کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


گەلەکۆمەکێ بۆ سەر ئەمریکا، لە عەفرینە

Saturday, 10/02/2018, 3:50


ئەمریکا، سەرەڕای هەڵوێستی لاوازی، بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین،  ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە، کە هێڕشی سەربازی تورکیا، بۆ سەر شاری عەفرین، تەنیا هێڕش نییە بۆ سەر میللەتی کورد و هێزی یەکینەکانی گەل "یەپەگە"، بەڵکو ئەم هێڕشە گەلەکۆمەکێی روسیا، ئیران، ئەسەد و تورکیایە دژ بە ستراتیژیەت و سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا و عیراق. 
تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و گەلێک لێپرسراوی دی ئەو وڵاتە، لە میدیاکانی جیهاندا بە ڕاشکاوانە، ستراتیژیەت و سیاسەتی ئەمریکایان ڕوون کردەوە لە سوریای دوای داعش. کە سێ خاڵی سەڕەکی تێددا بەدیدەکرا کە ئەویش، 
یەکەم، لابردنی ئەسەد.
 دووم، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا. 
سێیەم، دامەزراندنی "سوپای باکوور" پێکهاتوو لە ٣٠هەزار کەس کە زۆربەیان کورد بن، بۆ پارێزگاری سنووری نێوان تورکیا و سوریا و عیراق.  
 دوو ڕۆژ، دوای ئەو لێدوانانەی لێپرسراوانی ئەمریکا، ڕوسیا، هێزەکانی کشاندەوە و تورکیای دژە کورد و مرۆڤایەتی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی دەستپێکرد بۆ سەر شاری عەفرین! گومانی تێددا نییە، کە ئەم ڕاستییە، بۆ دانیشتووی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، پینتاگۆن و سی. ئای. ئەی ئەمریکی نامۆ نییە!  لەو دیدەوە، ، بەرەنگاری کردن لە ڕۆژئاوای وڵات، چەندێک لە بەرژەوەندیی میللەتەکەمان و دۆسە ڕەواکەیەتی و چەندێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەیە، سەدان بەرابەر لە بەرژەوەندیی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکایە. 
 ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٠٣وە، تا هەنوکە، جگە لە بەفێڕۆدانی کات و سەرئێشە و کێشە و ململانێ، بە سەدان هەزار میلیار دۆلاری خەرجی سوپاکەی بووە، ئینجا توانی لە عیراق بمێنێتەوە، وێرای ئەو ماندوو بوونەش، ئەمریکا نەیتوانی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی عیراق بکات، هەموو سەرانی حزبە شیعیەکان و پارتە کوردییەکان لە باشوور تا هەنوکە، بەکرێگیراو و میزراحی دەستی ئەردوغان و ڕۆحانین. خێروبێری نەوت و سامانە سروشتیەکانی لە باشوورەوە بۆ باکووری عیراق، بە لێشاو چۆتە خەزێنەکانی تورکیا و ئیران، ئەو سامانە بەکارهاتووە بۆ بەهێزکردن و پڕچەک کردنی گروپە تیرۆریستەکانی کە دژ بە ئەمریکان لە عیراق و سوریا و تورکیا. 
 دەسەڵاتەکانی ئێران، لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی پەیکەری دەسەڵاتی سیاسیی عیراق و هەرێم بەدیدەکرێت، بڕیار بەدەستی چارەنووسی عیراق کەوتۆتە ژێر دەستی ئیران.  ئەو جۆرە بەرێوەبردنەی عیراق، هۆکاری سەڕەکیی بوو لەوەی کە حەشدی شەعبی تەنیا بە چەند کاتژمێڕێک توانیان کەرکوک لە سەرانی پارتە کوردییەکانی باشوور بکڕن! لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ئەزموونی عیراق و باشووری کوردستان بۆ ئەمریکا، ئەزمونێکی دۆڕاوە. 
رۆژئاوای کوردستان، بۆ گەلەکەمان و ئەمریکاش، تاقیکردنەوەیەک و ئەزموونێکی لەبارترە بۆ فەراهەم کردنی بەرژەوەندیی میللەتەکەمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە ئەمەش، بێگومان بەرهەمی خوێنی کیژۆڵە و لاوی کورد و بوونی سەرکردەی لێهاتووی لەخۆبردووە، کە گۆڕەپانێکی ئامادەکراوی خاڵیی لە کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی، ڕوسیا، تورکیا، ئیران و گروپە تیڕۆریستەکانی ناوچەکە و بەکڕێگیراوان ڕەخساندوە بە پێچەوانەی عیراق و باشووری وڵات. 
سەرکەوتنی تورکیا لە سوریا، سەرکەوتنی گەلەکۆمەکێی ڕوسیا، ئیران، ئەسەد و تورکیایە بۆ سەر دەسەڵات و هەیمەنەی ئەمریکا و کلیلی کردنەوەی دەرگەی دەرپەڕاندنی ئەمریکایە بە دۆڕاوی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەموو لایەکیان سەرکەوتنێکی گەورە لە مێژوودا تۆماردەکەن بۆ خۆیان بە تایبەتی تورکیا دژ بە ئەمریکا. 
 لە دەرئەنجامدا، خۆ دزینەوە و دەربڕینی هەڵوێستی لاواز و شەرمنانە، لە لایەن ئەمریکاوە، بەرامبەر بە ئۆپەڕاسیۆنەکانی تورکیا، بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو ڕوویەک و بوارێکەوە، نایگەیەنێت بە هیچ ئامانجێک و هەڵەیەکی مێژوویە، کە ئەمریکا بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی بە تایبەتی بەرامبەر بە "کورد" دەیکات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە