شێرزاد شێخانی، دەڵێت ئەستێرەکانی سەر شانی عەمید شاناز زۆر کەمترە لە خەبات و مێژووی بنەماڵەکەی
Friday, 12/01/2018, 23:58
شێرزاد شێخانی بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (
سەروەری شاخ و سەروەتی شار) نووسیوە لە ١١ی کانونی دووەم ٢٠١٨ دا لە ماڵبەڕی ستاندەر بڵاو بۆتەوە، لەو بابەتەدا، نووسەر بە دوو قسە دەربارەی بنەماڵەی بارزانی، هەوڵدەدات رێگە خۆش بکات، بۆ ئەوەی لەملاوە بە ئارەزووی خۆی بە شان و باڵی شانازدا هەڵبڵێت، وا دەریبخات، کە ئەو تەنیا کەسی بوێر بووە، توانیویەتی پەنجە درێژ بکات بۆ هەندێک زانیاریی سواو دەربارەی بنەمەڵەی بارزانی.
ئەو زانیاریانەی کە نووسەر لە بابەتەکەیدا دەربارەی ماڵی بارزانی باسی کردوە، زۆر لەوە زووتر و گرنگتر و توندتر کوردستانپۆست، بە وێنە، بە کورتە ڕاپۆڕت، درێژە ڕاپۆرت و گرتە ڤیدیۆ، بڵاوی کردۆتەوە دەربارەی خیانەتەکانی ئەو بنەماڵەیە.
کوردستانپۆست، زۆربەی جارەکان، هەواڵ و ڕاپۆرتی، نێو دەزگای پاراستنی پارتی پێگەیشتوە، بەبێ سڵمینەوە بڵاوی کردۆتەوە، بە تایبەتی ئەو هەواڵ و بابەتانەی کە دەربارەی دزینی سامانی گشتی، تیڕۆڕ کردنی خەڵک و پلانە گڵاوەکانی تری بنەماڵەی بارزانی بووە.
جێگەی سەرنجە، کە نووسەری ئەو بابەتە، گلەیی لە سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆشەنبیری کورد دەکات دەکات و بە ساویلکە پێناسەیان دەکات، لە کاتێکدا خۆی کردوە بە پارێزەری "عەمید شاناز" و بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێت و گوایە کچی برایم ئەحمەد و تالەبانی مێردی خوشکێتیی و هەموو ئەمانەی بە خاڵی پۆسەتیڤ بۆ هەژمار کردووە، گوایە مافی ئەوەی دەداتێ، کە خاوەن موچەی خانەنشین بێت بە پلەی "عەمید". شێرزاد شێخانی دەنووسێت:
" شاناز خان ئەگەر هیچی نەكردبێ هاوەڵی رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد مام جەلال بوە و ، ساڵانێكی دوورو درێژیش وەك باجی خەباتەكەی باوكی بەرێزییەوە دەربەدەری شارو وڵاتان بوەو، بەقەدەر قورسایی خەباتی دەیان پێشمەرگەش چالاكی هەبوە لەدەرەوەی وڵاتدا".
منیش دەڵێم کاکی نووسەر، تاڵەبانی هیچ جیاوازیەکی نەبووە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، هەر وەک ئەوان خاوەن هەزاران هەڵوێستی سیاسی دۆڕاوە، وەک ئەوان جاش و خۆفڕۆش بووە و بۆ بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی بزوتنەوەی رزگاری کوردی بەرەو هەڵدێر بردوە.برایم ئەحمـەدی باوکی شانازیش سیخوڕی ئینگلیزەکان بووە لە سەردەمی شێخ مەحمودەوە چالاکانە کاری کردووە تا ساڵانی ١٩٦٦، تەنانەت هەر ئەمیش مەلا مستەفای کرد بەو کەسایەتییە، لێنەگەڕا تا رازی کرد ببێت بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەیر لەوەدایە، کە نووسەر ویژدانی ڕیگەی داوە، "شاناز" بهێنیتە ریزی پێشمەرگەیەک کە لە ساڵی هەشتاکان لە شاخ خەریکی خەبات و تێکۆشان بووە! لە کاتێکدا شاناز پەنجا ساڵ، لەگەڵ کەسوکار و خێزانەکەی، لە لەندەن خۆشترین ژیان و گوزەرانی بەسەر بردوە بە پارەی دزراوی یەکێتی و موچەی باوکی کە لە سەفارەتی عیراقی بۆی بڕابووەوە.
بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان بە دەیان کارەساتی جەرگ بڕی وەک "ئەنفال و کیمایابارانی هەڵەبجە" کە بە سەر میللەتەکەماندا هات، شاناز و باوکی بۆ یەک جاریش لە لەندنەن ورتە لە دەمیان نەهاتە دەرەوە، ووشەیەکیان نەخستە سەر خامەی سپی! بەڵکو یارمەتی فڕۆکەوانەکەی دا کە لە کوردستان دەربازی کرد و بردی بۆ لەندەن بۆ لای خۆی، شاناز لە لەندەن چەند جارێک چاوی بە تارق رەمەزان کەوتووە، ئەمیش بە قسەی عەدنان کۆچەر مەسینەهەڵگر و راوێژکارەکەی لاهوری شێخ جەنگی، کە پێشتر پیاوی شاناز بوو لە لەندەن، چەند جارێک باسی کردووە.
داگیرکردنی، گردی زەرگەتە، دەباشان، قەڵاچۆڵان، سەری ڕەش، دەیان بەرزایی تر و دزینی سەروەت و سامانی گشتی، لە لایەن لێپرسراوە کوردەکانەوە، هەڵە و ناهەقیە، نەدەبوایە بکرایە. دزی دزییە، بە بڕە پارەی کەم یان زۆر خیانەت و دزییەکە بەراورد ناکرێت، ناشبێت لە ژیر هیچ پاساوێکدا، شەرعیەت بدرێت بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە، هەر وەک چۆن نووسەر لە بابەتەکەیدا بۆ هەندێک کەس هەوڵدەدا حەڵاڵی بکات!
کاکی نووسەر پێی وایە گردی زەرگەتە پانتاییەکەی کەمترە لە چاو ئەوەی سەری رەش و شوێنەکانی تر کە بنەماڵەی بارزانی داگیریان کردووە، واتە دزی بچوک دەبێت لە چاو دزی گەورە جیاوازی هەبێت و پیرۆز بکرێت، یان ئەستێرەکانی سەر شانی شاناز کەمترن لە ئەستێرەکانی سەر شانی کوڕەکانی بارزانی، دەبێت هەموو شانازی بە شانازەوە بکەین، کە ئەو ئەستێرە کەمانەی شایانی مێژووەکەیەتی، چونکە کچی بلەی ئەحە رەشی فەیلەسوف و سیاسیی کوردە و خوشکەکەی ژنی تالەبانییە.
ئەمەیە عەقڵەیتیی نووسەری ئەمڕۆ کە ئەم بەڕێزە لە دەستپێک و سەرەتای نووسینەکەدا زۆر کۆمیدیانە دەنووسێت:
(لەهیچ وڵاتێكدا سیاسەت ئەوەندە پیس وبێزراو نەبوە، بەقەدەر ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە !.. لەهیچ وڵاتێكدا سیاسەتمەدار ئەوەندە درۆزن نەبوە ، وەك سیاسەتمەدارانی ئێمە!. لەهیچ وڵاتێكدا میدیا ئەوەندە چەواشەكار نەبوە، وەك میدیاكەی مەر لەخۆمان !.. لەهیچ وڵاتێكدا كۆمەڵگا ئەوەندە ساویلكە نەبوە ، بەقەدەر كۆمەڵگەی ئێمە.. لێرە هەمو شتێك پێچەوانەی كۆمەڵانی دونیایە..).
نازانم کاک شێرزاد شێخانی لە کوێی ئەو نووسینەدا خۆی دەدۆزێتەوە کەوا رەخنە لە هەموو دەگرێت و خۆی لە تۆپک و لوتکەی هەموویاندا دەبینێتەوە، گوایە ئەم بە ویژدانەوە دەست بۆ تاوان و هەڵەکان دەبات خۆی لەناو ئەوانەدا نابینێتەوە، کە عەیبدارن و ئەم رەخنەی لێگرتوون.
----------------------
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست