چیرۆکەکانی شار: بەعسییەکان لەسەرتەرمی شەهیدێک هەڵدەپەڕین
Wednesday, 29/11/2017, 14:35
ئەم چیرۆکەم دەمێکە لەناو بیرەوەرێکانما خەریکبووم بینێژم، بەڵام نەمتوانی ، من نامەوێت هەرگیر باسی تێکشکان بکەم ، بەڵام ئەمە تێک شکان نییە ، ئەمە تراژیدیای بەیانییەکی شاری سلێمانییە، وەک خۆی دەیگێڕمەوە . چەند بەڕووناکی و تەواوی ئەوڕۆژانەم بیردەکەوێتەوە. کە هەژاری لەگەڵ خۆیدا دەریایەک لەڕووداوت بۆ دەسکەنە دەکات. لەوسەردەمەدا پێم وابوو هیچ شتێک نییە بەرەنگاری ڕۆحی ئینسان بێتەوە ،
منی مێردمنداڵ خۆم لەقەدەرەکان هە ڵدەسوو، لەگەڵ هااوڕێیەکما کە لەگەڕەگەکەمان بوو ، بڕیارمان دا دەست کەینە سەمون فرۆشتن ، ئاخر فرۆشتنی سەمون و هە ستانی بەیانیانی زووی دەوێت . دایکم تورەکەیەکی لەخامێکی زەرد باو بۆ چاککردم ولەفەردەیەکی شەکرم هە ڵکێشا و بڕیاری لە خەوەستانم دا بەیانیان بۆ کارکردن و سەموون فرۆشتن . سەرەتا سانای نەبوو وەک ئەوەی چاوەڕێم دەکرد . دوای ووردەوردە ڕاهاتم ، هاوڕێکەم چونکە ڕیگەی ئەوەیان پێدابوو لەماڵەوە ، پاسکیلی بەقەرز وەرگرت لە سەموونخانەکە و پێناسەکەی دانا.
ئەوپاسکیلەی کە تایەی پێشەوەی بچوکتر بوو لەتایەی دواوەی و سەموونەکە لەسەبەتەیەک دەکرا لەپێشەوەی پاسکیلەکە . بەڵام من نا ، من بە پاسە پۆڵنێکە دەچوم بۆ هێنانی سەموونەکە ، من هەروەک خۆی سپێدان هە ڵدەسام ، ئەگەر ساماڵ بوایە ئەستێرەی کاروان کوژەم ئەدی کە هێشتا دەدرەوشایەوە ،تێر لەئاسمانم دەڕوانی چونکە پاسەکان زوو نەدەڕۆشتن ، دەبوو چەند سەرنشینی لەگەڵ بوایە ، بیرمە بیرم دەکردەوە چۆن ئەم ئاسمانە ڕاگیراوە بەبێ پایە؟ مەلایەکی دراوسێمان هەبوو بەدرێژای ئەو هەمووساڵە هەر باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن ئاسمان و ئەستێرەکان دەسکردی خوان . ڕەنگە منیش لەژێر کاریگەری مەلای دراوسێماندا بووبێت کە هەر بواری بیرکردنەوەم بوایە و سەیری ئاسمانم بکردایە لە حیکمەتی ڕاگیرانی ڕادەمام .
هەمووبەیانی یەکیش ئاگام لێبوو کەکەی گڵۆپی شەقامەکانیان دەکوژاندەوە . شەرەفی ئەوەم پێ دەبڕا پێش هەموو کەس دیوارە تازە نووسراوەکان بخوێنمەوە، پۆستەر و بەیانەکان ببینم کەهەڵواسرابوون ، زۆر بەیانیان کەمینە خەواڵۆکانم دەدی لۆژە لۆژ خۆیان کۆدەکردەوە بۆمۆڵگاکانیان دەگەڕانەوە. "جەمال ڕینگۆم" *دەدی بەپرتاو خۆی دەکرد بە پاسە پۆڵۆنێکەدا و لەدواوە دادەنیشت و هەڵمی دەم و لوتی جامی پاسەکەی تەڵخ دەکرد.
جەمال ڕینگۆش لەگەڕەکی ئێمە ژیانی دەکرد و هەموو بەیانی یەک وەک تارمای دەر دەکەوت و دەچوو بۆ ناو شار ، گرنگ نەبوو ئاوهەوا ساردە ،گەرمە، بەفرە یان باران و بایە . کەسەرماش خەریک بوو ناخۆشی دەکرد، پشتم بەسەمونە گەرمەکە ی ناو تورەکەکە گەرم دادهەات . هە ینی باشترین ڕۆژ بوو کە سەبوونەکەم زوو تەواو دەبوو،جوتێ گۆرەوی ڕەنگاو ڕەنگم دەکردە دەستم کەسەرمابوایە . نازانم بۆ لەووڵاتی ئێمە دەسکێش نەبوو ؟ یان من نەمبوو. من لەسێ ماڵەکە دادەبەزیم لەسەرشەقامە سەرەکێکە و بەناو ماڵە دەوڵەمەندەکاندا هاوارم دەکرد ".گەرموو نەرمە سەموون ، کارەبایە سەموون ، سەموونی گەرمت بەمێ ، وەرە بۆ سەموون" ، ئاخر زۆر بەیانی مامۆستاکانی خۆم دەدی و ئەوانیش سەموونیان لێدەکڕیم ، ئافەرینیان لێ دەکردم ، ڕێزیان نیشان دەدا بۆم من شەرمم دەکرد ، بەڵام ئەوان زیاتر هانیان دەدام کە بتوانم یارمەتی دایک و باوکم بدەم. ئای مامۆستا بە ئەمەکەکانم خۆزگە ئەم چیرۆکەتان دەخوێندەوە، ڕۆژەکان دەگوزەرا ئەو ڕۆژانەی سەمونەکەم بۆ تەواو نەبوایە ، دەمدایە دراوسێکان کە زۆریش درەنگ بکەوتمایە لەبەر دواکەوتنی پاسەکان ئەوە سەموونەکانم دەدا بە مام حەسەنی قاورمە فرۆش و لە جێگەی ئەوە دوو پارووی پڕ قاورمەم وەردەگرت و ستایشیش دەکرام .
من لەڕۆژەکانی سەموون فرۆشتنا ئەگەرچی نازانم چەند ڕۆژ بوو؟ ڕوداوی زۆر سەیر وسەمەرەی زۆرم دی، هەر بەیانیەک بۆ خۆی ڕووداوێک ڕووی دەدا ، بەڵام ئەو سپێدەیەم قەت بیر ناچی کە ساماڵ بووکزەبایەکی ساردی هە بوو ڕەشەبا نەبوو بەڵام هەستت بە تەزووی هەواساردەکە دەکرد کەبەر لەشت دەکەوت ، هەمووشتێک کپ و بێدەنگ بوو ، داشقەی نۆکاو شیرەکەی مەیدانی کرێکاران ، بە کرێکار دەوری گیرابوو، کرێکارەکان بەهە ڵمی مەنجەڵەکان دەستیان گەرم دەکردەوەو بەشیروو نۆکاو ناو سکیان گەرم دەکردوە ، پاکەت فرۆشەکە ئاگرێکی خنجیلانەی لەناو تەنەکەیەکی کون کونا کردبۆوە و خۆی گرمۆڵەکردبوو جگەرەی دەفرۆشت، چەند پاسێکی پۆڵۆنی بەدوای یەکدا وەستابوون لەقەراغی شەقامەکە و چاوەڕوانی سەرنشینەکانیان بوون، بەڵام ئەو بەیانی یە هیچ جوڵە نەبوو هەمووشتێک لەگۆمی مەنگ دەچوو ، بۆ منی سەموون فرۆش درەنگ بوو، دەبوو لەو کاتەدا بەشێکیم لێ بفرۆشتایە ، شوفێرەکان نەدەڕۆشتن چاوەڕوانی پڕ بوونی پاسەکەیان دەکرد ، منیش شیرێکم بەشەکرەوە هە ڵقوڕاندبوو ، لەناو مەیدانەکەدا ئاگرێکی گەورە کرابۆوە بە قەفەز و مقەباو سندوقی شکاوی پرتەقاڵ و هەنار ،دوای ئەوەی هیوابڕاو بووم کە ئاسان پاسەکە پڕ نابێت و من دوا دەکەوم ،کاتێک دڵنیا بووم لەدووا کەوتنم و لەکاتەشدا تۆزێک سەرماشم بوو ، بەخەیاڵما هات و بەرەو ئاگرەکە ملم نا بۆناو مەیدانەکە تا تۆزێک خۆم گەرم کەمەوە بەو ئاگرەی کرابۆوە ، واشبیرم کردوە لایەنی کەم سەموونەکانیش سارد نابنەوە، ئەم جێگەیە بە مەیدانی کرێکاران ناسرابوو لە بەردەمی قەسرەکەی میرزا تۆفیقدابوو، یان دەبۆ کۆنەکە .
نازانم گەیشتمە بەردەم ئاگرەکە یان نا ؟ لە چاو تروکانێکدا دوو پیکابی هێزی تایبەت هاتن (القوات الخاصة) کان بوون، شەقامەکەیان گرد لەناو یەکێک لە پیکابەکاندا تەرمێک بەڕاکشاوی لەناو پشتی پیکابەکەدابوو، شەرواڵێکی خاکی لەبەردابوو پێکانی پەتی بوون لەقاچی چەپیدا تاکێ گۆرەوی ڕەشی بندڕاو مابۆوە، ئەو سەربازە توڕانە کە بەرگی مغاویریان لەبەردابوو ، لەسەرتەرمەکە هە ڵدەپەڕین وهاواریان دەکرد (هلهولة للبعث الصامد) جنێویان دەدا و تفەنگەکانیان بەرز دەکردەوە و دەمیان کەفی کردبوو ،توڕەبوونیان لەهەورە تریشقەیەک دەچووو کە تەنەها ماڵە هەژارێک داماوێک بسوتێنێت ، کرێکار وڕێبواران و هە موو خەڵکی مەیدانەکە واقمان وڕما لەو دیمەنە ...! لەخۆمان پرسی ئەوە چییە، ئەم شانۆ پڕ تراژیدیایەی ئەم سپێدەیە کە بەعسێکان نمایشی دەکەن ؟ ئەم ویژدان مردوانە بۆ وادەکەن لەکەسێک کەگیان لەجەستەیدا نییە ؟ داخۆ ئەو کەسە کێ بێت ؟ ئەمانە وا بەتوڕەییەوە جەستەی ئازار دەدەن ، من تا لە ژیاندا بم ئەو بەیانیەم بیرناچێتەوە ،ئەو شەهیدەم بیر ناچێتەوە ، ئەوەی لای من و باوەڕم وایە لای زۆی ئەو خەڵکانەی ئەم ڕوداوەیان دی ئەو پرسیارەیان لادروست بوو، داخۆ ئەم پیاوە مەزنە کە بەچ بەرخۆدان و ئازایەتیەکی پاڵەوانانەوەی نواندبێت و ئەم ئینسانە نەمرە چۆن چۆنی شەهید بووە.
هۆکاری چی یە ئەم بەعسیانە وا دەهری بوون ، لەلاشەیەکی بێ گیان ؟ پاش ماوەیەک لەپیشان دانی ئەو شانۆ پڕ هات وهاوارەدا ، پیکابەکان بەسەر نشینە ترسنۆکەکانیەوە بەرەو بەردەرکی سەرا ڕۆستن ، شەهیدەکەشیان دەگێڕا لەچاوی ئێمە وون بوون ، هەر لەوکاتەدا هە زاران بیرو پرسیار لام چەکەرەی کرد، بەخۆم ووت :"خۆزگە لەجیەهانێکدا دەژیاین ئەم جۆرە پیاوانە لەجێگەی تاوانەکانیاندا سزا بدرانایە". دنیا لەبەرچاوم ڕەش بوو تورەکەی سەموونەکەم لەنزیک ئاگرەکە جێهێڵا لەمەیدانەکە و سواری پاسە پۆڵۆنیەکە بووم ،لە چاو تروکانێکدا پاسەکە پڕ بوو لەخەڵک بەرەوماڵ بوومەوە ، دیاربوو خەڵکی دەیان وویست زوو لەو مەیدانە هەڵەهێن و مەیدانەکە چۆڵ بوو ، منیش بۆهە تا هە تایە نەچومەوە بۆ سەمون فرۆشتن ، نەشم توانی داوای لێ بووردن لەوانە بکەم کەچاوەڕێ بوون ئەو بەیانیە سەموونی گەرم بخۆن . .ئەم ڕوداوە کاریگەریەکی زۆر گەورەی لەناخما جێەێشت کە ئاسان نەم دەتوانی فەرامۆشی بکەم . چەند حەزم دەکرد بم توانیایە پەچەکردارێکم هەبوایە لەو کاتەدا ، بەڵام ئەفسوس نەم توانی ، جەستەم ئەوەندە شەکەت و ڕۆحم ئەوەندە تاریک بوو ، ئاسان نەبوو ڕسوایەکی ئاوا قبوڵ بکەم ، زەمەن تێ پەڕیو من گەورەتر بووم ، ڕوداوی لەوە ترسناکترم دی بەخاکەناز پلە گۆشتی منداڵ و ژنم کۆکردۆتەوە کاتێک فڕۆکە جەنگێکان بۆردومانی دێیەکیان کرد . لێ ئەو شەهیدە بۆ هەتا هەتایە ناتوانم بیربکەم، ئێستەشی لەگەڵ بێت ئارەزوومە بزانم ئەوە چ کەسێک بوو؟ چۆن و چی کردبوو وا بەعسێکانی دهەری کردبوو ؟ سڵاو شەهیدە بێ ناوەکە . بمبورە ناوت نازانم و باسی نەمرید دەکەم ،ئای لەو ڕۆژە قەیراناویانەدا گەلەکەم چەند تەنەها بوو ؟ ژیان چەند بە ئاڵۆزی گوزەری دەکرد . من لەو ڕۆژەوە سەر سام بووم بەڕۆحی ئینسانی مەزن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست