پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٧ دا
Sunday, 07/01/2018, 2:01
لێرەدا تەنها ٢ ڕووداوی گەورە باس لێوە ئەکەین کە مایەی شانازیە بۆ ڕێکخراوی پەکەکە بەگشتی و گەلەکەمان بە تایبەتی. یەکەمیان کاتێ تیمێکی میتی تورك بەچاوساغی هەریەك لە پارتی و یەکێتی هەماهەنگیان ڕێك خست بۆ ئەوەی بتوانن گورزێکی گەورە بە پەکەکە و سەرکردەکانی بوەشێنن. خۆشبەختانە، پەکەکە لەمان زیرەکتر و چەلەنگتر بوون و ئەو دوو پیاو کوژەی خوێندگای تیرۆریست و فاشیزمی ئەتاتورکی عەلمانی و سوڵتانە تازە عوسمانیەکەی ئەردۆگانیان لە شوێنێکی هاوینە هەواری(دوکان) قۆڵبەستیان کردن و لە هەڵمەتێکی هەڵۆکانی قەندیلی خێرا و کتوو پڕدا، هاکان فیدانیان تووشی شۆك کرد. ئەم کردە هەواڵگریەی پەکەکە سەلماندی چەندە تۆکمە و پتەوون ،لەهەمان کاتدا بۆ دوژمنیان سەلماند کە ئەمانیش کارتی فشاریان لەبەر دەستایە و لەکاتی خۆیدا ،بەکاریان دێنن.
دووەم: لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی باشووری ئەم جارەی مانگی ڕابردوو،کاتێ هەریەك لە پارتی و یەکێتی بۆ جارێکی تر لە ڕێگای لولەی تفەنگەکانیانەوە ڕووبەڕووی هاوڵاتی و هاونیشتمانیان بوونە و چەندینیان لێ شەهید وچەندینی تریان لێ بریندار کردن، کەدیارە ئەمەش یەکەمین کاری لەو شێوەیە نیە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەرانبەر خەڵکی کوردستان کردوویانە. بەڵکە ، مێژوویەکی ڕەش و تەڵخیان لەگەڵ ناڕەزایی و بێزاری خەڵکی هەیە و هەموو جارێك بەفیشەك وەڵامی خەڵك ئەدرێتەوە و زیانی کووشندە بەر گەنج و لاوامان ئەکەوێ. هەڵبەت ئەم جارە و لەزاری موراد قەرەیلان هاتە وەڵام لەسەر کاردانەوەکان و ناڕەزایی خۆی نیشاندا بەوەی ناکرێ چی دی فیشەك ئاڕاستەی خەڵکی سڤیل بکرێ. بەمەش ئەو پەیامە درا بەگوێی هەریەك لە پارتی و یەکێتی کە جارێکی تر ناتوانن فیشەك بە سنگی هاوڵاتی ناڕەزا و توڕە ،بنێن پێوەیە.
هەر بۆیە دوای ئەو پەیامە هاوڵاتی هەنووکە بیری لەهەڵگرتنی چەکە بۆ پارێزگاری لەخۆی و لەهەمان کاتیشدا دەسەڵات ئەبێ باش بزانێ کەوا پەکەکە چیتر دەستەوەستان ناوەستێ بەرانبەر ئەو ڕەشبگیری و ئەو کەو کوژییەی بەرانبەر بە گەلەکەمان ،ئەنجامی ئەدەن. بۆیە پێم وایە لەمەو دوا کاتێ ناڕەزایەتیەکان سەر هەڵئەدەنەوە،ئەوا چەتەکانی هەردوو بنەماڵە ئەبێ باش بزانن کە ئەوان کاتێ چەك بەکاردێنن و هاوڵاتی ئەکوژن،ئەوا لەهەمان کاتدا ئەبێ ئەوەش بزانن کەوا بە فیشەك وەڵام وەرئەگرنەوە و کۆتاییان دێ.
هیوامان گەورەیە کە پەکەکە ڕۆڵی نیشتمانی خۆی بەباشی بەڕێوەبەرێ هەروەك چۆن هاوکاری پێشمەرگەیان کرد لەدژی داعش،ئاوهاش مەچەکی مەردایەتی لێ هەڵماڵن دژ بەم دەسەڵاتە کورد کوژە و بەشێك بن لە مێژووی کۆتایی هێنان بەم دوو دومەڵە پیسەی سەر دڵی میلەتی کورد. وە پێوستە لەهەمان کاتیشدا بەهانای هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیشەوە بچن بۆ ئەوەی بەشداربن لە داڕمانی کۆماری پەت و سێدارەی بەناو ئیسلامی ئێران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست