ناردنى بودجە لەلایەن بەغدادەوە سیاسەت، یان نیازپاکى ؟
Thursday, 01/02/2018, 22:03
لەدواى بڕینى بوودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن عێراقەوە، هەرێم رووبەرووى قەیرانیکى گەورە بوویەوە بە شێوەیەک کە تواناى پێدانى موچەى فەرمانبەرانى خۆى نەما بۆیە دەستى کرد بە پیادەکردنى سیستەمى پاشەکەوتى موچە.
هەرێم لەپیادەکردنى ئەم سیستەمەش سەرکەوتوو نەبوو چونکە نەیتوانى نیومووچە وچارەکە موچەش لە کاتى خۆیدا دابین بکات بۆیە فەرمانبەران چەندین نیوموچە و چارەکەموچە شیان فەوتا، ئەمەش بارودۆخى ئابورى و داراى هەرێمى کوردستانى توشى شکستێکى گەورە کردەوە بەشێوەیەک کە نزیک بوو لە داڕمانى تەواوەتى.
ئەمڕۆ بەروارى 29/1/2018 بەغداد بەناردنى بڕى 250 ملیار دینار و لابردنى سزاى سەربانکەکانى هەرێمى کوردستان دوو پەیامى نیازپاکى بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى لەگەڵ هەرێم نارد.
قوڵبوونەوەى ململانێکانى نێوان مالکى و عەبادى تێروانینى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەگشتى کە لەگەڵ ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدادن کاریگەرى لە سەر دانیشتنى هەرێم و بەغداد دەبێت بە ئاسۆى چارەسەر ئەگەر بەشێوەیەکى کاتیشبێت.
کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى نایایەوێت لە پاڵ بوونى ئاڵۆزى لە سوریادا لە ناو عێراقیش ئاڵۆزى و لێکترازان هەبێت لەنێوان کورد و حکومەتى ناوەندى عێراق.
ئەوەى کە جێگەى تێرامانە بریتیە لە خوێندنەوەى یەکەم بۆ بۆیاساى بودجەى 2018 هەرلەهەمان رۆژى گەشتنى 250 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى .
بەغداد پەیامى نیازپاکى گەیاندە هەرێم بۆ ئاساى کردنەوەى پەوەندییەکانیان
دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و دروستبونى قەیرانى داراى هەرێمى کوردستان ، عێراق و هەرێم هەمیشە یەکتریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە خۆیان دەدزنەوە لە چارەسەر کردنى کێشەکانى نێوانیان.
لەسەرەتاى 2018 کاتێک دەستپێکى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەغداد دەستى پێکردەوە لەدواى راگەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سرکردنى ئەنجامى ریفراندۆم موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کەوتنە ناو بارودۆخێکى دەرونى سەختەوە بە شێوەیەک کە نەیاندەزانى بروا بە لێدوانەکانى هەرێم یان بەغداد بکەن سەبارەت بە ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە لایەن بەغدادەوە.
ئەمڕۆ بەروارى 29/1/2018 حکومەتى عێراقى فیدراڵ بڕى 250 ملیار دینارى بە مەبەستى پێدانى موچەى فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى لە عێراقەوە گەشتە هەرێمى کوردستان .
جگە لەناردنى برى250 ملیار دینار بۆ هەریمى کوردستان هەر ئەمرۆ پەرلەمانى عێراقى بەزۆرینەى دەنگ بریاریدا کە سزا لە سەر بانکەکانى هەرێمى کوردستان هەڵبگیریت و لقەکانى بانکى ناوەندى دەست بکەنەوە بەکارەکانیان.
دواى ئەنجامدانى ریفراندم لە 25ى ئەیلولى 2017 حکومەتى پەرلەمانى عێراقى لە 7 تشرینى دووەمى 2017 بریاریدا کە بانکى ناوەندى عێراق کارەکانى سەرجەم لقەکانى لە هەرێمى کوردستان هەڵپەسێرت و دراوى بیانى بە بانکە کانى هەرێمى کوردستان نەفرۆشێت.
ئەکرێت ناردنى برى 250 ملیار دینار و دەستکردنەوە بە مامەلەکردن لەگەڵ بانکەکانى هەرێمى کوردستان لە لایەن بانکى ناوەندییەوە بە دوو پەیامى نیاز پاکى لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دابنێن و لە ئایندەیەکى نیزکیشدا لە سەر ئاستى باڵا هەرێم و بەغداد دەستبکەنەوە بە گفتوگۆکانیان.
کاریگەرى ململانێى نێوان عەبادى و مالکى لەسەر ئاسایکردنەوەى پەوەندییەکانى هەرێم و بەغداد
مالکى و عەبادى وەک دوو کارەکتەرى سەرەکى لە سەر گۆرەپانى عێراق کەوتونەتە ململانێ لەگەڵ یەکترى بۆ ئەوەى هەریەکەیان بتوانێت لەهەڵبژاردنى ئایندەدات زۆرترین دەنگ و پاشان هاوپەیمانێتى پێک بیەنێت بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانى عێراق.
نزیک بوونەوەى مالکى لە کورد عەبادى نیگەران کردبوو بەو پێیەى دەکرێت کورد رۆلێکى گرنگ بگێرێت لە یەکلاى کردنەوەى پرسى سەرۆک وەزیرانى ئایندەى عێراق ئەگەر بە شێوەیەکى یەکگرتوو برۆنەوە بەغداد.
ململانێکانى مالکى و عەبادى لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق دەکرێت هۆکارێک بن بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندیەکانى عێراق لەگەڵ هەرێم لەبەر ئەوەى عەبادى نایەوێت کە مالکى خراپى ئەم پەیوەندیە بەکار بیەنێت بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان چونکە لەم کاتەدا شانسى بوونەوەى بە سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ خولێکى تر لاواز دەبێت .
هەرێمى کوردستان ئەگەر بە شێوەیەکى عەقلانى مامەلە بکات دەتوانێت سود لە ململانێکانى نێوان مالکى و عەبادى وەر بگرێت لەم قۆناغەدا.
عەبادى مەبەستیەتى ئەو بۆشاییە سیاسیەى کە لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستبووە بە بەرژەوەندى خۆى یەکلاى بکاتەوە بەو پێیەى کە سەرنجى کوردەکان رابکێشێت بۆ پێدانى متمانەوە پێى بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران .
کاریگەرى ژینگەى نێودەوڵەتى لە سەر ناردنى هاوکارى لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم
سندوقى دراوى نێودەوڵەتى مەرجى بۆ عێراق هەیە بە مەبەستى پێدانى قەرز بۆ پرۆسەى بونیاد نانەوەى عێراقى دواى داعش، مەرجە بنەرەتیەکەشى بریتییە لە ئاسایکردنەونەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى داراى هەرێم بۆ رزگاربوون لە و قەیرانە داراى و ئابورییەى کە تێى کەوتووە چونکە هەرێمى کوردستان لە لێوارى شکست و کە وتندا.
لە پاڵ هەوڵە کانى سندوقى دراوى نیودەولەتى دوێنى بە 28/1/2018 وەفدێکى باڵا کە نمایندەى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى دەکرد سەردانى بەغداد و هەولێریان کردوەفدەکەى ئەمریکا کە پێک هاتبوون لە (جۆن سلیڤان جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمرکیا و دۆگلال سیلیمان باڵوێزى ئەمریکا لە عێراق و ئاندرۆ پیک یاریدەدەرى وەزیرى دەروەى ئەمرکیا بۆ کارو بارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئێرک مایەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا) لە کۆبونەوەکانیان لەگەل َ بەغداد و هەولێر بەپێى ماڵپەرى باڵوێزخانەى ئەمریکا لە عێراق داواى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغداد یانکردووە.
ناردنى برى 250 ملیار دینار لەلایەن عێراقە وە بۆ هەرێم تەنها د یەک رۆژ دواى سەردانى جێگرى وەزیرى دەروەى ئەمریکا دەرخەرى ئەو راستییە کە ئەمریکییەکان لە گەڵ چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێم و بەغداد دن و نا یانەوێت لەوە زیاتر هەرێمى کوردستان بچوکببێتەوە.
ماڵپەرى کونسوڵخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ئەوەى خستۆتە ڕوو کە سەردانەکە جێگرى وەزیرى دەروەى ئەمرکا بۆ عێراق یەکێک لەمەبەستەکانى ئاسایکردنەوەى پەوەندییەکانى هەرێم و بەغدایە.
بە پێى ماڵپەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە کۆبوونەوەى شاندى ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و جێگرە کەى باسى چارەسەر کردنى کێشەکانى نێوان هەریم و بەغداد کراوە لە سەربنەماى دەستورى عێراقى 2005 بە شیوەى دیالۆگ هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پابەندى خۆى راگەیاندووە بە چارەسەر کردنى کێشەکانى لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەماى دەستور.
ناردنى موچەى هاوکاتە لەگەڵ خوێندنەوە ى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى بودجەى 2018 عێراق
ئەوەى کە جێگەى سەرنجە ناردنى برى 250 ملیار دینار لە عێراقەوە بۆ هەرێم هاوکاتە لە گەڵ خوێندنەوەى یەکەم بۆ یاساى بودجەى 2018 لە لایەن پەرلەمانى عێراقەوە.
دواى ئەوەى کە لە کۆتاى 2017 نەتوانرا یاساى بودجە تێبپەرێنرێت بەهۆى ململانێى لایەنە ناکۆکەکانى ناو عێراق و لە نێوانیانیشا کورد ئەمرۆ خوێندنەوەى یەکەم بۆ ئەم پرۆژە یاسایە کرا بە بێ ئامادەبوونى کورد و سونەکان.
کورد و سونەى عەرەب زەرەر مەندى یەکەمن لە پرۆژە یاسى بودجەى عێراقى 2018 بەو پێیەى لەم پرۆژە یاسادا بەپێى پێویست رەچاوى بارودۆخى ناوچە رزگارکراوەکانى دەستى داعش نەکراوە کە زۆرینەیان سونە نشینى عەرەبن و هیچ بڕە پارەیەکى بەمەبەستى ئاوەدانکردنەوە بۆ تەرخاننەکراوە.
ئەم پرۆژەیاسایەش یەکەم پرۆژە یاسایە لە دواى روخانى رژێمى بەعسەوە (2003 ) کە پشکى کورد تیایدا زۆر کەمکراوەتەوە بە شێوەیەک کە جیاوازییەکى زۆر هەیە لەگەڵ پرۆژەى یاساى بودجەى ساڵانى تر کە قبوڵکراون لە پەرلەمانى عێراقى، چونکە پشکى کورد لە %17 ەوە کەمکراوەتەوە بۆ 12،65% ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێى دەستورى هەمیشەى عێراقى 2005 پشکى کورد بە %17 دیاریکراوە .
ناردنى برى 250 ملیار دینار لە لایەن هەرێمەوە بۆ بەغدا بەمەبەستى پێدانى موچەى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى بودجەى عێراقى 2018 لەهەمان رۆژدا جێگەى پرسیارە
ئەکرێت ناردنى برى ئەو 250 ملوێن دینارە وەک سیاسیەتێک لە لایەن بەغدادەوە بەکار بهێنرێت بەمەبەستى سەرقاڵکردنى شەقام و سیاسەتى کوردى پێوەى و لە پاڵیدا پرۆژە یاساى بودجەى 2018 تێبپەرێنرێت لە دانیشتنەکانى ئایندەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەمەش کورد لە روو ى ناردنى بودجە لە لایەن عێراقەوە توشى زەرەرێکى گەورە دەبێت ئەگەر گۆرانکارى لەم پرۆژە یاسایەدا نەکریت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست