جیاوازی نێوان کۆبانی و عەفرین لەدیدی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە لەچیدایە؟
Thursday, 25/01/2018, 23:48
تاقۆناخی پێش هێرشی ڕەشی داعش بۆسەر کۆبانی،کۆی ئەو ناوچانەی لەژێردەستی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا بون،جۆرێک لەئارامی و خۆڕێکخستن و ژیان بەڕێوەبردنێکی دور لەجەنگی پێوەدیار بو،بەجیاوازی لەکۆی شارو شارۆچکەو گوندەکانی سوریا،کەلەجەنگدا تێوە گلێندرابون.
-------------------------
بۆ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانە تاڵان چیەکانیان کارێکی وایش گونجاو نەبو. کەلەلایەک خودی سیاسەتی پەیەدە دوور بو لەکۆی سیاسەتی باوی ناوچەکەو خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەبو،وەکاریشی لەسەر وەرچەرخانێک دەکرد کەنەک گەلان بەپێی نەتەوەو ئاین و مەزهەب لێک جودا بکاتەوەو هەروەک سیاسەتی ناسیۆنالیزمی باو چۆن خەریکی بردنە پێشی مەدی شۆفێنیزمی قەومی و دینی و مەزهەبین و بەکۆیش کار بۆ بردنەپێشی چەوساندنەوەی چینایەتی و جیاوازی نێوان نەتەوەکان دەکەن و لەلایەکیتریشەوە بەکۆ ئەو حزبانەی لەمەیدانی سیاسیدان جاناسیۆنالیستی بن یان ئاینی و مەزهەبی، خۆیان گرێدابو بەنێو خواست و بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی سەرمایەداری جیهانەوە. بەپێچەوانەوە، خودی بزوتنەوەی سیاسی پەیەدەو ئەو حزب و ڕێکخراوانەی دی کەلەناو ڕۆژئاوای کوردستاندا هاوپەیمانی پەیەدەبون، ڕێک پێچەوانەی سیاسەتی باو کاریان کردو کۆی جیاوازیە قەومی و دینی و مەزهەبیەکانیان تێک شکاندو لەملایشەوە کۆمەڵگەیان بەپێی ئەنجومەنەکانی گەڕەک و گوند و شارەکان ڕێک خستەوەو جۆرێک ئیرادەیان گەڕاندەوە بۆتاک و کۆ کەبتوانن لەسەرپێی خۆیان بوەستن و خۆیان بناسن. کارێکی وایش لەڕاستیدا پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندیە چینایەتیە سیاسی و ئابوریەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەو زلهێزانی ئیمپریالیزمیش بو. بۆیە هاتن و لەڕێگەی کۆمەک کردن بەداعش و ڕێگەخۆش کردن بۆیان تاهێرش بکەنە سەر کۆبانی و گوندەکانی سەربەو کانتۆنە. لێرەوە سەرەتای کارە قێزەونەکانی زلهێزان دەستی پێکردو ئارامیەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانیان تێکدا.
هێرشی ڕەشی داعش بۆسەر کۆبانی و بەرخۆدانی چالاکانەی خەڵکی کۆبانی و شەڕڤانان لەدژی هێرشەکانی داعش بەجۆرێک بو کەتەواوی جیهانی توشی شۆک کرد. زۆربەی ئازادیخوازانی جیهان هاتنەمەیدان و بەرگریان لەبەرخۆدانی گەلی کۆبانی کرد،هەرلەو قۆناخەیشەوە بو کەزۆرێک لەگەنجانی خاوەن بیری ئازادیخوازی و سۆسیالیستی لەتەواوی وڵاتانی جیهانەوە ڕویان کردە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەست بون بەهێزی شەڕڤانانەوە و بەشێکیشیان گیانی خۆیان بەخت کرد لەوپێناوەدا. خودی ئەو بەرگریە قارەمانانە فازێکی گەورەی بەخشیە شەڕڤانان و بەرگریە قارەمانێتیەکانیان. دواجار، شەڕڤانان بەچەکی سوک و داعشی دڕندەیش بەنوێترین جۆری چەک و ئامرازی کوشتنی دیکەوە کەلەلایەن وڵاتانی چواردەورو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە تەقویەت دەکران،کارێکی وایکرد، کەشەڕڤانان بەجۆرێک بێن و لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا بکەونە دانوستانەوە، دواجار ئەمریکاو هاوپەیمانانی جەنگی بەناو دژی داعش هاتنە نێو جەنگەکەوەو لەڕێی بۆمباران کردنەکانیانەوە،هەم کۆبانێیان تەخت کردو دانیشتوانەکەیان ناچار بەئاوارەبون کرد،وەدواجاریش داعش لەکۆبانیدا دۆڕاو توشی شکستی گەورە کران.
ئالەو قۆناخەوە سیاسەتی دژە مرۆیی ئەمریکا دەستی کرد بەجێبەجێکردنی پلانەکانی لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان،(گەرچی لەم دیویشەوە وانیشان دەدرا کەئەمریکا دۆستی گەلی کوردو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە)، هەرئەو جەنگەی لەدژی داعش ڕاگەیەنرا لەعێراق و سوریا لەساڵی 2014 وە، ڕێک بۆتێک شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی ئەو دو کۆمەڵگەیەبو، وەلەڕێگەی ئەو جەنگەوە کۆی ژێرخانی ئابوری تێک شکێنراو سامانی سروشتی ئەو دوو وڵاتە کەوتە ژێردەستی زلهێزانی وەک ئەمریکاو ڕوسیاو هاوپەیمانەکانیانەوەو چەک فرۆشیەکی باش وەڕێخرا بۆبەناو لەناوبردنی داعش. گەرچی داعش ئامرازێکی باش بو بەدەست دەوڵەتدارانی ناوچەکەو جیهانیشەوە،تالەوڕێگەیەو تاڵانی و دزی بێپەردە بکەن و لەملایشەوە ئاستی بژێوی زۆرینەی کۆمەڵگە تەواو بهێننە خوارەوەو لەژێر سیاسەتی هەیمەنەی جەنگدا کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیان کوشت لەناوچەکەو جیهانیشدا. چونکە لەژێر سیاسەتی جەنگی دژی تیرۆردا،هەر دەوڵەتەو سیاسەتی حاڵەتی تەواری ڕاگەیاند.
ئەو ئامرازە کەداعش بو،بۆگشت دەوڵەتدارانی ناوچەکەو جیهانیش بەسود بو،بەڵام تەنها بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی پەیەدەو چینوتوێژە کرێکارو هەژارکراوەکانی ناوچەکەو جیهانیش بوبەمایەی بەدبەختی.
ناچارکردنی شەڕڤانان و سەرکردایەتی پەیەدە تالەدژی داعش بجەنگن و پێ بەپێ، بەپێی پلانەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان بچنەپێشەوەو شەڕ دژی داعش بکەن، لەم نێوەدا،شەڕڤانان چەک و کۆمەکی سەربازیان لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە پێدەگەیشت،ئەمانیش زۆر زیرەکانە توانیان داعش تێک بشکێنن، بەڵام مەخابن،لەگەڵ تێک شکاندنی داعش و کاول کردنی ناوچەکەدا،هەلومەڕجێک بۆ شەڕڤانان و خودی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێخراوە کەنەیەڵن دابنیشن و دەست بکەنەوە بەکاری خۆڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسای خۆیان. بێگومان کاتێک ئەمریکا یان ڕوسیاو وڵاتانی زلهێز کۆمەک بەهەردەوڵەت و ناوچەیەک بکەن،لەبەرانبەردا، مەرج و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیەو بەرانبەر ناچار دەکەن کەبچنە ژێر باری ئەو مەرجانەوە،کەئەویش چەک فرۆشی و لەبریدا ڕێگەدان بەشەریکاتەکانیان کەبەئارەزوی خۆیان بتوانن دەست بگرن بەسەر سامانی سروشتی نیشتیمانی هەر گەلێکداو سیاسەتی هەیمەنەی کەرتی تایبەت بخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئێستا وڵاتێکی وەک عێراق بەئەندازەیەک قەرزدار کراوە کەتاچەند نەوەی داهاتویش نەتوانرێت کۆتای بەدانەوەی ئەو قەرزداریە بکرێت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی دراوی نێودەوڵەتی،ئەو دوو دەزگایەن کەتەواوی وڵاتانێک بەچۆکدا دێنن کەقەرزیان دەدەنێ یان ناچاریان دەکەن بەوەی قەرز وەربگرێت.
جائیستا سوریاو یەمەن و لیبیا و ئەفغانستان لەو وڵاتانەن کەبۆ مێژوویەکی دورودرێژ قەرزدار کراون.
وەک ئیشارەم پێدا،سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی،سیاسەتی داگیرکاری و لەبڕست بڕینی گیانی شۆڕشگێڕانەی هەر گەلێکە کەدەبێتە ژێردەستیان.
ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزمونە نوێیەکەی لەبەردەم هەڕەشەی زلهێزاندایە،کەئێستا خۆی لەهێرش کردنە سەرعەفریندا دەبینێتەوە کەلەلایەن دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعشەوە هێرشی دەکرێتە سەرو بێدەنگە کردنی ئەمریکاو ڕوسیاو جیهانیش لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا،نیشانەی ڕازی بون و پێشتر ڕێک کەوتنە لەوبارەیەوە.
ئێستا چیتر عەفرین وەک کۆبانی نابێت کەئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێن و بۆبمارانی سوپاکەی ئەردۆ داعش بکەن. ئەوەتا ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا پێکەوە قسەوباسیان کردوە لەسەر ئەو پلانەی کەئەردۆغان دەیەوێت،یانی بەقوڵای سی کیلۆمەتر بێتە ناو ئەو ناوچانەوە کەخۆی پلانی بۆداڕشتوەو لەوێدا ناوچەی ئارام دروست بکات تائەوەی ئەو سێ ملیۆن و نیو ئاوارەیەی سوریا کەلەتورکیادان بگەڕێنرێنەوەو لەوێدا جێگەیان بۆ دروست بکرێت. ئاخۆ پاساوێکی وادەچێتە ئەقڵی هەرکەسێکەوە؟ ئاخۆ گەر ئەمریکاو ڕوسیاو ئێران وتورکیا ڕاست دەکەن ولەخزمەتی گەلی سوریادان،بۆچی نایەن ناوچە بەئەنقەست کاول کراوەکان بنیات بنێنەوەو لێگەڕێن ئەوەی لەخەڵکی بەزیندوی ماوەتەوە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی؟ چی بکەین لەکاتێکدا،ئاستی ڕێکخراوبون و شۆڕشگێڕیەتی چینە بەش مەینەتەکان لەوپەڕی لاوازیدایەو کۆی گیانی شۆڕشگێڕیتی چینایەتیان تێیاندا شکاندوە،ئەگەر نا،دەبوا قۆناخێک بوایە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپاببوایەو کۆتای بەمێژووی ڕەشی کۆی زلهێزان و ناسیۆنالیزم وئاین و مەزهەب گەرای بهێنرایە لەناوچەکەدا. هەر لەغیابی هاتنەمەیدانی ئەو چینەکۆمەڵایەتیەیشدایە،کە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکە،وابەئاسانی توشی هیلاکەت باری دەکرێن ودەخرێنە نێوجەنگێکەوە کەلەڕاستیدا جەنگی ئەوان نیە.
ئێستا عەفرین و ناوچەکانی چواردەوری لەبەردەم هێرشێکدایە کەلەواقیعدا تەنها هێرشی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا نیە بەتەنیا،بەڵکو هێرشی کۆی زلهێزان و وڵاتانی ئەوروپاو سوریاو ئێران و عێراقیشە و دەوڵەتی تورکیاو سوپاکەی بەوەکالەت ئەو جەنگە دەکەن لەدژی گەلی بێدیفاعی عەفرین و شەڕڤانان وشۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزمونە جیاوازەکەیان. دیسان ئەم پرسیارە دێتەوە پێشەوە:ئاخۆ عەفرین خۆڕاگر دەبێت و پلان و پرۆژە دڕندانەکانی دوژمنەکانی تێک دەشکێنێت و وەک کۆبانی هەمان داستانی بەرخۆدانی دوبارە دەکاتەوە یان لەزۆربۆهێنانیاندا ناچار دەکرێن بچنە ژێر باری ئەو گوژمە سیاسی و ئابوریانەوە کەزلهێزان و دەوڵەتانی ناوچەکە پلانیان بۆ داڕشتوە؟
هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆبکەین،ناتوانم بەئاسانی بگەم بەوبڕوایەی کەعەفرین تەسلیم بکرێت ولەنێو گوژمە سیاسەکاندا بخرێتە بەردەم سات وسەودا پێکردنەوە. چونکە ئەوانەی بەرگری دەکەن لەعەفرین و کۆی ڕۆژئاوای کوردستان یان باکوری سوریا،خاوەن ئەو پێگە پوچە نین وەک دەوڵەتدارانی گشت ناوچەکە کەبەگوژمەی سیاسی و فرۆشتن بێن و خیانەت لەگەلەکەیان بکەن،هەروەک حزبەناسیۆنالیستەکانی بەرەی کوردایەتی لەباشوور کردیان. جاهێشتا ڕەنگە زویش بێت گرەو لەسەر ئەو دابەش کردنەی سوریا بکەین و لەم لایشەوە پەیەدەو تەڤگەرو کۆی ئەو حزبانەی لەڕۆژئاوادان بەئاسانی ملکەچ بکەن بۆ سیاسەت و بەرژەوەندیەک کەزلهێزانی ئیمپریالیزمی جیهانی دەیخوازن لەسوریاو لەداهاتوی سوریادا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست