بۆچی کورد نەبوو بە نەتەوەیەکی تاڵانکەر و داگیرکەر؟(بەشی یەکەم)
Sunday, 26/11/2017, 1:22
نووسینی: د. سۆزدار میدی
گۆڕینی لە کورمانجییەوە: شالیار کوردۆ
----------------------
ڕەوشتی گشتیی مێژووی نەتەوەی کورد ئەوە بووە کە ئەو نەتەوەیەکی تاڵانکەر و داگیرکەر نەبووە، کورد لەسەردەمی پاش ڕووخانی ئیمپراتۆری میدیا؛ ڕاژەکەری فارسەکان بووە پاش ئەوەش ڕاژەکەری ئەو نەتەوانە بووە کە بەناوی ئیسلامەوە لە ناوچەکە دا فەرمانڕەوییان کردووە، کوردان ئیسلامێکی ڕامیاریی کوردییان بەکار نەهێناوە تاکو ڕاژەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کوردی پێ بکا؛ وەک ئەوەی کە دراوسێکانی کە عارەب و فارس و تورکن؛ کردوویانە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئەرێ بۆچی کورد نەبوون بە نەتەوەیەکی تاڵانکەر و داگیرکەر؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئێمە دەبێ دوو بنەمای سەرەکی بهێنینە پێش چاوانمان، ئەو نەتەوانەی کە پڕۆژەی تاڵانکاری و داگیرکارییان لە مێژووی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پێکهێناوە (ئێمە ئێستا باسی تاڵانی و داگیرکاریی ئەورووپاییەکان لە ئەم سەردەمە دا ناکەین، بنەماکانی ئەمە جیاوازن)، ئەو دوو بنەمایەش ئەمانەن:
١- ژینگەی درووستبوون و تایبەتمەندییە ئایدیۆلۆژی و دەروونیەکانی کە لە ئەو پەیدا دەبن.
٢- فەرهەنگی درووستبوون و تایبەتمەندییە ئایدیۆلۆژی و دەروونیەکانی کە لە ئەو پەیدا دەبن.
ئەرێ ڕەوشی نەتەوەی کورد و ئەم دوو بنەمایە چۆنە؟
ژینگەی درووستبوون:
مێژووناس ئەرنۆڵد توینبێ وتوویەتی کە بۆ هەر بزاڤێک (بۆ شیکردنەوەی سرووشتیی بەرەوپێشچوون یان ئافراندن دەبێ پەیوەندی ڕەگەز لەگەڵ دەورووبەردا لەپێشچاو بگیررێ) هەڵبەت؛ وا ڕاستترە کە تیۆرییەکەی ئارنۆڵد توینبێ هەندێک فراوانتر بکەین و ڕۆڵی ژینگەیی لە درووستبوونی کەسایەتی نەتەوەکاندا لە لایەنی بایۆلۆژی، دەروونی، فەرهەنگی و ڕامانی ڕامیاریشدا بکۆڵینەوە.
شایانی وتنە کە لێرەدا بڵێین: پڕۆژەکانی تاڵانکاریی هەرە گەورە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کۆن دا نەتەوە بیانییەکان پێی هەڵستاون، وەک دەردەکەوێ؛ هۆکاریش ئەوەیە کە بیابان ژینگەیەکی بێبەرهەم و وشکوبرینگە بۆ ژیان ناشێ و مرۆڤان ناچار دەکا کە بچن تاڵانی ژینگەی تێر بکەن کە بە بەرهەمان دەوڵەمەندە و بیخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هەڵبەت؛ ئەمەش بۆ ئەوان شیاو نییە ئەگەر ئەوان هەتا ڕادەی هەرەتووند لە ستەم و لەناوبردن پڕچەک نەبن.
(دیمەنێک لە بیابان)
سێ ژینگەی بیابانی تاڵانی هەرە ناوداریان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پێکهێناوە:
١- بەشی باکوور لە بیابانی دوورگەی عارەبی پێش زایین کە تاڵانیان ئەنجام داوە؛ کەنعانی، ئەکەدی، بابلی و ئاشوورییەکان، هەروەها تاڵانی ئیسلامی لە سەدەی حەوتەمی زایینی دا.
٢- بیابانەکانی وڵاتی فارس، واری بنچینەیی فارسەکان (لە باشوور و ناوەندی ئێرانی ئەمڕۆ)، فارسەکان لە سەدەی شەشەمی پێش زایین دا تاڵانیان ئەنجام داوە.
٣- بیابانی ناوەندی ئاسیا تاڵانەکانی مەگۆلی، خوارزمی، سەلجۆقی، تەتەری و عوسمانی کە لەسەرەتای سەدەی دوازدەی زایینی ئەنجامیان داوە.
بەڵام بەڵێ ژینگەی پێکهاتنی ئەوەی کە لە ئەوەدا کەسایەتی کوردستانی لەبواری بایۆلۆژی، دەروونی و فەرهەنگی دا پەیدا بوو؛ هەرێمی چیاکانی زاگرۆس، ئاگری و تۆرۆس و سنوورەکانیان لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باشوور و باکوور بوو؛ لە ئەم ژینگەیەدا بەفر و باران دەبارێ، چەم و کانی و مێرگەکان تێروتەسەلن کە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان دەوڵەمەندن، لەوان دا دەشت و گەرمیان لێوانلێوە لە شینکایی، ئەم ژینگەیە ژینگەیەکی تێروتەسەلە کە وەک سوپەرمارکێتێکە کە تێیدا هەموو پێداویستییەکی ژیان و مانەوە دەست دەکەوێ، هەرچەندە سنوورداریش بێ؛ پێویستی نەتەوەی ئەو هەرێمە بە تاڵانکردن و داگیرکاری نییە.
فەرهەنگی پێکهاتن:
بیابان وەک ژینگەی برسیبوون؛ فەرهەنگی تاڵانکردنی هێناوەتە ئارا، مەبەستی ئێمە فەرهەنگ بە هەموو واتا و بەسەرهاتە گشتییەکانی خۆیەوە یە.
زانا ئێدوارد بورنێت تایلۆر وتوویەتی کە فەرهەنگ(ئەو شتەیە کە زانیاری، ئایین، هونەر، ڕەوشت، داب و نەریتی کۆمەڵگە و هەر توانایەکی کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە وەردەگرێ و هاوبەندە دەگرێتەوە). لە چوارچێوەی (فەرهەنگی تاڵانکاری) دا (ئایدیۆلۆژیای تاڵانکاری) وەک بناغەیەکی گیانی و دەروونی بۆ پڕۆژەی تاڵانکردن پەیدا بووە، هەروەها (ڕامانی ڕامیاری)ـش پەیدا بووە کەوا پڕۆژەی تاڵانکاری دەکاتە ڕاستی و پێکی دێنێ.
لەبەرانبەر ئەمە دا (ژینگەی تێربوون) فەرهەنگی ئاشتی و بەڕێوەچوونی پەیدا کردووە، میناک بۆ ئەم بابەتە؛ هیندی و چینی سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیان زۆرە، بەڵام مێژوویەکی خاوەن تاڵانکارییان نییە، هیچ پڕۆژەیەکی تاڵانکارییان پێک نەهێناوە، وەک دەبینین کە چینییەکان دیواری پەرژینیان بە چواردەوری وڵاتەکەیان دا درووست کردووە تاکوو خۆیان لە تاڵانی مەگۆلەکان لەسەر باکووری وڵاتەکەیان بپارێزن، لە سەدەی دوازدەی زایینی دا وەک هەنگاوێک بۆ بەرگریکردن؛ چین بەشێک لە مەنگۆلیا و تورکستانی داگیرکرد، ئایینی هیندۆسی و بووزی میناکێکی ئاشکران بۆ فەرهەنگی ئاشتیخوازی.
هەمان شت سەبارەت بە کورد ڕاستە، ئەویش (ژینگەی بەسبوون و تێربوون)ـە کە فەرهەنگی (بەسبوون و ئاشتیخوازی) پەیدا کردووە، لە ئامێزی ئەم فەرهەنگی (بەسبوون و ئاشتیخوازی)ـیە دا لە کەسایەتی کوردستانی دا بزاڤی (خۆکشاندنەوە بۆ پاشەوە) و (ئەوەندەی لەدەست دا هەیە بەسە) پەیدا بووە و لەناو کەسایەتی کورد دا نیشتەجێ بووە. ئەم بزاڤە لە کەسایەتی کورد دا ڕامانی (خۆپاراستن) و ناڕامانی تاڵانکاری هێناوەتە ئارا. ئەوەی کە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە بەشی گەورە لە مێژووی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تاڵانکاری؛ بەرەنگاری لە وڵات دەگەڕێتەوە، شۆڕشەکان وەک میناک.
لە ڕەوشی دەگمەن دا کوردان لە بەرگرییەوە دەربازی پەلاماردان بوونە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر بە هێرش پەلامارەکانی نەتەوە دڕندەئاساکان، هێرش و پەلاماردانی ئەکەدی، بابلی و ئاشوورییەکان دەرگایان کردەوە بۆ هێرش و پەلاماری گۆتییەکان کە پاشایەتی ئەکەدی داگیر بکەن، و کاششییەکان پاشایەتی بابل داگیر بکەن، هەروەها میدیەکان هێرش ببەنە سەر پاشایەتی ئاشووری و بیڕووخێنن. سەرەڕای ئەوەی کە ئاممووری بابلیەکان کە پاشان بە ناوی (ئاشووری) ناسرا؛ پێش ئەو ژینگەی سووبارتۆی هووری داگیر کردبوو و لەوێ پاشایەتی خۆی دامەزراندبوو، ناوی خوای سووباری (ئاسوور= ئێ سۆر= ڕۆژ)ی لەخۆی نابوو، و ئەم ناوەی لە خوای خۆی بە شێوازی (ئاشوور)ی بابلی نابوو کەوا بەناوی (ئاشووری) ناسرا.
لە ناو ڕەوشی هێرش و پەلاماری زۆر کەم دا کوردانی پێشین هەرێمە دراوسێکانی خۆیان تاڵان دەکرد، ئەوان بۆ تاڵانکاری زۆر دوور نەدەڕۆیشتن، بە دەسەڵاتداری لەسەر هەرێمەکانی کە لەوانەوە هێرش دەکرایە سەریان؛ بەسیان دەکرد و ڕادەوەستان، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوە بوو کە سەرچاوەی هێرشکاری و پەلاماری نەتەوەکانی تر دامرکێنن، بە پێچەوانەی ئەمەوە؛ ئەکەدی، بابلی، ئاشووری، فارس عارەب و تورکەکان کە وڵاتی نەتەوەکانی زۆر دوور لە خۆیانیان تاڵان کردووە و داگیر کردووە.
(چ دەبێ با ببێ، هەر دەبێ کوردستان ڕزگار ببێ!)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست