چەواشەکردن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، تاوانە!
Tuesday, 19/12/2017, 15:31
ئەو تاوانەی لێبوردنی نییە!
خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی باشووری کوردستان کە لە بەرواری ١٨/١٢/٢٠١٧ دا دەستی پێکردوە، ئەنجامە نەک هۆ! بارودۆخی نالەباری ئەمڕۆی کوردستان ئەنجامی جۆری کارکردنی هەڵەی سەرانی پارتە دەستڕۆیشتووەکانی باشوورە بە تایبەتی سەرانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم و دارودەستەیان بە درێژایی ٢٦ساڵ.
چەواشە کردنی خۆپیشاندەران
دوای یەک دوو ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان لە باشووری وڵات، میللەت دەرکی بە ناپاکی و نادڵسۆزیی هەر دوو لا کرد، لە دەرئەنجامی ئەو ئەزموونەدا، دەنگی ناڕەزا لە نیو میللەتی باشوور سەریهەڵدا، بوو بە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی بارزانیی و خێزانی تاڵەبانی بەڵام کەساییەتی مشەخۆر و مۆڕانە، بە نێوی ناڕەزایی و دژاییەتی کردنی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی، هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری وەک ریفۆرم کردن لە سیستەمیی سیاسیی هەرێم، فێڵیان لە دەنگی ناڕەزایی شەقام کرد و هەستی زۆرینەی سادەی میللەتی باشووریان بەکارهێنا، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی مادیی و هەر یەکە لە ژێر ناوی دروستکردنی پارتێک و بزوتنەوەیەک، کۆمەڵگەی کوردیی باشووریان لەت کرد، دەنگە ناڕەزییەکانیان بە گروپ کرد و خزاندیانە نێو حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم و کردیان بە ئەستون بۆ چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان و پاراستنی بەرژەوەندیی کەسانێک! هەنوکە خەریکە هەمان ئەزموون خۆی دوپات دەکاتەوە!
ئەمرۆ، لە مەیدانی سیاسیی هەرێم، کەسانی پەروەردە بووی هەمان قوتابخانە و قوتابی ژێر دەستی هەمان ئەو سەرکردانەی کە میللەتی باشووریان بەم ڕۆژە گەیاند، سەریانهەڵداوە و لە چوارچێوەی قەوارەی سیاسیی خۆیان دەنوێن، دەیانەوێت دووبارە فێل لە دەنگی ناڕەزا بکەن و گڕوتەوژمی توڕەبوونیان دابمرکێنن و بەکاریان بهێنن بۆ مەرام و زیاتر دەوڵەمەند بوون بۆ ئەو مەبەستە کەوتونەتە جموجۆڵ.
یەکەم، لە هەوڵی بوون بە سیخوری دەوڵەتانی ئیقلیم و زلهێزەکانن.
دووەم، وێنە گرتن لەگەڵ کەساییەتی بیانی و پەخش کردنی لە میدیاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بۆ ئەوەی بە زۆرینەی سادەی سەر شەقامی کوردیی بڵێن "ئیمە گرنگین و خاوەن پێگەین".
سێیەم، بەکارهێنانی کەناڵ و ماڵپەڕە دەوڵەمەندەکانی باشوور، ئەو کەناڵانەی کە جۆری دەوڵەمەند بوونیان و زەبەلاح بوونیان و دەرامەتیان لە ژێر هەزاران پرسیار دایە!
چوارەم، خۆ نزیک کردنەوە لە دەنگی شەقام، چوون بۆ نێو قەڵەباڵغی، خۆدەرخستن گوایە ئەوان توانیویانە شەقام ببزوێنن! هەندێکی دی دەیانەوێت تازە ببنەوە بە ئۆپۆزسیۆن!
تەقە کردن لە خۆپیشاندەران
دەسەڵاتدارانی هەرێم بە (بی.کەی.سی) بەرەنگاری خۆپیشاندەران بوونەتەوە بە تایبەتی لە شاڕۆچکەی "کۆیە - ڕانیە" و لە بەرواری ١٩/١٢/٢٠١٧ دا هێزی ٧٠ی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی، نووسراوێکی بڵاوکردۆتەوە بە گوێرەی ئەو نووسراوە بێت لە ژێر ناوی ئەوەی کە گوایە بارودۆخی هەرێم نالەبارە و خۆپیشاندان بارودۆخەکە زیاتر دەشڵەژێنێت و دەبێت جەماوەر پابەند بن بە پاراستنی ئەمن و ئاسایش و لە کاتی پەشێوی دروستبوون شەرعیەت دراوە بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار دژ بە خۆپیشاندەران!
ئەم نووسراوە، لە کاتێکدایە کە هێشتا دوو مانگ ڕەتنەبووە بەسەر هێنانی سوپای پاسداران بۆ نێو شاری "کەرکوک" لە لایەن سەرانی پارتەکانی باشوور! پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەی هاتنی ئەو سوپایە بۆ نێو شاری "کەرکوک" نەبووە هۆی ناسەقامگیری بارودۆخ؟ ئەی بۆ دژ بە ئەوان چەکەکانتان بەکارنەهێنا و بەیاننتان دەرنەکرد!؟ یان جاش و خۆفڕۆشی وەک ئێوە، تەنیا ئازان (بی . کەی . سی) ئاراستەی خۆپیشاندەرانی هەژاری لێقەوماوی داماو بکەن!
دڵنییابن ڕشتنی یەک دڵۆپ لە خوێنی ئەو خەڵکە بێتاوانە تا هەتا هەتایێ دەبێت بە مۆری شەرمەزاریی بە نێوچەوانی هەمووتان، ئەوە ئەگەر بزانن و دەرکی پێ بکەن و بۆتان گرنگ بێت کە مۆڕی شەرمەزاریی لە مێژوودا مانای چی دەگەیەنێت و چی سەنگێکی هەیە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست