کێشەی نێوان نەجات سورچی و عەلی حسێن سورچی لە گەورەبووندایە!
Saturday, 06/01/2018, 2:57
دواى ئەوەى عەلى حسین لە هەوڵى ئەوەدا بوو (سعدون)ى براى بکات بە سەرۆک عەشرەتى سورچى، رۆژانە سورچییەکانى بەسەر دەکردەوە و باسی ئەوەی بۆ دەکردن،کە پێویستە کەسێکى دیار بکرێتە سەرۆکی عەشرەتى سورچییەکان، ئەم دەنگۆیانە گەیشتە نەجات سورچى، کە سەرۆکی بە ناو پارتی پارێزگارانی کوردستانە، ئەویش لە رێگاى ئەدهەم بارزانى پەیوەندى بە پارتیەوە کرد و بریارى دا بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان، بەڵام مەرجێکی هەبوو، کەوا سەرجەم موڵک و ماڵەکەی کە پارتیی داگیری کردووە بۆ بگەڕێتەوە. دوایی دەرکەوت، کە موڵک و ماڵەکەی بەشى زۆرى لەلایەن على حسین داگیرکراوە، عەلی حسێنیش بەناوى دایکى خۆیەوە تاپۆی کردووە، بۆ ئەومەبەستە پارتیی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ گەڕاندنەوەى موڵک وماڵى نەجات سورچی، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، بۆیە نەتوانرا هیچى بۆ بکەن بە هۆى ئەوەی على حسین و براکانى لەگەڵ سیداد بارزانى پەیوەندیی و نزیکایەتییان بەهێزە، لەبەر ئەمە بڕیار درا بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار قەرەبووی نەجات سورچی بکەنەوە. شایانی باسە ئیستا نەجات سورچى دەستى کردووە بەکار و چالاکى، زۆر بە خەستی ئیش بۆ پارتى دەکات، حیزبەکەی کە (پارتی پارێزگارانی کوردستان)ە بۆتە سێبەرى پارتى.
لەلایەکی دیکەوە نەجات مونافەسەى على حسین دەکات، لە هەوڵی ئەوەدایە پێگەى خۆى بەهیز بکات، بەڵام تا ئیستا نەیتوانیوە کاریگەرییەکی وای هەبێت، چونکە سیداد بارزانی لەگەڵ على حسێن و براکانى عەلی حسێن (سعدون و خیردار) پرۆژە و دزیی و تاڵانی زۆریان کردووە و بەردەوامیشن، وەک نمونە لە سەرەتاى ساڵى رابردوو پاڵاوگەى هەریر باتاسیان فرۆشت بە (هەژار گروپ) بە 35 ملیۆن دۆلار، کە بە گەورەترین پاڵاوگە هەژمار دەکرێت، تەنیا زەویەکەى زیاتر لە 100 دۆنم زەوى بوو. على حسین بەردەوام بەشدارى پرسەکان دەکات و داوادەکات لە راگەیاندنەکان چاوپێکەوتنى لەگەڵدا بکەن خۆى وا پیشان دەدات کارى حیزبى دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا چەندین پرۆژەى ستراتیژى لە ریگاى براکانى و داگیرکردنى هەزاران دۆنم زەوى لە پشت سەیتەرەى هەولێر و دەشتى حەریر و سۆران دەست پێکردووە، هەروەها هەرکەسێک پرۆژەیەکى بازرگانى بکات، دەبێت پشکى ئەمیشی تێداهەبێت ، تەنانەت دواى ئەوەى گوندى ئیتالى 2 لە سەر شەقامى 120مترى تەواو بوو، ئەوشەقامە تەواو نەبوو حکومەت بە تەمانەبوو تەواوى بکات ، ئەمەش بوو بە کیشە بۆ على حسین و براکانى کە خاوەنى پرۆژەى گوندى ئیتالین و نرخى خانوەکان کەمى دەکرد، بەهۆى تەواونەبوونى خەدەماتى پرۆژەکە شەقامى سەرەکى 120مەتریە و حکومەتیش تواناى تەواوکردنى ئەو پرۆژەى نەبوو، بۆیە دیسان ئەمەش جاریکى تر بوو بە خێر بۆ على حسین و براکانى، هەستان لە رێگاى سیداد بارزانى سعدونیان ناردە لاى سەرۆکى حکومەت نیچیرڤان بارزانى بە پرۆژەیەک گوایە ئامادەن شەقامى 120مترى تەواو بکەن لەبەرامبەر ئەوەش رۆژانە حکومەت نەوتیان بداتێ، بە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتى سامانە سروشتیەکان. ئینجا لێرەوە سەیر بکەن، کە بەبێ بوونى لیژنەى چاودێرى رۆژانە على حسین و براکانى نەوتى هاوڵاتیانى کوردستان دەخۆن، چونکە چەند نەوتیان وەرگرتووە هیچ رەقابەیەک نییە، لەکاتیک تەنیا بۆ تەواوکردنى خەدەماتى گوندى ئیتالى 2 ئەو شەقامە تەواو کردووە.
لە رۆژانى رابردوو لەگەڵ دەسپێکى خۆپیشاندانەکانى سلیمانى و رانیە، على حسین و براکانى لە ترساندا بڕیاریاندا ئەو خانوانەى تا ئیستا نەفرۆشراوە بە نرخێکى کەمتر بیفرۆشنەوە و بکرێتە پارە. ئیستا خانوى گوندى ئیتالى 2 لەسەرجەم پرۆژە نیشتەجێبووەکانى ترى هەولێر هەرزانترە . لە ماوەى رابردوو دواى ئەوەى (کوردستان پۆست) هەواڵێکى بڵاوکردەوە بەرپرسێکى پارتى بەناوى میقداد على وتبووى کاتێک من پێشمەرگەبووم على حسین جاش بووە ، پارتى لە بەرامبەر ئەو هەواڵە و ناڕەزایى میقداد على پۆستیکیان بۆ داتاشى بەناوى جێگرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى، ئەمە لە کاتێکدا هیچ ئەنجومەنێک لە ناو ئەنجومەنەکانى پارتى جێگرى نییە . زۆر جار نووسین وهەواڵەکانی کوردستانپۆست دەبێت بە خێر و بەرەکەت، ئەوانەی لەسەریان دەنووسرێت زۆر کەس دوایی پۆست و پارەی پێ وەردەگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست