خۆپیشاندان لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست
Thursday, 04/01/2018, 4:56
وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست یاخود دەسەڵاتدارانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندى گەلەکەیان لە بەرچاو ناگرن چونکە سیستمى دیکتاتۆرى پەیڕەو دەکەن ئەم جۆرە سیستمە لە ڕێگەى هێزى سەربازى و پۆلیسەوە دەسەڵاتى خۆیان دەچەسپێنن . ئەم جۆرە دەسەڵاتانە تەمەنیان کورتە بەهۆى ئەوەى گەل و هاوڵاتیانى بەلاوە ناوە و سامانى وڵات بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکار دەهێنن و بەتاڵانى دەبەن . وە ئەگەر وڵات بە ڕێژەیەکى کەم پیشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت ئەو پێشکەوتنە کەمەش تێک دەدەن بەهۆى سیستمى دیکتاتۆرى لە دەسەڵات و سەرکوتکردنى گەل .
هەمیشە گەل پشکى شێرى هەیە لە قوربانى دان بۆ نیشتیمانێکى جوان و دادپەروەرانە ، بەڵام ئەم قوربانیدانە دەبێتە هۆى دروستکردنى برسێتى و گرانى و بیکارى و نەبوونى ئازادى و دادپەروەرى و بیروبۆچونى جیاوازى سیاسى و سەرکوتکردن یاخود چەوسانەوەى گەلێک لە لایەن گەلێکى کەوە .
ئەم جۆرە دەسەلاتداریە ئەنجامى خراپى لێ دەکەوێتەوە ئەوەشى کە بە ڕێژەیەکى کەم پێشکەوتنى بەخۆیەوە بینیوە سەر لە نوێ دەگەڕێتەوە بۆ خاڵى (هیچ ) وەک چۆن لە سوریا و عیراق کاولکارى ڕوویدا .
دەسەڵاتداران لە حکومدارێتى دا بەرژەوەندى خۆیان پێش بەرژەوەندى گەل و خەڵک دەخەن ئەمەش دەبێتە هۆى ناڕەزایى گەل و خەڵک لە خراپ بەکارهێنانى سامانى گشتى وە خراپ بەڕێوەبردنى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و دادپەروەرى .
گەل کە تینى برسێتى و گرانى و بێکارى و نەبوونى ئازادى و دادپەروەرى و بەتاڵان بردنى سامانى گشتى و سەرکوتکردنى بۆ هات هەوڵى ڕاپەڕین و خۆپیشاندان دەدات دژى ستەم و زوڵم . لەوکاتەدا ئەم دیکتاتۆرو خوسەپێنانە هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانانە بە ڕێگایەکى کە بەرن و دەڵێن دەستى دەرەکى و تێکدەر لە پشت خۆپیشاندەرانە و دەیانەوێت دامەزراوەکانمان لە دەست بدەین .
لیبیا کاتێک گەلەکەى ڕاپەڕی دەسەڵاتداران دەیانگوت ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا چاویان بڕیوەتە نەوەتى لیبیا و ئەیانەوێت لیبیا داگیرکەن وە مافیان بەخۆیان دەدا کە بەرهەڵستى بکەن دژى خۆپیشاندەران .
لە کوردستانى باشووریش کە گەل خۆپیشاندانى دەکرد دەسەڵاتداران دەیانگوت دەستی ئێرانە لەگەڵ عێراق بۆ تێکدانى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان .
لە سوریاش بە هەمان شێوە گەل کە خۆپیشاندانى کرد دژى ڕژێمى ئەسەد دەیانگوت لە لایەن سعودیە و ئەمریکا و تورکیا وە ئاراستە کراون .
لە ئێستاشدا لە ئێران گەل دژى گرانى و برسێتى و بێکارى و نەبونى ئازادى و سەرکوتکردن و بەتاڵان بردنى سامانى گشتى خۆپیشاندان دەکەن ، دەسەڵاتداران دەڵێن ئەمریکا لە پشت خۆپیشاندەرانە و دژى دامەزراوە حکومیەکان و ئاسایشى نەتەوەییە .
بەم شێوەیە دیکتاتۆرەکان هەوڵ دەدەن لەسەر دەسەڵات بمێننەوە و هیچ ئاوڕێک لە گەلى خۆیان نەدەنەوە ، وە ناتوانن مافە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکەن و برسێتى و گرانى و بێکارى و نەبونى ئازادى سیاسى لە وڵاتدا نەهێڵن بە شێوەیەکى دیموکراتى . وە نابێت ئەوەندە دەستى تاوان درێژ بکەن بۆ وڵاتێکى کە چونکە خودى دەسەڵات تاوان بارە بە ئەنجام دانى خۆپیشاندان و ڕاپەڕین دژى خۆیان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست