بێ خەمى ئێمە ئەوانى کرد بەزاڵم
Wednesday, 22/11/2017, 19:53
ئەو کاتەى کەشتى تایتانیک نوقوم بوو دوو هاوڵاتى ژاپۆنى لەو کارەساتە رزگاریان بوو،کاتێک کە گەیشتنەوە وڵاتى خۆیان، گاڵتەو سوکایەتیان یێ کرا کەبۆچى ئەوانیش نەخنکاون و نەبوونەتە هێما و سیمبول بۆ وڵاتەکەیان. هەروەها لەجەنگى جیهانیدا کاتێک ئەفسەرێکى پلەبەرزى ژاپۆنى لەقۆڵێکەوە توشى شکاندن بەزین ئەبوو،بۆئەوەى ئابڕوى خۆى پاک بکاتەوە وباجى ئەو دۆڕاندنە بدات لەپَش چاوى هەموو سەربازەکان لەگۆڕەپانێکدا بەشمشێر کۆتایى بەژیانى خۆى دەهێنا.
بەراورد بەو روداوانەو گرێدانیان لەگەڵ رەوشى ئیمڕۆى کوردستان،مرۆڤ نازانێت چى بڵێت؟چى دەستەواژەی سوک وبێ نرخ هەیە بەو دەسەڵاتدارانە بڵێت کەپاش ئەو هەموو شکست و ماڵوێرانییە هێشتا بسکەى سمێڵیان دێت بە درۆو فشەکانیان میللەت دەگەوجێنن. چارەکە سەدەیەک بچوکترین خزمەتیان بەمیللەت نەکردوە، هەرخەریکى دزى وراو رووت و گیرفان پڕکردن و، تاڵانى و بێ نامووسین .ساڵ لەدواى ساڵ میللەت بەرەو نەمان و تیا چوون دەبەن، کۆمەڵێک دز، مفیا، پاشەڵ پیس ،ئاست نزم، دۆڕاو،پۆخەڵ و ناشیرین ،کەس چارەیانى ناوێت،و بەزەبرى چەک و هێزى تیرۆریست و تۆقێنەر،بونەتە بەڵاو نەگبەتى، هیچ بیر لەحاڵ و بارودۆخى ئەو خەڵکە ناکەنەوە، هیچ بەرنامەیەکیان بۆ باشترکردنى ژیان و بژێوى خەڵکى نى یە، جگە لەقژَ رەش کردن و ،درۆى پشتى مایکرۆفۆن، و کۆبونەوەى فریودان، لەگەڵ حزبە دۆڕاو فاشیلەکان چیان پێشکەش کردوین؟
سەربارى نەبونى و گرانى وبێ موچەیى بێ خزمەتگوزاریى، نەبونى ئاسایش و ئارامى و کوشتن و فڕاندن و سەرنگوم کردن، زەوتکردنى ئازادى تاکەکان، جارێکى تر لەژێر ناوى ریفراندۆم میللەتیان دووچارى بارێکى قورس و گرانتر کرد، بەرەو تاڵترین رۆژگار و چارەنوسیان بردین، خەڵکیان ئاوارە و ماڵ وێران وخانە خراپ کرد، شەرەف و کەرامەت و شکۆى کوردیان شکاند،ناوى پێشمەرگەیان قێزەون کرد، نیشتمانیان کردە بەرەڵا خانە. ئەوەتا تۆسەیربکە ببینە پاش شکستى ریفراندۆم، بزانە کوردچى لێهاتووە،؟! هەرچى خوێرى و پێ پەتى ودیشداشە لەبەرى عەرەبە ، بونەتە ملۆزم بەسەر کوردەوە بە نوێژى نیوەڕۆ ماڵ و دوکان تاڵان دەکەن و دەستوێنن ،دەستدرێژى سێکسى دەکەنە سەر ژنان،خەڵک بێ سەرو شوێن دەکەن،کورد تیرۆردەکەن، ماڵو مولک زەوت دەکەن،کە هەموو ئەو تاوان ناهەقی و دەستدرێژیانە دەرئەنجامى ملهوڕى و سەرکەشى مەسعودى خائین و ناپاکە. کەچى پاش ئەوەى میللەتى سەرگەردان کرد خەڵکى بەشوودا، خۆى بزرکردووە و مێش ومیوانى نى یە.
هەرکەسێکى تر بوایە لەبرى ئەو تاوانبارو سیاسییە لێکەوتو کەڵتە کۆنانە، گەر گەردیلەیەک شەرەف و ناموس و ئابڕوى هەبوایە، ئەگەر خۆشى نە کوشتایە ،ئەوا سەرى لووتى خۆى رەش دەکرد و بۆهەتایە سەرى نەدەکردوە بەم وڵاتەیا. کەچى بەدەردى شێخ رەزا ئەفەرموێت چەرمى رویان زۆر قایمە. بەباى خەیاڵیان نایەت. لەبرى ئەوەى دەستەجەمعى بێنەسەر تەلەفزیۆن لەپاى ئەو هەمو شکست و قەیران وسەرگەردانیە،داواى لێبوردن بکەن و دەست بەردارى دەسەڵات بن، کەچى زۆر بێ باکانە، جارێکى دیکە دێن بەسەر حزب و لایەنە درۆزنەکاندا دەگەڕێن،تا بۆماوەیەکى تر بەیعەتیان پێ بدەن و پشتیوانیان بن. ئەمجارەش جێ پێى خۆیان قایم ومەحکەم بکەن. لەولاشەوە سەرانى حزبە دۆڕاو وئاست نزمەکانى وەک حەمەى حسک و عومەرى گۆڕان بەهادینى یەکگرتو عەلى گاپیرى کۆمەڵ، خەریکە دێنە ژێر بار و بەمشتێک دۆلار و خانەنشین کردنى چەن سەرزلێک قڕو قەپى لێدەکەن.
سەیرە ئەوانە لەئاست دوژمن و نەیاردا ترسنۆک و بەزیو هەڵهاتون، کەچى بۆگیانى میللەت دڕندە و کێوین، بەچەندە ها فرت وفێڵ میللەت و خەڵک هەڵ دەخەڵەتێنن، خۆڵ دەکەنە چاویان، بەدرۆ وقسەى باق و بریق رۆژگار بەڕێدەکەن، فس فس پاڵەوانى وەک مەلا مستەفا و تاڵەبانى کۆسرەتمان لێدەکەنە گەورە ومەزن و قارەمان. رۆژانە بەدرۆى تازە وە دێنە مەیدان، هەرجارە و درۆیەک،هێندە درۆیان کردوە خۆشیان باوەڕ بەقسەى خۆیان ناکەن. سێ ساڵە خەڵک چەواشە دەکەن ودەڵێن ئەگەر نرخى نەوت بەرزبۆوە دەستکارى موچە دەکرێت،بیست ساڵە دەڵێن ئیمساڵ کێشەى کارەبا و نیشتەجێ بوون، گرانى و چى و چى نامێنێت. بەو درۆیانەیان خەڵکیان تەواو بێ هۆش و مەست کردوە و، گەمژە و نەفام و کەم عەقڵەکانیش خۆشباوەڕانە چاوەڕوانن ئەو هەرچى و پەرچیانە شتێکیان بۆبکەن و لە میحنەت و رەزالەتە قوتاریان بکەن.
من تێناگەم میللەتى ئێمە کەى وابووە؟ کەى ئەوها بێ خەم و خەواڵو خەم ساردبووە؟ بۆ وا بێ هۆش و نەستین؟ لەچى ئەترسین؟ چى تر ماوە لەدەستى بدەین؟!!، ئەوەى هەمان بوو، لەسایەى سەرى ئەوانە دۆڕاندمان، سووک و چروک بوین، گیرفان خاڵى و خالیتر بوو، ماڵمان سارد وسڕ بوو، سفرەو خوانمان بەتاڵ و حەتاڵ. دوچارى دەیان دەردو نەخۆشى دەرونى و جەستەیى بووین. کەچى لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بێ چارەو دەستەوەستانین. چاوەڕێن دەرویەکى خێرمان لێ بکرێتەوە، جا عەبادى بێت یان ئەمریکا؟ کە ئەوەش ئەستەم ومحاڵە، چونکە مێژوو سەلماندویەتى دیکتاتۆرەکان بەزەبرى شەق و کوتەک و تفەنگ نەبێت کورسى چۆڵ ناکەن.
باچیتر بەدرۆو بەڵێنەکانى عەبادى خۆمان دڵخۆش و ئاسودە نەکەین، چونکە ئەویش دوژمنە، بۆخاترى سیاسەت وبەرژەوەندى خۆى کار دەکات،نەک لەبەر چاوى کاڵى ئێمە.جا تا زووە، قۆڵى مەردانەى لێ هەڵماڵین،تا لەوە سووک وریسواتریان نەکردوین،با رایانماڵین، ئێمِرۆ باشترین دەرفەت وهەلە، لەبەر ئەوەى لاواز وسست وشکست خواردون،کەسیان بەدەورەوە نەماوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست