بۆچی کورد نەبوو بە نەتەوەیەکی تاڵانکەر و داگیرکەر؟(بەشی دوویەم و کۆتایی)

Wednesday, 13/12/2017, 14:59


نووسینی: د. سۆزدار میدی
گۆڕینی لە کورمانجییەوە: شالیار کوردۆ
بۆ ئەوەی هەر پڕۆژەیەکی تاڵانکاریی ئیمپراتۆری پێک بێ؛ دەبێ چوار بنەمای بنگەهی لە مەیدانێ هەبن:
- ئایدیۆلۆژیای تاڵانکەری
- ڕێڤەبەرێکی توند و زۆردار
- دەوڵەتێکی ناوندبەهێز
- هێزێکی شەڕڤانی لەناوبەر
 ئەرێ تا چ ڕادەیەک ئەم چوار بنەمایە پێکەوە لەناو مێژووی کورددا هەبوون؟
ئایدیۆلۆژیای تاڵانکاری:
پڕۆژەی تاڵانکاری پێویستی بە ئایدیۆلۆژیای تاڵانکاری هەیە، ئەرکی ئەمە ئەوەیە کە یەکبەیەکی نەتەوە و چین بە چینیان کۆبکاتەوە و لەژێر یەک ئاڵا دا و بۆ یەک ئامانج بیانکا بە یەک، و ئەوان بەرەو ڕەوشی ئەوە ببا کە ئەوان بێسنوور بە هەبوون و گیانی خۆیان؛ خۆیان لەپێناوی دا بەخت بکەن. ئەم ئایدیۆلۆژیای تاڵانکارییە دەتوانێ ئایینی بێ (وەک ئاشوورییەکان لەژێر ئاڵای خودای ئاشوور دا، وەک ئیبراهیمییەکان لەژێر ئاڵای خودای یەهوا دا، وەک بیزەنتییەکان لەژێر ئاڵای فەلە دا، وەک عارەبەکان و تورکەکان لەژێر ئاڵای ئیسلامەتی دا و وەک مەگۆلەکان لەژێر ئاڵای خودای ئاسمانی شامانی دا) ئەم ئایدیۆلۆژیای تاڵانکارییە دەتوانێ نەتەوەییش بێ کە بەشێوەیەکی شارستانی ئارایشت کراوە وەک (یۆنان، ڕۆمان و داگیرکاری نوێی ئەورووپایی) یانیش دەتوانێ نەتەوەیی ڕەگەزی بێ وەک (ئەڵمانیای نازی و ئیتاڵیای فاشی).
مژاری کوردان ئەوە بوو کە "فەرهەنگی پێکهاتن"ی کوردستانی وەک ئەنجامی "بوومنیگاریی تێربوون" پەیدا بووە، بۆیە ئەمە بەکەڵکی ئایدیۆلۆژیای تاڵانکاری نەهاتووە، ئەمە "ئایینی یەزدانی" پێکهێناوە، ئەم ئایینە ئایینێکی ئاشتیخواز بووە کە تاڵانکەر نییە و ئارەزووی ستەم و لەناوبردنیشی نییە. تاکو ئێستاش بنەما فەلسەفییەکانی ئەم ئایینە بەشێوازی جیواز لە ئایینەکانی زەردەشتی، ئێزدی، یارسانی-کاکەیی، عەلەوی، درووزی، بابی و بەهایی دا ماون.
بە کاریگەریی "فەرهەنگی پێکهاتن"ی کوردستانی؛ کوردان ئیسلامەتییان بۆخۆیان نەکردە دەستێک بۆ پڕۆژەیەکی تاڵانکاریی ئیمپراتۆری وەک کە هاوسێکانی کە عارەب و فارس و تورکن کردوویانە. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەیووبی لەسەردەمی ئیسلام دا لە دەوڵەتی هەرەگەورەی کوردانیش بوو، بەڵام سوڵتانەکانی ئەیووبی ئەو وڵاتانەیان نەکردە سامان و موڵکی کوردان کە سەردارییان تێدا کرد، زمانی کوردیشیان بەسەر ئەو نەتەوانەدا نەسەپاند و خێروبێری ئەو وڵاتانەشیان تاڵان نەکرد تاکو شار و گوندەکانی کوردستانی پێ ئاوەدان بکەن، بەپێچەوانەی ئەمەوە دەوڵەتی ئەیووبی هێز و توانای شەڕەڤانە کوردەکانی خستە ڕاژەی پارێزگاری لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی تاڵانی فەرەنگییەکان بۆ ڕاژەی " دەوڵەتی خەلافەتی عەبباسی"، هەم لە بواری ڕامیاری هەم لە بواری فەرهەنگی دا. سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی لە نامەکانی خۆی دا بۆ خەلیفەی عەبباسی خۆی وەک "ڕاژەکەر" ناودەبا.
ڕێوەبەر و دەوڵەت و خاوەنهێز:
فەرهەنگی پێکهاتنی کوردستانی لە هۆشی تەواوی کورد دا ڕامانی "ڕێوەبەریی بژاردە"ی چەسپاندووە. مەبەستی ئێمە ڕێوەبەریی ئۆلیگارشی خێڵی یە (سەرۆکانی هۆز و خێڵان) بەپێی ئەمە ڕامانی ڕامیاری ڕێوەبەری هەر لە دەستی "جڤاتهەڵبژێر" دا بوو و لەدەستی تاکە سەروەرێکدا نەبوو، دەبێ ئێمە بڵێین کە شێوازی ڕێوەبەری لەناو زۆربەی نەتەوە ئاریانییەکاندا میراتێکی هاوبەش بوو، ئەمە بەواتای تێگەیشتنی "کۆنگرێس"ی ڕامیاری کە لە (کۆن گر)ـەوە پەیدا بووە، ئەم ڕامانە ڕامیارییە لە کەسایەتیی کورددا وەها نیشتەجێ بووە کە ئەو هەردەم لە دژی میانڕەویی بەرانبەر "تاکە ڕێوەبەر"ـە، و هەردەم لە دەسەڵاتی ناوەند هەڵدێ.
ئەم دیاردەیە لە مێژووی سۆمەرییەکانیش دا دیارە کە ئەوان لە بوومنیگاریی فەرهەنگی گوزانای کوردستانییەوە هاتوون (لەوێوە کۆچیان کردووە چوونە بۆ باشووری میزۆپۆتامیا). ئەم دیاردەیە لە ڕامانی ڕامیاریی دا لەلای گووتییەکان، هوورییەکان و میدییەکان (پێشینانی کورد پێش سەردەمی ئیسلامەتی)ـیش ئاشکرایە. ئێمە وەک میناکێک بڵێین کە ئەندامانی کۆمیتەی (کۆن گر)ی گووتی لەناو خۆیاندا کەسێکی هەرە بەڕێز و ژیریان وەک پاشا تەنیا بۆ شەش ساڵان هەڵدەبژارد، هەڵبژاردنی ئەو کەسە نوێ نەدەکرایەوە، مەگەر ڕەوشێکی نائاسایی لەئارادا بوایا؛ هەڵیان دەبژرادەوە. هەڵبژاردنی "دیاکۆ" وەک یەکەم پاشای پاشایەتیی میدییەکان بە ڕێککەوتنی ئەندامانی (کۆن گر)ی خێڵەکانی میدییەکان بوو.
لە مێژووی کورد دا میناک زۆر هەن کە ئەندامانی (کۆن گر)ی کوردی ڕەوشتەکانی پیرۆزییان نەدەدا بە ئەو ڕێوەبەرە پایەبڵندەی کە هەڵدەبژێردرا وەک ئەوەی کە فارسەکان پێش سەردەمی ئیسلامەتی دەیانکرد و عارەب و تورکەکان لەسەردەمی ئیسلامەتی دا دەیانکرد. ئەو دەمەی پاشا دەبوو بە دیکتاتۆر و گوێی نەدەدا بە ئەندامانی (کۆن گر)، ئەندامان لە دژی پاشا ڕادەوەستان کە دەبووە هۆکاری هاتنەئارای ئاژاوە لە وڵات و سەرئەنجام پاشایەتی لاواز دەبوو و دەکەوتە دەستی  دژمنان، میناکێکی هەرەدیار ئەوەیە کە پاشایەتی میدیا کە ساڵی ٥٥٠ پێش زایین کەوتە دەست فارسەکان، بە هۆکاری تووڕەبوونی هەندێک لە سەرکردەکانی میدییەکان بەرانبەر زۆرداریی ئەزدەهاکی دواهەمین پاشای میدییەکان بوو.
میناکێکی تر لە دەوڵەتی ئەیووبی یە. سەرەڕای ئەوەی کە سەڵاحەدیین سوڵتانێکی بەسام بوو، دیسانیش هەندێک سەرۆکی خێڵە کوردییەکان هەندێجار بە کەللەڕەقی لە دژی فەرمانەکانی ئەو ڕادەوەستان، بەڵام ئەو دانی بەخۆیدا دەگرت و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵیاندا هەبوو. تەنانەت کەسانی ناکورد کە لەگەڵ ئەواندا بوون لە ئەم هەڵوێستانەی سەڵاحەددین سەریان دەسووڕما، ڕاستیی ئەمە ئەوەیە کە سەڵاحەددین ڕاستیی ڕامانی کوردی لە بواری دەسەڵاتداری دا باش دەناسی، هەر ئەمەش بوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لەوەودوا تورکە کۆیلەکانی بەڕێژەیەکی زۆر خستە ناو لەشکرەکەی، لەبەرئەوەی ئەوان فەرمانەکانی سەڵاحەددینیان بەبێ "ئا-نا" جێبەجێ دەکرد، سوڵتانەکانی تری ئەیووبییەکانیش لەسەر ڕێبازی سەڵاحەددین دەڕۆیشتن، لە ئەنجام دا دەوڵەتی ئەیووبی لە ساڵی (١٢٥٠)ی زایینی کەوتە دەست مەمالیکەکان.
لەبەر ژینگەی فەرهەنگیی گونجاو بۆ پێکهاتنی ئایدیۆلۆژیای تاڵانکاری پەیدا نەبوو؛ و ڕامانی ڕامیاری بۆ پەیدابوونی تاکە ڕێوەبەر، و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ناوەندیی تووند پێکنەهات، هەڵبەت؛ شتێکی سرووشتی بوو هێزی شەڕڤانی تاڵانکەر و لەناوبەریش پەیدا نەبێ، ئەوەی توندی خۆی لە ڕامانی تاڵانکاری وەردەگرێ و فەرمانی تاکە ڕێوەبەر بەبێ "ئا-نا" پێکدێنێ و بێسنوور ئامادەیە کە گیانی خۆی بەخت بکا؛ و لە بواری ڕەوشتی و دەروونی دا ئامادەبێ کە بێسنوور ستەم ئەنجام بدا.
نەتەوە و چارەنووس:
لەلایەنی مرۆڤایەتی و ڕەوشتی دا نەتەوەی کورد بەختەوەرە کە نەبوو بە نەتەوەیەکی تاڵانکەر، و سەربڵندیی خۆی لەسەر داگیرکردنی وڵاتان، ڕشتنی خوێن، سەنندی سامان لە نەتەوەکانی تر و بەدیلگرتن و فڕۆشتنی کۆیلان لە بازاڕەکان دا دانەمەزراند، لەبەر ئەمە شتێکی سرووشتی یە کە ڕامانی نەتەوەی کورد بەرگریکردن بێ، لەسەر ئاشتیخوازی دامەزرابێ، و ڕامانەکەی هێرشکردن نەبێ کە ئامانجی کۆیلەکردنی نەتەوەکان بێ.
بەڵام بەڵێ؛ پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێ: "هەر شتێک لە سنووری خۆی دەرباز بوو، دەگەڕێتەوە و دەبێ بە دژ" و ئەم ڕەوشە بۆخۆی بەسەر کورددا هاتووە. فەرهەنگی بەرگری و ئاشتیخوازی نەیتوانی بەرگەی خاوەنانی ڕامانی تاڵانکاری بگرێ، خاوەنانی ڕامانی تاڵانکاری تەنیا لە زمانی توندوتیژی تێ دەگەن، ئەنجام ئەوە بوو کە کوردستان بەدرێژایی ٢٥ سەدە بووە کێڵگەی داگیرکەران، ئەم داگیرکەرانە بەوەشەوە نەوەستان کە کوردستان داگیر بکەن؛ تەنانەت سامانی کوردان و خێر و بێری کوردستانیشیان خستە ڕاژەی پڕۆژەکانی داگیرکارییان، هاتن و مێژووی کوردیان لەناو برد، فەرهەنگی نەتەوەیی و نیشتمانییان وێران کرد و کەسایەتی نەتەوەیی کوردانیان چەپەڵ کرد.
بەڵێ، فەرهەنگی پێکهاتنی کوردستانیی ئاشتیخوازی لە سەردەمەکانی داگیرکاری دا چەپەڵ کرا و بوو بە فەرهەنگی "دەستلەخۆبەردان"، تەنانەت لەلای هەندێک کورد بوو بە فەرهەنگی "کۆیلەتی" کە لەگەڵ خۆیدا فەرهەنگی ڕامیاریی ترسنۆک و هەڵاتووی هێناوەتە ئارا.
ئەنجامی شۆڕش و جانگۆرییەکانی سەدەی  نۆزدە ئەوە بوو کە کوردستان ئیتر لەلایەن چوار دەوڵەتانەوە داگیر کرا کە پێش ئەوە تەنیا لەلایەن دوو دەوڵەتەوە داگیر کرابوو، و پاش ئەوەندە شۆڕش و جانگۆری بەدرێژایی سەدەی بیستەم؛ هێشتاش کوردستان داگیر کراوە، کەوا پڕۆژەی "هاوڵاتیبوون" لەچوارچێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دا پڕۆژەی ڕزگارکردنی کوردستان دەخاتە لاوە.
ئێستا پرسیار ئەمە یە:
ئەرێ لایەنی نەیینی فەرهەنگی پێکهاتنی کوردستانی لەسەر ئێمە چارەنووسێکی ئەبەدی یە؟
ئەرێ چارەنووسی کوردان ئەوەیە کە تاهەتایە لە ڕەوشی وێران دا بمێنن؟
هەڵبەت نا. ڕۆڵی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دا زۆر گرینگە، نەتەوەی کوردیش جیاواز نییە، ئەو شتەی کە بۆ کوردان پێویستە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ئەوەیە کە خۆیان لە ئەم ڕەوشە ناهەموارە دەربهێنن کە فەرهەنگی کوردستانیی  ڕەسەن لە فەرهەنگی داگیرکەران پاک بکەنەوە، لە فەرهەنگی ترسنۆکی و هەڵاتوویی ئازادی بکەن، و کەسایەتی کوردیوشتی کۆیلەتی ڕزگار بکەن.
ڕوونتر بڵێین: ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانی کوردانە ئەوەیە کە بیرەوەری کوردستانیبوون دامەزرێنن، هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە، یەکێتی نێوان خۆیان بچەسپێنن، بەهای کوردستانیبوون چالاک بکەن. لەسایەی ئەم چوار بنەمایە دا دەتوانن کۆتایی بە ئەم ڕەوشە نەتەوەیی و مرۆڤایەتی یە نائاسایی و شەرمەزارییە بهێنن.
ڕۆشنبیران و ڕامیارانی کورد بە پلەی یەکەم بەرپرسیاری پێکهێنانی ئەمەن.
(چ دەبێ با ببێ؛ هەر دەبێ کوردستان ڕزگار ببێ)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە