عەلی قەرەداغی: رۆژئاوای کوردستان پرۆژەیەکی زایۆنیستی ئەمریکییە و دەبێت لەناو ببرێت
Thursday, 25/01/2018, 23:00
عەلی قەرەداغی سکرتێری گشتی یەکێتی زانایانی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر عەفرین دووپاتکردەوە و دەڵێت '' بەهەموو هێزی خۆمانەوە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون دەکەین.
لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی یەنی شەفەق، عەلی قەرەداغی سکرتێری گشتی یەکێتی زانایانی جیهان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون کە سوپای تورکیا لەدژی کوردانی رۆژئاوا ئەنجامیدەدات دەڵێت '' دەبێت موسوڵمانان بەهەموو هێزێکییانەوە بەرەنگاری توخمە خراپەکان و پرۆژەی زایۆنیستی و ئەمریکی بێتەوە".
لەو بارەیەوە ئارام رەفعەت نوسەر و شارەزا لە سیاسەتی باکور و رۆژئاوای کوردستان دەڵێت '' لای عەلی قەرەداغی پەیەدە، یەپەگە، یەپەژە، توخمە خراپەکەن و دەبێت لەریشە دەربهێنرێن و ئەزمونی رۆژاڤاش پرۆژەیەکی زایۆنیستی و ئەمریکییە دەبێت لێی بدرێت و لەناو ببرێت''.
ئارام رەفعەت لەبارەی هەڵوێستی عەلی قەرەداغییەوە دەشڵێت '' دەوڵەتی تورک بەرگێکی ئایینی داوەتە ئەم هێرش و داگیرکارییەی. لە ٩٠ هەزار مزگەوتی ئەو وڵاتە سورەتی ئەلفەتح بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسییۆنەکەی خوێنراوەتەوە. سورەتی ئەلفەتح باس لە شەڕی نێوان موسوڵمان و کافرەکان و سەرکەوتنی موسوڵمانان دەکات. پشتیوانییەکەی عەلی قەرەداغی رێک لەسەر هەمان نەغمە و بەمەترسی دارتریش دەردەکەوێت. چونکە قەرەداغی شەرڤانان بە توخمە بەد و فیتنەبازەکەی ناو موسوڵمانان و رۆژاڤاش بە پرۆژەیەکی جولەکە و ئەمریکا دەشوبهێنێت''.
ئاماژە بەوەشدەکات '' بەداخەوە عەلی قەرەداغی لەسەر کورد هەژمار دەکرێت. تورکەکان ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستییان بە هەڵوێستی لەوجۆرەی مەلایانی کورد هەیە تا بە کوردەکانی باکور و جیهانیش بڵێت ئەها ئێمە دژی کورد نین و ئەو مەلایانەش شاهیدی ئەوە دەدەن''.
لە کۆتاییشدا دەڵێت '' پێم وایە هەوادارانی عەلی قەرەداغی و برایانی یەکگرتووی ئیسلامی، بەتایبەتی، کەسایەتییە نیشتیمانییەکانی ناو یەکگرتوو، ئەرکێکی ئەخلاقی و مۆڕاڵییان لەئۆدە دایە. ئەوان دەبێت یان بتوانن کاریگەری لەسەر عەلی قەرەداغی دابنێن و پاشگەز بێتەوە لەهەڵوێستە نەیارەکانی بەرامبەر رۆژاڤا و پشتیوانیکردنی لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی رۆژاڤا لەلایەن تورکەکانەوە، یان ئەوەتا هەموو هێڵ و پەیوەندییەک لەگەڵ قەرەداغیدا بپچڕێنن''.
سەرچاوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست