لەتیف رەشید" مەسعود بارزانی لەپشتی پەردەوە حوكمی خۆی ئەكات
Tuesday, 26/12/2017, 1:13
حكومەتی هەرێمیش شكستی هێناوەو ئەبێ بڕوات
دكتۆر لەتیف رەشید گەورە راوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" مەسعود بارزانی دەستی لەدەسەڵات هەڵنەگرتوە، ئێستاش لەپشتی پەردەوە هەمو دەسەڵاتەكانی خۆی مومارەسە ئەكات، حكومەتیش هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەهاتوەو، حكومەتێكی شكستخواردوەو ئەبێ بڕوات". ئاماژەی بەوەشداوە" سەرلەبەری ناكۆكیەكانی نێوان هەولێرو بەغداش سەبەبەكەی میزاجی شەخسی سەركردەكانە بەتایبەتیش مەسعود بارزانی".
دكتۆر لەتیف كە پێشتر وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق بوەو ئێستا بەكەسایەتیەكی سیاسی گەورە لەسەر ئاستی عیراقدا دەناسرێت لەدیدارێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ رۆژنامەی ( سەباح ئەلجەدید) ی بەغدادی تیشكی خستە سەر ناكۆكیەكانی نێوان هەرێمو بەغداو هۆكارەكانی پشتی ئەم ناكۆكیانە و ئاسۆی چارەسەریەكان و وتی" بەداخەوە هیچ ئەساسێكی ئایدیایی وسیاسی وئابوری نابینم بۆ ناكۆكیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەڵكو مەسەلەكە سەرلەبەری میزاجی شەخسی بەشێك لە سەركردەكانمانە بەتایبەتیش مەسعود بارزانی كە كاری سیاسی بەمیزاجی شەخسییەوە ئەكات و وەزعی میللەتەكەی گەیاندە ئەو رۆژەوە، كە میللەت توشی قەیرانێكی قووڵی دارایی بوەو خەڵك نانی نەماوەو موچەی بڕاوە. هۆكاری سەرەكی ئەو ناكۆكیانەش ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی فاشیلی ئابوری و فرۆشتنی نەوتی كوردستان بەسەربەخۆیی و تەسلیم نەكردنی داهاتەكان بەبەغدا" . ئاماژەی بەوەشدا" بەغدا بەپێی یاسای بودجە ساڵانە بەشێكی بۆ كوردستان تەرخان كردوە، بەپێی یاساش ئەبێ تۆ كە پارە لەدەوڵەت وەرئەگری لەكۆتایی ساڵدا كەشفی حیساباتی بۆ بكەی، بۆ ئەوەی دەوڵەت بزانێ ئەم پارەیەت چۆن سەرفكردوە ، ئەبێ داهاتەكانت تەسلیم بكەی تا بەشی بودجە وەربگری ، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم پارەیان وەرگرتوەو كەس نازانی چی لێهاتوە، ئەم مەسەلانە بەگۆترە نابێ ، ئەبێ بەپێی یاسا دیاری بكەی پارەكە چوە بۆ كوێ ، هیچ مەعقوڵیش نیە لە هەرێمێكدا ئەو هەمو نەوتە دەربكرێ وهەناردە بكرێ تەنیا سێ كەس لەدەسەڵات بزانێ داهاتەكانی چۆنەو لەكوێیەو بۆ كوێ چوە ، نە پەرلەمان نە ئەنجومەنی وەزیران نە هیچ كەسێك لەم هەرێمە غەیری ئەو سێ كەسە نازانن داهاتەكە چەندەو بۆ كوێ ئەڕوات".
دكتۆر لەتیف لەدرێژەی قسەكانیدا راشكاوانە بەشێكی بەرپرسیاریەتی ئەو نەهامەتیانەی خستە سەرشانی بەغداشەوەو وتی" ئەوەی رویداوە تەنها حكومەتی هەرێم بەرپرسیار نیە لێی، بەڵكو بەشێكی حكومەتی ئیتحیادی لەئەستۆیەتی، چونكە كاتێك بەچاوی خۆی ئەم شتانەی بینیوە بێدەنگی لێكردوەو،تەنانەت ئەبوایە لەكاتی داخستنی پەرلەمانیشدا بەئەركی خۆی هەڵسایە".
لەوەڵامی ئەو پرسیارەش كەوا رەنگە حكومەتی بەغدا لەترسی روبەروبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم ئەم بێدەنگییەی كردبێ، وتی" رەنگە ئەمە وابێ، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە لەبەرامبەر ئەم هەمو پێشێلكارییانەی دەستورو یاسادا بێدەنگی بكات ، چونكە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی هەمو عیراقەو بەرپرسیارە لەهەر شتێك كە رووئەدات، بەتایبەت ئەمرۆ میللەتی كورد بەگشتی لەنەهامەتیدا ئەژین، میللەت كاری بەسەر ناكۆكی سیاسییەوە نیە، ئەو ئێستا بێ موچەیە نانی بڕاوەو برسییە، واجیبە لەسەر شانی حكومەتی بەغدا بەهانایەوە بچێ، عەبادی شەڕی گەندەڵی ئەكات ، لەگەڵ هەرێمدا ناكۆكە، هیچ پەیوەندی ئەمانە بەقوتی خەڵكەوە نیە، لەدونیادا نەبوە حكومەت موچەی خەڵكی نەدات، لەوڵاتان حكومەت بەم هۆكارەوە ئەروخێ،لێرەدا ئەگەر حكومەتی هەرێم بەشێكی گەورەی ئەم نەهامەتیانەی لەئەستۆ بێت، حكومەتی ئیتحیادیش بەشێكی بەر ئەكەوێ، بۆیە پێویستە بەغدا بەپەلە موچەی ئەو خەڵكە بنێرێ ، دواتر شەڕی خۆی لەسەر گەندەڵی بەرپرسانی هەرێمدا بكات".
سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەبارەی رادەستكردنی دەروازە سنوریەكانو فرۆكەخانەكانو داهاتی نەوت بۆ بەغدا وەكو پێشمەرجێك بۆ ناردنی بودجەی هەرێم، دكتۆر لەتیف وتی" نابێ ئەوەمان لەبێر بچێ كە حكومەتی هەرێم بەشێكە لەدەوڵەتی ئیتیحادی ، ئەمە بەدەستی خۆمان وەكو كورد لەدەستوری عیراقدا نوسیوە، ئەبێ حكومەتی هەرێم بەم پێوەرە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، دەستور دەسەڵاتەكانی هەرێم وحكومەتی ئیتیحادی دیاری كردوە، با بەپێی دەستور كێشەكان چارەسەر بكرێن، كێشەی ئەو وڵاتەی ئێمە لەوەدایە هەمو شتێكمان لەسەر كاغەز نوسیوە، بەڵام كەس پابەند نیە پێوەی.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانی نێوان هەولێرو بەغداش ئاماژەی بەوەدا" حكومەتی ئێستای هەرێم حكومەتێكی فاشیلەو، بەغداش ئەزانێ ئەم حكومەتە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان ناكات ، بۆیە نایەوێ لەگەڵی بكەوێتە دانوستانەوەو داوای وەفدی سەرجەم لایەنەكان ئەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان شارەزاییەكی سیاسی ئەوتۆی نیە بتوانێ لەدانوستان لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێ، پێویستە پەرلەمانی كوردستان رۆڵی هەبێ، بۆچی پەرلەمانی ئێمە نەیتوانیوە وەفدێك بنێرێتە بەغدا لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەراندا بكەوێتە گفتوگۆ و پرۆژەیەك ئامادە بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان؟. پێویستە پەرلەمان كار بۆ ئەوە بكات ئەم حكومەتە شكستخواردوەی ئێستای هەرێم دەست لەكار بكێشێتەوە و حكومەتێكی تازە دابمەزرێ تا قەناعەت بەبەغدا بێنێ كە ئەم حكومەتە تازەیە نوێنەرایەتی هەمو خەڵكی كوردستان ئەكات، ئەو كاتە بەغداش ناچار ئەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو حكومەتە تازەیە بكات، نەوەك حكومەتێك تەنها لەبەرژەوەندی حیزبەكانی دەسەڵاتدا بێت".
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا كەموكورتیەكە تەنها لەحكومەتی هەرێمدایە، یاخود بەغداش بەرپرسیارە، دكتۆر لەتیف وتی" هەڵبەت من ناڵێم ئەوانەی بەغدا هەمویان فریشتەن، ئەوانیش بەرپرسیارن، بەڵام نەئەبو حكومەتی ئیتیحیادی چاوپۆشی لەو هەمو ئیجرائاتەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی بكردایە بەرامبەر بەمیللەتەكەی، داخستنی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرانو سیاسەتی فاشیلی نەوتی سەربەخۆ ، بەحیزبیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت، ئەمانە بەگشتی كێشە سەرەكیەكانی هەرێمن كە نەئەبو حكومەتی ئیتحیای لەمەسئولیەتی را بكات، چونكە حكومەتی هەرێم بەشێكە لەدەوڵەتی فیدرالی بەپێی دەستوری عیراق، دەوڵەتێكی سەربەخۆ نیە تا هیچ حیساب بۆ حكومەتی ئیتحیادی نەكات، ئێستاش پێموایە ئەگەر ئەو حكومەتەی ئێستای هەرێم بگۆڕدرێ ، ئەوسا كەشێكی لەبارتر دێتە پێشەوە بۆ دانوستانو چارەسەری سەرجەم كێشەكان و گێڕانەوەی مافی هاوڵاتیانی كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست