کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی شه‌ره‌كه‌ی عه‌فرین زۆر جیاوازه‌ ؟

Thursday, 25/01/2018, 0:13


سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ تا ئه‌مرۆ عه‌فرین به‌ره‌نگاری ئه‌م هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی ناتۆ بۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ خۆی و وڵاته‌كه‌ی و چه‌ند هێزی به‌ كرێگیراوی هه‌یه‌ راسته‌وخۆ هاتۆته‌ سه‌رخه‌ت و شه‌ره‌كه‌ ده‌بات به‌رێوه‌، كه‌چی پێشترئیدعای ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا بێ به‌ره‌نگاری عه‌فرین  و كوردستانی رۆژئاوا داگیر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین تا ئه‌مرۆ هیچی نه‌كردووه‌ و وه‌ك ده‌ڵێن مانگه‌ شه‌و سه‌رله‌ئێواره‌ دیاره‌. ئه‌مه‌ش شكستێكی گه‌وره‌یه‌ و، هه‌ر ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا له‌ ئه‌مرۆوه‌ ده‌بێت بڵێین سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ و سه‌ره‌تای شكاندنی شكۆ و بوغرایی بیر و هێزی ئه‌ردۆغانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ش به‌گشتی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌ش داگیر بكات. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ شكسته‌كه‌ی وا فه‌رزی كرد كه‌ ئه‌ردۆگان بڵێت له‌ شاره‌كه‌ نامێننه‌وه‌، وه‌ك خاڵێكی گه‌رانه‌وه‌ بۆ شكستی گه‌وره‌ی چاوه‌روانكراو. 
عه‌فرین وه‌ك شارێكی هاوشێوه‌ی سه‌رجه‌م شارو ناوچه‌كانی كوردستان، هیچ جیاوازیه‌كی له‌وانیتر نیه‌ و، ئه‌گه‌ر به‌روارد بكرێت به‌ زۆرێكی تریش، ته‌نها  ئه‌گه‌ر له‌ ئاست گرنگێتی ستراتیجی جوگرافی له‌ قه‌راغی ده‌ریا وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك نزیك بێت به‌ڵام به‌قه‌د زۆریك له‌ شاره‌كانی تر له‌ رووی جیۆپۆله‌تیك و ئابووریه‌وه‌ زۆر گرنگتر نیه‌. گرنگی له‌راده‌به‌ده‌ری عه‌فرین و ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌م شه‌ره‌دا بێ سێ ودوو توركیا راسته‌وخۆ و به‌ ئاشكرا و له‌سه‌ر زمانی سه‌رجه‌م به‌رپرسانیه‌وه‌ به‌ ئه‌ردوغانیشه‌وه‌ و  به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر درندانه‌  شه‌ری توركیا كوردیان له‌م ناوچه‌یه‌ راگه‌یاند و ئێستا ته‌نیا شه‌ری به‌كرێگیراوانی توركیا و كورد نیه‌ وه‌ك پێشتر، به‌ڵكو هه‌ژمون و هه‌یبه‌ت و سه‌روه‌ری توركیا به‌م شه‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌گه‌ر تا دوێنی توركیا له‌ رێگه‌ی داعش و داروده‌سته‌كه‌یه‌وه‌ له‌ زۆر شوێندا شه‌ری كوردی ده‌كرد، ئه‌مرۆ به‌ خۆی و تۆپ و تانك و فرۆكه‌كانیه‌وه‌ له‌ شه‌ری راسته‌وخۆی شه‌رڤانانێكدایه‌ كه‌ ته‌نها چه‌كی سوك و ناوه‌ندی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ته‌نانه‌ت هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی وه‌ك روسیا و ئه‌مریكا بونیان له‌ناوچه‌كه‌دا نیه‌ بۆ وره‌به‌رزكردنه‌وه‌ و، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت روسیا زه‌مینه‌ سازیشی بۆپێشره‌ویه‌كانی توركیا كرد و هێزه‌ ره‌مزیه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ كشانده‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ڵكردنی گلۆپی ده‌ستپێكردنی شه‌ره‌كه‌ بۆ ئه‌ردۆگان ده‌ژمێردرێت و، ته‌نانه‌ت ئه‌ردوگان رێكه‌وتنی خۆی و پۆتینی له‌م باره‌وه‌ راگه‌یاند. 
ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ كۆبانی بۆ كورد به‌ گشتی وكوردستانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تی گرنگی  و رۆلێكی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو له‌ زیاتر ناساندنی كورد وه‌ك هێزی به‌ره‌نگاری تیرۆر به‌ جیهان و له‌بری ئه‌وان دژ به‌ تیرۆر وه‌ستایه‌وه‌، ئه‌مرۆ شه‌ری عه‌فرین نه‌ك له‌ناوبردنی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان به‌ڵكو  شكستی  تیروریزمی ده‌وڵه‌تی ده‌رده‌خات و كورد ده‌گه‌یه‌نێته‌ قۆناغێكی تره‌وه‌ كه‌ جێگه‌ی له‌ هاوكێشه‌ جیهانیه‌كان جێگیرتر ده‌بێته‌وه‌ و له‌ به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری تازه‌ی پاش شه‌ری عه‌فرین هیچ هێزێك ناتوانێت بیسرێته‌وه‌، له‌وهۆكارانه‌ش:
*كورد به‌ خۆی بێ پشت به‌ستن به‌ زلهێزه‌كان شه‌ری گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆ ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌دا و توركیا و به‌كرێگیراوه‌كانی به‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كانی ناتۆ شه‌ر ده‌كه‌ن، كه‌چی ناتوانن پێشكه‌وتنه‌كانیان ئیدامه‌ پێبده‌ن و له‌ زۆر ناوچه‌ توشی شكستی گه‌وره‌ بوون .
*توركیا راستوخۆ به‌شداری شه‌ره‌كه‌ ده‌كات و به‌ شه‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ناوزه‌دی ده‌كات، له‌ ئه‌گه‌ری شكستخواردنی هه‌یبه‌ت و شانوشه‌وكه‌تی  ئه‌ردوگان و وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌رز ده‌دات شكۆیان ده‌شكێت و ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان ده‌بێت.
*توركیا ناتوانێت جاریكی تر خۆی له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ بدات و له‌ به‌رپرسیارێتی خۆی بدزێته‌وه‌ كه‌ پێشتر ده‌یوت ته‌نها شه‌ری رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كان ده‌كات و بۆ هه‌مو لایه‌ك ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ تاكه‌ ئه‌وله‌ویات و مه‌به‌ستی توركیا له‌ سیاسه‌ته‌كانی  دژایه‌تی و شكستپێهێنانی كورده‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.
*به‌ سه‌ركه‌وتنی شه‌رڤانان و كورد له‌م شاره‌دا ئاهێك به‌به‌ر كوردانی هه‌رچوار پارچه‌كه‌دا دێته‌وه‌، كه‌ گیرۆده‌ی ده‌ستی هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌ و شكستی سه‌ركردایه‌تی كوردن له‌ باشوور و برین و شكۆ شكاوی كورد و به‌ تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك تا راده‌یه‌ك سارێژ ده‌بێته‌وه‌.
* شه‌رڤانان ته‌نانه‌ت به‌م شه‌ره‌ سێ چوار رۆژه‌یه‌ان تاوه‌كو ئه‌مرۆ نه‌ك زیاتریش بكێشێت،  تا ئێستا ده‌رسێكیان به‌ سه‌ركردایه‌تی كورد داوه‌ كه‌ یه‌كگرتویی و یه‌كێتی شه‌رتی سه‌ركه‌وتنه‌ و هێزی گه‌ل له‌ یه‌كێتیدایه‌ له‌به‌رامبه‌ر دوژمن و ئێستا ئه‌وه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ و حه‌ق و باوه‌ر به‌ ماف و پرس و حه‌قیقه‌تی ره‌وایی پرسه‌كه‌مانه‌ و  به‌ باوه‌ربه‌خۆبوون و به‌ چه‌خت كردن له‌ سه‌ر داوای  كورد به‌خۆی سه‌رده‌كه‌وێت نه‌ك پشت به‌ستن به‌ هێزی ده‌ره‌كی.
* ئه‌م شه‌ره‌ی عه‌فرین به‌ تایبه‌تی ده‌بێته‌ ده‌رسێكی زۆر گه‌وره‌ و گرنگ  بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد،  كه‌ یه‌ك ره‌نگی و یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك ده‌ستی مه‌رجی سه‌ركه‌وتنه‌ نه‌ك ململانێی حزبی و شه‌خسی ودوو به‌ره‌كی و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی حزبی و شه‌خسی سه‌ركرده‌ له‌سه‌ر حسابی به‌ده‌ستهێنانی ماف و به‌دیهێنانی پرسه‌ گه‌وره‌كان گه‌لی كوردستان.
*به‌رگری و به‌ره‌نگاری كورد له‌ عه‌فرین دوا هه‌لی مانه‌وه‌ی باڵایی روحی باوه‌ر به‌ كوردبون و پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پێ ده‌به‌خشێته‌وه‌، كه‌ توانای مانه‌وه‌ و روبه‌روی سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌كان هه‌بێت و له‌م بارودۆخه‌ زۆر ناسكه‌ی كه‌ له‌ كوردستانی باشوور روویدا و  توشی  شسكتبوین و بێ هیوایی بالی به‌سه‌ر گه‌لدا كێشا، ئه‌مرۆ به‌م قاره‌مانێتیه‌ی عه‌فرین كیڕڤی وره‌ی سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان روو له‌به‌رزی ده‌كات و له‌ هه‌ره‌سی گه‌وره‌تر رزگارمان ده‌بێت.
*به‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ عه‌فرین، سه‌ركردایه‌تی كوردستان ده‌رسێكی تر وه‌رده‌گرێت كه‌ بیرو عه‌قڵ و توانای سه‌ركردایه‌تی رۆژئاوا ده‌بێته‌ نمونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و، ئه‌م سه‌ركردانه‌ش ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌مری واقیع كه‌ ده‌بێت چاویان لێ بكه‌ن و پشتیان پێ ببه‌ستن و، هه‌نگاوی یه‌كه‌می ناوه‌ندێتی سه‌ركردایه‌تی سه‌ركه‌وتو به‌ خۆرسكانه‌ رووه‌ و رۆژئاوا خۆی فه‌رز ده‌كات و له‌ نێو میله‌تیشدا عه‌قڵمه‌ندی سه‌ركردایه‌تی رۆژئاوا وه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت به‌یه‌كجاری  ده‌سه‌لمێنرێت.
بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ عه‌فرین و ته‌نانه‌ت به‌ره‌نگاری و به‌رگری له‌م شێویه‌ی وا تائێستا چواره‌مین رۆژه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی ده‌یبه‌ن به‌رێوه‌، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه‌ئه‌وان له‌ گه‌ڵ حزبه‌كانی به‌شه‌كانی تری كوردستان جیاوازن و ئه‌وان ده‌توانن به‌ توانای تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ سه‌ری كورد به‌رز راگرن و ئه‌مرۆ بێت یان سبه‌ی بیگه‌یه‌ننه‌ دوا مه‌نزڵگه‌ی تایبه‌تی خۆی. بۆیه‌ ئاواته‌كانی كوردی سه‌رجه‌م پارچه‌كان به‌ شه‌ر و ده‌رئه‌نجامی بارودۆخه‌كه‌ی عه‌فرینه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ .  ‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە