ژن لە روانگەی فکریی قازی موحەممەد
Saturday, 20/01/2018, 14:20
رێگوزەری شۆڕش ورێكاری سەرهەڵدان دووتەوەری جیاوازن لە دیرۆکی گەلانی بندەستدا. دەکرێ نەتەوەیەکی ژێر دەستی وەکو کورد چەندین جار سەری هەڵدابێ تا بگاتە ئامانجەکانی مێژوویی خۆی. بەڵام لە بەر نەبوونی رێبەرایەتی وفەلسەفەی گەیشتن بە ئامانجەکان تووشی شکستی مەزن هاتووە. لە ٢٠٠ساڵی رابوردوودا چەندین جارکورد سەریهەڵداوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئامانجەکانی! سەرهەڵدان ئەگەر بە دەست کەسانی دوورناس وهوشیارو فیداکار بەرێوەنەچێ ڕیک وێنەی رابوردوومانی لێدێ کە دوچاری هاتووین.یانژی وەک ٢٦ ساڵ تەمەنی نیگریسی دەسەڵاتی دزسالاری ئەو سەردەمەی باشووری کوردستانمان لێ دەقەومێ، یانی ئەوەی کە پووش بە پۆش کۆمان کردبۆوە خەریکە لە دەستمان دەچێ ودەسووتی.
شۆڕش بە پێچەوانەی سەرهەڵدان پێویستیی بە هێزو دینامێکی بە هێز هەیە کە تەواوی بوارەکانی کۆمەڵگایی و مێژوویی نەتەوەیەک دەبێ ڕەچاوبکا. ئەرکی بە ئامانج گەیاندنی شٶڕش پێویستیی بە شآرەزاییەکی فراوان لە دیرۆکی رابوردووهەیی. ئامرازەکانی شۆڕش بۆ گەیشتن بە مەبەست بە بارتەقای داخوازییەکانی نەتەوەیەک مەزن وبەربڵاوە.سەرهەڵدانێک زۆر بە هاسانی لە ناوخۆیدا بێدەنگ دەکرێ. بەڵام شۆڕشێک کە هەڵایسا بێدەنگ کردنی ئەستەمە.
ئیـمە ئەگەر بە بێ دەمارگرژی لە مێژووی سەرهەڵدانەکانی کورد بنەڕێن بە ئاشکرادەبینین کە لایەکی تەواوی سەرهەڵدانەکان نەخۆشن وتەنانەت وەک مردوودەچن. ئەویش بەشداری نەکردنی / ژنە / لە سەرهەڵدانەکانی دیرۆکیمان. قەڵای دم دم، سمکۆ شکاک،مستەفای بارزانی، شێخ مەحموود،قازی محەممەد، قاسملوو، بنەماڵەی ئێستای بارزانی، یەکێتی نیشتمانی ودێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان نموونەی مێژوویین.ئەگەر لە ناو تاقمێکی زۆر کەمیشدا ژن بەشدار بون، بەڵام هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆیان لە گەیشتن بە مەبەست تێدا بە دی ناکرێ.بەشداریی ژن لە سەرهەڵدانێک جودایە دەگەڵ کاریگەریی ژن لەو سەرهەڵدانەدا.
بەشداریی ژن لە هەرسەرهەڵدانێک ئاماژەیەکی گەلێک مەزنە بۆ پێکهاتنی شۆڕشێکی سیاسی وکۆمەڵایەتیونەتەوەیی وئابووری لە هەر وڵاتێکدا. من لە سەر ئەو باوەڕەم ئەوەی تا ئەوڕۆ لە باکوری ورۆژئاوای کوردستان ڕوویانداوە/ شۆڕشن /.بۆیە رێگایەکی ئەستەم ودشوواریان لە پێشە.
" روانگەی قازمی موحەممەد بۆ ژن "
کۆمارێک بە ناوی کۆماری کوردستان لە ٧١ ساڵ لەوەی پێش لە شآری مهاباد راگەینرا.پێشهەنگی ئەو کۆمارە شەخسی قازی وحیزبی دێمۆکڕات بوو. ( بۆیە لەو سەردەمەدا دێمۆکڕاتەکانی کۆی سەنجەق لە باشووری کوردستان خۆیان بە میراتگری ئەو کۆمارە دەزانن! هیچ حیزبێکیش بە ڕادەی جووت دێمۆکڕاتەکان بێ ڕێزیان بە قازی وکۆماری کوردستان نەکردوە!). کۆمار چون بنەمایەکی نەتەوەیی وکوردستانی وناودەوڵەتی وزانستی لە خۆی نەگرتبوو، زوو دەستخۆشی فێڵ وتەڵەکەی زلهێزەکان هات وتێکقرما. جگە لەوانەش لە کاتی دادگایی کردنەکەی قازیدا لێی دەپرسن تۆ بۆ هەڵنەهاتووی وخۆت بە دەستەوەدا؟ لەجوابدا دەڵێ؛ من ٦ سەیارەم دە بەر دەستدا بووە ودەمتوانی سنوورتێپەڕبکەم وڕابکەم. بەڵام من وەک جەعفەری پیشەوەری / ژن سفەت / نیم! لێرەدا روانگەی سەرۆک کۆماری ،کۆماڕێکی ساوالە بارەی ژن دەردەکەوێ. ژن سفەت نیم، یانی ژن ترسنۆکە وجێگای متمانە نییەوناتوانێ لە رزگاریی نەتەوەکەیدا ڕۆڵی هەبێ.! ئەگەر کەسێکی ئاسایی وبازاڕی قسەی ئاوا بکا جێگای رەخنە نییە. بەڵام بۆ کەسایەتیەکی مێژوویی جێگای رەخنەی مەزنە. لەدادگایەکی بەو شێوەیەدا دەبوا ژن بۆ داهاتوو جێ شوێنی لە سیاسەتدا بەرز نرخێنرابایە. نەک ئەوەی کە چووک چاوی لێکرابایە.
لەناو ڕێکخستنەکانی ئەوکاتی حیزبی دێمۆکڕات ودێمۆکڕاتەکانی ئەو سەردەمەش / ژن / بە شێوەیەکی زارەکی ورواڵەتی رێزی لێگیراوە. کە چی ژن لە شۆڕشی گەلاندا ڕۆڵی سەرەکی وەئەستۆ دەگرێ. نموونەش رۆژئاوای کوردستان وباکوری کوردستانە کە کەس ناتوانێ حاشآی لێبکا.لەوەش بترازێ سیستمی بە ڕێوەبەریی کابینەی حوکومەتی کۆمار چاولێبکە. یەک تاقە ژنی تێدا نییە. پیاوەکانیش یا دەرەبەگن، یا شێخن، یا مەلان،یا بازەرگانن یا موڵكداری گەورەن ( قازی موحەممەد بۆ خۆی زەمیندارێکی گەورە بووە )! ئەدی پێگەی ژن بۆ ڕێزگرتن لە کوێیە.؟ ئەدی رۆڵی ژن لە کۆماری کوردستان لە مهاباد چەندە گرینگیی پێدراوە؟
" خاڵێکی سرنجڕاکێش لە دواساتەکانی ژیانی قازی موحەممەد دا"
ئەو هەڵوێستەی نەمریان بۆ من جێگای رەخنەیە. قازی موحەممەد لەکاتی دادگایی کردنی خۆیدا توانی بەرپەرچی دادوەرە دژە کوردەکان بداتەوە. ئەو جوابەی کە ئەوکات پێویست بوو ڕایگەیاند. خۆزگە بە وردبینی وهوشیاریی لەو سەردەمدا کە جەماوەری لە پشتبوو، توانیبای دیفاع لە کۆماری کوردستان ودەسکەوتەکانی بکا.ڕاگەیاندنی کۆماروپەرەپێدان بە ئامانجەکانی کۆمار هەنگاوگەلێکن کە بەرەو شۆرشی مەزن پێ دەگرن. ئەوەیە جیاوازی لە نێوان سەرهەڵدان و شۆڕشێکی هەمەلایەنە بە بەشداری ژن وپیاوگەنج وپیر.
لە دوایین ساتەکانی ژیانی قازی موحەممەد کاتێک لە زیندانەوە دەیبەنە بەر پەتی سێدارە تا شەهیدی بکەن، کەسێکی نیزامی لە سەر ئەرکی پارێزەریی بە ناوی / سەهەنگ نکوزاد / حوکمی لە سێدارەدانی پێڕادەگەیەنێ ودەڵێ: وەسییەت نامەکەی خۆت بنووسە! قازی سەرەتا دەخوازێ بە دەستی خۆی وەسیت نامەکەی خۆی بنووسێ، بەڵام ئەو کارەی پێناکرێ وپێنووسەکەی دەداتە دەست مەلایەکی کورد کە لەوێ حوزوری هەبووە وپێی دەلێ تۆ وەسیەتنامەکەی من بنووسە.! ( بۆ بە دەستی خۆی وەسییەتنامەکەی نە نووسیوە من جارێ هیچ ناڵێم. با خوێنەری هوشیار بۆچوونی هەڵسەنگێنی).
قازیەکان لە نیوەشەودا دوور لە تیرڕێژی خۆر ناجەوانمەردانە لە سێدارە دەدرێن.کە رۆژ دادێ ووڵات رووناک دەبێتەوە بە دیتنی ئەو رووداوە خەڵک کشوومات دەمێنن.لە پەڕتووکی / مێژووی مهاباد، لە نووسینی رێزدار موحەممەد سەمەدی لاپەڕەی ١٨٣/ دا ئاوا هاتووە. دوای ماوەیەک جەنازەکان لە سەر دار دادەگرن ودۆستان وخزمان وخەڵكی شآر بڕێک پارەی سپی داوێنە سەر جەنازەکانیان وبەوشێوەیە لاپەڕەیەکی دیکەی مێژووی کورد کە تەنیا ساڵێک دەوامی هێنا، دەکووژێتەوە! دوای ٧٢ ساڵ بە سەرئەو کارەساتەدا میراتگرانی قازی وحیزبی دێمۆکڕاتەکان ڕێک نیوەی تەمەنی حیزبیان لە ناو کەمپەکانی کۆی سەنجەق لە باشووری کوردستان تیپەرآندوە. ئەوان زەمینگیرکراون! نە بە دەستی داگیرکاری بیانی، بەڵكوم بە دەستی دەسەڵات وداگیرکاری خۆماڵی! هەروەک دەزانن لە ٢ی رێىەندان ساڵوەگەرێ راگەیاندنی کۆمار نزیک دەبینەوە، ئەوەی کە ماوەتەوە بۆمان لەو مێژوویە، هەڵپەڕکێوشآییولۆغانی ٢ی ڕێبەندانە لە سەر ناوی دێمۆکڕاتەکان!
جەعفەرکەریمی
سندوقی: کوردستانپۆست.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست