کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرھەم ساڵح لە نێوان کردار و گوفتاردا

Friday, 12/01/2018, 7:49


دوای چەندین سال سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری حکومەتەکانی بەغداد و زۆر شتی تر، ئیستا بەرھەم ساڵح تازە دەیەوێت بانگەشەی دیموکراسی و دادپەروەی بکات.
ئاخر پیاوێک بەو ھەموو پشتیوانی و دەستگیرۆییەی جەلال تاڵەبانی و لەو هەموو پۆستە گرنگانەدا کە نەیتوانیبێت خزمەتێک بکات و ھەنگاوێک بنێت، یان پلانێکی ژیر و سیاسییانەی هەبێت ئیتر دەبێت ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک سیاسی بازرگاندا چی بکات و چی پێبکرێت.
من دەمەوێت لێرەدا کەمێک بە مەنتق و لۆگیکیانە ھەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی بەرھەم سالح بکەین و بڵێن و بزانین ئایا بەڕاستی بەرھەم ساڵح پیاوی کردار بووە یاخود تەنھا پیاوی گوفتار و قسەی بەتاڵ و رووت؟
دەڵێن گوەایە بەرھەم ساڵح لە سەردەمی حوکمرانی خۆیدا توانوێتی بەرنامەی تواناسازی و سلفەی هاوسەرگیریی و سلفەی عەقار و قەرزی بچوک بۆ ھاونیشتمانیان دەستەبەر بکات.
دەڵێین بەڵێ ئەمانە دەست و دیاریە جوانەکەی چەندین ساڵ حکومرانی دکتۆر بووە، بەڵام با بێین پێکەوە شیکاری و بەدواداچونێکی لۆژیکیانە بۆ ئەم پرۆژانە بکەین ببینین ئاخۆ ئەم ھەنگاوانە جێگای ئەو شانازیەن کە بەرھەم ساڵح و ھاو ئاوازەکانی بۆتە وێردی سەر زبانیان.
دەپرسین ئایا دەکرێت بە ئامارێک پێمان بڵێت بەرھەمی بەرنامەی تواناسازی لە کوردستان کە بەدەیان ملیون دۆلای بۆ خەرج کراوە چییە و چەندە و کامانەن؟ دەکرێت دوو توێژینەوەی هه‌ڵكه‌وتومان له‌ بواری زانستی پێ بگوترێت کە لەسایەی بەرنامەی تواناسازیدا ئەنجام دراون؟
 
سەبارەت بە سلفەی هاوسەرگیری. ئێمە لێرەدا نامانەوێت بە بێ ویژدانی و بە چاوی نەیار بکەوینە وێزەی بەرھەم ساڵح و کارەکانی بەڵام داوا دەکەین کە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتیدا لێکۆڵینەوەیەک لە دادگاکاندا ئەنجام بدەن بزانن سلفەی هاوسەرگیریی بۆتە ھۆی دروست کردنی چەند خێزانی بەختەوەر؟ لەبەرامبەریشدا بزانن رێژەی جیابونەوە و لێکترازانی خێزانی چەندێک بەرەو ھەڵکشان چووە؟ کە بەپێی ئامارێکی فەرمی رێژەی جیابونەوە لەنێو خێزانە نوێکانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا رێژەیەکی ئێجگار ترسناکە.
سلفەی عەقار. ھەمیشە بەرھەم ساڵح باسی ئاوەدانکردنەوەی دێھاتەکان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دەکات و بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی دەوڵەتمەداری ناویان دەبات لە کاتێکدا بەرھەم ساڵح بە پرۆژەی سلفەی عەقار خۆی ئەندازیاری وێران کردنی دێھاتەکان و کەرتی کشتوکاڵ بووە، ئەویش بەھۆی کۆچی بەلێشاوی دێھات نشینان و جوتیاران بەرە و سەنتەری شارەکان بە ھۆی وەرگرتنی ئەم پێشینەیەوە کە ئەمەش بۆتە ھۆی چول کردنی لادێکان و کەم بونەوەی بەرھەمی ناوخۆی جوتیاران و پشت بەستن بە ھاوردەکردنی بەرھەمە دەرکییەکان.
 
بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە ھەموو دەست بخەینە سەر ویژدانمان و چاومان بکەینەوە و بریار بدەین ئاخۆ بەرھەم ساڵح بەراستی پیاوی کردار بووە..؟
لەکاتێکدا خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە و کەمئەندامانی سەنگەرله‌م قه‌یرانه‌دا پارەی ژەمە نانێکی شایستەیان لە گیرفاندا نیە و رۆژانە ھەواڵی خۆ کوشتنی پێشمەرگە دەبیستین لە بەرەکانی جەنگ و بەرگری کردن، لەبەر قەرزداری و نەبونی کرێی خانوی خانەوادەکانیان ناچارن کۆتایی بە ژیانی نەهامەتیی و بێدەرەتانی خۆیان بهێنن!.
دەکرێت بەرھەم ساڵح پێمان بڵێت خانوەکەی ئەمریکای چۆنە و بايی چەندە؟ کە ئێمە پێتان دەڵێین بەڵێ خانوەکەی دکتۆر بای (3٠٠٠٠٠٠) سێ ملیون دۆلاری چاوزەقی بچکۆلانەیە.!
 
ئەی جەنابیان دەتوانن پێمان بڵێن ئەو خانوەی لە ھەوڵێر بۆ سەرۆک وەزیران کڕدرا بە بری (٧٠٠٠٠٠٠) حەوت ملیون دۆلار و دواتر لەلایەن دکتۆرەوە داگیر کرا ئێستا بۆ کێ و بۆچی بەکاری دەھێنێت..؟ بێگومان بۆ دژایه‌تی یه‌كێتی!
 
کاتی خۆی مستەفا سەید قادر لە دەڤەری راپەرین میواندارییەکی بۆ جەلال تالەبانی رێکخستبو کاتێک تالەبانی و کۆمەڵێک بەرپرس دەچنە دەڤەری راپەرین لە کاتی نان خواردندا تالەبانی بە مستەفا سەید قادر دەڵێت من جارێک لێت توڕەم و جارێکیش دەستخۆشیت لێدەکەم.!
مستەفا سەید قادر دەڵێت: مامە توڕەبونەکەت چیە و دەستخۆشیەکەت چیە؟
تالەبانی دەڵێت لەکاتێکدا من بڕیارم داوە راوکردن قەدەغەیە ئەم کەوانە چین ئێوە کوشتوتانە.؟
دواتر دەڵێت دەستخۆشیەکەشم ئەوەیە کە برادەرێکمان لەگەڵە نە کەوی دیوە و نە کەوی خواردوە دواتر بە پێکەنینەوە روو دەکاتە بەرهەم ساڵح و دەڵێت دکتۆر وەرە لای مامی خۆتەوە.
مەبەستی مام ئەوەبوە، کە دکتۆر بەرھەم پێشمەرگایەتی نەکردوە و شاخی نەبینیوە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە