من و یەکێتى لەدوو سەرگوزشتە و مێژوى جیاوازدا
Tuesday, 26/12/2017, 0:22
ساڵى هەشتاکان ئەو دەمەى تازە سەرو سەودام لەگەڵ سیاسەتدا دەست پێکردبوو، پێم وابو کە ئایدۆلۆژیاى کۆمەڵە هاوتاى قورئان بەرز وپیرۆزە و سەرانى یەکێتیشم هەریەکە بە خەلیفە و ئەولیا و ئەسحابەیەکى پاک و بێگەرد ئەبینى.خەباتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و سەنگەر گرتنیشى لەدژى دوژمن، لام لە کار و ئەرکە هەرە لەپێشینەکان بوو. زۆرێک لە هاوڕیانى رێکخستن و دۆستانێک کە براو کەسیان پێشمەرگە بون باسى زۆر ناهەقى و زوڵم و کوشتن و دەستدرێژى بۆسەرناموسى خەڵک، زەوتکردنى موڵک و ماڵى گوند نشینان و لەحەوز هەڵکێشانى خەڵکى بەچلەى زستان لەسەر ئەوەى خواردنى باش یان سەرانەیان نەئەدا بەشۆرش، درۆ و خیانەتەکردنى سەرکردەکان. دەرخستنى راستى ئەوەى کە ئەو بەناو سیاسیانە لەبوار ى سیاسەتدا هیچیان پێ نى یە، هەروەها ئەوەندەى هەوڵ بۆ پۆست و پلە ئەدەن چارەکى ئەوە بۆ کورد و خەباتى چینایەتى تێناکۆشن.. من لام وابوو کە ئەوەى ئەوان دەیڵێن بۆ ناشیرینکردن و لەکەدارکردنى شۆرش و ئەو سیاسیانەیە، بۆیە ئەستەم بوو باوەڕ بەوە بهێنم.هەرجارێک کە لەنێو شار چالاکى یان کارێک ئەکرا زۆر شادومان وئاسودە دەبووم، ئەمگوت ئەوەتا ئەى ئەوەنییە لەپێناوى کورد و میللەتدا خەبات دەکەن، ئیدى ئەم قسەو قسەڵۆکانە چیە، دەیکەن، لەهەمووى زیاتر کاتێک ساڵانى مفاوەزات و گواستنەوەى زانکۆى سلێمانى بوو بۆ هەولێر، ئیدى وەخت و وادەو کاتى رژانە سەرشەقام و خۆپیشاندان بوو، هەمیشە ئێمەى خوێندکار و بێ چەک ئەبوینە نێچیر و وەک پۆڕى خوراو ئەکەوتینە بەر رەحمەتى کێبڵ و قۆناغە تفەنگ و شەقى پۆستاڵ .چەندین جاریش ئەگیراین و ئەبراینە ئەمن یان بارەگا حزبیەکان و لەوێ چینێکى چاکیان تێهەڵدەدیان و پاشان بەڵێن نامەیان لێوەردەگرتین کە جارێکى تر توخنى ئەو جۆرە کارانە ناکەوینەوە. ئێمەش بۆ رزگاربون لەگرتن وتێهەڵدان بەناچارى پەنجەمۆرمان دەکرد، بەڵام چونکە هەرزە و خوێن گەرم بوین، پێشمان وابو کە دۆزەکەمان بەرابەرایەتى یەکێتى دۆزێکى رەوایە و،تەنانەت ئەگەر مرۆڤ لەپێناویشدا گیان ببەخشێت ،نابێت سڵ لەوانە بکاتەوە، زۆرێکیش بەو نەفەس و بیرو باوەڕە تیاچوو، کەسیش حسابى قروشێکى بۆنەکرد... هەموجارێک ئەمگوت باشە خودایە ئێمە چیمان کردوە؟ وا بەوشێوە دڕندانەیە پەلامارمان ئەدەن، ئایا مرۆڤى وا زاڵم و زۆردار هەیە،کە ئاوا ئاژەڵیانە بەربێتە گیانى خەڵکى و وەک سەگ پەلامار بدات؟! گەلێَ جار شتەکەم بەئاسایى وەرئەگرت، ئەمگوت دەى ئەوانە عەرەبن و دوژمنى کورد و شۆڕشن هەر ئەبێت وابکەن. (هەموجارێکیش ئیستگەى دەنگى گەلى کوردستان، ئەوپەلامار و رەشبگیریەى شەرمەزار ئەکرد، چەندین بەیاننامە و پۆستەر وشتى لەسەر بڵاو ئەکردەوە، راى گشتى و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمنستى ئینتەرناسیوناڵى لێ ئاگادار ئەکردەوە).هەمیشە لەزیهن و بیرى خۆما ئەمگوت،بڵێیت سبەى رۆژ ئەگەر ئێمەى کورد بوینە دەوڵەت، ئەبێت لەکاتى ناڕەزایى و خۆپیشاندان و مانگرتن لەدژى ئێمەدا هەڵوێستمان چى بێت،؟ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین؟! ئەمگوت لەوانەیە تاڵەبانى یان نەوشیروان یان سەرکردەیەکى باڵاش ببێتە پشتیوان و بچێتە ریزیانەوە، مادام یەکێتى باوەڕو متمانەى بەدیموکراسى و مافى مرۆڤ وئاشتى و ئازادى هەیە، لەوانەیە بەیەک بەیاننمامە یان یەک گردبونەوە گەورەترین گۆڕانکارى روبدات، سەرزلترین بەرپرس لەسەرکورسى بهێننە خوارەوە. بەڵام نەمردم ئەوە چەند ساڵە فریشتە و سوسیالیست و لیبراڵ و ماف پارێزەکانى کورد ئەبینم، کە چۆن هاوشێوەى بەعس و ئەمنەکان لەوان خراپتریش بەربونەتە گیانى هاوڵاتیان و زۆر دڕندە و هۆڤیانە روبەرویان ئەبنەوە،داکۆکى لەبەعس ناکەم هەزار نەفرەتى لێبێت،کەئەمان بونە میراتگرى ، ئەوان لەسەر ئەوە پەلاماریان دەداین کەداواى نەمان روخاندنمان ئەکردن ، هەر ئەوساڵانەدا لەقەڵادزێ و لەچەند ناوچەیەک کە ئەو زنجیرە خۆپیشاندانە درێژەى هەبوو ( خوشکە سنەوبەر) وچەند کەسێک شەهید بوون، بەڵام ئیمرۆ تەنها لەیەک رۆژدا لەشارێکى وەک رانیە پێنج شەهید و سەدان هاوڵاتى گیرا و بریندارکرا.تەنها لەسەر ئەوەى داواى ئاو و کارەبا وموچە و خزمەتگوزاریان ئەکرد. ئێمە لە سەردەمى رژێم لە خواردن و جل وبەرگ وپۆشاک و سوتەمەنى و ئاو وکارەبا و خزمەتگوزاریى کێشەمان نەبوو، پێمان وابوو ئەوانە شتى رۆتین و ئاساین، بۆیە حکومەت بۆى فەراهەم کردوین بۆ ئەوەى باسى ئازادى و رزگارى نەکەین، کەچى ئێستا ئەوە ئەبینم ئەوەتا ئەوشتانە بونەتە دەرمان و بەخەونیش نایان بینین، کاتێکیش داواى دەکەین ئەوەمان بەسەر دێت، چ جاى باسى ئازادى و مافى خۆت بکەیت، بوێریت دیدو بۆچونى خۆت دەربڕیت و رەخنە و بەئاشکرا پلار لە حکومەت و دەسەڵات بەیت و سەرزەنشتیان بکەیت .ئەوە ئەوکاتە یەکەو راست تۆمەتێکى حازر بەدەستت بۆ ئەهۆننەوە گەرما و گەرم دوو فیشەک ئەنێن بەسەرتەوە ساردت ئەکەنەوە..
ئیمڕۆ ژنەکەى دراوسێمانم بینى بەبەرچاوى خەڵکەوە لەکۆڵان ئەیگوت لەتواناما نەما چیتر بەرگەى ئازارى برسیەتى و سەرماو بێ نەوتى و بۆڵە بۆلێ خاوەن خانو و قەرزارەکان ناگرم و، ناتوانم مناڵەکانم بژیەنم یان هەموان بەخۆشمەوە دەرمان خوارد ئەکەم،یان ئەوەتا منیش بۆ بژێوى پەنا ئەبەمە بەرکارى خراپ. هاوڕێکەشم کە حاڵى لەو ژنە خراپترە، ئەویش خاوەنى چەندین دەرد و ئازار و زەحمەتیە، لەسەر دیوار و ویستگەى پاسەکان پارچە کاغەزێکى هەڵواسیوە کە ناو ژمارەى تەلەفونى خۆى لەسەرە ، ئەڵێت گورچیلەم هەیە بۆفرۆشتن.کە ئەو دوو شتەم بینى ئیدى هەستم کرد، کەنەک خەریکە شیرازە و بەهاى کۆمەڵایەتیمان تێک ئەچێت، بگرە گەیشتمە ئەو یاوەڕەى کەلەسایەى ئەو دەسەڵاتە دز و دۆڕاو نابوتەدا، لەچوارچێوەى مرۆڤ و مرۆڤایەتى چوینەتە دەرەوە، بەرەو کۆمەڵگاى ئاژەڵى و دۆڕاو و داماڵراو لە هەموو هەست و سۆزێک چوینەتە دەرەوە، هەست ناکەم کە لەنێو کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیدا ئەژیم، پێم خۆشە هەرئێستا زەوى شەق بەرێت و هەموومان نغرۆبین، نەک ئەو بەسەرهاتە تراژیدى و ناخ هەژێنانە ببیستم. هەتا مردن دیمەنى ئەو شەوەم بیرناچێت کە پتر لەسى ساڵە وەک فیلمى سینەما لەپێش چاوم گوزەر ئەکات،شەوێکى هاوین بوو، لەسەربان خەوتبوین، لەدەنگى تەپەى پۆستاڵ وراکێشانى میلى تفەنگ و ئیسەعد گەوادى ئەمنەکانى بەعس راچڵەکین،کە بەدوو شۆفرلێت هاتبون بۆگرتنى دوو سێ کوڕی دراوسێمان، هێندە ترسام بۆ یەک حەفتە زمانم لەگۆ کەوت، تووشى زەردویى وفۆبیا بووم، پاشان بۆ بەیانى بۆمان دەرکەوت کە یەکێک لەو کوڕانە پێشمەرگە بوو، بەفێڵ هاتۆتەوە خۆى تەسلیم کردۆتەوە، بۆ ئەوەى چالاکییەک ئەنجام بدات، پێتان سەیر نەبێت کە ئەو هێزەى هاتبون بۆگرتنیان لەو دووشۆفرلێتەدا نەدەگەیشتنە بیست کەس. خۆشى لەخۆیان کە هەرسێکیان ئازادکران، بەڵام دوێنى شەو،هەمان دیمەنى ترسناک و تۆقێنەرم بینیەوە،بەڵام ئەمجارەیان بەزمانى کوردى و لەلایەن کوردەوە،بەقسەوجنێوى کوردانەو سلێمانیانە کاتێک بینیم سێ ئوتومبیلى فۆردى رەش کە نزیکەى سى ئاسایش یان دژە تیرۆرى تیا بوو، لەگەڵ دوو سێ میک زەمینى بیکەیسى لەسەر،کە یەکى دە بۆدوانزە چەکدارى ئامادە و دەست لەسەر پەلەپیتکەى تفەنگ ،بەپێشکەوتوترین چەکى ئەڵمانى و تەکنیک هاتبون بۆگرتنى دراوسێکەمان، دراوسێکەشمان چى بێت باشە؟(مامۆستا) کە سەرەتا من وام دەزانى کە ئەبوبەکر بەغدادى ، یان ئەیمەن زەواهیرى بەخۆیان و هێزەکانیانەوە هاتۆتە ئەوناوە،بەڵام کاتێک راستیەکەم بۆ روون بۆوە و زانیم بۆگرتنى ئەو مامۆستایە هاتون کەدوێنى لەخۆپیشاندانەکاندا، لەتاو برسیەتى و بێ پولى و قەرزارى و حاڵ شڕى خۆى، قسەى بەدەسەڵات وت، جا نازانم بەستەزمانە بەسەلامەتى دێتەوە یان بۆ هەتایە دونیاى رۆشن نابینێتەوە. ئەو پیاو کوژانە بەوەشەوە نەوەستاون کە تەنها ئەو مامۆستایە قۆڵ بەست بکەن، بگرە دەرگاو پەنجەرى ماڵەکەیان وردو خاش کردوە، و شکانویانە، کەمرۆڤ نازانێت چ لێکدانەوە بۆچون بۆ ئەو کارە بکات،جگەلەوەى کە ئەو دەسەڵاتە هەست لەکۆتایى رۆژەکانى نەمانى نزیک دەبێتەوە، لەیەلەقاژەو گیانەڵاندیە
ئێستا ئیمڕۆ تەواو پەشیمانم لەوەى کە رۆژێک لەرۆژان یەکێتى بوم، شەرمەزارم کە کارێک یان چالاکى یان ئەرکێکم بۆ بەجێگەیاندبن، خۆم بەریسوا ئەبینم کە چەندین ساڵ باوەڕ و قەناعەتم بە بیرو باوەڕو ئایدۆلۆژیاى یەکێتى کردوە،لەسەر ئەو دید و بۆچونە رەفتارم کردوە، هەست بەسەرشۆڕى ئەکەم کاتێک ئەبینم حیزبەکەى شەهید ئارام وئازاد هەورامى رووى بەعس سپى ئەکەنەوە.تەریق ئەبمەوە کاتێک ئەبینم بەرپرسى مەڵبەندێک کەسى نزیکى(مفەوەز شەماڵ)ە داوا ئەکات دەست لەکەس نەپارێزن. لەکام کەسیش، لەوکەسانەى کە داواى سەرەتاترین مافى خۆیان ئەکەن..
دەست خۆش یەکێتى. بەردەوام بە ، سڵ مەکەرەوە و کۆڵ مەدە.دەست مەپارێزە، ماکیافیلى ئاسا بۆ مانەوەت هەموو رێگایەک بگرە بەر. چى بێ رێزى و تاوان و کارى نامەردانە و نامرۆڤانەیە ئەنجامى بدە، بۆ مانەوەو بەسەربردنى رۆژگارێکى پڕ لەزەلیلى و سەرشۆڕى، نەک لەگەڵ عەبادى و ئاغاى قاسمى ،دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵاو بکەن. ئەوەى بەعس بۆى نەکرا، نەیتوانى تەواویکات تۆ بۆى بەجێبێنە، میللەت کۆمەڵ کوژبکە، گەربۆتکرا و دەستت کەوت کیمیابارانیان بکە، خەڵکى رانیەو چەمچەماڵ و کۆیە، ئاژاوەگێڕن لەدژت رادەوستن ، ئەنفالیان بکە وکۆتاییان پێ بێنە. ئەخلاق و ئاکار عەیب وشورەیى و مرۆڤایەتى هەموى بخەرە ژێر پێتەوە. بەڵام زۆر زۆر دڵنیابە. ئەمجارەش ئەیڵێمەوە دڵنیابە. پریشکى راپەڕین کڵپەى سەند، میللەت هاتە مەیدان، دەستتان بەخوێنى خەڵک سور کرد، پەناتان بۆ کارى دڕندانەو نامرۆڤانە برد، بەدەستى خۆتان وادەو کاتى مەرگى خۆتان دیاریکرد بیبینن چۆن .زراوتان تۆقیوە ؟! کۆکردنەوەى ئەو هەموو سەرباز وپۆلیس و ئاسایش وپێشمەرگەو سیخور و دژە تیرۆرو زێرەڤانى و هێزى بەرگرى وفریاکەوتن، یەکەمین نیشانەى ئەوەیە کە ئەزانن هێزێکى نوێ هەڵقوڵاوى میللەت هاتۆتە مەیدان ،هێدى هێدى سسیمفۆنیاى مەرگتان ئەژەنێت، و خەریکى دروستکردنى تابووت و هەڵکەندنى گۆڕە بۆتان. بۆیە پێمان خۆشە دڕندەیى و تاوانەکانتان زۆرتر و زیاتر بکەن، بۆ ئەوەى میللەت قین و رق و غەزەبى ئەستور تربێت وساتێک زووتر رۆحتان بکێشێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست