هۆکاری سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆم
Monday, 20/11/2017, 1:54
لەدوای داگیرکرنی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکی ئەوسای دەوڵەوتی یەمەن (عەلی عەبدوڵا ساڵح) ووتی؛ عێراق سەرەتای داگیراکاری و داڕمانی فەرمانڕەوایەتی و نەمانی سەدامە و دواتر سەراپای هەموو دەوڵەتە عەرەبیەکان ئەگرێتەوە و کەسمان لێی دەرباز نابین. جا بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەو کارەی ئەمریکا ڕووبدا،ئەوا پێوستە بە هەمومان ئەمریکا لە عێراق تووشی جەنگێکی درێژ خایەنی بکەین و نەیەڵین بیپەرژێتە سەرمان.
ئەوەبوو لەو بەروارەوە جگە لە بەرەی ئەفغانستان ئەمریکا شەڕی چەندین هێز و گرووپی چەکداری لە عێراق کردوو دواتر ئەم هێزانە کە بریتی بوون لەو هیزانەی کە هەریەك لە ئێران،تورکیا،سعودیە،قەتەر و چەندین ووڵاتی تر بەهەموو شێوەیەك پشتگیریان لێ کردن و بەگژ ئەمریکایان دان و تووشی زەرەر و زیانێکی ماددی و گیانی گەورەیان لێدا و درێژەیان بەو جەنگە دا تا ساڵی ٢٠١١ و ناچار ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە عێراق کشاندەوە. تەنها بۆ بیرهێنانەوە؛ لەو هێزو گرووپانەی شەڕی ئەمریکایان لە عێراق کرد(قاعیدە،ئەنسارو ئیسلام،هێزی موقتەدا سەدر،دواتر دەوڵەوتی ئیسلامی بەناوی دەوڵەوتی ڕافیدەین وپاشان داعش و چەندینی تر).
ئەمریکا لە عێراق جگە لە زیاتر لە ٤ هەزار سەربازی لێ کوژرا و نزیکەی ٣٠ هەزاری تری لێ بریندار و کەم ئەندام کرا و کۆی ئەو زیانە ماددیانەش لەسەرو ٢ تریلێۆنێکەوە مەزەندە کرابوو،وای لێ کرد تەواو ئەو ئەجندایەی دایڕشتبوو بکەوێتە خانەی دواخستن و نانەوەی کێشەی ناوخۆیی و ئابوری گەورە کە دواتر سەرۆك دوای سەرۆك ڕووبەڕووی ئەهاتنەوە و تا ئەم کاتەش پێوەی نەناڵێنن. جا بۆیە تا ئەو کاتەی ئەمریکا بەتەواوی زاڵ نەبێ بەسەر کێشەی تیرۆر لە عێراق،ئەوا هەرگیز ناتوانێ قوناغەکانی تر بەئەنجام بگەیەنێ. بەمانایەکی دی، عێراق ئەو کۆسپە گەورەیەیە لە ڕێگای جێبەجێکردنی پیلانەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانن زاڵبن بەسەر تیرۆری جیهانی و دواتر ببنە پاڵەوان و دەست کەوتی جەنگەکە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و هەموو ئەو سیستم و فەرمانڕەوایانە دابنێن کە لەبەرژەوەندی ئەوان کار بکەن.
سیاسەتی ئابووری هەرێم: ئەم سیاسەتە کە مەسعود بارزانی پشکی شێری هەبوو لێی و هەرچی نەوت و وزەی باشووری کوردستانی ڕادەستی تورکیا کرد بەبێ هیچ بەرانبەریك بەتەواوی ئەمریکای نیگەران کرد کە کاتیك ئەوان خاوەنی ئەو هەموو قوربانیەن لە عێراق و کەچی تورکیا بەبێ ئەوەی هیچ هاوکاریەکی ئەمریکایان کردبێ ،دێنە سەر حازری و ئەبنە هێزێکی ئابووری گەورە و ئەبنە ئەندامی (G8). ئەم پیاوەتیەی مەسعود بارزانی کەوەك پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە بکا ئاوهایە، تەواو کێشەی بۆ ئەمریکا دروست کرد و تا وای لێهات مەسعود جگە لە تورکیا وویستی ڕوسیا لە ڕێگای (ڕۆس نەفت) بیهێنێتە هاوکێشەکەوە کە ئەمەش تەواو زەنگێکی پڕ مەترسی لەدوای خۆی هێنا بۆ سەر کورد و بەرژەوەندیەکانی. ئەو سیاسەتەی مەسعود ئەوەندە بێ چاودێری ئەمریکا پەلو پۆی هاویشت تا وای لێهات مەسعود بەتەواوی دەستی لەگەڵ داعش تێکەڵاو کرد و کوردی یەزیدی کردە دیاری بۆ تورکیا و وویستی شکست بە دەست کەوتەکانی (ڕۆژئافا)ش بینێت. بۆیە کاتێ تورکیا و سعودیە ئەیانەوێ پێش تەواو بوونی داعش کێشەیەکی تر بۆ ئەمریکا دروست بکەن،دێن مەسعود هان ئەدەن کە ڕیفراندۆم بکا و ئەوەندەی تر ئەمریکا لەو قوڕاوەی عێراق بهێڵێتەوە. ئەم کارەی مەسعود ئەم جارەیان بەتەواوی سەری خۆی خوارد و بەداخەوە میلەتیش باجی هەڵەی خۆیان دا کە بەفیکەی مەسعود هەڵپەڕین.
من پێم وایە ئەم سیاسەتەی ئەمریکا دژ بە مەسعود و هاوئاوازەکانی لە تورکیا و سعودیە باجی گەورەی لەدوا دێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست