سیاسەتی ئینکۆباسیۆن لە ئێران
Thursday, 04/01/2018, 5:27
ئاشکرایە کە ناڕەزایەتی و خۆپشاندانەکان لە ھەناوی پڕ لە دەردە سەری و سکی برسی خەڵکە بەشمەینەت و مافخوراو ستەملێکراوی ئەم کۆمەڵگەیەوە سەرچاوەی گرتوە و ھەڵقووڵاوی ناخی پڕ لە خەمە کەڵەکەبووکانی ئەم میللەتەیە. بەڵام حوکمڕانی بێ چاووڕوو لەبری ئەوەی بەدەم داواکاری نەدارانی ئەم گەلەوە بێت و دان بە ڕەوایەتی مافەکانیان بنێت،کە بەرپرسیارانە شانیان داوەتەبەر قەیرانە دروستکراوە لەسەر ھەڵچنراوەکان بە درێژایی سێ و حەوت ساڵی ڕابردوو، کەچی زۆر بێباکانە بە ئاژاوەگێڕ و پیلانگێری ئیستکبار و دەستی دەرەکی ناویان دەبات.
لە ڕاستیدا دەکرێت ڕوحی ناڕەزایەتیەکان لەم چەند خاڵەدا کۆبکرێتەوە:
ـ کاتێک حکوومەت دروست ئەبێت، دەبێت حکوومەتی ھەموو چین و توێژەکان بێت بەوانەشەوە کە متمانەی پێنابەخشن،
چونکە پێکھێنانی حکوومەت واتە لێسەندنەوەو ژێردەستخستنی دەسەڵاتی سروشتی تاکەکانی کۆمەڵگە و ڕێکخستن و
جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان بە پێودانگی لەبەرچاوگرتنی یەکسانی و دادپەروەری و پاراستنی ژیان و دابینکردنی ئاسایش و
ئارامی بۆ ھەموان بێ گوێدانە ئینتیما و مەیل بۆ ھیچ کەس و ھێز و گرپ و حیزب و قەوارە و لایەنێکی دیاریکراو.
ـ قەیرانە کەڵەکەبوە دروستکراوەکانی وەک سیاسی و ئابووری ھۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتیەکانن.حکوومەتێک دەست بەرێت بۆ سامانی نیشتیمانی خەڵک و لەپێناو سیاسەتە دڕێژخایەنەکانی خۆیدا لە وڵاتانی تر خەرجی بکات و خەڵکی خۆشی بێکار و هەژار بمێنەوە دەبێ چاوەڕی چی تری لێبکرێت.
ـ کاتێک حکوومەت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چین و توێژێکی دیاریکراو دەکات و گەندەڵی ھەموو جومگە و جێگەیەک
دەگرێتەوە،سروشتیە ناڕەزایەتی و شۆڕش و ڕاپەڕینی خۆڕسکی خەڵکیش پێشبینیکراو و چاوەڕوانکراو دەبێت.
ـ ھەر کاتێک فەرمانڕەوا دەسەڵاتی ڕەھای ھەبوو بێ ئەوەی لە ژێر لێپرسینەوەی دەزگایەکی چاودێر دابێت،ئەوە بە ڕەھایی
بێباک ئەبێت لە خەڵک و لە ھەر شتێک کە ئەگوزەرێت لەم وڵاتەدا.
لەدوای تێپەربوونی یەک دەیە،بڵقەی نارەزایەتیەکانی جەماوەری سەر لەنوێ تەقیەوە و ژمارەیەکی زۆر لە چینی هەژاری کۆمەڵگا ئەمجارە بێ باوکی رۆحی خواستەکانی خۆیان لەسەر کەفی شەقام هاواڕ دەکەن،لەرۆژی چوارمی خۆپێشاندانەکان حەز بۆ تووندوتیژی لەناو خۆپێشاندەرانی 24 بۆ 25 ساڵ زیاتر بەدی دەکرێت و دروشمەکان لە سنووری کێشەی ئابووری چۆتە سەرەوە و دڵی سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی نیشانە گرتووە،زۆربەی دروشمەکان هەتا لە شارە مەزهەبیەکانی وەک قۆم و مەشهەد نەریت شکێن بوون و دوو بابەتی "گیاندان"و "گیان لێ ئەستاندن"ٚڕەنگ و بۆنی شۆڕشی وەرگرتبوو.
بەرپرسانی ئاستی ناوەندی دەوڵەت پەرچەکرداریان نیشاندا و تاڕەدەیەک ڕەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانی دا و سەرۆککۆماری ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ئەم نارەزایەتییانەی لەبەرژەوەندی بانگەشەکانی خۆیدا داگیر کرد.وڵاتانی درواسێ ئێران چ دۆست و چ دوژمن پەرچەکرداری جیدییان لەخۆیان نیشانەداوە و هەنگاوەکانی سەرەتایی ئەمنیەتی لە چوارچێوەی فیلتەرکردنی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ئەنجامدرا تاکوو لە ئالۆزی خۆپێشاندەران و گەورە بوونی بازنەی خۆپێشاندانەکان کەمکرێتەوە.لەبیرمان نەچێت لەم ساڵانەی دواییدا هەرچی شۆڕشی جەماوەری ئەنجامدراوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ئینتەرنێتەوە هەبووە بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی جەماوەری خۆپێشاندەر.
لەدوای سەرکەوتنە ڕێژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی بەبریکاری و داخستنی سیاسەتەکانی دەرەوی دەوڵەتانی تر لەناوچەکە،ئەمجارە خزینەکانی ناوخۆیی دەستی پێکرد و لەرزینەوەیەکی هەرچەندە سووکەڵە فەزای سیاسی ئێرانی داگیرکردوە و ئێستاش لەگەڵ گۆڕینی لەناکاوی ساحەی یارییەکە،زەمانی یاریکردن بۆ گەمەکەرانی سەرەکی و تایبەتکراو بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گەویشتووە.
من هەمیشە بۆچوونێکی بەو شێوەیەم هەبووە کە هیچ ئەندازیارێکی دروستکردنی بەنداو،بەنداو بێ دەریچە ساز ناکات،لەبنەرەتدا بەنداوەکان دروست ناکرێن بۆ ئەوەی ئاوەکە بۆ هەمیشە لەپشت دیوارە بەرزەکانی خۆی کۆبکاتەوە،بەڵکوو دروست دەکرێن تاکوو سەڕەرای کۆکردنەوەی ئاو و کەڵک وەرگرتن لە وەزە،ئاو بەشێوەیەکی کەمکەمە لە دەریچەکانی خۆی بنێرێتە دەرەوە.
خوپێشاندانەکانی ناڕەزایەتی شەقامەکانی ئێران بۆ جارێکتریش ئێرانی خستەوە ناو ناوەندی گرنگیپدانی کۆمەڵگەی جیهانی،من هەمیشە نووسیومە و باوەڕیم بە دیمۆکراسی و بە بزووتنەوەکانی دژە توندوتیژی مەدەنی هەیە و ناکرێت چاوەڕوانیمان هەبێت لەناو دڵی توندوتیژی کۆتری سپی باڵی ئاشتی بفڕێ.
بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە،ئەگەر ڕێگەیان ئەدا کە خواستەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا بەتێپەربوون لەناو سەندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیمۆکراتیانە خۆی نیشاندابایە،ئەگەر دەرفەتی ئەوە دەدرا بەخەڵک تاکوو لە پرۆسەیەکی ئارام و لەسەرەخۆ و دیمۆکراتیک ڕۆڵیان هەبووایە لە دیاریکردنی چاڕەنووسی خۆیان و دەوریان گێرابایە و ئەگەر ڕێگەیان دابایە تاکوو پێشهاتە چاڕەنووسسازەکانی کۆمەڵگەی ئێران نەک بەشێوەیەی عەقڵی تاکەکەسی، بەڵکوو لەلایەن ئێرادەی کۆمەڵەوە ئیدارە بکرێت،ئەمرۆ کار نەدەگەویشتە ئەم تەنگاوییە کە لە شرۆڤەی بارودۆخەی ئێستادا هەموو بەرپرسانی دەوڵەت داماو و سەر لێشێواو بوونە،ئێستا ئیتر نەک بەرپرسانی باڵای وڵات دەزانن چ خەبەرە و نەبەرپرسانی سەربازی و سوپای وڵات،چۆن هەموو شتێک لە شەورۆژێکدا سەری هەڵداوە و کەسیش ناتوانی ئەمجارە باس لەهەبوونی دەستی دەرەکی بکات لە جووڵاندنی شەقامەکانی ئێران لەدژی پاوانخۆازی و گەندەڵی و دزی لەسامانی گشتی.
سیاسەتی ئینکۆباسیۆن لەئێران مێژووییەکی دڕێژی هەیە لەڕێگای گوشار و ترساندن و خاپاندن و ئەشکەنجەکردنی جەستەیی و ڕەوانی خەڵک،بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەبینین خەڵکی ئاسایی بۆ گەویشتن بە ئامانجە بەرزەکانی خۆیان ئامادەنە هەموو هێڵە سوورەکانی دەسەڵاتی بەناو ئیسلامی ئێران تێپەر بکەن و بەدرووشمی ئازادی و کەرامەت بۆ خەڵکی ئێران دەستیان بەخۆپێشاندان کردوە،ڕەنگە چاڕەیەک جگە لەوەش نەبێت کە ئێمەش چاوەڕی بکەین بزانین کۆتایی ئەم دۆخە شڵەقاوەی ناوخۆی ئێران و کۆمەڵگەی پارچەپارچە بوو،دەگاتە کام کەناری ئارام.
پێویستە خۆمان لەکۆمەڵێک دروشمی بڕیقەداری ناو ڕاگەیەندراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و ئێرانی بەدوور بگرین،کە لەم بارودۆخەدا دەیانهەوەی سواری شەپۆڵەکانی جەماوەری بن لەناوخۆ،لەبەری ئەوەیکە خۆیان بەدڕێژایی ئەم هەمووە مانگ و رۆژ و ساڵە نەیانتوانیوە هیچ شەپۆڵێک لەناوخۆی ئێران دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری.
لە ئێستا ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە ئامانج و ئەنجامی ئەم خۆپێشاندانە ناڕەزایەتیانەی جەماوەری ئێران ئەوەیە،کە دەوڵەت وەک هەمیشە لەڕێگای هەندێک چاکسازیی سەرەتایی و ئاڵوگۆری لە سیستەمی داهات و بودجەی گشتی وڵات و هەڵاوەسانی ئابووری و گرانی بازار بڵیسەکانی ئەم ئاگرە خامۆش بکات و دووبارە ئارامی بگەڕێنیتەوە بۆ ناو شەقامەکانی کۆمەڵگەی ئێران،بەڵام خەڵکی ئێرانیش بەگشتی جگە لە چاکسازی ئابووری و خۆشگوزەرانی بیر لە رووخانی بنەماکانی سیستەمی دەسەڵاتداری ناکەنەوە.چۆن ئەزموونەکانی وڵاتانی دڕاوسی ئێران بۆ خەڵک بۆتە ئەزموونێکی دەوڵەمەند لەرووی روخانی و هەڵگیرساندنی جەنگی چەکداری.
ئاراستەکەرانی خۆپێشاندانەکان تاکوو ئێستا جگە لەکۆمەڵێک دروشمی سەرەتایی بۆ نان هیچی تریان ئاشکرا نەکردوە،بەڵام ئەویکە کە لەناوخۆی دەسەڵات باڵێکی مووحافێزەکاران بەسەرۆکایەتی "مەحموود ئەحمەدی نیژاد" خۆیان خزاندۆتە ناو خۆپێشاندەران و هیدایەتیان دەکەن،لەدژی بەرژەوەندی و هەژموونی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران "خامنەیی"تاکوو ئێستا وەک دەنگۆیەک وایە.
من پێموایە ئەم شەپۆڵەش لە خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی ئێران وەک زۆربەی شەپۆڵەکانی تر لەماوەیەکی زۆر کەمدا بێ ئەوەی ئەنجام و دەستکەوتی گرنگی هەبێت دەنیشێتەوە و ناتوانی ببێتە هەڕەشەیەکی زۆر مەزن و جیدی لە سەر دەسەڵاتی سیاسی ئێران،سەڕەرای ئەوەیکە کۆمەڵگای جیهانی و بەتایبەتی وڵاتی ئەمریکا زۆر بەئاشکرا پشتیووانی خۆیان دەڕبریوە لە خۆپێشاندەران وەک هیوا و دڵگەرمیەک بۆ خرۆشاندنی زیاتری شەقامی ئێران،چۆن بەرپرسانی نوێ کابینەی "دۆناڵد تڕامپ" پێیانوایە کۆماری ئیسلامی ترسێکی زۆری هەیە لە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی جەماوەر،بەڵام ئەوەش ئەم حەقیقەتە شیرینە نییە کە هەموو دڵی پێ خۆش بکەن.
لەڕاستیدا دەسەڵاتێک کەخۆی دەرگاکانی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیانەی بەسەر هاووڵاتیانی خۆیدا داخستووە،هەر دەبێ چاوەڕی تەقینەوەی ڕەق و تووڕەیی هاووڵاتیانی خۆی بکات،ئەوەش دێتە ئەو مانایەی کە دەسەڵات خۆشی پێخۆشە هەرچەند جارێک خەڵک خۆپێشاندانی لەدژی دروست بکەن بۆ ئەوەی مەشرووعیەتی بەناو دیمۆکراسی و ڕێزگرتن لەدەنگە جیاوازەکانی نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە،ئەوەی ئێستاش تا ڕادەیەکی زۆر بەو مانایەی دێتە پێش چاو بەجیاواز لە نەتەوەکانی تری دانیشتووی ئێران کە ئەم خۆپێشاندانە بە یاری مۆرەکانی خودی دەسەڵاتی مەزهەبی ئێران لێکدەدەنەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست