پەیامی تێکەڵ
Tuesday, 26/12/2017, 2:14
ئەوەی بەرنامەی سیاسی سەرئەخا،پەیامێکی ڕوون و کارکردنێکی بەردەوامە
لەڕۆژانی ڕابردوو لە باشووری کوردستان ٢ جۆر پەیام دران بەگوێماندا کە هی یەکەمیان مامۆستایان داوای مووچەکانی خۆیان کرد کە لەماوەی ڕابردوودا پێیان نەداوون. بەرانبەر ئەم داوایەی مامۆستایان ، توێژی گەنجان داوای ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بوو بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە کلك گرێدراوە ناوخۆییە.
ئەم ٢ جۆر لە داخوازی و پەیامانە هیچ کات خزمەت نەبە مامۆستایان و نەبە گەنجان و توێژی یاخی کۆمەڵگا ناکا و هەنگاوێکی تر دووریان ئەخاتەوە،لە ئامانجەکانیان. گەلێ پێوستە جۆرێ لەهەماهەنگی بێتە ئاراوە و پێکەوە پێشەوایی ناڕەزایەتیەکان ،بکەن. ڕاستە مووچەخۆران مافی خۆیانە هەڵپە بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکانیان و لەهەمان کاتدا گەنجە تووڕە و یاخیەکان هەوڵبدەن بۆ ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆیان،لێ گرنگ ئەوەیە پیلان و بەرنامە و ڕێکخەریك وەیان گرووپێکی هاوساز هەبن تا بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن.
بایکۆتی مامۆستایان و دواتر هاتنە نێو گۆڕەپانەکە و خۆپیشاندانیان کرد لەتەك ئەو خەڵکانەی چیتر باوەڕیان بەم دەسەڵاتە نەماوە و داوای کۆتایی هێنانیان ئەکەن،توانیان ئەو خۆپیشاندانە بگۆڕن بە ڕاپەڕین. ئەوەی ئەم جارە ڕوویدا بەبڕوای من،ڕاپەڕین بوو لەوەی زیاتر خۆپیشاندان بوبێ. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو هۆکارەی سەرەوە ئاماژەم پێبدابوو،نەتوانرا بەردەوامی پێبدرێ و لەڕێگای هێزەوە کۆتایی پێهێنرا. کەوابوو؛ ئەمە سەرەتایەکی باشە و ئەشێ لەکاتێکی تردا بگەڕێنەوە سەر ئەو خاڵەی وازیان لێهێنا و بەردەوامی پێبدەن،کەدواجار سەرکەوتن بەدەست دێنن.
خۆشبەختانە دەرکەوت بۆ یەکەمین جار هێزێکی خۆبەخش هەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم دەسەڵات و حزبانەی پاشکۆیان. ئەمە خاڵێکی گەلێ مەزن و پۆزەتیڤانەیەی شەقامە کە لەمەو دوا خۆیان ئەتوانن جڵەوی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامی پێبدەن. وە ئەبێ لەمەو دوا بتوانن لەگەڵ هەر ناڕەزایی و توڕەییەکان خۆیان بگونجێنن و یەکیان بخەن و بیکەنە پاکێجێك بۆ نەخشە ڕێگای سەرکەوتنیان.
بارەگا سووتاندن: ڕەنگە زۆربەمان لەگەڵ سووتاندنی بارەگاکان نەبوو بین،لێ بەندە زۆر جەخت لەوە ئەکەمەوە کە پێوستە ئەم بارەگایانە بکرێنە ئامانج و نەك هەر بسووتێنرێن،بەڵکە لەگەڵ زەویدا تەخت بکرێن. ئەم بارەگایانە تا ئەو کاتەی ئەم حزبانە هەبن بەهیچ شێوەك موڵکی گەل نین. ئەم بارەگایانە جگە لەوەی نەوەیەکی کڵۆڵ و چەنەباز و هیچ لەبارانەبوو، ئەنێرنە ناو کۆمەڵگا. لەهەمان کاتدا نەوەیەکی مڵشۆڕ،ترسنۆك،بەرژەوەندی خواز،ئامادە بۆ هەر خیانەت و سیخوڕیەك بەسەر خاك و خەڵکدا بەرهەم دێنن .ئاخۆ ئەبێ لە سووتاندن زیاتر چیتری لێبکرێ؟! ناشبێ ئەوەمان لە یاد چێ کە ئەم بارەگایانە وەك سیمبول و کارەکتەری ئەو حزبانە وایە. بۆیە پێوستە تێك و پیك بدرێن و شکۆیان لەناو ببردرێ.
زێڕەڤانی: هێنانی ئەم هێزە بەزیوە پیلانی هەریەك لە ئێران و تورکیایە لەڕێگای پارتی و یەکێتیەوە بۆ ئەوەی قەبارەی کێشە و قەیرانەکان زیاتر قووڵ بکەنەوە وهاوڵاتی زیاتر سەرکوت بکەن. ئێران و تورکیا دوای ڕیفراندۆم هەموو هێزی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان زیاتر هیلاك و ماندوو بکەن و نەیەڵن هەناسە بەئاسانی بە جەستەیدا ،تێپەڕێ. کاتێ یەکێتی ئەبینن تەواو لێك ترازاوە و بێ سەروبەری هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتەی تەنیوەتەوە،ئەوا دوژمنان ئەزانن نەمانی هەریەك لە یەکێتی و پارتی واتە نەمانی هەموونیان لەناوچەکە و بەهێزبوونی،پەکەکە. هەربۆیە دوای ئەوەی زانرا یەکێتی بەتەواوی لێك هەڵوەشاوەتە،هێزی گەل لەقەندیل کانتۆنێکی سەربەخۆ پێك دێنن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە بەهێزێکی تری وەك (داعش)لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە،پڕنەکرێتەوە.
گرنگە لە ئێستاوە هەریەك لەو گەنجانە هەڵسن بەدروست کردنی لیژنەی ناوخۆو پەیوەندی ڕاستەخۆیان لەگەڵ پەکەکە هەبێ و هەماهەنگ بن لەنیوانیان،لەبەرئەوەی هەریەك لەیەکێتی و پارتی دوا ساتەکانی تەمەنی پۆخڵیان،بەسەر ئەبەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست