خولەسەنگاوى و قوباد یەکێتى ریسواتر ئەکەن
Monday, 11/12/2017, 23:02
دز و پیاو خراپەکان کان هەموویان تەبا و هاوبەشن تا ئەو دەمەى لەسەر پشک و داهات ناکۆکى ئەکەوێتە نێوانیان،ئیدى کە تێکچوون، ئەوەى خوا پێى ناخۆش بێت بەیەکترى ئەکەن، هەریەکەیان خۆى لەدزى و بێ ئابڕوى و تاوان ئەدزێتەوە، ئەیهێنێت بەسەر هاوبەش و هاوکارەکەیدا. وەک ئەو بەزمەى کە ئیمڕۆ لەنێوان دزەکانى یەکێتیدا سەریهەڵداوە( قوباد تاڵەبانى و خولە سەنگاوى) کە هەریەکەیان بەرامبەرەکەى تاوانبار ئەکات و هەموو تاوان و کارە ناشیرنەکان ئەدات بەملى ئەودا..
کەس نى یە نەزانێت کە بەدرێژایى ماوەى ئەم چەند ساڵە یەکێتى و سەرانى چییان کردوە، لەدزى، کوشتن بێ ئابڕویى و تاڵانى، ئازاردانى میللەت، بێ بەشکردنى خەڵکى لە مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. لە داگیرکارى موڵک وماڵ لە بردنى سەروەت و سامان و داهاتى ئەم وڵاتە، لەزەوتکردنى هەموو شتێک.. کەچى تازە بەتازە هەردو گەورە دز ومافیا خولە سەنگاوى و قوباد تاڵەبانى دێن ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەکەن،کە ئەوەى وەک خۆیان گێل و گەمژە نەبێت،ئەزانێت مەبەست و مەرامى ئەو تۆمەت بارانکردنە چى یە؟ کە جگە لە شەڕ و ململانێى بۆ پۆست و کورسى و ئیمتیازى زیاتر شتێکى دیکەى لەپشتەوە نى یە.
یەکێتى ئەو رۆژە ماڵى وێران بوو کە لەگەڵ رێزم بۆ هەموو پیشە و پیشەوەرێک. بەڵام شتێکى ناراست و نەفامانەیە تۆ بێت،نەخوێنەوار و کۆنە کارگوزار و پۆلیسى بێ بڕوانامەو شاگرد کەبابچى و فیتەر بکەیت بەگەورە و دەمڕاست و ناویان بنێیت ئەندامى مەکتەب سیاسى،کە تا ئێستاش سەرى لێدەرناکەم نازانم بلیمەتى و سیاسەت و ژیرى ئەوانە لەچیدایە؟چیان بۆ خەڵک و کورد کردوە؟ جگە لە سەرشۆڕى و شکست و بەزین و خیانەت!!جگە لە خەمى ناوگەڵ و گیرفانیان،چى دیکەیان لامەبەستە. خولە سەنگاوى دەڵێت، قوباد بووە بەجانتا هەڵگرى نێچیر. وەک ئەوەى شتێکى تازەو نویێى درکاندبێت،ئێمە نەزانین کە تەواوى سەرانى یەکێتى هەر لەکۆسرەتەوە تا بچوکترین ئەندام، مەمنون و دەستیش ماچ دەکات کە پارتى بە دەربار و مەسینە هەڵگریش رایان بگرێت، رەنگبێت ئەو پیشەیەى قوباد لەچاو زۆرپیشەى ترى وەک کارى شێخ جەعفەر و عیماد باشتربێت. ئەى باشە خولە سەنگاوى نەخوێنەوار و کاڵ فام، تۆ ئەندام مەکتەب سیاسى نیت؟ بۆ هەتا دزیتان هەبوو،هەتا بێناموسیتان پێکەوە دەکرد، ورتەت نەئەکرد،؟؟! بەهەموو سەرشۆڕى و زەلیلیەک رازى بویت؟؟ لەبەرامبەریشدا قوباد کۆمەڵێک تاوان و دزى و ناپاکى خولە دەخاتە روو،کە ئێمە لەمێژە زانیومانە ،رەنگە زۆرشتى دیکەش هەبێت کە قوبادە فەنى هەر ئاگاى لێ نەبێت، ئەى باشە جەنابى جێگرى سەرۆکى حکومەت و، کوڕى کەسى یەکەمى یەکێتى، تۆش بۆچى ئێستا ئەو شتانە ئەدرکێنێت ؟وەک هەنگوینیت لەکلۆرەدارا دۆزیبێتەوە. کەس هەیە نەزانێت کە خولە سەنگاوى کاوە گەرمیانى کوشتوە؟ جگەلەتۆیەکى ساویلکە و لا خەبەر. وا ئێستا پێى ئەزانیت،؟! کەس هەیە نەزانێت کە لەو گەرمیانە تاکە یەک تاکسى یان پاس بەبێ رەزامەندى خولە ناتوانێ کار بکات، هیچ بەنزینخانە و کافتریا کۆمپانیایەک گەر پشکى خولەى تیا نەبێت ئەسحابەش ناتوانێت بهێڵت لەو ناوچەیە کار بکات..دەى فەرمو مادام تاوان و ناپاکى و خیانەتى خولەت ئاشکرا کرد، ئەوە باشترین بەڵگەیە لەسەرى،فەرموو ئەوە دەستت کراوەتەوە ، بۆخۆشت یاسا و حکومەت و دەسەڵاتت لەپشتە،دەى سزاى بدە، بیدە بەدادگا.
من دڵنیام کە ئەم شەڕو ناکۆکى و ململانى دەسەڵاتەى یەکێتى تەشەنە ئەکات و ، لەداهاتووشدا زۆرشتى دیکە لەسەر یەکترى ئەدرکێنن، هەروەها زۆر کەس و تەکەتولى دیکەش دێنە ناو یارییەکەوە. کە ئەمەش بۆخۆى یەکێتى بەرەو هەڵدیرَ و هەڵوەشاندن و نەمان دەبات،بەتایبەت کە ململانێى و شەڕى تەکەتولەکان زۆر چڕ و خەست بۆتەوە. دڵنیام لەوکۆنگرەیەى کە بڕیارە لە ساڵى داهاتودا ببەسترێت، تەواو بتەقێتەوە،بەتایبەت کە (بنەماڵەى تاڵەبانى لەئێستاوە هەڕەشەى ئەوە دەکەن کە هیچ کەسێک بۆ نى یە بچێتە شوێنەکەى تاڵەبانى.)ئەمەش زیاتر وزوتر یەکێتى لێک هەڵدەوەشێنێتەوە. جا بۆیە لەئێستاوە هەریەک لەوانە بۆ ئەوەى پەرێزى خۆى پاک بکاتەوە و لەو تۆمەت و خراپانەى کە ئەنجامى داوە، خۆى بێ بەرى بکات، رووبەڕوى بەرپرسیاریەتى نەبێتەوە. کە دڵنیام پاشە رۆژ هاوشێوەى سەدام و دارو دەستەکەى لەسەر ئەو کارانە سزا دەدرێن، رەنگە ئێستا گاڵتەمان بەو پێشبینە بێت،بەڵام ئەگەر نەمرین و عومر باقى بێت ئەوەش ئەبینین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست