کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکستی حوکمڕانی و کۆچی ژیره‌کان

Saturday, 13/01/2018, 23:12


به‌ درێژایی (٢٦) ساڵی حکومڕانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری خاوه‌ن هێزی چه‌کدار له‌ هه‌رێمی کوردستان ئازادی بیروڕا له‌ ژێر پرسیاردا بووه‌، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان و گه‌وره‌تر له‌ نێوان خۆیاندا له‌ ئه‌نجامی زاڵبوونی هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان به‌سه‌ر یه‌کتر و گوێ نه‌گرتن له‌ یه‌کتری په‌نایان برده‌ به‌ر جه‌نگ و شه‌ڕی ناوخۆیان به‌رپاکرد تا چوار ساڵ جه‌نگی گه‌رم و چوارساڵیش جه‌نگی سارد، که‌واتا هه‌شت ساڵ ماڵ وێرانی و کاولکاری دووله‌تکردنی ئه‌و پارچه‌ بچوکه‌ی کوردستانی باشور کردنی به‌ دوو ئیداره‌ و به‌ جۆرێک خه‌ڵکی کوردستان نائومێد و بێ هیوا بوون به‌تایبه‌تی که‌سه‌ ژیر و خاوه‌ن بیره‌ جیاوازه‌کان له‌ ئه‌نجامدا کۆچێکی به‌ لێشاو دروست بوو بۆ ڕۆژئاوا ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ کۆچی پێش ڕاپه‌ڕین سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس.
له‌دوای دژایه‌تی یه‌کتری هه‌شت ساڵ کاولکاری ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌ک له‌ سه‌روبه‌ندی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ پێناو دابه‌شکردنی سامان و ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان خۆیاندا ده‌ستیان تێکه‌ڵکرد بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و سامانیان به‌ هه‌موو جۆرێک ڕوبه‌ڕوی ڕه‌خنه‌گران و ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان و بیرمه‌ند و خاوه‌ن بیروڕا جیاوازه‌کان بوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس و زانای ئاینی و بیرمه‌ند و که‌سایه‌تی خاوه‌ن ئه‌زموون به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی دوور له‌ هه‌موو به‌های مرۆڤایه‌تی تیرۆرکران ، وه‌ک ( سه‌رده‌شت و سۆران و کاوه‌ و ویداد و عبدالستار تاهیر و دکتۆر ووشیار و تاد...) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ترس و تۆقاندن له‌ ڕێگای جیاواز جیاوازه‌وه‌ دواجار شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایه‌تی سه‌ری هه‌ڵدا له‌ (١٧ شوباتی ٢٠١١) به‌تایبه‌تی له‌سنوری پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌ خۆسه‌پێن و سه‌ربازیه‌که‌ی جووت حزبی بنه‌ماڵه‌ وه‌ک پیشه‌ی خۆیان به‌ربوونه‌ گیانی خۆپیشانده‌ران به‌ گوله‌بارانکردن به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین گه‌نج و لاو منداڵ شه‌هید و بریندار کران، که‌ تا ئێستاش بکوژان و ته‌قه‌که‌ران پارێزراون و که‌س و کاری شه‌هیدان و برینداره‌کانیش به‌بێ نازی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌نگی شه‌قامن،له‌ ئه‌نجامدا به‌جۆرێکی تر بێ هیوای سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ و جارێکی تر کۆچی ژیره‌کان ده‌ستی پێکرده‌وه‌ به‌ره‌و هه‌نده‌ران.
دوا به‌دوای په‌یڕه‌وکردنی ئابوری سه‌ربه‌خۆ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌غداد به‌جۆرێک ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم توشی شکست هاتن تا کار که‌وته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌رن بۆ قووت و بژێوی ژیانی خه‌ڵک، له‌ ئه‌نجامدا شه‌پۆلێکی به‌هێزی ناڕه‌زایه‌تی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌، به‌جۆرێک که‌ بۆ هۆی په‌کخستنی خوێندن، سێ ساڵ مامۆستایانی بێ پاره‌وپول له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران بۆ داوای مافی خۆیان له‌سه‌ر شه‌قام بوون بێ ئه‌وه‌ی نه‌مامێک یان لقێک بشکێنن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له‌جیاتی داننان به‌ شکستیان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ، جارێکی تر وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی په‌نای برد بۆ هێز و به‌ زه‌بری هێز کوشتن و گرتن و تۆقاندن ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی سه‌رکوت کرد، له‌ ئه‌نجامیشدا جارێکی تر چه‌ندین که‌س شه‌هید و برینداربوون چه‌ندین خێزانی تر بێ هیوا و بێ ناز مانه‌وه‌ وه‌ک شه‌هید بڕیار له‌ سه‌یدسادق و مامۆستا محمد و کاک محمدی خوێندکار و کاکه‌ دیاری جوانه‌مه‌رگ و منداڵ له‌ قه‌ڵادزه، له‌کۆتاجاریش شاری ڕانیه‌و کۆیه‌ش بێ به‌ش نه‌بوون له‌ به‌خشینی خوێنی لاوه‌ بێ پاره‌و پول و بێ ناز و بێ چاره‌کانی ته‌نها له‌ شاری ڕانیه نزیکه‌ی (٨٠) لاو بریندار کراو هه‌ردوو خوێندکار کاکه‌ به‌شیر و کاکه‌ محمدیش به‌ناحه‌ق شه‌هیدکران له‌ شاری کۆیه‌ش مامۆستایه‌کی په‌یمانگای کۆمپیۆته‌ر شه‌هیدکرا به‌ناوی مامۆستا (هێرش عمر) له‌گه‌ڵ چه‌ندین بریندار.
به‌وکارانه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕۆشنبیران و چالاکوانان زیاتر بێ هیوابوون، ده‌سه‌ڵاتیش به‌رده‌وام بوو له‌ ئه‌نجامدانی توند و تیژی هه‌ر له‌ سوتاندنی سه‌یاره‌ی مامۆستایان و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ئازاردان و ڕفاندنی نوسه‌ر و ڕۆشنبیر و چالاکوانان و مامۆستایان زۆرێک له‌وانه‌ی ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌وه‌ نیشتمانیان به‌جێهێشت و ڕویان کرده‌ هه‌نده‌ران وه‌ک (شڤان ئازاد) له‌ هه‌ولێر له‌سه‌ر یه‌ک گرته‌ ڤیدیۆیی درایه‌ دادگا و دواجار ڕایکرد، ته‌نانه‌ت که‌سانێک ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بوونه‌وه‌ که‌ بۆ خوێندنی تواناسازی له‌ هه‌نده‌رانن نزیکه‌ی (٢٠٩) خوێنکاری ماسته‌ر و دکتۆرا له‌ ترسی گرتن و بێ هیوابوون نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان له‌ناویاندا هه‌یه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگی له‌سه‌ره‌ وه‌ هه‌یانه‌ له‌سه‌ر چه‌ند نوسینێکی ساخته‌ ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بۆته‌وه‌ له‌کاتێکدا فه‌یسبووکه‌که‌ی هاککراوه‌ وه‌ک مامۆستای زمانی ئینگلیزی (غفور خدر) ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندینی تر ئێستا ته‌واو بێ هیوایه‌ و له‌ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێ ووڵات جێبێڵێ، به‌م کارانه‌ی ده‌سه‌ڵات نیشتمانمان خاڵی ده‌بێت له‌ بیرمه‌ند و عه‌قڵه‌ تازه‌کان و بۆگه‌ن ده‌بێ له‌ عه‌قڵه‌ کۆن و هه‌ڵپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ند خوازه‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە