بانێکە و دوو هەوایە! کورد و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان
Thursday, 04/01/2018, 5:24
چەند رۆژێکە شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی ئێران دژ بە ئاخوون و رێبەرانی دەوڵەت لە سەرانسەری ئێران تەواوی ووڵاتی هەژەندووە و جیهانیشی هێناوەتە دەنگ. بە سەدان کەس دەستگیر کراون و بە دەیانیش کوشتاری تێدا کەوتووەتەوە.
رێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی هێز و لایەنی دەرەکی بە بەرپرسبوون بەرامبەر بە ئاڵۆزی خۆپیشاندانەکان تاوانبار دەکات. خامەنەیی لە یەکەم رەتکاریدا بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان رۆژی سێشەممە ووتی: "دوژمنانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا بە پارە و چەک و بە پشتگیری سیاسی یارمەتی گێرەشێوێنانیان دا، بۆ ئەوی زیان بە ئێران بگەیەنن."
ئەمەریکا سەرلەنوێ رەخنەکانی دژی رێبەرانی ئێران دووپات کردەوە. سارا ساندەرس، ووتەبێژی دۆناڵد ترەمپ ووتی: "کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت چیتر بێدەنگ بوەستێت بەرامبەر بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رووبەڕووبوونەوەیان بە چەک. ئەم خۆپیشاندانە بریتین لە راپەڕینێکی میللی رێکخراو، رێکخراو لە لایەن هاووڵاتیانی بەجەرگی ئێرانەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەو ناڕەزاییانە داوای گۆڕینی رژێم دەکات لە ئێران. ئەو لە "تویت" ێکدا رایگەیاند: "خەڵکی ئێران ناتوانن چیدی قەبووڵ بکەن کە پارە و بژێوی و خۆشگوزەرانیان بە تاڵان ببرێت و لە پێناوی کاری تێرۆریزمیدا سەرف بکرێت. گەلی مەزنی ئێرانی چەندین ساڵە دەچەوسێنەوە و، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، رژێم بگۆڕدرێت".
نیکی هەیلی، باڵوێزی ئەمەریکا لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی شورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. لە داواکاریەدا ووتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت رای خۆی رابگەیەنێت. هەم لە شورای ئاسایش و هەم شورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف دەبێت دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و کوشتارکردنیان بکرێن بە ئەجیندا".
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەم پرسیارە ئاڕاستەی تەرمپ و ساندەرس و هیلەی بکەم:
ئا یا کاتێ دوای رێفەرندوومی هەرێمی کوردستان سێ دەوڵەتی زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (تورکیا و ئێران و عێراق) گەلەکۆمەکێیان لە گەلی کوردی (بە هەر حاڵ چەوساوەو سەرکوتکراو) لە هەرێمی کوردستان کرد و بە چەکی قورس و بە ریزێک لە میلیشیای غەیری نیزامی ئێرانی و عیراقی کە بە ناوی "حەشدی شەعبی" لە لەشکرێکی دڕندەی گەورەدا خۆیان رێک خستووە، هێرشیان کردە سەر کوردستان و خاکی کوردستانیان داگیر کرد و کەوتنە جینۆسایدکردنی خەڵکی ناوچە جێناکۆکان، بۆچی ساندەرس و هیلەی وە ترەمپ بەرگریان لە کورد نەکرد و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکرد؟؟؟؟؟ - لە کاتێکدا کورد هاوپەیمانی ئەوان بوو لە شەڕی "داعش" دا.
کاتێ حەشدی شیعی تورکمانی و حەشدی شەعبی رەگەزپەرستی عەرەب کەوتنە سوتاندن و رووخاندنی ماڵی کورد لە توزخورماتوو وە ئاوارەکردن و کووشتنی دانیشتووانی کورد و تەعەداکردن لێنان، چەندین لایەنی کوردی و تەنانەت رێکخراوی مافی مرۆڤی لە کوردستان بەردەوام هانایان دەبرد بۆ رای گشتی جیهان و ووڵاتانی هاوپەیمانی کورد لە شەری دژ بە "داعش" و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لێدەکردن، کە فریای کورد بکەون، بەڵام هەموویان خۆیان کەڕ و لاڵ و نابینا کردبوو وە گەلی کوردیان وەک نێچیر خستە بەردەستی هێزە دڕندە رەگەسپەرستەکانی ناوچەکە. هەر ئەو ئێرانەی کە ئێستا ئەمەریکا لە سەر خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران لێی راست بووەتەوە، هەر ئەو ئێرانە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا شانبەشانی عێراق برژنە ناو خاکی کوردستان و سەرزەوی کورد داگیر بکەن ماڵیان تاڵان بکەن و سەرباری ئەوەش گەمارۆی ئابووری سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەن.
تەنانەت ووتەبێژانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندنی رۆژنامەنووسیدا دەیانووت: "بەڵگە بەدەستەوە نیە، کە ماڵی کورد لە توزخورماتوو سووتێنراو و رووخێندرا بێت و خاوەنەکانیان ئاوارە کرابن".
لێرەدا ئەو پەندە کوردیە دێتەوە یادم، کە دەڵێت: "بانێکە و دوو هەوایە".
ئەوەی کە بۆ گەلان و میللەتانی تر دەشێ و بەرگریکردن لێیان بە پێویست دادەنرێت، بۆ کورد ناشێ و نەشیاوە.
میللەتانی تر لە باوکە شازادەکەن و گەلی کوردیش لە خلەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست