دوای بەختیار عەلی، کێ دیکە کاندید دەکرێت؟
Monday, 18/12/2017, 13:50
بەختیارعەلی خەڵاتی (نیللی زاکس)ی شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیای وەرگرت بەرانبەر بەو نووسین و ڕۆمانانەی کەوەك ئاماژەی پێدراوە (٢٩)دانەن. ئەم ژمارە زۆرە لە نووسین، دیارە بۆتە پێوەرێك بۆ کاندید کردن و دواتر بەخشینی ئەو خەڵاتە کەهەر ٢ ساڵ جارێك ئەدرێ بە نووسەرێ.
هەڵبەتە ئەم نووسینە دوور و نزیك باس لە بەرهەمەکانی بەختیار عەلی نیە و بەندە فڕم بەسەر نووسین و ڕۆمانەکانیەوە نیە،ئەوەش لەبەرئەوەی هیچ کامێکیانم نەخوێندۆتەوە. وە هۆکاری ئەم فەرامۆش کردنەم بۆ دوو هۆکار(کەلەهەمان کاتیشدا بۆنەتە دوو پرسیار) ئەگەڕێتەوە کە بەهەمان شێوە لەڕابردوودا و لە داهاتووشدا خودی بەختیار عەلی نەیتوانیوە وەڵامیان بداتەوە. ئەمەش نەك لەبەرئەوەی وەڵامەکە ئەوەندە قورس و ئاڵۆز بێ،بەڵکە لەبەرئەوەی بەختیار عەلی نەیویستوە وەڵامیان بداتەوە.
پرسیارو گومانی یەکەم: هۆکاری وەرگرتنی زەوی لەسلێمانی لەڕێگای قادری حەمە جانەوە. گەر هەڵە نەبم ساڵی ٢٠٠١ هەریەك لە (مەریوان،ئاراس و بەختیار) نووسراوێك بۆ شارەوانی سلێمانی ئەنووسن و داوا ئەکەن وەك (نووسەر) مافی ئەوەیان پێ بدرێ کەسەرو ئەرزەیەك ،وەربگرن. ئەو کات قالەی حەمە جان دڵیان ناشکێ و سەرو پارچەیەك ئەرزەیان پێ ئەدا. ئەمە لەکاتێکدا لەهیچ شوێنێکی ئەم گەردوونەدا نەبوە کار و پیشەی نووسین لەلایەن میری و دەزگای حکومەتەوە پاداشت و شاباش بکرێ و زەوی و زار پێشکەش بە نووسەر وەیان ڕۆمانووس وەك خەڵات بدرێ. ئەشێ ئەو نووسەرە وەیان مێژوونووسە وەیان ڕۆمان نووسە بەرهەمەکانی خۆی بفرۆشێ و دواتر هەرچیەکی بوێ،لێی بکڕێ.نەك وەك ئەوەی لە کوردستاندا هەیە و ڕۆژنامەنووس و مێژوو نووس و رۆمان نووس هاوتا بکرێن بە پیشەی مامۆستا و مەلا و مجەور و قازی و دادوەر و پیشەکانی تر،تا هەمان حسابیان بۆ بکرێ و وەك هەر فەرمانبەرێکی تری میری سەیر بکرێ و هەمان شت ئەویش بگریتەوە و چی بە فەرمانبەری ئاسایی کەوت ،بەر ئەویش بکەوێ. ئەگەر چی دابەش کردنی زەوی بۆ هیچ فەرمانبەرێك و مامۆستایەك و پۆلیسیك و ئاسایشیك هیچ مانای نیە لەکاتێکدا ئەوان مووچە وەرئەگرن.ئینجا چجای نووسەر و ڕۆماننووس؟!!
پرسیارو گومانی دووەم: بەختیار عەلی دوای ئەوەی ستوونێکی لە ئاوێنە هەبوو تیایدا بابەتی ئەنووسی،دواتر بازاڕی نووسینەکانی خۆی گواستەوە بۆ(باس)ی پارتی و خودی مەسروور بارزانی. بۆ ئەمەش وەك ئاشکرایە دوو پاڵنەر پاڵیان بە عەرەبانەکەی بەختیار عەلیەوە نا تا بەرەو ئەو سایتە هەنگاو بنێ(پارە و ئاوات). بەختیار دوای ئەوەی لە ئاوێنە تەکیەوە بۆ هەر بابەتێك لە (باس)دا نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلارێکی چنگ کەوتوە. کەئەمەش بڕێکی زۆرە. لەهەمان کاتدا بۆ کەسێکی وەك مەسروور کەبەپارەی دزراوی میلەت ئەم تەخشان و پەخشانەی کردوە هیچ کێشە نەبوە. لەبەرانبەردا چەندین گەنج و لاوی کوردستان کەوتنە داو و تەڵەی بەختیار عەلی و لە پارتی زیاتر نزیك بوونەوە. بۆ ئەمەش پارتی و مەسروور کار ئاسانیان بۆ بەختیار کردوو هەموو نووسین و ڕۆمانەکانیان وەرگێڕدران بۆ کرمانجی باکوور و دواتر بۆ زمانەکانی تورکی،فارسی و ئەڵمانی چەند زمانێکی تر.وە ئەمەش ئاواتەکەی بەختیار عەلی بوو کە مەسروور بۆی هانیە دی.
هەر لە سایتەکەی مەسروور بارزانیدا چەندین درێژ دادڕ و سەرلێشێواو خوێندەواری خاوەن پەرتووکی قەبەو خاوەن گەڵەبەیەك لە نووسین،شیعرو هۆنراوە و مێژوونووسی بی سەواد هەن وەك (فەرهاد پیرباڵ،شێرزاد حەسەن،حەمە سەعید حەسن و پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدوڵا ئاگرین و چەندینی تر.. کە ڕەنگە داوا لە مەسروور بارزانی بکەن بۆ ئەوەی هیمەتیك بۆ ئەوانیش بکا و کاندیدیان بکا تا بەشکم بەو خەڵاتە شاد بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست