کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە باشوری ژێر دەسەڵاتی کورد دا، شەقاوەکان سیاسەتمەدارن!

Sunday, 03/12/2017, 0:44


لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی یەکاندا شەقاوەکانی وەک مەسعود بارزانی و نێچیرەڤان و مەسرور و مەنصور و سیداد و سیروان هتد کاربەدەستانی پلە یەکن. حوکمی بێ دادی و بێ یاسایی و نائارامی تەواو باڵی بە سەر ئەو دوو پارێزگایەی باشووری کوردستان واتا هەولێر و دهۆک دا کێشاوە و وە ئەو کەسەی لە گەڵیان نەبێ و یان بەتایبەتی بتوانێ بەرهەڵستی یەک بکا، ئەوا خێرا شوێنبزر دەکرێ و یان تیرۆر دەکرێ و تەنانەت ئەوانەی تەنها خامەیەک چەکی دەستیانە وەک سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و ویداد و تاهیر شەریف و هتد هەموویان تیرۆر کران.
لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی کە ناوچەی سلێمانی و گەرمیانە پاشاگەردانی یە. وەک کوردەواری خۆمان دەڵێ سەک خاوەنی خۆی ناناسێتەوە. کەسی بڕیار بەدەست و عەنتەر کە هیچ پلەیەکی فەڕمی نی یە دەتوانێ گەورەترین قومار بە پیرۆزترین پڕ بەهاترین ناوچە ی کوردستان وگەلەکەی بکات. پاڤێڵ تاڵەبانی کە وەک مەسرور و کوڕەکانی تری بارزانی یەکان شەقاوەیە، بە چەند دەقیقەیەک و بە ئاگادار کردنەوەیەک توانی تەواوی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرەی جەنگ لە بەرامبەر حەشدی شەعبی و هێزی سوپای عێراقدا کە پێشتر بە خوێن لە بەرامبەر داعشدا پاراستبوویان بکشێنێتەوە بۆ ئەو سنوورەی کە لە سەردەمی صەددامدا هەبوو. ئەو هێزانەی یەکێتی کە چەندەها فەرماندەی پێشمەرگە و چەندەها ئەندام مەکتەب سیاسی یەکێتی، نەک هەر نەیانتوانی پێشی پێ بگرن بەو هەڵسوکەوتە شەقاوەییانە، بەڵکو زۆریان هەر ئاگاداریش نەبوون لە وەی چۆن ئەو کن فە یەکونە ڕوویدا، بە پەلە پڕوزێ بۆ خۆیان تێیان تەقاند و قوچاندیان و زۆری نەمابوو وەبەر دەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای عێراق بکەون!؟
ئەو شەقاوە سیاسەتمەدارە کە ماوەیەکی کەمە ناوی هاتۆتە نێو ناوانەوە، بە ڕیشە پڕۆفیسۆری یەکەی لەوانەیە خۆی بە سیاسەتمەدار و فەیلەسوفیش بزانێ!؟ بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتمەدار بێ یان نا، پڕۆفیسۆر بێ یان نا، کاربەدەستە و دەسەڵاتدارە و لە هەموو ئەندام مەکتەب سیاسی یەکانی ناو یەکێتی دەسەڵاتی زۆرتر دەڕوا و ئابووری یەکی زۆری لە بەردەستدایە کە لەڕێگەی باوک و دایکی یەوە بۆتە خاوەنی میلیۆنان دۆڵار. ئەو شەقاوەیە کە بە فیتی ئێران و لە سەر داواو هەڕەشەی قاسمی سولێمانی سەرۆکی سوپای قودسی ئێران، گەورەترین دۆڕانی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد و گەورەترین شار و ناوچەی نەوتاوی و سەروەتمەندی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ دەستی عەرەبەکان، لە ئێستادا و لە ئایندەدا ئەو نائومێدی یەی بۆ ئێمە دروست کردووە، کە ناوچەی یەکێتیش وەک ناوچەی پارتی ئێستا شەقاوەی سیاسەتمەداری هەیە و هیچ تروسکایی یەک بەدی ناکرێ، کە کوردستان هیچ بەرەو ڕوناکایی و گەشی بڕوا، بەڵکو کورد چ ئەوەی لە ژێر دەستی عەرەبدا چ ئەوەی لە ژێر دەستی کورد دا، هەمووی بە خاکی داگیرکراو دەبێ پێناسەی بکەین. شوان دەڵێ کە مەڕەکەم ڕۆیشت چ گورگ بیخوا چ سوار بیخوا هەریەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە