وردەکاری کۆبونەوەی بارزانی و قاسم سلێمانی بڵاوکرایەوە
Tuesday, 26/12/2017, 1:00
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، بەمەبەستی ئەنجامدانی دوو کۆبونەوە بەکاروانێک ئۆتۆمبێلی گرانبەهاوە هاتوەتە هەرێمی کوردستان و ئێستاش لای مەسعود بارزانییە.
سەرچاوەیەکی تایبەت بەپێگەی (کورد میدیا)ی راگەیاند، " کاتژمێر 10:15 خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، عەبدوڵڵا ئاکرێ بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە ئێران لەگەڵ کاروانێک ئۆتۆمبێل کە ژمارەیان 9 ئۆتۆمبێل بوون و شەش-یان جۆری(لێگسس) و سێ ئۆتۆمبێلیشیان لە جۆری (تاهۆ) بوون و، سەرجەمیان ئۆتۆمبێلی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، لە حاجی ئۆمەرانەوە رۆیشتون و بە چۆماندا تێپەڕ بوون، هاوکات ئۆتۆمبێلێکی تاهۆ کە سەر بەرەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بووە لە پێش ئۆتۆمبێلەکانەوە رۆیشتووە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی"دواتر کاروانەکە گەیشتوەتە مەرزی حاجی ئۆمەران و چوار ئۆتۆبێلیان چونەتە خاکی ئێرانەوە و دوای ماوەیەک گەڕاونەتەوە خاکی هەرێم و لەکاتی گەڕانەوەیان و تیپەربوونیان بە بازگەی گومرگی حاجی ئۆمەران، دوان لە سەرنشینەکان ناسراوەتەوە كە ئەوانیش بریتییوون لە عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوندیەكانی ئیران و قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران-ی ئێران بوون .
بە وتەی سەرچاوەکە، مەبەست لە سەردانەکەی قاسم سلێمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی دوو کۆبونەوە بووە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، پاشانیش بۆ نانی نیوەڕۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ماوەنەتەوە".
تێبینی کارمەندێکی لڤین:
سەرچاوەی ئەم هەواڵە کوردستانپۆستە، بەڵام رێگا بە لڤین نەدرا کە وەکو سەرچاوە ئاماژەی پێبدرێت، چونکە لەلایەن دەسەڵاتەوە تەنانەت سانسۆر خراوەتە سەر ناوەکەیشی، بەتایبەتی کەسانی سەر بە دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی لە ناو لڤیندا کار دەکەن، بۆیە سەرچاوەکە کراوە بە کورد میدیا، لێرەدا من داوای لێبوردن لە کوردستانپۆست دەکەم، هەرچەندە دزییکردن هەر دزییە بە هەر شێوەیەک بێت، دزی لە سامان و نەوت، جیاوازیی نییە لە دزینی هزر، قەڵەم، بیر و بۆچوون و هەواڵی راگەیاندەکانی دیکە، دەسەڵات و حیزبەکان هەموو شتێکی ناشرینیان فێرمان کردووە، بۆیە نە پێمان تەرک دەکرێت! نە شەرمیش دەکەین.
(
لێرەوە کلیکی هەواڵەکەی کوردستانپۆست بکە)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست