Thursday, 21/12/2017, 7:19
لە دانیشتنی رۆژی ١٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، گفتوگۆ لەسەر "یاسای لێبووردنی گشتی" کرا!!!
عەجیب سەرنووسێك؟ عەجیب بابەتێکی سەیر و سەمەرە! کاتێ ئەو سەرنووسەم لە گۆڤاری ئەلیکترۆنی "رووداو" دا خویبدەوە، بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەکرد. بڕوام بە هۆش و هەستەکانی خۆم نەکرد. "یاسای لێبوردنی گشتیییییییی"؟ ... "لێبوردن لە کێ"؟ ... "کێ لە کێ ببورێت"؟
ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ئەو نووسراوە بە لۆژیک-مەندانە لێکبداتەوە، دەگاتە ئەم ئاکامە وە یاخود "هاوبەرەییە" ی ژێرەوە:
- پەرلەمان دامودەستگایەکی فەرمی حکومەتە،
- حکومەت خاوەن دەستەڵاتە و زۆری یاسایی و پۆلیسی و سەربازی بە سەر خەڵکی سادەدا (واتە گەل) دەشکێ،
- لە هەمان کات حکومەت خاوەنی یاسایە. یاساش ئامێرێکە کە لە چەندین "نۆرم" و "بنەما" و "رێنمایی" پێک هاتووە بۆ ئەوەی لە لایەن خەڵکی سادەوە (واتە گەل) پەڕوەییان بکرێت،
- سەرپێچیکردنی ئەو نۆرم و بنەما و رێنماییانە بریتیە لە سەرشکێنیی یاسا، دەرچوونە لە چوارچێوەی یاسا،
- دەرچوون لە چوارچێوەی یاساش بریتیە لە کارێکی تاوانکاری، کاری تاوانکاریش هەر بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە پەرلەمان دەریکردوون و دەریان دەکات، سزا دەدرێن و بکەرەکانی وەکو جیناتەیکار مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت،
- ئەگەر بێت و پەرلەمان یاسایەکی نوێ دەربکات بە ناوی "یاسای لێبوردنی گشتی"، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە حکومەت کەرەم و میهرەبانی و دەروون فراوانی نیشان دەدات و لە جینایەتکارانی رەعیەتەکەی خۆش دەبێت و سزایان نادات.
ئەم هامبەریە (معادلة) "پارادۆکسۆن" ـە
پارادۆکسون واژەیەکی لاتینیە، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە دیاردەیەک، وە یان گوزارەیەک، وە یان رەفتارێک خۆی لە خۆیدا وە لە گەڵ خۆیدا دژوارە و ناگونجێت لە گەڵ ئەوەدا کە بە گشتی چاوڕێی دەکرێت.
ئایا حکومەتی هەرێم دەیەوێت بەم یاسا تازەیەی لە چ گوناح و لە چ تاوانێکی خەڵکی کورد لە هەرێمی کوردستان خۆش ببیت و کەرەمەت و دڵفراوانی و میهرەبانی بنوێنێت بەرامبەریان؟؟؟؟؟؟
- لە تاوانی برسێتی و بێدەرەتانی و نەهەماتی ٢٦ ساڵەی رابردوو؟
- لە تاوانی بێ مەعاشی و کارکردنی بێ بەرامبەر بۆ دامودەستگاکانی دەوڵەت؟
- لە تاوانی تاڵانکاریی بەروبووم و خێروخێراتی ووڵاتەکەی لە لایەن دوو بنەماڵەی خۆسەباندوو بە سەر ئیرادە و خواست و ئاوات و ئارەزووی خەڵکەکەدا؟
- لە تاوانی کوشتن و رفاندن و تێرۆرکدنی خودی ئەو خەڵکە لە لایەن زۆردارانی چەک بەدەست و ستەمکاری حیزبە حوکم زەوتکەرەکانی هەرێمی کوردستان؟
- کوشتن لە سەر دەربڕینی بیری ئازاد و رەخنەگرتن لە گەندەڵی و گەندەڵکاری خودی حکومەت و ئەو پەرەلەمانەی (بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە بەبێ جیاوازی) کە بە بڕیارەکانیان شەرعیەت دەدەن بە هەموو تاوان و دزی و تاڵاکانکاری و گەندەڵی و تێرۆر و برسیکردنی گەل و بێبەری کردنیان لە سادەترین مافی مروۆڤایەتیان؟
لە راستیدا دەبێت ئەم "پارادۆکسۆن" ـە هەڵبگێڕینەوە!
دبێت میللەت "یاسایەکی لێبوردنی گشتی" بۆ ئەو حکومەتە (سنگشێر و بێ بەزەیی و دڕەندە بەرامبەر بە میللەت / بەڵام لاواز و ترسنۆک و وورەڕوخاو و سەرشۆڕکەر بەرامبەر بە دوژمنانی کورد و کوردستان) دەربکات.
بەڵام من هەرگیز لە گەل یاسایەکی میللی لێبوردن بۆ حوکمڕەوایانی خۆسەپێنەری هەرێمی کوردستان نیم. حوکمڕەوایانێک کە لە خاکێکی لە ڕادە بەدەر دەوڵەمەندی وەکو کوردستاندا، گەلی کورد تاڵان دەکەن و برسی دەهێڵن و دەیانکوژن و بگرە رۆژانە تەعەدای نامووسیشیان لێدەکەن، لە کاتێکدا خۆیان بە پای پیلان لەو دەوڵەمەنیەی کوردستان دەخۆن و سوودی لێوەردەگرن و بانقەکانی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پڕ دەکەن لە پارەی دزراو لە گەلی کورد.
دبێت رۆژێک لە رۆژان "تریبوون" ێکی باڵای جینایەتکاریی بەرامبەر بە گەل و وڵات بۆ حوکمڕەوایانی خۆسەپێنەری هەریمی کوردستان دابنرێت و هەموو فراکسیۆنەکان بە هەموو رەنگەکانیانەوە (هەر کامیان بە گوێرەی سووکی و قورسی تاوانەکانیان) سزا بدرێن وە لەڕیگەی دادگای نێودەوڵەتی جیهانیەوە هەموو ئەو پارە و سەروەت و سامانەی کە دزیویانە، لێیان بستێندرێتەوە و بدرێنەوە بە گەلی زوڵم لێکراو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست