ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی "کوردیی و روسیی"!
Friday, 08/12/2017, 16:43
ئەمریکا و روسیا، لەگەڵ ئەوەی دوو هێزی ناتەبان، بەڵام هەردووکیان "کورد"یان هەڵبژاردوە لە بەستنی هاوپەیمانیەتی لە جەنگی"سوریا"ی دژ بە "داعش"دا، ئەم جۆرە پەیڕەوکردنە لە مێژووی بەستنی پەیوەندییە سیاسیی و سەربازییەکانی هەر دوو زلهێز نامۆ نییە، بەهۆی ئەوەی هەر دووکیان کێشە و گرفەتەکان وورد دەکەنەوە و خوێندنەوەی تایبەتیان بۆ دەکەن، دواتر بۆ هەریەکێکیان پلان و تاکتیک و ستراتیژیەتی تایبەتی خۆی دادەرێژن و ئامانجەکان دیاری دەکەن بە پێی قۆناغەکان و لە کارنامەیاندا ئەولەویە دەدەن بەو بابەتانەی کە کاتی ئەوەی هاتووە هەڵوێستی بەرامبەر بنوێنن، ئینجا لە خاڵە هاوبەشەکان هاوکار دەبن و لەسەر ئەو بناغەیە لەگەڵ هێزە سەربازیی فەرمیی و نافەرمییەکانی ناوچەکە هاوپەیمانێتی دروست دەکەن. مەترسی ئەو جۆرە پەیوەندییانە بە تایبەتی بۆ هێزە سیاسیی و سەربازییە ناوچەییەکان کە هاوسەنگ نین لە هاوکێشەکەدا بریتین لە:
یەکەم: ئەو جۆرە پەیوەندییانە جێگەی متمانە نین. بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنێکی فەرمیی واژۆکراو نییە، کە بە دۆکیۆمێنت کرابێت و پەیوەندیەکە لەسەر بیناغەی دەستوور و یاسایی نێو دەوڵەتی و دیاریکردنی بەرژەوەندیی هەمەلایەنە لایەنەکان پابەند بکات.
دووەم: ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاتیین، پەیوەندیی مەبدەئی و ئیلتیزام بە پرنسیپێکی دیاریکراو نییە و پەیوەندییەکە بەندە بە جۆری ئاراستەی رووداوەکان و ئەنجامەکانی. لەو جۆرە پەیوندییانەدا لایەنەکان ڕاڕان و هەر یەکە بە گوێرەی رووداوەکانی رۆژ بەرەکان و سەنگەرەکان دەگۆڕن وەکو، تا چەند رۆژێک پێش ئێستا "روسیا، ئیران، تورکیا و سوریا" لە بەرەیەکدا بوون بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەمانی "داعش" مەرجەکانی "تورکیا و ئیران و زلهێزەکان" گۆڕاوە بەو پێیە مامەڵە و هەڵسوکەوتی زلهێزەکانیش لە بەستنی هاوپەیمانییەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لە سەرەتای جەنگی "سوریا" تا ئەو ساتە، کورد وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ناسراوە، کە ئەمە یەکێک بووە لە نیگەرانییە هەرە مەزنەکانی "تورکیا" لە " ئەمریکا". "ئەردوغان" لە سەرەتای جەنگەوە بێ وچان هەوڵەکانی چڕ کردبووەوە کە "ئەمریکا" یارمەتییەکانی بۆ "کورد" رابگرێت و جەختیشی لەوە دەکردەوە کە نابێت کورد ببێت بە خاوەنی "کانتۆنی سەربەخۆ" لە سوریا، هەروها هەموو کاتێک فشاری هێناوە بۆ سەر "ئەمریکا" و "روسیا" و "ئەسەد" کە نابێت کورد بەشداری پێبکەن لە دانوستاندن و گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکاندا، بۆ ئەو مەبەستە سازشی لە سەر مەرجی ئەوە کرد، کە دەبێت "ئەسەد" لە دەسەڵات نەمێنێت! "تورکیا" لە هەوڵەکانی لەگەڵ "ئەمریکا" بۆ راگرتنی یارمەتییەکانی بۆ "یەپەگە" بە درێژایی جەنگی "سوریا"ی دژ بە "داعش" دا سەرکەوتوو نەبوو، لە دەرئەنجامدا "تورکیا" لە بەرامبەر "ئەمریکا"دا، بەرەی "روسیا و ئیران"ی هەڵبژارد!
هەنوکە، لە سوریا، "روسیا"ی هاوپەیمانی "تورکیا" لە "کورد" نزیک بۆتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بڕیاریداوە بە دامەزراندننی ژووری ئۆپەراسیۆنی "روسی- کوردی" بۆ رزگار کردنی باکووری فورات لە ژێر دەسەڵاتی "داعش". ئەمە لە کاتێکدایە هەندێک لە میدیا کوردییەکان ددانیان پێداناوە کە لە رۆژی ٨/١٢/٢٠١٧دا کاروانێکی پڕ لە تەقەمەنی "ئەمریکی" وەک یارمەتی گەیشتۆتە رۆژئاوای وڵات. بێگومان ئەو جۆرە هەواڵانە لەو بارودۆخەدا هەواڵی دڵخۆشکەرن، بەڵام لەهەمان کاتدا مایەی نیگەرانین بۆ دڵسۆزانی پرسی کورد!
بە دریژایی مێژوو، میدیایی کوردی و سیاسییە کوردەکان بە تایبەتی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، بە مەبەست بووبێت یان بێ مەبەست دوو بابەتی گرنگیان فەرامۆش کردوە:
یەکەم، لەسەر ئاستی سەرانی پارتە سیاسییەکان،
لاوازی ئاستی سەرانی بزوتنەوەکان لە نەبوونی شارەزایی لە هونەری پەیوندیی و یاریکردن لە بواری دیبلۆماسیی لە سەر ئاستی جیهان، ناحاڵییبوون و تێنەگەیشتن لە هاوکێشە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکان، نەبوونی خوێندنەوەی پێشوەخت بۆ رووداوەکان و پێشبینیکردنی پێش وەخت بۆ رووداوە سیاسییەکان و گۆڕانکارییەکان و هەڵبژاردنی دۆستی سیاسیی، کە لە ئەنجامدا تەکان بدات بە بزوتنەوە سیاسیی و نیشتیمانییەکانی کورد کە ئەمیش بریتیە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەزن و سەرکەوتن. هەروەها ڕووننەکردنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی جۆری ئەو پەیوەندییانە بۆ خەڵک لەسەر ئاستی شەقام، کە لە چ ئاستێکدایە و تیشک نەخستنە سەر ڕاستی گفتوگۆکان لە ژوورە داخراوەکاندا، ئەمانە گرفتێکی گەورە بوون بە تایبەتی لە ئەزمونی سیاسیی باشووری وڵات لە هەر دوو قۆناغی شاخ و شاردا.
دووەم، لە سەر ئاستی میدیا کوردییەکان،
ڕووماڵە نەکردنی هەواڵ و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ جۆری بەرێوەبردنی رووداوەکان و ئاماژە سیاسییەکان بۆ پێشبینی کردنی چارەسەرە چارەنووسازەکان. میدیای کوردیی بە شێوەیەکی گشتی نەیتوانیوە ئەو گۆشەیە پڕ بکاتەوە کە بەندە بە بابەتی سات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەکە و جۆری کاردانەوەی لەسەر "دۆسی کورد"، ئەمەش چی بە نەگواستنەوەی هەواڵی ڕاست بووبێت دەربارەی ئەو رووداو و گۆڕانکارییانە یان گرنگیی نەدان بووە بە چاودێریی و شێکردنەوەی سیاسیی و هەڵسەنگاندننی جوڵە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکان، لەمەوە نەیانتوانیوە خەڵکی کوردستان وریابکەنەوە لە پێشبینی کردنی کارەساتە چاوەڕوان نەکراوەکان. ئەنجامی ئەو جۆرە مامەڵەکردنەی سەرانی پارتەکان و میدیا کوردییەکان هۆکارێکی گرنگ بووە کە چەندین رووداو هەیە چاوڕوان نەکراو بووە و بە بێ خۆ ئامادە کردن لە کتوپڕێکدا میللەتەکەمان تووشی کارەساتی مەزن بووە نمونە، کارەساتی شەنگاڵ، هەڵەبجە، ئەنفال، کۆڕەو، ئاشبەتاڵی ١٩٧٤ و هەشتاکان و ئەنجامی "ریفراندۆم"ی ساڵی ٢.١٧، هەمووی بۆ خەڵکی کوردستان هەواڵ و رووداوی چاوەڕواننەکراو و "کتوپڕ" بووە و بەبێ خۆ ئامادەکردنی پێشوەخت لە کاتی روودانی کارەساتەکاندا بە پەلەپروزێ هەوڵیداوە خۆی رزگار بکات!
ئەمڕۆ، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کورد سوودمەند بووە لەو ئەزمونانە و لە "سوریا" هێزی کوردیی توانیویەتی لە یەک کاتدا لەو پەیوەندییە ناهاوسەنگییەدا هاوسەنگیی رابگرێت لە نێوان پەیوەندیی لەگەڵ "ئەمریکا و روسیا" دا، یان ئەو هەڵوێستەی "روسیا" لە ئەنجامی گۆڕانی هەڵوێستی "ئەمریکا"یە بەرامبەر بە "کورد"؟ یان ئایا ئەو پەیوەندییە تەنیا پەیوەندیەکی کاتیە بۆ جەنگی دژ بە "داعشە" دوای ئەوە کۆتایی دێت و مەرجی تری نییە و ئاییندەکەی دیار نییە کە چی روودەدا؟
سەرچاوە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست