری ئەتاك لە دروستكردنی كۆمپانیای تۆساشی تاقیكراوەتەوە لە بەرامبەر شەڕی پكك دا, لە گەڵ  تێكشكانی هەر تانكێكی تا كە نرخی هەر دانەی 6 ملیۆن دۆلارە, نرخەكەی لە بازاڕدا هاڕە دەكات  بۆ خوارەوە.
كەواتا سەرمایەدارانی پیشەسازی چەكی توركیا ئەمڕۆ پێگەیەكی گرنگیان لە دەسەڵاتدا هەیە, قازانجیان لە بەردەوامی شەڕدایە چ لە ناو خۆ یان لە سوریا.

سوپای توركیا
توركیا خاوەند هەشتەم سوپای بەهێزی جیهانە, لە روی ژمارەی سەربازەوە 9یەم  سوپایە  لە جیهان, خاوەند 514 هەزار سەربازی شەڕكەرە, بە یەدەك و نیمچە سەربازییەوە ژمارەی شەڕكەرانی دەگاتە 1,043,550 كەس.
لە ساڵی 1952 ەوە  ئەندامی ناتۆیە, خاوەند هێزێكی گەورەی زەمینیە:4500 تانك, 6300 زرێپۆش, 1800 تۆپ",2000 فرۆكە, كە 880 یان  كۆپتەری جەنگین , لە 100 فڕۆكە خانەی جەنگیەوە دەتوانن هەڵسن.
لە روی قەبارەی   بودجەی  بەرگریدا توركیا 18ەمین وڵاتی جیهان  بووە لەساڵی  2015 , بە بودجەی 14,9 ملیار دۆلار, كە دەكاتە 2%ی داهاتی نەتەوەیی توركیا, لەم ساڵدا بەرزی كردۆتەوە بۆ 23 ملیار دۆلار. 
داعش بەچاوتروكانێك لە شاری باب ی سنوری  بەرامبەر توركیا دۆڕا, وەلێ  شەڕڤانان لەم  پارچە زەوییە جوگرافیا بچوكەی ناوی عفرینە كە تەنها 3850 كیلۆمەتر دوجارە و 350 گوندو شارۆچكەو 523258 دانیشتوان  لە خۆ دەگرێت , بەرامبەر بەو هەموو چەكە پێشكەوتوەو  سوپا 45 هەزارییە كە لە 10 بەرەی شەڕەوە پەلامارە دەن   وەستاونەتەوە .
توركیا  هەر بە پەلاماری هەرێمی عفرینەوە  نەوەستاوە , بەڵكە منبەجی كردۆتە ستراتیژی كردە سەربازییەكەی بۆ داهاتوو, هەڕەشەكانی زیاتر رو لەو شارەیە , ئایا هەڕەشەكانی  بۆ سەر منبج  بەجێ دەگەیەنێت؟, كە بەرەو  منبەج   چوون خەونێكی  ترسناكەو ئەگەری بەریەك كەوتن لە ئارادایە لە گەڵ سوپای ئەمەریكا, شەڕ لە مونبەج یانی هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ,یانی مێژوییەكی نوێ جیهان, نەچونیش بۆخۆی شكستە لە مریشك دزینەكە ئابڕوبەرترە.
توركیا  وێڕای مەترسی گەیشتنی كوردان بە ئاوی هەیە, هاوكات ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2019 ی توركیا سەركەوتنی دەوێت تا دەرخواردی بانگەشەی هەڵبژاردنی بدات, بۆ ئەوەی لە 2023 دا  بە سەرۆكی بمێنێتەوە, دەیەوێت لە هەردوو یادی روخانی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی كۆماردا خۆی سەرۆك بێت, لێرەدا دوو خەونی هەیە دەیەوێت یان وەك دروستكەرەوەی خەلافەت دەربكەوێتەوە, یاخودیش دەیەوێت  وەك ئەتاتورك بببێتە باوكێكی نوێ  بۆ توركیای  ساڵی 2023كە تیایدا كەمالیزمی باوكی یەكەم لە ریشەوە دەرهاتبێت, كەواتا خەونی ئەردۆگان هەموو بۆ ساڵی 2023 یە.

خەونی 2023
ساڵی 1923  كۆتایی بە خەلافەتی عوسمانی هێنرا, لەوساوە  تا ئێستا ئیسلامییەكانی جیهان  خەبات بۆ گەڕانەوەی ئەو خەلافەتە  دەكەن, خەونی خەلافەت خەونی تەواوی ئیسلامیەكانی جیهانە بە تایبەتیش ئیسلامیەكانی توركیا, خەونی ژیاندنەوەی خەلافەت شێتیانی كردووە.
ئەردۆگان تەواوی پڕۆژەكانی خۆی بەستۆتەوە بە خەونی 2023 ەوە, لە بواری ئابووری, سیاسی , فەرهەنگی .... تا پیشەسازی و گەشەی ئابووری..... .
یەكێك لە رێگرییەكانی ئەوەیە دەیەوێت نفوزی هەرێمایەتی زیاد بكات,تا  بەهۆی پاشە كشەی ناوخۆیی  و نێونەتەوەییەوە لاواز بووە, لە سفر كێشەوە توركیا بۆتە 100% كێشە, چ لە روی هەرێمایەتی یان جیهانی, بۆیە لە رێگای سوریاوە  دەیەوێت  پێگەیەكی هەرێمایەتی و جیهانی باڵاتر بۆخۆی دابین بكات, تاكو بگات بە خەونی سەركردایەتیكردنی ئیسلامی سیاسی سونی, پێشبڕكێی لەم بوارە لە گەڵ سعودییە و میسر بەهێزە كە ئەوان خاوەندی ئەزهەر مەكەو مەدینەن.
ئەردۆگان بە شەڕی چڵە زەیتون كە ناوی فەتحی هەڵگرتووە,دەیەوێت بە جۆشدانی دروشمە ئیسلامیەكان و تەكبیری كراوە و هاندانی ئیسلامیانی جیهان بۆ پشتیوانیكردن لێی , بەشداری نوسرە و فەیلەقی شام  باڵی ئیخوان و قاعیدە لە هێرشەكە زیاتر سیمای شەڕی ئاینی پێ  بەخشیووە.
لە رێگای شەڕەكەیەوە دەیەوێت لایەكەوە ببێتە سەنتەری ئیسلامی سیاسی سونی  و ناشرینیەكانی دەسەڵاتەكەی بشارێتەوە, لە لاكەی دیكەوە فەتحەكە ببێتە فاتیحای كەمالیزم, بەمەش  بە رۆژئاوا دەڵێت كاریگەریم لەسەر جیهانی ئیسلامی سونی هەیەو پێگەی دەسەڵاتیشم لەناو خۆدا بەهێزە.
وەلێ ئاگری شەڕی دار زەیتونەكان ئەگەری زۆرە خەونی 2023 لە ئەردۆگان بكات بە دۆزەخ, ئەو توركیا مەترسیدارەی جۆرج فریدمان لە سەد ساڵی داهاتوو دیاریكردووە كە ببێتە یەكێك لە كارەكتەرە بەهێزەكانی جیهان و نەیاری رۆژئاوا, لە زۆنكاوی عفریندا بچەقێت و جوڵەی لاواز كات و عفرینیش ببێتە ئاپۆچی گرادێك ئەردۆگانیش بە دەردی ناپلیۆن و هیتلەر ببات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە