کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنەوەی دۆخی ڕامیاری کوردستان لە لایەن مەسعود بارزانی یەوە!

Monday, 27/11/2017, 0:31


من لە منداڵی یەوە کە لە دایک بووم بۆ ئەوە لە دایک بووم کە ببم بە سەرۆکی وڵات، پارتی، عەشیرەت، قەبیلە، ناوچە و تەواوی چینەکانی میللەت و هتد و هەرشتێک هی کورد بێ دەبێ من سەرۆکی بم. تەنانەت ئەو کاتەی بۆنی شیری خاویشم لە ددانەکانم دەهات هەر سەرۆک بووم و سەرۆکایەتیشم بە سەرۆکایەتی دەزگای پاراستن دەست پێکرد. بێگومان لەبەرئەوەی باوکم سەرۆکی گشتی بوو و دوای ئەویش من بوومە سەرۆکی گشتی هەموو شتێک. ووشەی سەرۆک بۆ من تاپۆکراوە. گرنگ نی یە سەرۆکایەتی کوێ و کوێ دەبێ و هی چی چی دەبێ، هی کێ و کێ دەبێ. گرنگ ئەوەیە من سەرۆک بم. من سەرۆک بووم تەنانەت ئەو کاتەی لە ئێران پاڵم دابۆوەو بستێک خاکی کوردستانمان بە دەستەوە نەبوو، کەچی من هەر سەرۆک بووم. ئەو کاتە سەرۆکی پارتی و سەرۆکی عەشیرەتی بارزانی بووم.
کاتێ خەڵکی کوردستانی باشوور لە ١٩٩١ ی زایینی ڕاپەڕینیان کرد من بوومە سەرۆکی باشووری کوردستان و لانی کەم بوومە سەرۆکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێستا و تاوەکو دەشمرم هەر سەرۆک دەبم. لە ساڵی دوو هەزار و پێنجی زایینیشەوە من بە ڕەسمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو وم تاوەکو دوو هازارو سێزدەی زایینی لە دوای ئەوەش بەشێوەیەکی ناڕەسمی تەمەنی سەرۆکایەتیم بۆ دوو ساڵی تر بۆ درێژکرایەوە لە پاڕلەمانە بووکەشووشەکەی خۆمانەوە و دوای ئەو دوو ساڵەش بە عەنتەری و زۆرتر لە دوو ساڵی تریش درێژەم دا بە سەرۆکایەتی یەکەم.
بۆ مانەوەم بە یەکجاریش بە سەرۆک بۆ هەتا هەتایە فێڵ و تەڵەکەبازی ڕیفراندۆمم هێنایە ناو ڕامیاریەتەوە و لە ٢٥ ی سێپتەمبەری دوو هەزار و حەڤدە دا ئەو ڕیفراندۆمەم ئەنجامدا چونکە من دەمویست ببمە نەک هەر سەرۆکی باشوور بەڵکو دەمویست ببمە سەرۆک قاڕەمانی ئەفسانەیی نەتەوەیی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات تەواو کەوتبوونە داوی فێڵەکانمەوە و ئێستاش هەر من بە قاڕەمانی نەتەوەیی چاو لێدەکەن.
دوای ئەو ڕیفراندۆمە خاکی تەواوی پارێزگای کەرکوک، هەموو ناوچە کوردەکانی موسڵ و دیالەمان لە دەستدا. دوای ئەو سەرکەوتنە پیرۆزەی ڕیفراندۆم کە بوو بە هۆی لە دەستدانی زۆرتر لە سەدا ٪٥١.٦ی هەموو خاکی کوردستان گرنگ نی یە چیمان دۆڕاندووە. گرنگ نی یە عەرەب خاکی کوردانیان داگیر کردەوە. گرنگ نی یە کە ئەو هەموو ناوچانە هەڕەشەی لە کورد شۆردنی یان لێ دەکرێ یاخوود نا. گرنگ نی یە منداڵانی کورد لە ژێر هەڕەشەی بە عەرەبکردن و خوێندنی عەرەبیدان. گرنگ نی یە ئێستا ڕێگاکانی ئاسمانی و زەویمان لێ بەستراوە. گرنگ نی یە میللەت برسی یە. گرنگ نی یە موچەخۆران موچەیان نی یە. گرنگ نی یە منداڵەکانمان بێ خوێند و زانست فەرهەنگ گەورە دەبن. گرنگ ئەوە یە من سەرۆک بم. دوای ڕیفراندۆم کە خەڵک بە شکستی گەورەی دەزانن و منیش بە داڕێژەری ئەو شکستە دەزانن، من ویستم سەرۆکایەتی یەکەم واز لێبێنم بۆ یەکێ لە کوڕەکانم، بەڵام لە ڕاستیدا هەر خۆم سەرۆکم ئێستاش، چونکە دەسەڵاتی دەوڵەت و پاڕلەمان و دادگایە بووکەشووشەکانمان هەموویان لە ژێر دەستی پارتی دایە. منیش سەرۆکی پارتی و عەشیرەتی بارزانیم و هیچ شتێک لە ژێر هێڵەکی ئێمەدا نەبێ تێپەڕ نابێ و ئامادەم گەورەترین خوێن لە سەر ئەو مافانەی کە بە دەست کوردەوەن بڕێژم ئەگەر هەڕەشەیان لە سەر سەرۆکایەتی من  یان بنەماڵەکەمان لە سەر بێ. بەڵام من هەرگیز باکم نی یە کە دەسەڵاتی کوردی لە بەر دەستی عەرەب و فارس و تورکدا بێ، چونکە من و پارتی و بارزانی یەکان هەمیشە نووشتاوە و بە چۆکدا هاتووین بۆ ئەوان، وەک چۆن دەیبینن ئێستا عەبادی منی وەک پەت کردن پەت کردووە، کەچی زۆر ئاساییە، گرنگ ئەوەیە من بۆ کوردێک سازش نەکەم. ئێستا لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان هیچ سەرۆکێک بوونی نی یە، بەڵام ئەگەر کوردێک ببێتە سەرۆک، ئەوا ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە و دەبێ هەر خۆمان سەرۆک بین. تەنانەت ئەگەر کوردستان وای لێ هات تەنها یەک گوندی بە دەستەوە بمێنێ یاخود هەر هیچیشی بە دەستەوە نەبێ لە دوورەوە چاو لە کوردستانیش بکەین، هەر من سەرۆکم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە