ڕاپۆڕتی ساڵانەی ٢٠١٧ی باشوور!
Monday, 18/12/2017, 13:25
لە هەر وڵاتێکدا، ئەگەر سیستەمیی حوکم دیموکراتی بێت یان دیکتاتۆریی و ئاینیی و یان سیستەمی دەسەڵاتی حوکم سۆشیالیستی بێت و ئەگەر ئەو وڵاتە لە بارودۆخی نائاسایی "جەنگ" بێت یان لە بارودۆخی ئاسایی و هێمندا بێت، ئەوا دامودەزگا و موئەسەسە حکومیی و فەرمییەکان و کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە، سوپا، تەندروستی، ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا لە سەریانە کە ساڵانە بە جیا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بیخەنە بەر دەست سەروی خۆیان بە مەبەستی زانیاریی و هەڵسەنگاندنی لێپرسراوەتیان بۆ بەرێوەبردنی کارەکانیان لەو ساڵەدا و سەلماندننی ئەوەی کە ئایا ئەوان تا چ ئاستێک جێگە متمانەی میللەت بوون لە دەرپەڕاندننی کارەکانیان؟ هەروها تاوتوێ کردنی بەرنامە و پلانی درێژخایەن و کورتخایەنی ساڵی داهاتوو بە مەبەستی زیاتر پێشخستنی و گەشەپێدان بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکان.
لە سەر ئاستی "حکومەت" لە هەر وڵاتیکدا لە ژێر هەر جۆرە سیستەمێکی دەسەڵاتدا، راپۆرتی ساڵانە ئامادە دەکەن و لە رێگەی پەرلەمان، کۆنفرانس یان میدیاکان بە میللەتی ڕادەگەیەنن و بۆ مێژوو تۆماری دەکەن کە هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی سیاسیی ، ئابووریی، کۆمەڵاییەتی وڵاتەکەیان گەیشتووە بە چی و چۆن توانیویانە لە پێگەی لێپرسراوەتی و دەسەڵاتدا وڵات بەریوەبەرن و بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببن، هەروها روونی دەکەنەوە کە چۆن توانیویانە ئامانجەکان بپێکن بە جۆرێک کە لە خزمەت ستراتیژەییەتی نیشتمانیی و نەتەوەییان بێت لە هەموو بوارەکاندا وە بۆ ئەو مەبەستە خەرجی ساڵانەیان چەند بووە.
ساڵی ٢٠١٧بۆ میللەتەکەمان پڕ بوو لە رووداو و کارەسات و نەهامەتیی و ماڵوێرانی، بە تایبەتی لە باشووری وڵات دەسەڵاتدارن و لێپرسراوی پارتە دەستڕۆیشتووەکان مێش میوانیان نییە و خۆیان دزیوەتەوە کە ڕاپۆڕتی شەرمەزاریی ساڵی ٢٠١٧ بە میللەتی کورد ڕابگەیەنن!
ئەمە ڕاپۆڕتی ساڵانەی ٢٠١٧ی باشووری وڵاتە،
دەسەڵاتدارانی پارتە دەستڕۆیشتووەکان بە درێژای ساڵ کۆمەڵێک دەموچاوی ناخۆشەویست و نەویستی قات و بۆینباخ پۆشیو خەریکی،
گوزەران و ژیانی شاهانە بەسەربردن لە سەر شاخ و بەرزاییەکانی وڵات، پشووی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی تر، چوون بۆ چارەسەری نەخۆشی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، دزی، کۆبونەوەی نەزۆک، لیژنە دامەزراندن، چاوپێکەوتن لە میدیاکان و خۆ گیڤکردن، ووتار و گوتاری بێسەروبەرە، دژاییەتی یەکتر کردن، ناوناتۆرە هەڵبەستن بۆ یەکتری، دامەزراندنی لەشکری جنێوفڕۆش و چەقۆکێش، وێنەگرتن لەگەڵ لێپرسراوانی جیهان و بۆ خۆهەڵکێشان پەخش کردنیان لە تەلەفزیۆن و میدیا کوردییەکان بە نێو زۆرینەی سادەی میللەت، کردنی بەرزاییەکان بە گۆڕستان، تاپۆکردنی سامانی گشتی بەسەر کوڕو و خێزانەکانیان، شێواندنی مێژوو، ئەنجامدانی "ڕیفراندۆم" و یاری کردن بە هەستی خەڵک و دواتر سڕ کردنی ئەنجامی ریفراندۆم و بە کوشتندانی کوڕی هەژاری خەڵک لە پێناو بەرژەوەندیی و کورسییەکانیان، بوون بە جاش و خیانەت کردن و هێنانی "پاسدار"ی ئیرانی بۆ نێو شاری "کەرکوک"، هەوڵدان بۆ کوشتنی یەکتر، خەریکی بێ ڕەوشتی، برسی کردنی خەڵک، سیستەمیی پاشەکەوتی مووچە! بێ مووچەیی و بێکاری بۆ میللەت، دەڕپەڕاندنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، قەرزاری مووچەی دە مانگی هێزی "پێشمەرگە"! دۆڕاو لە پیادە کردنی سیاسەتی ناوەخۆ و پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان و کاولکردنی وڵات!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست