کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ عەدنان کۆچەر ، پاڵەوانەکەت ساختەیە

Saturday, 30/12/2017, 19:24


ئەلبەرت کامۆ: [لەو تاقمە ماستاوچییە، سوک و ڕیسوا و هیچ و پوچتر نییە،کە هەموو عەیب و عارەکانی دەسەڵات دەبینن،کەچی هەر چەپڵەی بۆ لێدەدەن.] 
پەندێکی کۆری: {گەر نەتتوانی قسەی هەق بکەیت چەپڵەش بۆ ناهەق لێمەدە}
گۆران هەڵەبجەیی: پارەیەک بە ماستاوکردن بەدەستبێت، ئەوە پارە نییە، بەڵکو  نرخی ڕۆچوونی مۆراڵ و  کەسایەتییە
--------------------------
ماوەیەکە عەدنان کۆچەر ، ئەو کەسەی لای لاهور شێخ جەنگی کاردەکات، کە  نازانم  لەوێ چ کارەیە ،[ پێدەچێت ڕاوێژکاری سەربازی بێت]، بە نووسین کەوتووەتە پیاهەڵدانی لاهور شێخ جەنگی و هەروەها یەکێتی ، کە نوێترینیان ئەم بابەتە بوو {لێگەڕین  لاهوڕ تالەبانی ئارامی بێنێتەوە }کە لە ماڵپەڕی وتارکورددا لە 12،22 دا بڵاو کرابوویەوە.
سەرەتا گومانم لەوە هەیە کە ئەو نووسینانە هی خودی عەدنان بن ، چونکە بەوەی من دەیناسم و ساڵانێک لە چاک پێکەوە کارمان کردووە ،  توانای نووسینی ، بێ هەڵەو بە زمانێکی پاراو   زۆر لاوازە. بەهەرحاڵ با ئەو باسە هەڵگرین بۆ دەرفەتێکی  تر.
کەلتوورێکی ناشیرین  لە ڕۆژهەڵاتی نێوەندا  لە زۆر بواردا  بەردەوام خۆی  نمایش دەکات، ئەویش کەلتووری خۆ بردنە پێشەوەیە، یا خۆخۆشەویستکردنە لەبەرچاوی سەرووتر ،کە بە زمانە شەعبیەکەی خۆمان پیی دەڵین [ماستاوچی] یا{ شانتەکێن}، بەعەرەبیش پیی دەڵین[لگلگی].
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەو  ماستاوچییانە  ئامانجیان تەنها لەیەک شتدا خۆی دەبینێتەوە ، ئەویش  خۆ بردنە پێشەوە، خۆ جوانکردن و خۆشیرین کردنە لە بەر دیدی بەرپەرسەکانیان{ئاغاکانیان} ، چونکە ئەمانە لە ئەسڵدا هەگەبەی فیکری و مەعریفی و زانستیان  بەتاڵەو هیچ شک نابەن  تا پێگەیەکی شایستەی  پی پڕبکەنەوە   ، هێزی بزووینەر و ئەزموونی ڕابردوویان هێندە هەژارە ناتوانن بگەنە پلەیەک تا پێی بژین ، هاوکات قەناعەتێکی جێگیری ئایدۆلۆجیشیان نییە،لەکن چ حیزبێک پارەی کرد خزمەتەکەیان لەوێ   هەڕاج دەکەن ، بۆیە ناجار پەنا بۆ ئەو جۆرە کارانە دەبەن تا بە پەیژەی ڕزیودا سەربکەون.
ئاخر ئەمە ئەپەڕی بێڕووییە کەسێک تەنها بۆ خۆبردنە پێشەوە کەسێکی سەرکووتکەر  بکاتە پاڵەوان و فریادڕەس و سۆپەرمان.
مەنتەلیتیتی تاکی کورد وایە ،هەر سەرکردەیەک، سەرۆکی حیزبیک   یا پیاوێکی دەسەڵاتدار بچێتە ژینگەکەیانەوە یا باژێڕێکەوە، لەدەوری کۆدەبنەوە و بڕێک لە گەنجەکانیش  سێلڤی لەگەڵدا دەگرن ، .بۆ ڕۆژی دوایی  گەر   کەسێکی نەیاری کەسی یەکەم و  لە حیزبێکی دژ بچێتە هەمان شوێن ،دیسان هەمان  خەڵک لێی کۆدبنەوە و سێلڤی لەگەڵدا دەگرن. بەڵام   گەر نارەزایی هاتەئاراوە ئەوە هەمان جەماوەر دەچن بارەگاکانیان دەسوتێنن یا بەردبارانیان دەکەن. دیارە ئەمەش  پەیووندی بە ئاستی هۆشیاریەوە هەیە، نەک بەخۆشەوستی تاکەکان بۆ ئەو کەسە یا ئەو حیزبە.
کەواتە پێشوازی کۆمەڵە گەنجێکی ڕانیە   یا هەر باژێڕێکی تر  لە لاهور ، یا هەر کەسێکی دیکە ، ناکرێ بەوە لێکبدرێتەوە کە ئەو زاتە  خۆشەویست و پاک و دلسۆز و پاڵەوانە.
لەگەڵ ڕێزمدا بۆ عومەر کڵۆڵ [سەرۆکی حیزبی کەران] کە تاسەر ئیسقان کەسێکی پاکەو لە زۆر سیاسی فاشل دڵسۆزترە ،گەر ئەویش برواتە رانیە یا هەر باژیریکی تری کوردستان ، لەو بڕوایەدام  لەوەی لاهور زیاتر خەڵک لە دەوری کۆدەبێتەوە ، پاشان کەسیش پروپاگەندەی پاڵەوانیەتی بۆ ناکات.
زۆر  سەیرە  لام عەدنان دەڵیت لێگەڕین با لاهور ئارامی بێنێتەوە. ئەز دەپرسم کێ دەستی گرەتووە بۆ نایهێنێتەوە ؟
ئەرێ بەڕاست هیج لەمپەرێک هەیە لەبەردەم لاهوردا ؟ خۆ لە ئیستادا  بە پراکتیک  لاهور و برا و ئامۆزاکانی یا دروستر بڵیم بنەماڵەی تاڵەبانی  حوکمی زۆنی سەوز دەکەن و کەس منافسیان نییە .بە ئارەزووی خۆیان بە سەیارەی جام ڕەشی بێ ژمارە لە فڕۆکەخانەوە خەڵک دەفڕینن، کەناڵی تەلەفزیۆن دادەخەن، هێزی دژە تیرۆر بە شەقامەکاندا بڵاو دەکەنەو ،خەڵک دەگرن  ،دۆخی سەربازی دەسەپینن. ئەمانە هیچ حسابێک بۆ  سەرکردایەتی یەکێتی ، بۆ پارێزگار، بۆ  یاسا و دادگا و هیچ دامەزراوەیەکی دیکە  ناکەن و خۆیان لەسەری هەموو دەسەڵاتێکەوە دەبیننەوە.
جا گەر کەسێک یا چەند کەسێکی دیاریکراو  جڵەوەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت و بە خواستی خۆیان چۆنیان بوێت بیجوڵینن ، ڕیمۆن کۆنترۆڵ لەدەستی خۆیاندا بیت ،ئەی بۆ چاکی ناکەن ؟چ  ئاستەنگیەک  لە ڕێگەیاندا هەیە؟
عەدنان   دەیەویت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە ،دەخوازێت پێمان بڵێت ئەو کارانەی دژ بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراون ، یا هەرچی  گەندەڵی ، نادادپەروەری،دزی، بێموچەیی،شکستی سیاسی و سەربازی هەن دەستی  لاهوری تیدا نییە و  کەسێکی تاسەرئێسک دڵسۆز و خەمخۆری خەڵکە و گەر دەسەڵاتی هەبێت بە[ کوون فەیەکونێک]  مەملەکەتی سەوز دەکات  بە شامی شەریف.دیارە عەدنان زۆر کۆڵەوارە لە سیاستدا ،دەنا دەبوو بیزانیایە کەسێک لە ماوەی ساڵانی ڕابردووی  دەسەڵاتی جووت حیزبدا  و تاکو ئەمڕۆش بەشێک بێت لە پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە گەندڵ و فاشل و سەرکووتکەرە، بە تایبەتیش پۆستێکی هەستیاری بەدەستەوە بێت ، بێگومان ناتوانێت ڕەوشەکە چاک بکات ،چونکە خودی  خۆیان هێندە خراپیان کردووە ، کەڵکی چاککردنی نەماوە  .ئەوان تەنها شتێک دەتوانن بیکەن  زیاتر خراپترکردنی ڕەوشەکەیە .
خۆ  ئەگەر وا تێفکرێیت کە  هێمنی و ئارامی و سەقامگیری  لە  ڕێگەی بەکارهێنانی هێز و ترس و لوولەی تفەنگەوە فەراهەم دێت، ئەوە زۆر هەڵەیت  ، چونکە ئەوە ئارامیەکی ساختەیە و لە دەرفەتێکی گونجاودا ناڕەزاییەکان لە جۆرەها فۆرمدا سەرهەڵدەدەنەوە  .
من دەزانم عەدنان  کوێی دێشێت ، گەرەکیەتی بەم بابەتانەی  ڕێگە خۆش بکات بۆ لاهور تا  لە ئایندەدا لە نێو یەكێتیدا بگات بەو  پۆستەی کە دەیخوازیت ، ئەم ئەستۆپاکی بۆ دەنووسێتەوە ،لێ ئەستۆپاکیەکی ساختە.
لە عەدنان دەپرسم کەسێک خیانەتی لە گەلەکەی کردبێت و پتر لە ٪50 ی خاکی وڵاتەکەی بە دیاری بەخشیبێتە دوژمن ، خاوەنی دەزگایەکی مەترسیدار و سەرکووتکەر بێت ، چۆن دەتوانێت ئارامی ڕاستەقینە مەیسەربکات؟
ئاساییە  کەسێک هەر حیزب و ئایدۆلاجیاو ڕیبازێک هەڵدەبژیرێت ، بەلام ئاسایی نییە گەر لە پێناوی ناو  و پۆست و پارە و بەرژەوەندیدا ئەو کارە بکات. عەدنان لە خیزانێکی شیوعی چاوی بە دنیا هەڵهێناوە ، باوکی تێکۆشەرێکی  مەزن و خاوەن بیروباوەڕ بوو ، هەر لە پێناوی بیروباوەرەکەیدا  دژی بەعس جەنگا و تا دوافیشەک مقاومەی کرد، هەر لەوێشدا گیانی خۆی بە خاک و حیزبەکەی  بەخشی  .جا گەر ئیستا  ئەو باوکە قارەمانە بمایە ،بێگومان  بەم هەڵویستەی کوڕەکەی زۆر  نیگەران دەبوو  . 
لەکۆتایدا ئێژم ،گەر پارەیەک بە ماستاوکردن بەدەستبێت، ئەوە پارە نییە، بەڵکو  نرخی ڕۆچوونی مۆراڵ و  کەسایەتییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە