ئەمەریكاو كەركوك
Tuesday, 05/12/2017, 20:20
دەنگۆی هاتنی هێزێكی ئەمەریكی بۆ پارێزگای كەركوك، نەك جێگای ئومێد نیە بۆ كورد، بەڵكو دەبێت كورد نیگەران بێت بەو هاتنە ناوەوە.
یەكێك لەهەنگاوە ستراتیجییەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لە جەنگی كەنداو دوای ڕاپەڕینی كورد لە١٩٩١ ئەوە بوو، كەكەركوك لەژیر دەستی كورددا نەبێت.
كاتێك كورد توانی دەست بگرێت بەسەر كەركوك دا لە١٩٩١ ، ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی، بۆڕازیكردنی ووڵاتانی دراوسێی عێڕاق و ووڵاتە عەرەبییەكان، ڕێگایاندا سەدام بگڕێتەوە ئەوشارە، چونكە بەشێك لە ووڵاتانی دراوسێ و عەرەبی قبوڵی ئەوەیاننەدەكرد، شارێكی دەوڵەمەند بەنەوت بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كورد لەوكاتەدا.
هەرئەوكاتیش هێڵی سەوز بۆ نەبەزاندنی ئاسمانی سێ پارێزگا دیاری كراو كەركوكی نەدەگرتەوە.
لەساڵی ٢٠٠٣ كاتێك كورد بێ بەرنامە پێش ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی كەوتن بۆ ڕوخانی ڕژێمی بەعس، كورد دیسانەوە كەركوكی گرتەوە، بەڵام هەم دیسان بەپلانی ئەمەریكاو بەریتانیا، هێزە كوردییەكانیان لەوشارە چەككردو وەدەرنا، جگە لەهێشتنەوەی بارەگای حیزبیە سیاسییەكان بەبێ دەسەڵات.
لەگەڵ هاتنی داعش بۆ سنوری كەركوك لە٢٠١٤ و ڕاكردنی سوپای عێڕاق، بۆجاری سێیەم كورد بەهێزو دەسەڵاتەوە گەڕایەوە كەركوك، تا ئەو ڕادەییەی توانی بۆیەكەم جار لەمێژوودا ڕاپرسی بۆ سەربۆخۆی تێدا بكا، (سەرباری هەموو سەرنجەكان لەسەر پرۆسەكە) تەنانەت بۆیەكەم جار لەمێژوودا مامەڵەی بەنەوتی ئەوشارە دەكرد، بەڵام هاوشێوەی پاشەكشە پێكردنی پێشو، دیسانەوە ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی بەتایبەت بەریتانیا، لەژێر چاودێری فڕۆكەی ئەوان بەبەرچاوی هەموو دونیاوە،دەسەڵاتی كوردیان لەوپارێزگایە، وەدەرنا.
بەرەنگاری نەكردن و ڕاكردنی بەشێك سەركردەكان ، لەمەیدانی ڕوبەڕووبونەوەجێهێشتنی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكە، دیوێكی دیكەی دۆڕانەكانی سەركردایەتی كوردە، كەدەگەڕێتەوە بۆڕەگی خیانەت لەناخیاندا.
هێزو دەسەڵاتی داعش، سێ ساڵ بەرامبەر بەدەیان ووڵاتی جیهان شەڕی كرد، كاتێك لەئاسمان و زەوییەوە، بەپێشكەوتوترین چەك و فڕۆكەو ڕاوێژكاری سەربازی، ئاگار باران دەكران.
كەچی ئەو هەموو هێزەی لەماوەی ٢٦ ساڵدا كورد لەمل ملانێ ناوخۆییەكاندا بەكاری دەهێناو دروستی كردبوو، بەقەد نەك سێ ساڵی داعش، بەڵكو سێ ڕۆژ، نەیتوانی ڕێ لە حەشدو سوپای مەزهەبی عێڕاق بگرێ. ئەگەرچی ئەمە شكانی پێشمەرگە نەبووە، بەڵكو چەمانەوەی پشتی خێانەتی بەشێك لە سەركردەو فەرماندە پول پەرستەكانی ناوباخ و ڤێلاكانە.
ئەوەی سەركردەكانی كورد فێری نوبوون ئەوەیە، بۆ هێزەكانیان شەڕدەن؟ كەی شەڕدەكەن و بۆ كێ شەڕدەكەن؟
نزیكترین نمونە: بۆهێزی كورد شەڕی موسڵی كرد؟ جگە لەبەهێزكردنی بەغدا و هەستانەوەی دووبارە بەڕووی كوردداو قازانجی مشتێك دۆلاری ئەمەریكیەكان، بۆ گیرفانی سەركردەكان، چی بۆ كورد تێدابوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست