قوباد و مەحمود سەنگاوی كامیان ڕاست دەكەن؟
Friday, 09/02/2018, 1:11
ماوەیەك پێش ئێستا مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پەرپرسێکی بە دەسەڵاتی پێشمەرگەی هەمان حزب لە كۆڕێكدا لە چەمچەماڵ هێرشی كردە سەر قوباد تاڵەبانی کوڕی جەلال تاڵەبانی و (بەناو) جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتە داوەشاوەکەی هەرێمی کوردستان بەجانتا هەڵگر وەسفی كرد و تی ئێمە قوباد'مان ناردوە كە نوێنەری یەكێتی بێت، بەڵام بووە بەجانتا هەڵگری نێچیرڤان سەرۆکەی حکومەتە فاشیلەکەی هەرێمی کوردستان. دوای چەند ڕۆژێك قوباد وەڵامی مەحمود سەنگاوی دایەوە و بە میدیای حزبەكەی ووت هەندێ بەرپرس كە سەرو سمێڵ ڕەش دەكەنەوە (مەبەستی مەحمود سەنگاوی یە) زەوی خەڵك داگیر دەكەن و ڤێلای لەسەر دروست دەكەن هەڕەشە لەخەڵك دەكەن سەرانە لەخەڵك دەسێنن فشەو فاڵی زۆر دەكەن، بەڵام كە شەڕ دروست دەبێت هەڵدێن و چەك و پێداویستی دەدزن و دەی فرۆشن و تەعدا دەكەن و ڕۆژنامە نوس دەكوژن (کە مەبەست لێی کاوە گەرمیانی)، بەڵام بەداخەوە كە نەتوانراوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ڕاستیەكەش ئەوەیە كەهەردوكیان ڕاست دەكەن. لەهەموو دنیا كاتێك سەرۆك یان سەرۆك وەزیران سەفەر دەكەن جێگرەكانیان كارەكان دەكەن، لە ناوەوەی وڵات. بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەەڵێی دڵخوازی یەكن. قەت بەبێ یەكتری بۆ هیچ شوێنێك ناچن. وە زۆر ڕوونیشە ئەوەندەی بەرپرسی بەرژەوەندیەكانی بنەماڵەكەی تاڵەبانی یە ئەوەندە لەخەمی نەخەڵك و نە حزبەكەشیدا نەبووە. كەواتە مەحمود ڕاست دەكات. بەنیسبەت مەحمودیشەوە پێم وابێت قوباد زۆر خاتری گرتوە ئەگەر نا مەحمودو مەحمودی یەکان(چەتە و دار و دەستەکەی مەحمود پێ یان دەوترێت مەحمودی یەکان) زۆریش لەوە خراپتر دەكەن. ئێستاش تەنها بۆخەڵكی بێ دەسەڵات و هەژارە. ئەوان لەسەرو یاساوەن و خۆیان حاكمەكان دادەمەزرێنن و لە شوێنی نزمەوە تا باڵا خۆیان دایان دەنێن. كەواتە هەردوكیان ڕاست دەكەن لە پێناسە کردنی یەکتریاندا. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە مەحمود سەنگاوی ئەو کارانەی کردوویەتی لە لایەن کەسێکی پلە باڵای یەکێتی و کوڕی جەلال تاڵەبانی پشتڕاست دەکرێتەوە بەوەی هەم کاوە گەرمیانی شەهید کردووە، هەم زەوی خەڵکی داگیر کردووە، هەم هەڕەشە لە خەڵک دەکا و ...هتد. وە قوباد تاڵەبانیش کە نێچیر لەگەڵ خۆی دەبا بۆ دەرەوە چەند ئامانجێکی هەیە؛ یەکەم: نێچیرڤان بارزانی نایهەوێ قوباد تاڵەبانی ئەو دەسەڵاتانەی لە کوردستان هەیەتی لە نا ئامادەیی نێچیرڤاندا بە کاریان بهێنێ. دووەم؛ نێچیرڤان جانتای پێ هەڵدەگرێ و تاوەکو لە ناوخۆ و دەرەوە ڕیسوای بکات. سێ هەم: نێچیرڤان دەیهەوێ کێ بڕکێ گەورە لە ناوخۆی دروست بکات، وەک ئەوەی مەحمود سەنگاوی باسی دەکات و ئێستا لە کێبڕکێ یەکی قوڵ و هەڵدانەوەی پۆخڵەوات و نهێنی یەکانی یەکتر دان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست