پایزی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی
Saturday, 30/12/2017, 0:51
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٨ ی ١٢ و دواتر کە لە تەقتەق و کۆیە و ڕانیە و چەمچەماڵ و سلەیمانی و...ڕویاندا و ڕوداوی توندوتیژیان لێکەوتەوە، بە نەخشە و پلانی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ڕێکنەخرابون و نەبرابون بەڕێوە، بەڵکو بە دەسپێشخەریی خۆبەخۆ و عەفەویی سەدان چالاکوانی مەدەنی لە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بە تایبەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجامدرا، دوکتۆر یوسف محەمەدیش کە بەشدار بو لە خۆپیشاندانەکەی سلەیمانی وەک کەسێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەرۆکی پەرلەمانی کوردوستان بەشداربو نەک وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان. لە ڕەواندز و هەولێر هەوڵدرا بە مۆڵەتی ڕەسمی خۆپیشاندان سازبکرێ بەڵام دەسەڵاتی پارتی داوا ڕەسمیەکەیانی دایەدواوە، لە شیلادزێی نزیک بارزان و لە دهۆک خۆبەخۆ چەند چالاکوانێکی گەنج خڕبونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر حکومەتی هەرێم دەربڕی، ئەگەر دەسەڵاتی موتڵەقی تفەنگچیە کرێگرتەکانی پارتی نەبوایە بەدڵنیاییەوە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک وەک سلێمانی خۆبەخۆ دەڕژانە سەرجادەکان. کەواتە ئەوەی پاسەوانە کەرەڤات لەملەکانی دەسەڵاتی ستەمگەری پارتی و یەکێتی لە (ڕۆژنامەنوس، نوسەر، پێشکەشکاری تەلەفیزۆن، دۆلارملیۆندار و ملیاردارە کان...) دەیڵێن گوایە خۆپیشاندانەکان بە پیلان و نەخشەی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچن قەوانێکی سواوی دەنگناخۆشە کە دەسەڵاتداران خۆیشیان بڕوایان پێی نەماوە. دیارە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ناتوانن تۆمەتی ناڕەوای ئەوە بدەنە پاڵ خۆپیشاندەران کە گوایە جاسوسی ئێران یا تورکیا یا عێراق بن، چونکە کەس جاسوسی بە بێ پارە ناکات و ئەو سێ دەوڵەتەش ئەوندە پارەیان لێزیاد نیە بیدەن بە سەدان هەزار خۆپیشاندەر. لە ڕاستیدا سەیر و سەرسوڕهێن ئەوەیە کە بەسەدان هەزار ژن و پیاو و هەرزەکاری برسیکراو و بێکار و کرێچی و قەرزار و بێلانە و کەمئەندام و نەخۆش و زیندانیی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و خانەنشینکراو ... بەردەوام نایەنە سەرجادەکان و داوای دەسبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناکەن؟ حکومەتەکەی نێچیروان و قوباد لە ناو کوردوستاندا بوەتە بابەتی گاڵتە و لاقرتیی هاوڵاتیان، حەیدەرعەبادی هەر بێزی نایە بە ڕەسمی وەڵامی پاڕانەوەکانی نێچیروان بارزانی بداتەوە بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لە گەڵی، لە ئەمریکا وە پسپۆڕی ناوداری سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (مایکل ڕۆبن) دەیان جار بە بەڵگە و دۆکومێنت سەلماندویەتی کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ملیاردەها دۆلاری نەوتی کوردوستانیان بردوە بۆ خۆیان و لە بانکەکانی دنیادا خەواندویانە. دەسەڵاتداران وێڕای ئەو هەمو جاسوس و چەکدار و پارە یەی هەیانە کەچی هەر دەترسن وهەمو جموجوڵێکیان لێدەبێتە پیلان بۆ کۆتایی پێهێنانیان، بەڵام نهێنیی مانەوەیان ئەوەیە کە دژەکانیان لەوان زۆرتر دەترسن! لە دوای ڕۆژی ٢٠ ی ١٢ وە کە گۆڕان و کۆمەڵ بە ڕەسمی لە حکومەت هاتنەدەرەوە، ئیتر کاتی شکاندنی دیوارەکانی ترسە ، ئیتر ئەوە بەس نیە ئەوان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و زانایانی ئاینی و حیزبەکانی تر بەیان دەربکەن و لە شوێنی خۆیانەوە بەدەم بڵێن کە پشتگیریی خۆپیشاندانەکان دەکەن ، بەڵکو ئیتر دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردوستان هەمو ئەو هێز و لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتیانە خۆیان دەسپێکەر و ڕێکخەر و پێشەنگی خۆپیشاندانە ناتوندوتیژەکان بن بۆ ناچارکردنی حکومەت کە هەڵبوەشێتەوە و بە زوترین کات حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی دروستبکرێ لە کەسایەتیی پسپۆڕ و لێزان و دڵسۆز و پاک. لە مێژوی بیست وشەش ساڵی دەسەلاتیاندا دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەر گیز وا لاواز و شکاو و بێڕێز و ناڕەوا و دزێو نەبوە ! من دڵنیام ئەوەی پێویستمانە تەنیا بوێری و ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردنی هەمو شێوازە مەدەنییەکانی خەباتە لە دژی ئەم دەسەڵاتە عەجایب و بێ وێنەیە! بەهاری ڕاستقینەی ئەم گەلە کۆڵنەدەرە بەڕێوەیە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست